لاوک کونجرینی : کوردایەتیەکەی باشوور .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر سەیری پارتی دەکەیت ، یان هەر حیزبێکی تری باشور، پرسیارێکت لا دروست دەبێت ، ئەوەیش: ئایا ئەمانە لە ڕابردوودا بۆ ڕۆژێک کوردایەتییان کردووە ؟ .

کۆی هەوڵ و ئامانجەکانیان لە کۆمپانیایەکی فڕۆشتی وڵات و هەراجی نیشتمان دەچێت بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەو ، لە کۆمەڵێک خەڵکی پۆلیسی دەچن بۆ بنیادنانی زیندانێکی گەورەو خەڵکە ڕەشوو ڕووتەکە لە کونجەکانی بخەزێنن ، وەک خزاندوویانە .

پارتی داوای ڕیفراندۆم و بەیانی دەوڵەت دەکات ، لەولاوە شەنگال بۆ داعش چۆڵ دەکات ، لەولاوە هێندە خۆی پچووککردۆتەوە لەئاست تورکیا ، وەک ڕێڕەوی هەناسە بەژیانییەوە بەستۆتەوە . لەسەرئاستی ناوخۆش، شتێک نەماوە بۆئەوەی گیراوەیەکی دەوڵەتی کوردی لێ بنیاد بنرێت، جومگە کۆمەلایەتییەکانی تێکوپێک داوە ، ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆتە کارێکی گران ، پەڕلەمان و کۆی دەزگا گرنگەکانی شەکەت کردووەو، داوای سەربەخۆیی دەکات.

 حیزبە ئیسلامییەکان، سێ شتیان کردۆتە ستراتیج .

یەکەمیان ـ خواناسی

دووەمیان ـ کوردایەتی

سێیەمیان ـ دەسەڵاتی شەریعەتی ئیسلام

لەئەنجامی لێکۆڵینەوە لێیان، بۆت دەردەکەوێت هەرسێ ستراتیجیەکەیان جگە لە درۆیەک لە پێناو وابەستەگی بەتورکیا و ئێران هیج ئاسۆیەکی تر نییە .

یەکێتی بە بەهەموو تەپۆڵکەو گردەکانییەوە، باڵی کۆسرەت و دکتۆر بەرهەم لاکەی تر تاوانبار دەکات بەمۆنۆپۆلی سەرمایەو دەسەڵات ، کەچی کۆی سەرمایەی دارایی و پێگەی دەسەڵاتی یەکێتی زۆرینەی لای ئەوانەو هەرکەسێکیان دەگریت ، لانی کەم سەرمایەکەی بەشی مانگیکی موچەخۆرانی هەرێمەو ، لەو لاشەوە باڵی هێرۆخان بە بنەمای مانەوەی پێشەلکارییەکانی پارتی ناوزەند دەکەن .

هەرچی باڵی هێرۆخانە، سێ گۆشانە مامەڵە دەکات :

1 ـ شانازخان و چەند کەسێکی تریان داناوە بۆ هێڵی هێرش بۆ سەر پارتی و حکومەت .

2 – قوباد تاڵەبانی لە تەنیشت نێچیری سەرۆکی حکومەتەوە، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی هەبێت ، مۆری هاوبەشی هەموو تاوانەکانی پارتی ئەکات .

3 – هێرۆخان خۆی هاویشتۆتە بەرەی کاک نەوشیروان و چەمکی خۆساخکردنەوەو گرتنە دەستی کۆی دەسەڵاتەکانی یەکێتی بنیاد دەنێت .

جگە لەوەی کۆی جومگە گرنگ و هەستیارەکانی یەکێتی لەدەست هێرۆخاندایەو بەهۆی ئەوەی لەگۆشەی ململانییەکانی ناوچەکەدا ، بەشێکە لە بەرەی ئێران ، وەک هێزێکی کوردستانی ڕۆژ بەڕۆژ لەسەرپانتایی کوردستان لەنێو ململانییەکاندا خسراوەتە دەرەوەو، ئەو ململانییەی بۆ پارتی و پەکەکە جێهێشتووە . دەکرێت لەم ئەگەرەدا ، ململانییەکانی ناوخۆ و باڵادەستی پارتی بەهۆی ئەمریکا و تورکیا و هێزە کاریگەرییەکانی ناوچەکە ، هۆکاری کشکردنی یەکێتی بێت لە ململانییە گەورەکانی ماڵی کوردی و بۆتە هێزێک ، تەنها فریایی ململانییەکانی ناوخۆی خۆی بکەوێت .

هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە ، بەهۆی ئەوەی دەمی لە کۆی جومگە هەستیارەکانی ناوخۆی هەرێم داو پارتی ڕاچڵەکاند ، لەوە نەگەیشت ، لەم هەرێمەی ئێمە چەسپاندنی دەسەڵات بە هێزی چەکە ، نەک بەزۆری دەنگی سنوقەکان . نەشی توانی وەک هێزێکی فێڵباز و بنیادنەریی هێزی تر لە منداڵانیدا بەنهێنی بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە هێزێكی یەکلاکەرەوە .

ئەوەی لێرەدا مەبەستە ، ئەمانە چیان پێدەکرێت و بۆچی لەدەسەڵاتدان ؟. ئایا کورد لەم هەرێمەو لەسەرئاستی کوردستان چ پێویستییەکی بەمانەیەو ، ئەمانە چی بۆ ئەم گەلە بەرهەم دێنن ؟.  ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی غیابە کوردایەتییەو ، ئەوەی ئەوان مەبەستیانە مانە لە پێناو دەسەلات و کەڵەکەکردنی سەرمایە . ڕەوەکەی خوارەوەش دەبێت وەک توتی، وەک عەبە خەیاڵ، پڕوپاگەندەو درۆودەلەسەکانی سەرەوە بڵێنەوەو، خەیاڵ لەشتێ بکەنەوە لەگەڵ خۆیاندا بۆکۆتا تەمەنی ژیانیان هەڵی بگرن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت