فەوزی ڕەمزی : زاراوە ناحەزەكانی نێو كۆمەڵگەی كوردی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی يەكەم : وشەی جاش .

جاش ، لە ناو كوردەواری خۆماندا بە واتای بەچكەی گوێدرێژ ( واتە كەر ) دێت .
وشەی كەريش كە بە فارسی خەری پێدەوترێت، ئەگەر لێكدانەوەی كوردييانەی بۆ بكرێت، دەشێت لە ڕيشەوشەی كار/ــەوە هاتبێت و كەر/يش بووبێتە نيهادی وشەكە و زۆر جار لە پاشگر Suffixی وشەيەكی لێكدراودا گيرساوەتەوە، وەك؛ داگيركەر ، ڕۆشنكەرو … هتد . بەڵام بە تەنيا ناسناوە بۆ ئەو گيانلەبەرە هەرەماندووە كە لەژێر دەستی مرۆڤی بێـــبەزەييدا كار و باری پێدەكات. جا هەروەك پەند هەرکەسێك گێل و گەلۆر بێت دەچوێنن بە كەر. دەبێتە گاڵتەجاڕی خەڵك… جا ئەگەر ئەو كەرە ئاوا سەيربكرێت و دەبێت بەچكەكەی چۆن بێت كە پێيدەوترێت جاش .
ئێمەی كورد، لە مێژوودا ئەوەندە هەڵخەڵەتاوين بەدەستی دوژمن و زڕەداگيركەرانی وەك ئارەب و فارس و تورك. گەيشتتۆتە ئەو قۆناخەی كە هيواوئامانجەكانمان لەيەكتر بترازێن و كەلێنی گەورەمان تێبكەوێت بە ڕادەيەك دۆژمنان بتوانن ئەو هيواوئامانجانەمان لە قۆناخەكانی خەباتماندا پەكبخەن، جا هەر دەمانێك، بەرخودان و خەباتێكی چەكداريمان هەڵبگيرسانابايە، ئەم دوژمن و زڕەداگيركردانە بە بڕە پارە و بەخششێكی كەم دەگەڕان بۆ ئەو كوردە گێل و گەلۆر و زوو هەڵخەڵەتاوانەدا و باربۆياندەكردن بە چەندين جۆری چەك و جبەخانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو خەباتە ڕەوايەی كە دەيان و دەيان ساڵە بە هەموو ڕێگايە خەباتی بۆ دەكەين. ئەمانە لە مۆڵگايەكدا چ بە تەنيا و چ بە كۆمەڵ كۆدەكرانەوە و ڕێنمايی و فەرمانيان لە دەسەڵاتی داگيركەرەوە وەردەگرت و فێردەكران كە چۆن شەڕی دەستەويەخەی دژ بە هاوزوان و هاونيشتمانيان بكەن. داگيركەريش بۆخۆی بێترس پاڵی لێدەدايەوە و بە پيلانی ديكەوە خەريك دەبوو. زۆر بوونی ئەم كار نەخوازە وای لێهات كە ببێتە دياردەيەكی ديار لە مێژووی كورد و كوردستاندا.
جا ئەم كوردە گێلانە كە بەو بڕە پارە بەخششە هەڵخەلەتابوون، ئەمانە ئەوەندە سووك و ڕيسوا بوون كە دوژمن وەك كەر و جاشولكەكەی كاری دوژمنكارانەی بە هاوزوانەكەی پێدەكرد و خستبوويە ژێر باری ناپاكی و تاوانەوە.
هەر ئەم دياردەيە پيس و نەگريسە، بەرەبەرە لای تێكۆشەران و خەباتگێڕانی كورد خرايە جێوەيەكی سياسی و ئينجا گەڕان بۆ زاراوەيەك كە گوزارە لەو چەكدارانە بكات كە دژ بە خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاری خوازی كورد و كوردستان ڕادەوەستن.
ئالێرەوە، بەرەبەرە كەوتە ناوی جاش و جاشێتی لەنێو كۆمەڵگای كوردەواريدا كەوتە سەر زار. ئەگەر كەمێك ئاوڕ بۆ مێژوويەكی زۆر دوور نەڕۆين، بگەڕێينەوە بۆ ڕۆژگارانی ساڵی 1944ز، لە سەردەمی پاشایەتیدا وەزارەتی ناوخۆ لە شار و شارۆچكەكاندا لە باتی ئێشگری شەوانە بە پۆلیسی ئاسایی بسپێرێت، كەسانی ڕەشۆكی دامەزراند، لەژێر ناوی (پۆلیسی ناوچەیی ) كە بۆیان هەبوو شەوانە بە جلوبەرگی كوردی ئاساییەوە بسووڕێنەوە بەڵام دەبێت هەڵگری ئەستێرە و نیشانی پۆلیسی بە سەر سینگیانەوە بێت. شەوانە لە ئێشگریدا ( كە زیاتر پێیان دەگوترا حەسحەس ) هەر یەكەیان بە فۆكردن بە شاورێكدا( فیكە ) یەكترییان ئاگادار دەكردەوە و شاریان دەپاراست لە دز و جەردە و كەسانی لادەر ( ئینجا واوەیلا بۆ ئەو دز و لادەرەی بەر چنگیان بكەوتایە) .
خەڵكی سلێمانیش وەك ئەوەی بەوە ناسراون كە حەزیان لە گاڵتە و لاقرتی و شۆخییە، ئەمانەيان ناونابوو جاش پۆلیس، چونكە ئەو كاتە هەندێك لە پۆلیسەكان دەستیان تێكەڵی حكومەت كردبوو بۆ ڕاوەدوونان و سزادانی كەسانی نیشتمانپەروەر و لایەنگرانی شێخی نەمر و شیوعی/يەكان و ….
لە پەنجاكانی سەتەی ڕابووردوودا كە خولەپیزە و براكانی بە هۆی ملنەدان و نەچوونیان بۆ خزمەتی سەربازی، دژ بە میری وەستانەوە و خۆیان نەدا بەدەستەوە و كەسانی دیكەیش بوونە پاڵپشتیان، ئەوەبوو دەوڵەت ئەو كاتە ئەمانەی بە پیاوی شێخ لەتیفی حەفید دەزانی و گوایا ئەو پشتوپەنایانە چونكە لەو ساڵانەدا و لە نێو حكوومەتی بەغدادا هەندێك كورد هەبوون كە زۆر دژ بە شێخ مەحموود و شێخ لەتیف كاریان دەكرد، بۆیە حكوومەت هەڵسا بە دانانی فەرماندەیەكی سەربازی توورانی(بەڕەچەڵەك كورد)سەرسەختی دژ بە سلێمانی بە ناوی ( زەعیم عومەر عەلی ) كرا بە موتەسەریفی سلێمانی … یەكەمین هەنگاوی درووستكردنی جاش پۆلیس بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستەی خولەپیزە.(نامەوێت زۆر لەسەر ئەو باسە بدوێم ). لە بەر ئەوەی ئەم موتەسەریفە زۆر دژایەتی ماڵی شێخی حەفیدی دەكرد و دژ بە گشت نیشتمانپەروەران دەجووڵايەوە، بۆیە ڕێزی نەبوو و هەروەها خۆشەویست نەبوو لە نێو شاری سلێمانیدا و ئیتر وشەی جاش پۆلیس بووە وشەی سەرزاری خەڵك و بە چاوی سووكایەتی سەیردەكران…
بەڵام با حەقیش بڵێن زوربەی ئەو جاش پۆلیسانە لەبەر كەمدەرامەتی و دەستكورتی و خراپی باری ئابووریان خۆیان ناونووس دەكرد تێیدا، ئەگینا لە ڕووی نیشتمانپەروەرییەوە هیچ نكوولییەكیان لێنەدەكرا و خۆیان هەر بە موخلیسی خانەوادەی شێخ دەزانی و مەرجیش نەبوو كە لەبەر دژایەتی خولەپیزە بووبێت، تەنیا هەر بۆ بژێوی ژیان بوو…. لە چەندەها كەسم بیستبوو كە دەیانگێڕایەوە، هەندێك لەو جاش پۆلیسانە لە شەڕدا هەر فیشەكی بە هەواوە دەنا یا خۆیان لە ژێرەوە ڕێكبوون لە تەكیاندا و فیشەكیان بۆ جێ دەهێشتن و تا لە دوایدا برا و پیاوەكانی خولەپیزە یا بە تایبەت دایك و هاوسەرەكانیان بچن هەڵیبگرنەوە.
وشەی جاش، گەر زۆر بە وردی سەرنجی لێوە بدەین دەڕوانین لە هیچ كام لە شۆڕش و بەرهەڵستییەكانی سەردەمانی پێشوودا، ئیتر لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا بوو بێت، وەك ناو نەهاتووە و دەتوانین بڵێن لە كوولەكەی تەڕیشدا ناوی نەهاتووە ( وەك گشت شۆڕشەكانی شیخی نەمر یا برایم خانی دلۆ یا، شێخی سەعيدی پیران، سمكۆ، ئیحسان پاشا ياخود دەرسیم یا …. ) ئەم زاراوەنە زیاتر لە ساڵانی شەستەكانی سەتەی ڕابووردووە هاتە نێو فەرهەنگی سیاسیمانەوە…
خۆ لە گشت سەرهەڵدانەكانی پێشوودا دژ بەو شۆڕشانە خەڵك و عەشایر و … هەبوون كە دژ بوون بەڵام ئەو ناوەیان پێوە نەلكابوو…. ئەی با بزانین ئەم ناوی جاشە چۆن هاتۆتە گۆڕێ؟
وشەی جاش، لە سەرەتای شەستەكانی سەتەی ڕابووردووەوە سەرچاوەی گرتووە و ئیتر بەربڵاوییەكی وەرگرت … وەك هەندێك لە بەشداربووانی شۆڕشی ئەیلول ( ؟؟؟!!! ) باسی لێوەدەكەن كە یەكەمین جار ئیراهیم ئەحمەد و هەندێكی دیكە دەڵێن مامۆستا هەژاری موكریانی ئەم وشەیە جاش / یان بەكارهێناوە بۆ ئەو خۆفرۆشانەی كە ناپاكی لە گەلەكەیان دەكەن و پێش داگیركەر دەكەون و لە هیچ موقەدەساتێك ناپەرموونەوە. كوشتنی ماڵ و مندال، كاولكردنی خانووبەرە و مێرگ و ساباتی هاوڕەگەز و هاوخوێنی كاولدەكات تا ئامیرەكەی دەسخۆشییەكی لێبكات و بەخششێكی ئازایەتی پێ ببەخشێت .
بۆیە شاعيری ڕەوانشاد ڕەمزی مەلا مارف ئاوا باسیان لێوە دەكات :

له جۆشی شین و قوڕپێوانی كورده … وەره و بڕوانه كێ شایی ئەگێڕێ
له شیوەنگاوه سەیری كێیه ئاخۆ … كه بۆ ئاهەنگی شایی خەڵق ئەنێرێ
چ نامەردێكه خۆی شیوەنیه لەملا … كەچی مێكەیشی لەولا مەی ئەگێڕێ

هەندێكجار بوون بە جاش هیچ پەیوەندییەكی بە بنەما نیشتمانییەكانەوە نییە و لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوەی نەگرتووە، دەڕوانین هەندێك هەر لەبەر دژایەتی خێڵەكی یا بنەماڵەیی یا حیزبایەتی یا… یا… ئەوا ئەو ڕێگەیە دەگرێتە بەر و خۆی دەخاتە پاڵ حكوومەت تا گیانی خۆی یا بنەماڵەكەی یا عەشرەتەكەی بپارێزێت … یان لە لایەن حیزبێكەوە یان كۆمەڵێك چەكدارەوە فشارێكی زۆریان بۆ دێت و بە ناچاری دەبنە جاش … نموونەیش بۆ ئەمانە زۆرن لە كوردستاندا.
كەواتە دەتوانین بڵێن جیاوازییەكی هێجگار بەر فراوان هەیە لە نێوان ئەوەی كە بە هەموو ئیرادەیەكی خۆیەوە دەبێتە جاش و یا ئەوەی بە زۆرەملی و لە ژێر فشاری حیزب و كەسانی باڵادەستدا ئەو ڕیگەیە هەڵدەبژێرن… كەواتە با ئیتر وشە جاش هێندە بەكارنەهێنرێت بەڵكو خۆفرۆش و نیشتمانفرۆش و خیانەتكار و بەكرێگیراو …. بێتە فەرهەنگی كوردیمانەوە.
*هەر چەندە بەلای منەوە زوڵمێكی هێجگار گەورەیان لە ئاژەڵێكی وەك گوێدرێژ كردووە چونكە ئەوەندەی ئەو بەستەزمانە زەحمەتكێشە بێ ئازارە، خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە بە هەموو درێژایەتی ژیانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی، هیچ ئاژەڵێكی دیكە بەو ئەرك و كارە هەڵنەستاوە و بە تایبەت لە نێو كوردەوای و گشت شۆڕشەكانی كورددا. بەڵێ ئەوە هەرگیزاوهەرگیز سیفەتی گوێدرێژ نییە كە هاوخوێن و هاوڕەگەزی خۆی لە پێناو ژەمە ئالیكێك یا بارسووكیەكەی یا تەویلەیەكی هەواگر یا بۆ پێشەنگی كاروانێك یا …. لە خوێندا خەڵتان بكات .
بەڵام با ئەوە بزانین كە كوردی ناپاك یا خۆفرۆش بە هەموو توانای عەقڵی و هەوەسی خۆی ئەو ڕێگەیەی هەڵبژاردووە و بۆتە داردەستی دوژمن و كوردە واتەنی؛ خۆی كردۆتە كۆڵوانەسوور یا جامانەسووری پێش لەشكر، ئیتر دەبێت ئاژەڵێكی وەك گوێدرێژ چ مافێكی بەسەر ئەو ناولێنانەوە هەبێت گەر بۆ سووكایەتی كردن نەبێت بەو ئاژەڵە .
تێبينی/ تكايە چاوەڕوان بن بۆ وتاریی تابووری پێنجەم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت