عەدنان سەید ئەمین: جیهانى ئیسلامى و عەرەبى پاش 11ى سپتێمبەرى 2011 .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کارەساتى 11ى سپتێمبەرى ( 2001ز )، یەکێک بوو لەو کارەساتانەى کە وەها گۆڕانکاریەکى بەدواى خۆیدا هێنا، تاوەکو ئێستەش جیهانى بە دەرئەنجامەکانیەوە سەرقاڵ کردووە. ئەو ڕووداوە بەشێوەیەک گەورە و کاریگەرە کە قسە لەبارەى پێش و پاشیەوە دەکرێت و دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە.

جیهان بەشێوەیەکى گشتى کەوتە ژێر کاریگەرى دەرئەنجامى ئەو ڕووداوە و بەشێوەیەکى تایبەتیش جیهانى ئیسلامى. چونکە دەستى تۆمەت بۆلاى ڕێکخراوێکى توندڕەوى ئیسلامى درێژکرا کە ئەویش (قاعیدە) بوو. هەروەها تۆمەتبارى سەرەکیش ( ئوسامە بن لادن) . بەمەش موسوڵمانان بەو تاوانە تۆمەتبار دەکران.
ئەو ڕووداوە لە بەرەبەیانى ڕۆژێکى پایزیدا بووە هۆى گیان لەدەستدانى ( 2997 ) کوژراو و (291) بریندار. کارەساتەکە بەشێوەیەک گەورە بوو کە فڕینى بە ئاسمانى ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاگرت .
هەر لەپاش ڕوداوەکەوە سەرۆکى ئەوکاتى ئەمریکا ( جۆرج دەبیلو بۆش) ڕایگەیاند: هێرشمان کراوەتە سەر و ناتوانین توندڕەوى خۆمان کۆنترۆڵ بکەین و ڕابگرین .
هەروەها پاش چەند ڕۆژێک لە کارەساتەکە (بۆش) بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند” ئەمە جەنگێکى خاچ دروشمیە دژ بە تیرۆر و تیرۆرستان”. بەگوێرەى ڕاى لێکۆلەران (بۆش) لەوکاتەدا بەو وتانەى ویستویەتى ڕۆحیەتێکى ئاینى بە وتارەکانى بدات و جیهانى ڕۆژئاوا دوبارە لەژێر پەردەى ئایندا کۆ بکاتەوە، بۆ جەنگێکى پیرۆز بەرامبەر جیهانى ئیسلامى و عەرەبی. پێى وابوو وا جەنگێک دژ بە ویلایەتە یەکگرتوەکان لە ئارادایە بەناوى ئاینەوە .

گۆڕانکاریەکان لەناوخۆى ئەمریکا:
ویلایەتە یەکگرتوەکان هەر زوو کەوتە تاوانبارکردنى ڕێکخراوى (قاعیدە) و لەڕێى ڕاگەیاندنەکانەوە هەموو ئیسلامى دەشوبهاند بە توندڕٍەوى و، بەم شێوەش تێڕوانینى ئەمریکیەکان لەبارەى ئیسلامەوە گۆڕانکارى بەرچاوى بەسەردا هات و بەشێکى زۆر لە موسوڵمانان ڕۆژانە دوچارى توندوتیژى دەبونەوە. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئەنجومەنى ئیسلامى ئەمریکى ( کیر) ئاماژەى بەوەداوە کە ( ژیانى موسوڵمانان پاش ئەو ڕوداوە زیاتر کەوتۆتە ژێر مەترسیەوە. ڕۆژانە ڕوبەڕوى جیاکارى و توندڕەوى ڕەگەزى دەبنەوە. تەنانەت لەلایەن بەشێک لە دەزگاکانى پۆلیس و ئاسایشەوە چاوپۆشى لەوە دەکرێت موسوڵمانان ڕوبەڕوى دەستدرێژى و کوشتن دەبنەوە. ئەو توندو تیژیەش گەیشتۆتە ئاستێک کە موسوڵمانان لەو وڵاتەدا خۆیان بە پەراوێزخراو دەبینن. وەک ئەوەى مافى ژیانیان نەبێت. لە هەرسێ موسوڵمانێک کەسێکیان ڕوبەڕووى توندوتیژى دەبێتەوە، بەهۆى ئەوەى کە موسوڵمانە ) .
هەروەها بوەهۆى بەرتەسک کردنەوەى بازنەى بانگەوازى ئیسلامى و، کەسانى میانڕەو کەمتر دەیانتوانى ڕاى خۆیان بۆ ناموسوڵمانەکان بخەنەڕوو.
( حەسەن قەزوینى ) پێشەواى سەنتەرى ئیسلامیە لە ویلایەتى میشیگان دەڵێت: بەڕاستى ڕاگەیاندنەکانى ئەمریکا ڕوى ئیسلام بەو شێوەى کە دەیانەوێت نیشانى دەدەن. ئەوان لەپاش 11ى سپتێمبەرەوە ڕاستەوخۆ کەوتونەتە جەنگێک دژى جیهانى ئیسلامى. خۆیان خستۆتە بەرەیەک و ڕۆژهەڵاتیش لە بەرەیەکدا. وەک ئەوەى دوو شارستانیەت لەشەڕدابن و ( کۆتایی مێژوو ) ى ( فۆکۆیاما ) بە کۆتا نەگەیشتبێ. بانگەواز و دەعوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکان چۆتە قۆناغێکى ناڕەحەتەوە .

گۆڕانکارى لەئاستى دەرەکیدا:
لەسەر ئاستى جیهانیدا ڕوداوەکە بوەهۆى گۆڕانکارى لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ستراتیژیەتى ئەمریکا بەرامبەر بە وڵاتانى ڕۆژهەڵات.
تا دەهات ویلایەتە یەکگرتوەکان پەیوەندیەکانى لەگەڵ جیهانى ئیسلامی و عەرەبیدا بەرەو لاوازى دەڕۆشت . هەربۆیە پاش کارەساتەکە ( وەلید بن تەلال) ڕایگەیاند کە (10) ملێۆن دۆلار دەدات بۆ زیان لێکەوتوانى کارەساتەکە، بەو هۆیەى کە ئەمریکا بە هەڵوێستەکانیدا بچێتەوە دەرهەق جیهانى عەرەبى و ئیسلامى و پەیوەندیەکان ئاسایی ببێتەوە .
وەک باسکرا پەنجەى تاوان درێژکرا بۆ ڕێکخراوى (قاعیدە) و کەسى یەکەمى ئەو ڕێکخراوەش (ئوسامە بن لادن). بۆیە بڕیاردرا هێرش بکریتە سەر ئەفغانستان، وەک مۆڵگەیەکى سەرەکى (تیرۆر). پێشتر دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا (CIA) داواى لە سعودیە کردبوو کە داوا لە ئەفغانستان بکات ( ئوسامە) ڕادەستى ئەمریکا بکرێت. بەڵام دەسەڵاتتدارانى ئەفغانستان و (موللا عومەر) ڕەتیان کردەوە . بۆیە (جۆرج بۆش) ى سەرۆکى ئەمریکا مەبەستەکانى بۆ جەنگ لەدژى ئەفغانستان خستەڕوو و ڕایگەیاند “هەموو هێزەکان لە ئامادەباشیدا بن و ڕیزەکانیان یەکبخەن بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارە نهێنیە تیرۆریستەکان و سەربازگە و مۆڵگەى تیرۆریستان، واتە ڕێکخراوى ( قاعیدە ) و بزوتنەوەى ( گالیبان ) لە ئەفغانستان”. لەم هەڵمەتەدا بەریتانیا ئامادەباشى خۆى ڕاگەیاند وەک هاوپەیمانێک، هەروەها دەوڵەتانى دیکەى وەک ( ئوسترالیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا ) ش بەشداربوون بە پێشکەشکردنى یارمەتى و هاوکارى سەربازى. (40) وڵاتى دیکەش ئامادەیى خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەکارهێنانى ئاسمان و خاکیان لەلایەن هاوپەیمانانەوە. دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا (CIA) زانیارى زۆرى کۆکردبویەوە لەسەر وڵاتانى چواردەور و ئەوەى ڕاگەیاندبوو کە ئەو وڵاتانە ڕازین، یان ڕازى و قایلکرابوون .
ئەمریکا ئەوەى ڕاگەیاندبوو کە ئەم جەنگە لە دژى (تیرۆر)ە بەشێوەیەکى گشتى، بۆیە دیارە ئەمەش دەکشا بۆ زۆر وڵاتى دیکە، مەبەستى ئەو لە وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى و بەدەر لەوەش وڵاتانى ( ڤنزویلا و کوبا) ى دەگرتەوە. یان زۆرجار لەژێر دروشمى شارستانیەت و پێشکەوتنى ڕۆژئاوا. یان ئەم جەنگە جەنگى هێزى چاکەیە لەگەلڕ هێزى خراپە و جەنگى هێزى دیموکراسییە لەدژى هێزى دواکەوتویى و دەمارگیرى ئاینى . ئەمریکا و هاوپەیمانان لە (7) ئۆکتۆبەرى (2001ز) دەستیانگرت بەسەر ئەفغانستاندا و بزوتنەوەى (تالیبان) لە هەموو شوێنە سەرەکیەکان پاشەکشەى کرد .
پاش ئەوە (جۆرج بۆش) عێراقى تاوانبار کرد بە پشتیوانى تیرۆر و داڵدەدانى تیرۆریستان. هەروەها عێراق تاوانبارە بە هەبونى چەکى کۆمەڵکوژى . ئەمریکا و هاوپەیمانان بڕیارى هێرشکردنە سەر عێراقیاندا و لە لە (20) مانگى مارسى (2003ز) هێرشیانکردە سەر عێراق و لە (1) مانگى مەى تەواو کۆنترۆڵکری عێراقیان ڕاگەیاند و دەسەڵاتى ( سەدام حسەین ) یان لەناوبرد.

بەشێوەیەکى گشتى جیهانى ئیسلامى دوچارى گیر و گرفت و جەنگ بویەوە.
جەنگى ئەفغانستان و عێراق لە دیارترینى ڕوداوەکانى دەرئەنجامى (11) سپتێمبەر ببون کە چەندین کارەساتى گەورەییان مرۆیى بەدواى خۆیاندا هێنا، تا ئەمڕۆش ئاسەوارى نەسڕاوەتەوە. جگە لەو دەستوەردانەى کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجامى دەدات بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. کۆمەڵگەى جیهانیشى جارێکى دیکە دابەش کردەوە بەسەر دوو بەرەى ڕۆژهەڵات (وڵاتانى ئیسلامى) و بەرەى ڕۆژئاوا. هەموو کات ئەمریکا وڵاتانى عەرەبى و بەتایبەت سعودیە بە زیندوو کردنەوەى کەیسى 11 ى سپتێمبەر دەترسێنێت. کە عەرەب هۆکارى ئەو نەهامەتیە کە بەسەر گەلى ئەمریکیدا هاتووە.

بەرئەنجام:
* ئەم کارەساتە بوەهۆى هەڵگیرسانى جەنگێکى دەرونى بەرامبەر بە موسوڵمانانى نیشتەجێى ئەوروپا و بەتایبەتیتر ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا.
* واى لە ئەمریکا کرد کە بانگى جەنگێکى ئاینى بدات دژ بە وڵاتانى ئیسلامى و عەرەبى. هەروەها لەڕوى ئابوریشەوە پەیوەندیەکان سستى بەخۆوە بینى.
* ئەمریکا ڕایگەیاندا کە تا تیرۆر مابێت ئەوان دژى دەجەنگن. سەرەتاى ئەم جەنگەش هێرش بوو بۆ سەر ئەفغانستان و دواتریش عێراق.
* ئەم جەنگانە بونە مایەى کارەساتى گەورەى مرۆیى و سیاسى و ئابوورى لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. کە تاوەکو ئەمڕۆش ئاسەواریان ماوە.

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
1- الجزیرە نت :
http://www.aljazeera.net/news/international/2015/9/11/11
2 – خبرنگارى ایسنا :
http://www.isna.ir/news/94061912116
3 –
http://www.bbc.com/arabic/multimedia/2011/09/110903_11_sep_bush_speech_2.shtml
4- العربیە :
https://www.alarabiya.net/articles/2004/04/19/2402.html
5- -ای ان ان :
http://anntv.tv/new/showsubject.aspx?id=14323#.V9VDuFt97IU
6- http://anntv.tv/new/showsubject.aspx?id=14323#.V9VDuFt97IU
7- جیهانى ئیسلامى بەشێوەیەکى گشتى بەو وڵاتانە دەوترێت کە زۆرینەک لە خەڵکى موسوڵمانى تێدا نیشتەجێن و هەڵگرى ئاینى ئیسلامن و پابەندن پێوەى. مەبەست لە کۆمەڵە دەسەڵاتێکى ئیسلامى یان حکومەتێکى ئیسلامى نیە.
8- الجزیرە:
http://www.aljazeera.net/news/international/2001/10/13/
9- جریدە البیان :
http://www.albayan.ae/one-world/2001-11-05-1.1160911
10- السیاسە الخارجیە الامریکیه تجاه ڕفغانستان:د.نادیە فاچل عباس فچلى ، دراسات دولیه، ێ 45-46.
11- http://ar.islamway.net/article/9841/
12- https://www.alwatanvoice.com/arabic/news/2003/10/09/434.html

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت