محەمەد بەرزی : ئەسپی دۆڕاو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی مێژوو کورد لە پێناوی مانەوە و ئازادی و سەربەخۆییدا جەنگاوەرێکی ئازای بی وێنە بووە ، کە کۆی لە هیچ داگیرکەرێک نەکردووە و بە خوێن پارێزگاری لە خۆی و خاکی کردووە و هەرگیز سەری بۆ هیچ داگیرکەرێک شۆڕنەکردووە ، هەر ئەو ئازایەتی و چاونەترسییەش بووە ، کە هەتا ئێستا وەک نەتەوە بە پێوە ماوە و لە بۆتەی هیچ داگیرکەرێکدا نەتواوەتەوە . بێگومان ئەوەندەی لە بەرگریی کردندا خۆڕاگربووە ئەوەندەش لە سیاسەتدا دووربین و سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە وەک پێویست لە هونەر و گرنگی سیاسەت بگات و گرەو لە دوژمنەکانی بباتەوە ، هەتا ئێستاش نەک هەر نەیتوانیوە قەوارەیەکی سیاسی بۆخۆی دابمەزرێنیت ، بەڵکو وڵاتەکەشی دابەشکراوە و چەندین جار ڕووبەڕوی قڕکردن و ماڵوێرانییەکی ئێجگار زۆر بۆتەوە .
ئەوەی شایانی باسە سیاسەت کەسانی شارەزا و زیرەک و زانای خۆیدەوێت ، هونەر و گرنگی سیاسەتیش بریتییە لە : ( تێگەیشتن لە کرداری سیاسی ، پاشان شیکردنەوەیەکی ژیرانە بۆ ئەو ڕووداوانەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕوودەدەن و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی ورد ، بۆ هەڵسوکەوتکردن و بڕیاردان لەسەری بە شێوەیەکی گونجاو و گەیشتن بە ئامانجەکان بە باشترین ڕێگا و کەمترین تێچوون و زیان ) . بێگومان هەموو سەرکردایەتییەکی ژیر سیاسەت لە پێناوی بەرژەوەندی وڵات و میللەتی خۆیدا دەکات و بەگشتیش هەموو دەوڵەتێکیش دوو جۆر سیاسەتیان هەیە . یەکێکیان شاراوەیە و ئامانجی سەرکییانە و ئەوی تریان ڕووکەشە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەیانە .

بە داخەوە کوردی باشوور بە درێژایی مێژوو باوەڕی بە سیاسەتە ڕووکەشەکەی بەرامبەریکردووە و ئاویان بە ئاشی داگیرکەراندا کردووە و لە ئەنجامدا بە دەستی بەتاڵ و سەری شکاو و زیانی زۆرەوە هاتۆتە دەرەوە . نموونەشمان بۆ ئەم سیاسەتە ڕووکەشە زۆرە ، کە هەمیشە کوردی پیێ هەڵخەڵەتاوە و لێرەدا هەر تەنها ڕووناکی دەخەمە سەر نمونەیەکیان ، کە هێشتا لە بیرەوەری زۆربەماندا ماوە . لە شۆرشی ئەیلولدا ئێران بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئەو شۆڕشەیدەکرد ، سنورەکانی خۆی بە ڕووی پێشمەرگەدا واڵاکردبوو ، لە ساڵەکانی ١٩٧٤ و ١٩٧٥ دا مووچەی پێشمەرگە بە تمەن بوو ، ئەفسەر و سەربازی ئێرانی بە بەرگی پێشمەرگەوە و بە تۆپی دوورهاوێژی خۆیانەوە تۆپبارانی سەربازگەکانی سوپای عیراقیان بۆ دەکردین . ئەم سیاسەتە سیاسەتی ڕووکەشبوو ، کورد وای دەزانی ئێران هەتا سەر پشتوپەنای دەبێ . بەڵام ئەوەبوو لە ڕێکەوتنی جەزائیردا سیاسەتی سەرەکی ئێران ئاشکرابوو و توانی شۆرشی کورد وەک مەقاشێک بەکاربهێنێت و بگات بە ئامانجەکەی خۆی و ڕووبەرێکی فراوان لە خاک و ئاوی عیراق داگیربکات و ئەو هەموو خوێنە زۆرەی لەو شۆڕشەدا ڕژا بە قازانجی ئێران شکایەوە و کوردیش جگە لە ماڵوێرانی و دەربەدەری و نەهامەتی هیچی تری بۆ نەمایەوە .

بێگومان هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرکردایەتییەی کورد ، کە هەرگیز ئەو جۆرە لووتانەی نەبووە ، کە بۆنی مەترسی گەورەی پێ بکات . خۆ ئەگەر وریا بووایە دەبوو پرسیارێکی لە خۆی بکردایە : ئێرانێک هەموو ئازادییەکانی لە کوردی وڵاتەکەی خۆی گرتبێ ، چۆندەکرێت ئاوا بە کوڵودڵ پشتیوانی شۆڕشێک بکات ، کە مەترسیبوو بۆ سەرخۆی ؟ . سەرباری ئەو زیانە زۆرەش ، کەچی هێشتا وانەمان لەو شکستە گەورەیە وەرنەگرتووە ، ئەوەتا پارتی هیواکانی خۆی بە ملی ئەردوگاندا هەڵواسیوە و یەکێتیش بە مەلا توندڕەوکانی ئێراندا ، کە هەردوو لایان هاودەنگن لە قڕکردنی کورددا . بێگومان هۆکاری شکستی سیاسەتی کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی کورد ، کە شارەزای بواری سیاسەت نەبوون ، ئەمانە یان سەر بە بنەماڵە بوون ، یان کەسانی شێخ و مەلا بوون و لە هونەری سیاسەتیان نەزانیوە ، ئەوەندەی بە تەنگ دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوە بوون ئەوەندە بە تەنگ بەرژەوەندی وڵات و نەتەوەکەیانەوە نەبوون و ڕێگایان بە کەسانی شارەزاش نەداوە بێنە پێشەوە ، خۆ ئەگەر کەسانی سیاسیشیان لە خۆیان کۆ کردبێتەوە ، ئەوا یان گویێ یان لێنەگرتوون ، یان ( وەک نۆکەرەکانی ئەمڕۆ ) بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان بوونەتە بەشێک لەو دەسەڵاتە شکستخواردووە . بەڵگەشمان ئەوەیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە هەلێکی لەبار و گونجاوی بێ وێنە چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە بۆ کورد ڕەخساوە و هەناوی نەیارەکانمان پڕە لە کێشە و دەرد و ئاژاوە ، کەچی لە جیاتی ئەوەی بیر لە خەونە گەورەکان بکەنەوە ، ئەوەتا ئەو بنەماڵەیەی حەفتا ساڵە سەرکردایەتی پارتی دەکات بە گوللە تۆپیش دەست لە کورسی هەڵناگرێ و هەرێمەکەمان بەهۆی هەرا و بەڵای کورسییەوە خەریکە وێران دەبێ . بێگومان وەنەبێ بنەماڵەی تالەبانی لە پارتی باشتر بووبێت ، ئەمانیش چل ساڵە بە حساب رابەرایەتی پارتێکی پێشکەوتووخواز دەکەن ، کەچی ئەوەبوو تالەبانی لە جیاتی ئەوەی لەو قۆناغە گرنگەدا دەوری کارای خۆی لە ناو هەرێمدا بگێڕێت و لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەست بخەنە ناو دەست و شەو بخەنە سەر ڕۆژ و تاقە هیوایان ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و دەستەبەرکردنی بنەماکانی دامەزراندنی دەوڵەت بێت ، کەچی هەموو هێز و توانای خۆی و حیزبەکەی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە کورسی سەرۆک کۆمار . ئەنجامەکەشی ئەوەبوو پارتی کرد بە کەڵەگا و ناوماڵی کوردی پڕکرد لە کێشە و باڵێکی گەورەش لە حیزبەکەی جیا بۆوە و نەشیتوانی تەنها نیو قولانج لە خاکی داگیرگراومان بۆ بگەڕێنێتەوە ، ئەو پۆستەش جگە لە خزمەتی خۆی و بنەماڵەکەی هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نەبوو .

ئاخر ئەمە کەی سیاسەتە ، بۆ کورسییەک وڵاتی خۆمان فەرامۆش بکەین و بچین بە دەستی خۆمان وڵاتێکی پڕ لە ئاشوب و ئاژاوەی وەک عیراق دامەزرێنینەوە ، کە یەکەم گورزی دوای رێکخستنەوەشی بەر سەری کورد دەکەوێت . خۆ کاتیکیش نەخۆشی لە ساحەکەی دووردەخاتەوە ، بە هەمان شێوەی بنەماڵەی بارزانی و بەبێ ئەوەی توانا و شارەزایی و ئەزموون لەبەرچاوبگرن کوڕەکەی لەسەر کورسی دادەنێن ، وەک ئەوەی ئەو کورسییە تەنها بۆ خۆیان قۆرخکرا بێت و لە ناو کورددا کەسانی شارەزا و شایستە قاتبووبێت . ئەمانە نیشانەن ، کە ئامانجی سەرەکیی ئەو بنەماڵانە کورسی دەسەڵاتە و هەتا ئێستاش جگە لە نەهامەتی ، هیچ یادگارێکی جوانیان لەسەر کورسییەکانیان بۆ بەجێ نەهێشتووین … سەرباری ئەمانەش سەرکردایەتی کورد سیاسەتی شارراوەی نەبووە و ئەوەی لە دڵیدا بووە لەسەر زمانیشی بووە ، ئەوەتا سەری خۆیان پێ دەرمان ناکرێ و ناتوانن نان و کار و ئارامی دەستەبەر بکەن ، کەچی ڕۆژی سەدان جار باسی دامەزراندنی دەوڵەت دەکەن ، کە پێویستە ئەم ئامانجە ، ئامانجێکی شارراوەبێت و لە کاتوساتی خۆیدا بانگی بۆ بدەن و توانای جێبەجێکردنیشیان هەبێ .. یان لەم ڕۆژانەدا کاتێک هێزی پێشمەرگە چەند ناوچەیەکی کوردستان لە دەورووبەری شاری موسلدا ڕزگاردەکات و هێشتا تەپوتۆزی ئەو شەڕە نەنیشتۆتەوە ، پەیتا پەیتا هاواردەکەن لەو ناوچانە ناکشیینەوە بەبێ ئەوەی کەسێک داوای کشانەوەی لیێ کردبن . جا ئەگەر کورد سیاسەتی هەبووایە دەبوو لە ئێستاوە دوژمن بۆ خۆی پەیدا نەکات و لەو ناوچانەدا خۆی بەباشی قایمبکات و ئاوەدانی بکاتەوە و کۆمەک و یارمەتی خەڵکە لێقەوماوەکەی بکات و هەرکاتێکیش باسی کشانەوە کرا ، ئەوا ئەوەندە لە توانای خۆی پشتئەستوور بێت ، بە دەنگی بەرز بڵێ ناکشێمەوە و مەردانەش قسەکەی خۆی بباتە سەر و وەک شەنگال چۆڵی نەکات . بە داخەوە بۆ سەرکردە پاوانخوازەکانی کورد ، کە جگە لە قسەی خۆیان گویێ لە قسەی کەس ناگرن و کوردستانیان بەرەو هەڵدێر بردووە ، داخی گرانیش بۆ ئەو میللەتە دڵپاکەی خۆمان ، کە سوود لە مێژووی پڕ کارەساتی خۆی وەرناگرێ و هەمیشە گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت