گۆران هەڵەبجەیی : بۆسەرکردایەتی حیزبی شیوعی، ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆربەمان هاوڕاین کە ئەم دۆخە مەترسیدارەی ئەمڕۆ کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت دەرئەنجامی سیاسەتی ناعەقڵانی و وێرانکارانەی چەندین ساڵەی هەردوو حیزبی یەکیتی و پارتیە . ئەو سیاسەتەی کە لە بری بونیادنانی وڵات و مرۆڤی کورد، دەستیان بە تاڵانی و دزی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات کرد . ئاکامەکەی دوو بنەماڵەو چەند کەسێکی دیکە بوونە ملیاردیرو خەڵکی ڕەشو ڕووتیش ماڵوێران و نەدارو هەژار بوون.
ئەم سیاسەتە گەندەڵکاریە، کە کەڵەکەبووی [25] ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی دووبنەماڵە و دووحیزبە ، ئێستا گەشتووەتە ئاستێک ڕاستکردنەوەی مەحاڵە . ئەمە جگە لەوەی نە بۆیان ڕاستدەکرێتەوە و نە دەشیانەوێت ڕاستی بکەنەوە، چونکە گەندەڵی هەرگیز بە گەندەڵکار چارەسەر ناکرێت.
جا لەدۆخێکی ئەوهادا کە جەماوەری خەڵکی کوردستان تاسەر ئێسقان ناڕازیە، تووڕەیە، بێزارە ،لایەنێک شک نابات کە بتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەو نارەزاییانە بێت. یانی کوردستان لە ئێستادا لە بۆشاییدا دەژی و حیزبەکانی دەرەوی دەسەڵات ئەو بوێریەیان تیندا نیە کە شەقام بجوڵینن و سەرکردایەتی ئەو ناڕەزاییانە بکەن . واتە خەڵک لە ئیستادا بێخاوەنە .
بە بۆچونی من ئەو بۆشاییەی هەیە، گەر حیزبی شیوعی کوردستان بخوازێت دەتوانێت بەشێکی پڕی بکاتەوە. دەتوانێت ببێتە پێشەنگ بۆ خەڵکی ناڕەزا. دەتوانێت ببێتە معارەزەیەکی بوێرو پشوودرێژ.
جا ئەم ئەرکە پێویستی بە سەرکردایەتیەکی شۆڕشگێرو جەسور، هەیە کە لە ئاست ئەو ئەرکە مێژوویەدابێت و قۆڵی لێهەڵماڵێت. بۆ ئەم مەبەستەش گەرەکە بەر لەهەموو شت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەندامە زویرەکانی لەگەڵ جەماوەرەکەی [ کە زۆرن ] و ئامادەن بێنە پشتی درووشمەکانی حیزبەوە، بکاتەوە . گرنگەو پێویستە کە ئەم سەرکردایەتیەی ئیستا واز لە هەموو پەیوەندیەکی [ گەر هەیە] لەگەڵ دەسەڵاتدا بهێنێت و ڕووبکاتە خەلک، چونکە دەسەڵات کەڵکی هیچی نەماوەو ئیکسپایەر بووە. ڕەفۆرمی پێناکرێت، تا بێت لەکن خەڵک قێزەوەنتر دەبێت، هیچ ئومێدێک بە چاکبوونی نەماوە. هەر هەوڵێک لەگەڵیدا کات بە فیڕۆدانە. دەسەڵات لە ئێستادا گەورەترین دوژمنی خەڵکی کوردستانە، جگە لە مشەخۆران و بەرژەوەندی خوازان، کەس بە دەسەڵاتی خۆی نازانێت.
ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە کە بۆحیزب هەڵکەوتووە، پێوستە حیزب و سەرکردایەتیەکەی بە باشی بیقۆزنەوەو سوودی لێیببینن، نەک وەک تاکتیک بۆ بەرزکردنەوەی جەماوەری حیزب، بەڵکو وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مەبدەئی و بە مەبەستی ڕێزگرتن لەجەماوەری تورەبوو .
گەر تا ئێستا حیزب لەو ڕوەوە کەمتەرخەم بووبێت و بەپێی پێویست لای لە جەماوەر نەکردبێتەوە، ئێستا نەچووە بچێت و کات بەدەستەوە ماوە. با سەرکردایەتی حیزب شەقیک لە بارەگاکانیان هەڵبدەن و بێنە ناو جەماوەری تووڕە و برسی و نەدارەوە. با ئاوێتەیان ببن و لە نزیکەوە هەست بە ئازارەکانیان بکەن و ببنە نوێنەرو پێشڕەویان.
ئەوخۆپیشاندانەی لە ماوەی پێشودا لە هەولێر و بڕێک لە باژێڕەکانی دیکە کران، کە بۆ پشتگیری لە داخوازیەکانی خەڵک هاتنە سەر شەقام ، کارێکی زۆر باش بوون، بەرز دەیانرخێنم، بەڵام ئەوە بەس نیە، هیوادارم ئەوە سەرەتایەک بێت بۆ خەباتێکی درێژخایەن و بەردەوام.
پاش ئەوەی کە دەرکەوت حیزبەکانی دیکە جگە لە قسەی سەر شاشەکان هیچان پێنیە بۆ خەڵک، ئیدی کاتی ئێوەیە، کاتی هەڵوێستە، کاتی بەگژاچوونی دزو جەردەو گەندەڵکارانە. سەردەمی مجامەلەو ئومێدی چاکبوون و پێشکەشکردنی یاداشت بەسەر چوو. دەسەڵاتداران کەوتوونەتە بیرێکی قوڵەوە، بەکەس دەرنایەن، تەنها چارەسەر پڕکردنەوەی بیرەکەیە.
دەسەڵاتی مافیا هیچ بە خەیاڵیدا نایەت گەر هەموو خەڵکی کوردستان لە براساندا بمرن، تەنها خەمی ئەوان جوڵەی تەنکەرەکانیان و بۆری نەوتە .
ئەم دەسەڵاتە دوژمنی خەڵکە، بکوژی خەڵکە، برسیکەری خەڵکە، دەبێ ڕاماڵڕێن، ڕسوابکرێن ، بەنەفرەت بکرێن.
هەر لایەنێک خۆی لەبەرەی گەلدا دەبینێتەوە مایەی ستایشە، هەر لایەنێکیش لەبەرەی گەندەڵکاراندایە ئەوە بێگومان بە پاساوی بێمانا درێژە بەتەمەنیان دەدات و شەرعیەت و ڕەوایەتیش بە دزیەکانیان دەدات، جا ئەو لایەنە بێشک بەشدارە لە تاوانکاریدا.
حیزبی شیوعی خاوەنی وزەو توانایەکی مەزنە، خاونی جەماوەرێکی بەهەڵویست و شۆڕشگێرە، جەماوەرێک ئامادەی هەموو جۆرە خەباتێکە، تەنها شتێک کە پێوستیەتی جوڵەو بڕیاری بوێرانەی سەرکردایەتیەتی .
جا گەر سەرکردایەتی ئەم دەرفەتە لە کیس بدات، ئەوە بۆ هەتا هەتایە دەکەوێت و ڕاست نابێتەوە. خۆ گەر هات و بووە پێشەنگی خەڵکی هەژار و نەدار و تووڕە، ئەوە بێگومان دەبوژێتەوەو بەگووڕوتینێکی نوێوە دێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی و جەماوەریش لە ئامێزی دەگرێت.
بە ئومێدم سەرکردایەتی حیزبەکەم ئەم چەند دێڕەی من بەهەند وەربگرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت