رەزا شوان : سایکۆلۆژیای رێزگرتن لە منداڵان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ دوو بەشن، بەشی یەکەمیان ـ پێداویستییە جەستەییە بایۆلۆژییەکان وەکو هەوا، خواردن، خواردنەوە، نووستن، کە لە بنکەی قووچکەی پێداویستییەکانی ژیان مرۆڤ و هەموو گیانەوەرەکانی کەدان، بەبێ ئەم پێداویستییانە ژیان ئەستەمە ..
بەشی دووەمیان ـ پێداویستییە سایکۆلۆژییەکانن وەکو، خۆشەویستی، سۆز و بەزەیی، رێزگرتن، ئاسوودەیی و دڵنیایی، ئازادی و سەربەخۆیی، سوپاس و هاندان، پێزانین و پاداشت، ئاشتی و خۆشی، هاوبەستەبوون بۆ خێزان و نەتەوە و نیشتمان و مرۆڤایەتی و … هتد . ئەم پێداویستییانە مایەی بەختەوەری و شادی مرۆڤن .
کەواتە ( رێز ) یا ( رێزگرتن ) پێداویستییەکی گرنگی دەروونی مرۆڤە، چ منداڵبن یا گەورەبن .
رێزگرتن هەستێکی زۆر جوانە و، بەهایەکی رەوشتی و رەفتاری و پەروەردەیی و شارستانی گرنگ و بەرزە، خەسڵەتێکە لە خەسڵەتە جوان و نایبەکانی مرۆڤ، بەڵکو بنەمایەکی سەرەکی سەرکەوتنی مرۆڤە لەگەڵ کەسانی تردا، کلیلی تەبایی و پێکەوەژیان و خۆشەویستی و بەختەوەریی خێزانە .. بنەمای هەموو پەیوەندییە سەرکەوتووەکانە لە جیهاندا .
مرۆڤ بە رەمەکی و بە سروشتی حەزدەکات کە کەسایەتییەکی رێزدار و قەدرگران بێت و، رێز لە مرۆڤایەتی خۆی بگرێت .. رێزگرتن لە خودیش، یەکەمین بەڵگە و کۆدی ژیانی تەبایی و هاوسەنگی کۆمەڵایەتییە .. هەر مرۆڤێک کە رێز لە خۆی بگرێ، رێز لە کەسانی کەش دەگرێت .. رێزگرتنیش هەستێکی بەرانبەرییە، گەر رێز لە کەسانی تر بگرین، رێزمان لێدەگرن .. پێچەوانەکەشی راستە .. لەوەش دزێوتر و قێزەوەتر نییە، گەر رێزگرتن رووکەشی بێت و لە دڵەوە نەبێت، لە ترسەوە بێت، یا ریای و مامەحەمەیی بێت، یا لەسەر بنەمای مەبەست و دەسکەوت و بەرژەوەندییەکی تایبەتی بێت .. کوردیش باش بۆی چووە کە دەڵێ : بۆیە پێت دەڵێم مامە .. چۆلەکەم بۆ بگریت .
واتا و شێوازەکان و ئامانجەکانی رێزگرتن، زۆر فروان و هەمەلایەنەیە و، هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، وەکو رێزگرتن : لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، لە نێوان خزمان و هاوڕێیاندا، لە نێوان قوتابیان و مامۆستایاندا، لە نێوان گەورە و بچووکدا، لە نێوان بەڕێوەبەر و فەرمانبەردا، لە نێوان بووک و خەسوودا، رێزگرتن لە پیرۆزی کوردستانی خۆشەویستمان، لە گیانبەخشینی شەهیدە نەمرەکانمان، لە داستانەکانی پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانمان، لە ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان، لە یاسا و دەستوورمان، لە داب و نەریت و لە بەها پیرۆزەکانمان، لە ئایینەکان و لە هەموو نەتەوە جیاوازەکان، لە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانمان، لە مافەکانی مرۆڤ، لە مافەکانی منداڵان و ژنـان، لە سەرکردە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان، لە ئازادی و سەربەستی مرۆڤ، لە را و بۆچوونە جیاوازەکان، لە بەڵین و پەیمانەکان و رێکەوتنەکانمان و … هتد .
لە ژیانی رۆژانەماندا، چەندین شێواز و گوزارشتکردنی رێزگرتنی لە یەکتریمان هەیە .. بۆ نموونە وەکو : رۆژتان باش، بەخێربێن، خوتان لەگەڵ، تەوقەکردن، باوەش لێکدان، لەبەر هەڵسان، بە رووخۆشی و رووگەشییەوە پێشوازیکردن و بە رێکردنی میوان، کاکە، دادە، خان، بەڕێزو … هتد .
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان، سایکۆلۆژیای رێزگرتن یا رێزنەگرتن لە منداڵە چاوگەشەکانمان، چ کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی و نەرێنیان لە ژیانی ئەمڕۆ و ئایندەی منداڵان لێدەکەوێتەوە ؟
منداڵ مرۆڤێکی بچووکە، خاوەنی هەست و نەستێکی ناسک و پاک و بێگەردە .. ئەوەی کە لەسەر زمانیدایە هەر ئەوەیە کە لە دڵیدایە .. هەست بە خۆشییەکان و بە ناخۆشییەکان دەکات .. هەست بە باشەکان و بە خراپەکان دەکات .. هەست رێزگرتنەکان و بە بێڕێزییەکانیش دەکات .. تەنانەت هەست بە زەردەخەنە رووکەشییەکان و، بە زەردەخەنە خۆشەویستییە ناخییەکانیش دەکات .
لە ئەمڕۆدا، پەروەردەکردنی راست و دروستی منداڵان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە هەست و نەست و لە خواست و هیوا و خەونەکانی منداڵان بنیات دەنرێت .. تا زیاتر و زیاتر رێز و خۆشەویستی ببنە یاسای خێزان .. تەبایی و ئاسوودەیی و بەختەوەری و شادی دەبنە ناسنامەی خێزان، تا دایکان و باوکان و مامۆستاکانیش لە رێزگرتندا نموونە و پێشەنگبن بۆ منداڵەکانیان و، بۆ قوتابییەکانیان .. زیاتر سەرکەوتوودەبن لە پەروەردەکردن و، لە پێگەیاندنی منداڵانی ژیر و زرنگ و بڕوابەخۆ .. زیاتریش گەشبین دەبن لە هێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بو کورد و کوردستان .. رێزگرتن هۆکارێکی گرنگیشە بۆ پێگەیاندنی تاکی بەسوود و خێردەرەوەی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و تەبا .. فاکتەرێکیشە بۆ داهێنان و گۆڕان و، گەڕان بە دوای نوێخوازیدا .
زانایانی پەروەردە و پزیشکانی دەروونناسی منداڵان، کۆدەنگن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان لە ناخی دڵیانەوە، رێز لە را و راز و بۆچوونەکانی منداڵان بگرن، لەو کار و بڕیارانەش کە پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی ئەمڕۆ و داهاتوویانەوە هەیە، ، لە ناوەندی بڕیاریدا، رەنگ و دەنگیان فەرامۆش نەکەن، پێویستە کە بەشداربن و، را و بۆچوون و هیوا و خواستەکانیان بە هەند وەربگرن .. ئەم مافەش لە ( جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ ) دا ئاماژەیان پێکردووە .
لە ئەمڕۆدا، کە سەردەمی شۆڕش و پێشبڕکی داهێنان و تەکنۆلۆژیای تازەیە .. کە رۆژانە بە دەیان داهێنانی بابەت هەمەجۆرەی تازەی سەیر و سەمەرە دێنەکایەوە .. پشکی منداڵانیش لەم داهێنانانەدا کەم نین .. پەروەردەکردن و پێگەیاندن و ئاراستەکردنی دروستی منداڵانی چاوکراوەی فرەخواست و فرەزان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان و بێ ئەرک نییە .. زۆر لە سەردەمەکانی رابردوو گرانتر و بە ئەرکترە و، پێویستییان بە بەڵەدی هەیە .. خوێندنەوەی تیۆرە پەروەردەییەکان زۆر ئاسانە .. بەڵام پراکتیزەکردنیان هێندە ئاسان نین .. بۆ جێبەجێکردنیان پێویستییان بە پلادانان و، بە شارەزایی و وردبینی و دووربینی و وریایی هەیە .. پێویستییان بە دەمارخاوی و بە پشوودرێژی هەیە .. ئەوەش راستە کە منداڵەکانمان خۆشەویستن و شیرینن و لەبەر دڵانن .. بەڵام هەردەم پەروەردەی دروست لە پێشتر و شیرینترە .. لەم پێودانگەوە، پێویستە کە دایکان و باوکان و مامۆستاکان بەڵکو تەنانەت نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانیش ئەو بزانن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و هەستیاریان لە ئەستۆدایە .
زانایانی پەروەردە، رەوشت و رەفتارەکانی هەموو تاکێکی مرۆڤ، شێوازەکانی هەڵسوکەوتکردن و رەفتارەکانیان لەگەڵ خەڵکیدا، بە پوخت و بە کاکڵەی کارتێکردن و رەنگدانەوەی شێوازەکانی ئەو ئەو پەروەردەکردنە دەزانن، کە لە تافی مندالییاندا، لە لایەن دایکان وباوکانیان لە نێو خێزاندا، یا لە لایەن مامۆستاکانیانەوە لە قوتابخانەدا، لە سەریان راهێنراوان و، دەقیان پێوەگرتوون .. کەواتە هەر رەفتارێکی باش و پەسەند، یا بەد و خراپ، دەگەڕێنەوە بۆ شێوازی ئەو پەروەردە کردنە و، ئەو رەفتارانەی کە لە دایکان و باوکانیانەوە، لە رۆژگارەکانی منداڵییاندا فێریان کردوون، یا چاویان لێکردوون .. بە کورتی دۆخی دەروونی و رەوشتی و رەفتاری و هەڵسوکەوتی خەڵکی لە هەموو سەردەمێکادا، بەری ئەو تۆوانەن کە لە رۆژانی ژیانی منداڵییاندا، لە هۆشیاندا تۆویان کردوون . کورد وتەنیش : چـی بچـێنین .. ئـەوە دەدوورینـەوە .
رێزگرتن لە منداڵان، لە لایەن دایکان و باوکانیانەوە، ئەوەش ناگەیەنێت، کە ملکەچی هەموو داوا و پەڵپ و وڕکگرتنێکی منداڵەکانیان ببن .. پێویستە لە سنووری توانایاندا خواستەکانیان دابین بکەن .. بە شێوازێکی هێمنانە و ژیرانە قەناعەت بە منداڵەکانیان بکەن .. زیادەڕۆییش لە خۆشەویستی و سۆز و نازپێدان و جێبەجێکردنی هەر داوایەکی منداڵ .. یا چاوپۆشین لە لە رەفتارە نابەجێیەکانیان، لە پاڵ سوودەکانیاندا، زیانیشیان بە دواوە دێن .. زۆر شیرین و زۆر تاڵ هەردووکیان زیانبەخشن .. بۆیە پێویستە هاوسەنگییەک دروستبکەن و، مامناوەندی بن لە رەفتارەکانتان لەگەڵ منداڵەکانتاندا .
بە کورتی پێویستە دایکان و باوکان، لە سەرتاوە بە شیوازێکی دروست و پەسەند رێز لە کەسێتی منداڵەکانیان بگرن .. لە ئەمڕۆدا رێزگرتن بووە بە بابەتێکی لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی و بە سەدان لە زانایانی پسپۆری پەروەردە و، دەرووناسانی منداڵان و، پزیشکانی دەروونی منداڵان، پێوەی سەرقاڵن .. تا ئێستا چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پراکتیکی و مەیدانیان لەسەر کارتێکردن و رەنگدانەوەی رێزگرتن یا رێزنەگرتن لە منداڵان ئەنجامدراون، هەر هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە رێزگرتن پێداویستییەکی گرنگی دەروونی منداڵانە و، نابێت پشتگوێ بخرێت .

گرنگترین گرنگییەکانی رێزگرتن لە منداڵان :
1 – رێزگرتن یەکێکە لە پێداویستییە هەرە گرنگەکانی گەشەکردنی دەروونی منداڵ، بە تایبەتیش لە قۆناغەکانی یەکەمی تەمەنیدا .. مەستبوونی منداڵ بە پێداویستی رێز، ئەوە بە لایەوە دەگەیەنێت، کە ئەندامێکی پەسەندکراوی خێزانەکەیەتی و، لە لای دایک و باوکی خۆشەویست و بەڕێزە .
2 – رێزگرتن و گوێگرتن لە هیـوا و لە خـەون خواستەکان و، لە را و لە بۆچوونەکانی منداڵ، دەبنە یارمەتیدەر بۆ رێزگرتن لە خودی خۆی و، متمانە و بڕوابوونی بە ئازادی و بە سەبەخۆیی خۆی .
3 – رێزگرتن شێوازێکی سەرکەوتووە و دروستە، بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان بە راستییەکان، بەڵکو رێزگرتن وەکو حەپی دژە ( تاوان، توندوتیژی، شکستی لە خوێندن، ترس، دڵڕاوکێ ) وایە .
4 – رێزگرتن شێوازێکی سەرکەوتووە، بۆ ئەوەی منداڵ بە ئەوپەڕی ئازادییەوە، گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانی خۆی بکات .. ئازایەتییەکی ئەدەبی هەبێت .
5 – پێویستە دایکان و باوکان، وەکو رێزگرتن لە منداڵەکانیان، بە وشەی جوان و شیرین و ناسک و نەرم نیان،منداڵەکەیان بدوێنن، بۆ نموونە دایکی بە کچەکەی دەڵێ : گوڵە جوانەکەم، حەزدەکەی لە ئامادەکردنی خوانی ناخواردەکەمان یارمەتی دایکت بدەێ ..؟ نەک بە شێوەی فەرمان و بە وشەی رەق و زەقی وەکو : ئەرێ کچـم خۆ داناوەشاوی .. شوورەیی ناکەیت .. کە دەبینیت من ماندووم .. تۆش دانیشتووی و هەڵناسی یارمەتیم بدەی، دەی زوو راپەڕە و خوانی نانخواردنەکەمان ئامادە بکە ، شێوازێ داواکردنی دایکێکی وا هەڵەیە، بەم وشە ناشیرینانە هەستی کچەکەی برینداردەبێت.
6 – کە منداڵەکەتان هەڵەیەک دەکات، مەيشکێننەوە و، سەرکوێری مەکەن، با ترس لە هەڵەکردن نەبێتە گرێ کوێرەیەکی دەروونی لە لای، باشتر ئەوەیە کە دڵی بدەنەوە و، ئازادی راستکردنەوەی هەڵکەی هەبێت هانی بدەن کە درێژە بە کارەکەی بدات، ئەوشی پێبڵێن کە تا هەڵە نەکەین راستیش فێرنابین، هەڵەکردن هەنگاوێکە بۆ پەند وەرگرتن و وانە فێربوون و دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکان .
7 – رێز لە جیاوازییەکانی نێوان منداڵەکانتان بگرن و، هەموویان مەخەنە چوارچێوەیەکەوە، چونکە لە هەموو شتێکدا مرۆڤەکان وەک یەکنین .. جیاوزیش لە نێوان کچەکانتان و کوڕەکانتان مەکەن .
8 – رێزگرتن گەلێ خەسڵەتی ئەرێنی جوان بە منداڵ دەبەخشێت، وەکو : رەوشتبەرزی، دەروونپاکی، رەفتارجوانی، راستگۆیی، گوێدێری، کەسێتی، رێزگرتن لە رای جیاواز، رووحی وەرزشی و … هتد .
9 – رێزگرتن هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵ بە راشکاوی، گلەیی و رەخنە و داخوازییەکانی دەربڕێ و، باس لە هەر کێشە و گرفتێک بکات کە دێنە رێی و، نەیان شارێتەوە .. بۆ ئەوەی دایک و باوکی یارمەتیی بدەن و، لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان رێنمایی پێویست و، چارەسەری دروستیان بۆ دابنێن .. ئەمەش رێز و خۆشەویستی لە نێوان دایک و باوک و ئەندامانی خێزاندا بەهێز دەکات .
10 – رێـز لە هاوڕێکانی منداڵەکەتان بگرن .. تا خێزانەکانی ئەوانیش رێز لە منداڵەکەی ئێوە بگرن، بەم رێزگرتنەتان پەیوەندی هاوڕێتی منداڵەکەتان لەگەڵ منداڵانی تردا بەهێزتر دەبێت .. دەشێ ببێت بە پردێکی یەکترناسین و ئاشنایەتی، لە نێوان ئێوە و خێزانەکانی هـاورێکانی منداڵەکەتان .
11 – گەر رێز لە منداڵەکانتان بگرن، ئەوانیش رێز لە ئێوەی دایک و باوک و لە خوشک و براکانیان دەگرن و پەیوەندی خێزانیتان بەهێزتر و خوشتر دەبێت .. لە سەرەوە وتمان کە رێزگرتن دوولاییە .
ئەلیس میلەر دەڵێ : منداڵان رێز لەو کەسانە دەگرن .. کە رێزیان لێدەگرن .

 
گرنگترین زیانەکانی رێـزنەگرتن لە منداڵان :
1 – رێزنـەگرتن لە منداڵ و پەراوێزکردنی، یا سووکایەتی و بێڕێزیکردن پێی .. پاڵنەرە بۆ رەوشتی ناوازە و، بۆ لە ڕێ دەرچوونی و، بۆ ئە نجامدانی تاوان و، زیان گەیاندن بە خۆی و بە کەسانی تر.
2 – پێوتنی وشەی ناشیرینی وەکو : گەمژە، گوێدرێژ، گەلحۆ، هەڵەوەڕ، بێڕەوشت، هیچ و پووچ، شێت و شوور، نالەبار، خوێڕی، تەمەڵ و … هتد، منداڵ ئەم قسانە بە بێڕێزی دەزانێ و، هەستی پێیان بریندار دەبێت، بە تایبەتیش گەر لە بەردەم هاوڕێکانی و لە بەردەم خەڵکانی تردا پێی بڵێن .
3 – گەر منداڵێک لە ماڵەوە رێزی لێنەگرن و وەکو پێویستیش خۆشیان نەوێت .. ئەم منداڵە دەیەوێت بۆ قەرەبووکردنەوەیان، ئەڵتەرناتیڤێکی تر بدۆزێتەوە، هەوڵدەدات هاوڕێ بگرێ و تێکەڵ بە هەموو کەسێک ببێت .. دەشێ تووشی هاوڕێ بەد و خراپ بێت و، لە رێ دەریبکەن .. ئۆباڵی ئەم ئاکامە نەخوازراوەش، لە ئەستۆی دایک و باوکیدایە .. دەگەڕێتەوە بۆ رێزلێنەگرتن و پشتگوێخستنی .
4 – رێزنـەگرتن لە منداڵ، کارێکی ترسناکە، وا لەو منداڵە دەکات کە ببێتە دوژمنی خۆی و هیوای بە ژیان نەمێنێ، چونکە وا هەست دەکات کە لە ناو خێزانەکەیدا نامۆیە .. بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە بە گەورەیی خۆیان دەکوژن .. هۆیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم کەسانە لە تافی منداڵییاندا، لە ناوخێزانەکانیاندا، مەستی رێز و سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی نەبوونە .
5 – رێزنـەگرتن لە منداڵ، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە تۆوی رق و کینە و شەڕخوازی و دوژمنایەتی لە دەروونیدا رەگ بکات و، ببێتە کەسێکی شەڕخواز و، تۆڵەی خۆی لە کەسانێکی بێتاوان بکاتەوە .
6 – رێزنـەگرتن و بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و گوڕەشە و چاوسوورکردنەوە، منداڵ تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکات، ئەم ترسەش لەگەڵیاندا گەورەدەبێت و، دەبێتە گرێ کوێرەیەکی دەروونی .
تێرنەس ) دەڵێ : باشتر وایە کە بە ڕێز و نەرم و نیانییەوە منداڵەکانتان بە خۆتانەوە بنووسێنن .. نەک بە ترسەوە بیانگرنە خۆتان.
7 – رێزنـەگرتن و رێـگرتن لە منداڵ، کە دەبێ لە رووی گەورەکاندا ورتەی لێوە نەیا و، دەمی دابخا، کارێکی خراپە و سەرکوتکردنی ئازایەتی ئەدەبییە لە لای منداڵ، منداڵ ( دڵـپڕ و زمـان کڕ ) دەبێت .
یۆنامات ) دەڵێ : تا تەمـەنی سیانـزە ساڵـیم .. وام دەزانـی کە نـاوم ـ دەمـت داخـە ـ یە .
8 – رێزنـەگرتن لە منداڵ، لەوەش ترسناکتر ئەویە کە بترسێ و بێدەنگ بێت و قسە نەکات .. منداڵ تووشی گۆشەگیری و شەرم و خەمۆکی و تێکەڵنەبوون بە منداڵانی تر دەبێت .
9 – ئەو منداڵە بەدبەخـتەی، کە لە ناو خێزانێکدا چـاوی هەڵهێناوە، کە رێز و سۆز و بەزەیی و میهرەبانی و خۆشەویستی بوونیان نەبووە .. ئەم منداڵە خۆی بە کەم دەزانێ و، بێدەسەڵات دەزانێ و، خۆی بە شایەنی بەرپرسێتی و، لە ئەستۆگرتنی ئەو ئەرک و کارانە نازانێت کە پێی دەسپێرن .
10 – منداڵێک کە رێزی لێنەگرن و خۆشیان نەوێت .. هەستی ویـژدان و سۆز و بەزەیی نامێنێت .
11 – گەر منداڵێک لە لایەن خێزانەکەی خۆیەوە رێزی لێنەگیرێ .. کەسانی کەش رێزی لێناگـرن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت