عادل محەمەدپوور : خوێندنەوەی شيعری كوردی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش نالی – پاش مەولەوی و بەراوردكاریەك

پوختەی وتار
شيعری كوردی هۆرامی لە نەفەسێكی بەردەوام و پڕۆسەیەكی نەپساو و یەك چەشن پێكهاتوە كە تاوەكوو ئەمێَستاكە بە شێوەیەكی دیالێكتیكی بەردەوامیی بە خۆیەوە گرتوە، رەنگە وەكوو هەر رەوتێكی ئەدەبی، بەرز و نەوی هەبوو بێت، بەڵام لە هیچ سەردەمێكدا، نە داتەپیوە و نەوەستاوە بەڵكوو نورمە سەركییەكانی ئەم شيعرە حوزووریان نواندوە و ئێستاش لە دوو شێوازی جیاواز«كلاسیك» و «ئەمڕۆ»دا بەردەوامە و شاعێران خەریكی تەجروبەی داهێنانن ئەمەش وێنایەكی سروشتی و هارمۆنیاییە بۆ ئەو رەوتە شيعرییە. قوتابخانەی شيعری كلاسیكی كوردی كرمانجی خواروو، بە تەنیا و بە بێ پشتیوانی گەنجینەیەكی دیرینە و دەوڵەمەندی شیعری پێش خۆی سەریهەڵداوە و بە بێ كاریگەریی لە سەر شيعری نوێ درەوشاوەتەوە و دەوامی كردوە.

سەر وشە
نالی، پاش نالی، مەولەوی، پاش مەولەوی، هەناسەی بەردەوام، گۆران، بادانەوە، ململانێی سیاسی، تەوسە شيعر، زوان پاراوی و …

پێشەكی
مێژوو تەنیا ناسكارێكە كە پێمان دەڵێ هیچ دیاردەیەك لەم كەونەدا چە‌قبەستە و نەگۆڕ نەبوە، بەڵكوو هەموو دیاردەیەكی جیهان بە پێی یاسای (دیالێكتیك) لە حاڵی گۆڕانكاریدایە، ئەم یاسا بزاوتووە لە هەموو ئەشیا و ئۆبژەكاند، كاریگەری و كاردانەوەی هەبوە. دیارە شيعر و ئەدە‌بیش لەم یاسا قوتار ناكرێت، بە تێپەڕ بوونی دۆخی زەمان، دەقەكان گۆڕانكاری بە سەریاندا دێت و دەبنە خاوەن رەوت و قۆناغ و چییەتی خۆیان. بەپێی هەل و مەرج و دۆخی كۆمەڵگەش، ئەم قۆناغ بۆ ئەو قۆناغ، جیاوازییەكی ئەوتۆ بە خۆیەوە ئەبینێ. هەر بەم بۆنەوە لە دیدی «شێوازناسی بەیان»دا باسگەلێك بە كاركردی «بەرجەستەبوونی رێسای ئەدەبی»، دێنە نێو بازنەی گۆڕانكارییەوە كە دەلوێ شێوازناس و تۆژكاری ئەدەبی بە چاوی بەراوردكاریی لێكیان بداتەوە. ئەوەش خستنە ڕووی هەندێ توخمی زوانی، ئەدەبی و فیكرییە بە ناو «رێسا» و «شێوازی تاكی» و … تەتڵە و هەڵاوێردنی ئەم باسگەلە دەبنە هۆی «جیاوازی» یان «هاوچەشنی» شێواز كە لە شيعری شاعێران و لە رەوڕەوەی مێژووی قۆناغەكانی ئەو شيعرەدا باسیان لە سەر ئەكرێت.
پشت بەستن بەو پێودانگە شێوازناسییە و دەرك بە دیاردەی جیاوازییە فرەچەشنەیەكان و خوێندنەوەی واقێعیانەی رەوتی زوان، شيعر و ئەدەبی نەتەوەیی كوردی، ئەركێكی هەنووكەیی بە هەژمار دێ. لەم روركردەدا بۆمان دەرئەكەوێ كە وێڕای هەبووونی ئەو «رێسا» جیاوازییەیانە، هەر هەیكەلی رەنگین و جوانخاس ئەنوێنێ. ئەمە تاكە رێگایە بێ بۆ خوێندنەوەی زانستی-سەردەمیانەی واقێعیی زوان و ئەدەبی كوردی.
عەلی حەریری (۱۰۷۰-۱۰۱۰ز)، فەقێ تەیران (۱۳۷۵-۱۳۰۷ز)، مەلای جزیری (۱۴۸۱-۱۴۰۷ز)، ئەحمەدی خانی (۱۷۰۶-۱۶۵۰ز) و… لە باكوور، سالم(١٨٦٦ـ١٨٠٠)، كوردی(١٨٤٩ـ١٨٠٩)، مەحوی (۱۹۰۴-۱۸۳۰)، حەریق (۱۹۰۷-۱۸۵۱)، ئەدەب (۱۹۱۲-۱۸۵۹)، حەمدی ساحێب قەران (۱۹۳۶-۱۸۷۶)، حاجی قادری كۆیی()، ناری (۱۹۴۴-۱۸۷۴)، زیوەر (۱۹۴۸-۱۸۷۵) پێرەمێرد (۱۹۵۰-۱۸۶۷)، گۆران (۱۹۶۲-۱۹۰۴ز)، و… لە باشوور، بیسارانی (۱۷۰۲-۱۶۴۱ز)، ێەیدی (۱۸۸۶-۱۸۲۰ز)، مەولەوی تاوەگۆزی (۱۸۸۲-۱۸۰۶ز)، خانای قوبادی (۱۷۰۰-۱۷۵۹ ز) مەڵا هەسەن دزڵی (۱۹۸۵-۱۸۹۶ز و…) لە هۆرامان، شاكە و مەنسوور (۱۷۹۸-۱۷۲۶ز) لە گۆران…، الماس خان كنولەیی (سەدەی۱۹ز)، و…لە كەڵهۆڕ… و…وێنایەكن لەم فرە چەشنییە و بەیانكەر و پێناسەی چییەت و هەبوونی جوان خاسی هەیكەلی رەنگاڵەی نەتەوەیەك بە ناو كورد. لەم پێكهاتە فرە چەشنییەدا، یەك خاڵ دەبێتە گرێبەستی بنەمای هاوچەشنیی و هاو رەگەزیی ئەم نەتەوە، ئەوەش رەگ داكوتانە لە ناخۆئاگای كۆیی زوان و ئەدەبیی نەتەوەیی، كە خۆی بۆ خۆی فەكتێكە بۆ ژێرخانی چییەتی و شوناسێك بۆ دیاردەی كورد بوون.

ڕەوشی بابەتی و خوێندنەوەی رەوتەكان، ئەركێكی هەنووكەیی
خستنە گەڕ باسگەلێكی ئەدەبی ئەویش دوو چەشنی جیاواز و لێك ئاوێزكردنیان بە بێ پاڵپشتی پێوەندی واقێعەكان و فەلسەفەی گۆڕانكاری«تحول» * بێ گومان، پۆلێ پرس و هەندێ باسی ئاڵۆز و دژنوما(پارادۆكس) بۆ بەردەنگ دروست دەكات كە پێویستی بە تاوتوێی بابەتی- زانستی زیاتر دەبێ. بۆیە نووسەری ئەم دێڕانە لەم بەستێنەدا، لەو رووكردە دژوازانە بە باشی كۆڵراوەتەوە و ئەنجامەكەش ئەم وتارەیە كە ئاراستە دەكرێ.
من پێم وانییە كە كەس مافی دەرخستنی روانگەی خۆی نەبێ، بە پێچەوانە داكۆكی لە سەر ئەم گوزارە ئەكەم كە هەر كەسێك بۆی هەیە دەست ببا بۆ حەوزەی فرە چەشنەی ئەدەب و شيعر، بە رەوشتی زانستی – تەحقێقی لەم خوانە بەهرە ببات و یان پشك و داهێنانی خۆی بخاتە سەر خوانەكە. كێشەی من تەنیا بۆ نەبوون یان «هەژاری رەوش» و رەهاخوازی(موتڵەق گرایی) و بەرچاو نەگرتنی واقێعیەتی بابەتەكانە و… ئەركی هەر رەخنەگرێكە كە ئاوڕ لەم دیاردە بداتەوە. ئەم نووسراوەی منەش لەم یاسا بەدەر نییە، ئەو مافەی بۆ ئەویتر پارێزراوە كە مادام شەقڵی پێوەر و رەوشی شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی زانستی و دۆزی نووسینی پێوە دیار نەبێ، ئەوا بە بێ لێبوردن و چاوپۆشی كردن بخرێتە ژێر تێخی رەخنە و لۆقەت گرتن، زۆریش خوشحاڵ ئەبم.
شيعری كوردی هۆرامی خاوەن هەناسەیەكی بەردەوام و ئاخێزگەی مێژووی گۆڕانكاریی ئەدەبی كوردی
لەم پەیكەرە رەنگاڵەدا زوان و شيعری كوردی هۆرامی خاوەن گەنجینەیەكی دێرینەترە، كە ئەگەر نازناوی ئاخێزگەی رەسەنایەتی، زوان و ئەدەبیاتی كوردی بۆ نێوزەد بكەین، بە هەڵەدا نەچوویین. بژاڤمەندی و هەناسەی یەك چەشن و بەردەوام، پەسەندی زێهنی جەماوەر و چینی نوخبە و خاوەن ویر، ساكاری، رەوان بێژی و روون بێژی لە تەشك و دلێنەدا ، لە تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی ئەم رەوتە لە حەوت قۆناغدا ، بە ئەژمار دێن.

نالی – پاش نالی و مەولەوی- پاش مەولەوی
الف) قوتابخانەی نالی بۆ و لە چە هەل و مەرجێكدا سەریهەڵدا؟ بۆ بوو بە ئاخێزگەی درەوشانەوەی بەشێك لە جوغرافیای زوان و شيعری كلاسیكی كوردی؟ و كاریگەرییەكانی لە سەر شيعری كرمانجی خواروو چی بوون؟
ب) لە شيعری هۆرامی، ئەو هەناسەی لە هورموزگانەوە سەری هەڵ دابوو، پاش مەولەوی بەردەوام دەبێ یان لە لێدان دەكەوێ؟.
ج) بۆ كۆرپەلەی نوێخوازی شيعری كوردی سۆرانی لە سینگی نالی- پاش نالی گۆچ نەكرا؟
د) ئەی بۆ فەلسەفەی نوێخوازیی گۆران لە جەرگەی (قوتابخانەی هۆرامی)، رسكا و پاشان تێئۆریزە و فراژوێ بوو؟
ئەم پرسە دژوازانە كە وروژراون، ئەمەوێ لەم وتارەدا بە پێودانگی بەراوردكاریی ئەدەبی وەڵامیان بدەوەمەوە.
١) كە باسی شيعری كلاسیكی كوردی دەكرێ بێ سێ و دوو یەك لەو شاعێرانە بە زەیندا تێدەپەڕێ، نالی (١٨٥٥ـ١٧٩٧ ز) و شيعری نالی لە بەر چاودا خۆ دەنوێنێ. نالی شاعێرێكی نوخبە و كاریزما و « گەورەی كوردە، بە درووست كەر، بناغەدارێژ و داهێنەری قوتابخانەی شيعری كرمانجی خواروو/ سۆرانی ناوزەد كراوە» . جێ دەستی ئەو شاعێرە بە سەر پانتاییەكی گەورەی شيعری كوردی و قۆناغی خۆیدا بە روونی دیارە، یان بە واتایەكی‌تر رەنگرێژ و بونیاتنەری رێبازی كلاسیزم بوو لە شيعریی كوردی/سۆرانی دا. كاریگەری ئەو شاعێرە دوایی دەوامی كردوە و زۆربەی شاعێرانی كلاسیكی سەر بە رێچكەی سێ كوچكەی بابان لەو بلیمەتە كاریگەرییان وەرگرتوە و بەم لەونە شيعری كلاسیكی سۆرانی بووەتە خاوەن ناسنامە و چییەتی شيعریی خۆی. ئەمە بەشێك لەو شاعێرە ناسراوانەن كە لە سەردەمی نالی یان پاش نالی خاوەن بەرزە دیوان بوون لە ئەدەب و شيعری كوردیدا : الم (١٨٦٦ـ١٨٠٠)، كوردی (١٨٤٩ـ١٨٠٩)، مەحوی(۱۹۰۴-۱۸۳۰)، حەریق(۱۹۰۷-۱۸۵۱)، ئەدەب(۱۹۱۲-۱۸۵۹)، حەمدی ساحێب قەران(۱۹۳۶-۱۸۷۶)، حاجی قادری كۆیی()، ناری(۱۹۴۴-۱۸۷۴)، زیوەر(۱۹۴۸-۱۸۷۵) پێرەمێرد(۱۹۵۰-۱۸۶۷)، ئەحمەد موختاری جاف (۱۹۳۵-۱۸۹۷) شێخ رەزا(۱۹۰۹-۱۸۳۵)، فایق بێكەس(۱۹۴۸-۱۹۰۵) و دەیان شاعێری تر.
٢) مەولەوی تاوەگۆزیش(۱۸۸۲-۱۸۰۶ز/۱۳۰۰-۱۲۲۱ه.ق) یەكێكە لەو شاعێرە كاریزما و خاوەن سەبك و سیاق لە شيعری نەتەوەیی كوردی، هەر وەها كە ئەحمەدی خانی(۱۷۰۶-۱۶۵۰ ز) یەكێكترە لەو شاعێرانە كە ویژدانی تاریخی و چییەتی شيعری غنایی كوردی لە باكوور دەستەبەر دەكات.
لە رەوتی شيعری هۆرامیدا، ئەو نەمامەی كە لە (هورمزگان)ەوە گۆپكەی كردبوو و لە (بیسارانی) دا بوو بە باخچە و لە (ێەیدی) دا رەنگاڵە بوو و لە (مەولەوی) دا گەیشتە سەمەر و لە پاش مەولەوی و هەنووكەش لە بەهرە و داهێناندایە. میكانیزمەكانی شيعری پێش مەولەوی و سەردەمی مەولەوی و «هەموو قوتابخانەی دیالێكتی (گۆران)! كە بریتی بوون لە دێدێكی غنایی و چەپكێ رێسای ئەدەبی و نەفەسێكی بەردەوام و لە یەكچوو و…» لە دەقە شيعری شاعێرانی پاش مەولەوی دەبینرێت وەك :
«مەلا محەمەد فكری (۱۳۱۰ كۆچی دوایی كردوە )، شێخ محەمەد نەسیم مەردۆَخی (۱۳۱۹ ك.م كوچی كردوە) سەی یاقۆی ماهیدەشتی (۱۳۲۶-…ك.م)، تاهێر بەگی جاف(۱۳۳۷-۱۲۹۵ ك.ه)مەڵا هەسەنی دزڵی(۱۳۶۴-۱۲۷۵ ك.م)، ئاغە عەنایەت(۱۳۳۵-۱۲۶۰ ك.ه)، محەمەد ئەمین كاردۆخی(۱۹۸۲-۱۹۱۶/۱۴۰۲-۱۳۳۳۷ك.م)، دانا هۆرامی (۱۹۳۴-۱۹۷۹) سەی تاهێر هاشمی (۱۳۳۷۰-۱۳۳۲/۱۴۱۱ ك.م)، شێخ ئەمین نەقشبەندی (بێوەی، ۱۹۱۶-۱۹۸۲/۱۴۰۲-۱۳۳۷ ك.م)، عەبدوڵڵا ئەقدەسی(۱۹۸۶-۱۹۲۲/۱۴۰۶-۱۳۴۱)، مەلا عەبدولكەریم مودەڕڕێس، مەلا عەبدوڵای كاتب (۲۰۰۴-۱۹۳۲/۱۴۲۵-۱۳۵۳ك.م)، میرزای هۆرامی، محەمەدی فەهیم، یوسف رەسووڵ ئابادی (۱۳۸۷-۱۳۳۱ك.ه)، مەڵا سادێق نگڵی(۱۳۴۵-۱۲۸۰ ك.ه)، مۆمن یەزدانبەخش پاوەیی و دەیان شاعێری‌تر و… كە زۆربەیان خاوەن دیوانی شيعرن و لە كتێبخانە و ئەدەبی كوردیدا مەوجوودن.
رسكان و فراژوێ بوونی قوتابخانەی نالی و سەردەمێكی هەستیاری سیاسیی – فەرهەنگیی مێژووی كورد
۳) هەندێ بەڵگەی مێژوویی- ئەدەبی نیشان ئەدەن، بزووتنەوەی ئەدەبی نالی(١٨٥٥ـ١٧٩٧ز) و رەوتی شیعری كرمانجی خواروو لە گەڵ گەورە بوون و رادەی بەرزی ئاستی ئەدەبی، بەر لە ئەوەی رەوتێكی سەردەمیی خۆڕسك و هەڵقوڵاوی نیازی ئەدەبی بێ، زادەی سەردەمێكی هەستیار و ململانێكی سیاسیی و ئەدەبی لە گەڵ مێرنشینیی (ئەردەڵان) و شاعێرانی هۆرامی لە پێناو بەرژەوەندی بەدست هێنانی دەسەڵاتی سیاسی و زوانی و… بووە. پەیدابوونی مێرنشینی سلێمانی لە دواساڵانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بە جۆرێكی عەسری و تازە تا رادەیەك لە سەر حیسابی تەسك بوونەوەی ئەو ناوچانە بوون كە (گۆران)ەكان تێیدا ئەژیان، بەم جۆرە، شێوەی كرمانجی خوارووی زمانی كوردی وەكوو زمانێكی رەسمی مێرنشینی سلێمانی پەیدا بوو. لە دوو ساڵانی سەدەی هەژدەمەوە بەرەبەرە جێی بە شێوەی (گۆران/هۆرامی) تەنگ دەكرد و لە سەر حیسابی ئەو بڵاوبوویەوە . نالیش لە ناو شارێكی تازە پایتەختی وەك سلێمانی و ناوەندی دەسەڵاتی باباندا دەژیا، كە لەو كاتەدا هەر نزیكەی (۴۰ ـ ۵۰) ساڵێك دەبوو دروست كرابوو … دەبوو نالی بە گیانی تازە و شارستانییانەی ئەم پایتەختە تازەیەوە، كە لە دیدی نالییەوە تاقانە میرنشینێكی قەومی داهاتووی نالی بوو، ئەدەب و فەرهەنگێكی تازەش لە گەڵ خۆیدا پێشكەش سەردەمەكەی بكات…
لە بیرم دێ «سولەیمانی» كە (دارالملك) ی «بابان» بوو
نە مەحكوومی عەجەم ، نە سوخرە كێشی ئالی عوسمان بوو.
نالی لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی توانای بێ سنووری دیالێكتی ناوچەكەی خۆیەوە و – بۆ
بەكردەكردنی ئەم تێزە فێكرییە، پشت بە هۆنەی شانازینامە (مفاخرە) دەبەستێ – كە دڵنیا بوو توانای تەقاندنەوە و – هێژمونێتی- زۆری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە… و دەركیشی بە هەبوونی دەسەڵاتێكی نەیار وەك قوتابخانەی ئەدەبی رەسمی- دیوانی مێرنشینی ئەردەڵان كردبوو و هەوڵێكی فەرهەنگی لە قاوغی زوان و چێژی دەسەڵاتی سیاسی دابوو بۆ ئەوەی كە ئەو دەسەڵاتە سیاسی- ئەدەبیی (گۆران) و ئەردەڵانە كە لە مێژە سەقامگرتنی بە خۆیەوە بینی بوو، بسێنێتەوە و هەم دۆخی هێژمونی سیاسی و دەسەڵاتداری بە بەبەكان ببەخشێ و هەمیش دیالێكتی سۆرانی ناوچەی سلێمانی ببوژێنێتەوە و بازنەكەی بەر بڵاوتر بكات. بە ئاگاداریی و شارەزایی لەم دۆخە و هەست بە دەسەڵاتی بەرامبەری شيعر و ئەدەبیی هۆرامی، وەك شاعێرێك و بكەرێكی وریا و زێرەك (فاعل شناسا)، زانیویەتی لەم نێوەندەدا، چۆن كایە زوانی و نیشانە ئەدەبییەكان بۆ ئامانجەكانی بەكار بهێنێت و واقێعەكان بقۆسێتەوە و ئاراستەیان بكات. لەم بەیتەدا:
كەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ كوردییە، خۆكردییە
هەر كەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەكا…
لە تێ هزرینی مندا یەك لە تەئویل و كردنەوەی رەمزی ئەدەبی و راژەی ئەم بەیتە ئەوەیە: نالی رێندانە و زیرەكانە لەفزی یەك چەشنی جێناسی لێكدراو و تەواو و ناتەواوی «خۆ كوردی، خۆكردی»ی بەكار هێناوە. دیوی(خۆكردی) نیشانەیەك بۆ وێنای بەرجەستەكردن، هەڵاوێردن، بەدەسەڵات كردن و چییەتی دیالێكتەكەی لە روانگەی دەسەڵاتی داهێنانەی هونەری -زوانی خۆیەوە و دیوی(خۆ كوردی)یش بۆ نواندن، هەڵاوێردن و ئانالیزكردنی باقی(شێوەكان) لە زوانی كوردیدا، كە جۆرە نرخاندن و جەختاندنێكی شاعێرانەیە بۆ دابین كردنی مەبەستی خوازراو.
لە پێناو درەوشانەوەی بزووتنەوەوكەیدا، لە ماوەیەكی زۆر كورت و چاوەڕوان نەكراودا، توانی سنوور و جوگرافیای دیالێكتەكەی بەخێرایی بەرفراوان‌تر بكات و وەك ئاگر و پووشوو، بە ناوچەكانی گەرمیان و كوێستان و موكریان و ئەردەڵاندا بتەنێتەوە … كە ئەم كارە، لە هەمان كاتیشدا و بە تێپەڕینی رۆژگار، بووە مایەی تەنگ پێ هەڵچنین دیالێكتی گۆران، كە راستەوخۆ، سنووری لە گەڵ سنووری ئەم دیالێكتە تازە و گورجەدا تێكەڵ و هاوبەش بوون…
لە شيعرێكی فەخرئامێزدا بە زوانی ئیهام و توانج ئاماژە ئەدات بە نموودی ئەم دەسەڵاتە و ئەڵێ ئەمڕۆ دیوانی حوكمڕانیم هەیە و حوكمی ئەم سێ وڵاتەی لێوە ئەكەم:
فارس و كورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتەوە
نالی ئەمڕۆ حاكمی سێ موڵكە دیوانی هەیە…
پێشتر نالی ئەم كۆسپەی لە ناواخنی ئەدەبەكەیدا دەرك كرد بوو كە بە پێچەوانەی تێكڕای شاعیرانی پێشینەی نیشتمانەكەی خۆی و شاعێرانی نەتەوە درواسێكانیەوە، كە هەموویان لەبەر كڵاوڕۆژنەی گەنجینە و خەرمانی بە بڕشت و دەوڵەمەندی پێشینەی خۆیانەوە پێگەیشتوون و درەوشاونەتەوە، بەڵام نالی و قوتابخانەی شيعری كلاسیكی كرمانجی خواروو، بە تەنیا و بە بێ پشتیوانی گەنجینەیەكی دیرینە و دەوڵەمەند و بە بێ دووبارەكردنەوەی تاقیكردنەوەی شیعریی پێش خۆی، بەڵكوو لە ناو گەنجینەی فەرهەنگێكی
هەژار و زمانێكی دیالێكتدا، سەری هەڵداوە و درەوشاوەتەوە .
كەچی لە هەمان كاتدا شيعری هۆرامی دوخێكی‌ترین هەبوە، حوزوورێكی جەوهەریی سەقامگرتوو و درێژخایەن و نەپساو. تێكستی شيعری شێوەی (گۆران/هۆرامی)ی كۆنترین تێكستە لە ئەدەبی كوردیدا، یا خود بە واتایەكی‌تر دەتوانین بڵێین سەرەتای مێژووی ئەدەبی كوردی بە شيعری شێوەی(گۆران/هۆرامی) دەستی پێكردوە . هەندێ لە دیالێكتەكانی زمانەكەی، وەك دیالیكتی كرمانجی ژووروو، چەند سەدەیەك دەبوو لە دوای درەوشانەوەكانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی‌یەوە، ئیتر پردی پێوەندی و داهێنان و بەخشینی لە گەڵ خوێنەراندا پساندبوو. لەبەر ئەوە تەنیا دیالێكتێكی بەردوام و زیندوو، كە نزیكەی (شەش سەدە!) دەبوو، ئەدەبی پێ دەنووسرا، بە تەنیا هەر دیالیكتی (گۆران) بوو، كە ئەم دیالێكتەش لە سەردەمی نالیدا، لە جوگرافیایەكی یەكجار بەر بڵاوی ناوچەكانی كرماشان و ئەردەڵان و موكریان و شارەزوور و كەركووكدا، لە لووتكە و درەوشانەوە و داهێنان و بەخشیندا بوو» .
تەوس و شەڕە شيعر،
نموودی ململانێیەكی بەرچاو…
تەوس و تارۆزە شيعر بۆ شاعێرانی سێ كوچكەی بابان، میكانیزمێكی بە هێز بووە بۆ ململانێی سیاسی-ئەدەبی لە گەڵ دەسەڵاتی ئەردەڵان و شاعێرانی هۆرامی. نالی شاعێری گەورە، لە ژێر گاریگەریی ئەو بەخشەندەیی و هەوڵە ئەدەبیانە و قووڵكردنەوەی دژبەریی سیاسیی و خەست كردنەوەی دۆزەكان، قەسیدەیەكی تەوس ئامێزی(خەونامە) بۆ مەستوورەی ئەردەڵانی(۱۲۶۴-۱۲۲۰ ك.م) نووسیوە و وێڕای دەرخستنی خاڵە نەرێنییەكان بە زوانی لاقرتێ، مەبەستەكانی خۆی بۆ ئەو دەربارە دەربڕێت، كە ئەمە هەم بەڵگەیەكە بۆ دان پیانانی نالی بە كەسێتی بەرزی ئەدەبی مەستوورە لەو مێرنشینەدا و هەمیش نموودی بەرچاویەتی ململانێی سیاسی و تەنانەت بەرامبەركێی ئەدەبی لە گەڵ بنەماڵەی(ئەردەڵان) و قوتابخانەی ئەدەبی هۆرامی:
مەستوورە كە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێك و عیتابێ …
سالم شاعێری گەورەی سەردەمی بەبەكانیش (١٨٦٦ـ١٨٠٠ ز)، بەتاڵ دانەنیشتوە لە
بەیتێكدا نموودی ئەم ململانێی ئاوا خستوەتە ڕوو:
كەڕ و فەڕ با كەم بكا (والی) بە فەوجی (چێش كەروو)
پشت بە‌ندی (لە‌شكری وە‌ندات و جافان) هاتە‌وە…
لێرەدا (والی) حاكمی ئەردەڵان و (چێش‌كە‌رو)ش شاعێرانی هۆرامین و لەشكری وەندات و جافانیش دەرباری (بابان) و شاعێرانی ئەو رێچكە ئەدەبییە دەگرێتەوە. سالمی شاعێر لەم بەیتەدا لە ئاوابوونی دەسەڵاتی ئەردەڵان و كزبوونی شێوەی هۆرامی ئەدوێ و بە لەحنێكی حەماسی- پاڵەوانی(مفاخرە، رجز)موژدەی هاتنەوەی لەشكری ئەمارەتی بابان و بریسكانەوەی شاعێرانی ئەو دەسەڵاتە دەدات. ئەمە لە سونەتی ئەدەبی و چەشنە ئەدەبیەكاندا (مفاخرە، شانازی كردن بە خۆ) و حەماسی پێدەڵێن كە لە ئەدەبی گەلانی تریشدا زور باو بوە. لەم رووكردەدا شاعێر بە لەحنی ئەدەبی و بەكاربردنی دەستەواژە گەلێك لووتبەرزانە لە مەبەست زیدەڕۆیی دەكات خۆی بەرز و سەركەوتوو و ئەویدی نەوی و شكست خواردوو نیشان ئەدات . ئەم چەشنە سەرەتا لە شيعری عەرەبدا سەری هەڵداوە و لە فارسی(خاقانی و نێزامی، س ۶ ك .م و…) و كوردیشدا كارگەری داناوە.
دیارە نالی و باقی شاعێرانی هاوبەند لە شيعری كلاسیكی كرمانجی خواروودا ئەم چەشنە ئەدەبیە بە خەستی بەرچاو و بەدیارە.
كیانی شيعری هۆرامی لەو دەمەیدا خاوەن دیاردەیەكی چەسپاو بوە و سالمیش لە راستای ململانێی ئەدەبیدا، بە تەوسە زوان واژەی «فەوج»ی بۆ بە كارهێناون، فەوجیش لەفزێكی سەربازیی و بەشێكە لە هێزی سوپا، كە واتە مەبەستی نواندنی دوو پەیام بووە: یەكەم ئەوان بەشێكن لە هێزی سەربازی دەسەڵات سەر بە كاسێتی ئەردەڵان و قاجارەكان نەك شاعێر و…، دوەم سووك نیشاندان و بێ بایی كردنیان كە با ئیتر والی كەمتر شانازییان پێوە بكات. بە بۆچوونی من یەك لە مەدلوولەكانی ئەم شيعرە ئەوە بوە بە بەكاربردنی ئەم دەستەواژەگەلە(كەڕ و فەڕ، والی، فەوج، لەشكری وەندات و جافان و …) كە توخمگەلێكن بۆ سۆپا و هێزی سەربازی و… بەكار دەبرێن، بەرجەستەیان بكاتەوە و شان و شكۆ و سوڵتەی ئەدەب و شيعری هۆرامی دابەزێنێ و بە شكست خواردوو لە قەڵمیان بدات و لە بەرامبەریشدا هەیمەنەی شيعری سۆرانی بەرز بنوێنێ و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بۆ بەبەكان بچەسپێنێ.
ئەمە لە كاتێكدایە كە من ئاوا هەڵوێستێكی دەمارگرژانە و تەوس ئامێز شك نابەم لە قوتابخانەی شاعێرانی هۆرامی بەرامبەر بە شاعێرانی بابان و دەسەڵاتدارانی ئەو مێرنشینە، ئەمە رەنگە لە سەقامگرتوویی ئەم رەوتە، متمانە بە خۆ و ئیهتێمام تەنیا بە كاری نابی ئەدەبی و لە هەمووی گرنگتر پارێز لە هەر چەشنە دووبەرەكی سەرچاوەی گرت بێت.
گۆران و گەنجینەی دێرین وشۆڕشێكی سەردەمیانەی ئەدەبی
۴) وێڕای ئەو كاركردە زوانیانە لە فەلسەفەی سەرهەڵدانی كوردی كرمانجی خواروودا كە باسمان لێوەكرد، گەشەی ئەدەبی كلاسیكی نالی و پاش نالی، نەیتوانی كاریگەریی ئەوتۆ دابنێ بە سەر زەمینەی تازەگەریی لەشيعری پاش خۆیدا، ئەمەش ناهاوسەنگی لە گەڵ كاریگەرییەكانی قوتابخانەی مەولەوی و شيعری هۆرامی ئەنوێنێ. هەناسەی بەردەوام و سامانێكی بەپێزی ئەدەبی درێژخایەن و كاریگەرییەكانی، یەكەمین مەرجن بۆ درەوشانەوە و بەردەوامی و كارادنەوەی رەوتێكی ئەدەبی-دیالێكتیكی كە پێش نالی بۆشایی بووە. نیمایۆشیج(۱۲۷۶-۱۳۳۸ ك.ه) باوكی شيعری ئێستای فارسی، بە پشت بەستن بە یاسای گۆڕان كاری و هەبوونی گەنجینەیەكی درێژخایەنی (۱۰۰۰) ساڵە، دەستی كرد بە تازەگەری لە شيعری فارسیدا و چەندین رەهەندی بە دووی خۆیدا هێنا. نیما سەرەتا دەستی بە وتنی شيعری ئەوسایی كرد و پاشان بە دانانی شيعری«ئەفسانە» پردێكی ئەستووری نێوان شيعری ئەوسا و ئێستای فارسی درووست كرد و بەم شێوە بوو بە باوكی نوێخوازەكان و هەمیش خاوەن سامانێكی دۆڵەمەندی شيعری سەردەم و ئاوانگارد بە ناو(مانیفێست)ی شيعری نوێی فارسی.
سەرهەڵدانی نالی، خۆی لە خۆیدا و بە پێی ئەو ئامانجانە كە رێڕەو كراون دەسكەوتێكی تازە بە نرخ بوە بۆ درەوشانەوە و بەردەوامێتی شيعری كلاسیكی تا ئەمێستاكەش و هەمیش زوانی كوردیی كرمانجیی خواروو، دەسەڵاتێك كە لەم دوو سەد ساڵەی دواییدا، تۆز و گەردی كەڵەكە بووی دێرینە و زۆری لە سەر خۆی تەكاند و وەك دیالێكتێكی شێوە یەكگرتووی هاوچەرخانە هاتە كایەوە ، هەوڵەكەی لە پێناو دەرك بە دەسەڵاتێك و پێداویستی پایتەختێكی تازە بۆ تەنگ هەڵچنین بە قوتابخانەی زیندوو و سەردەمیانەی «فەوجی چێش كەروو» لە پایتەختی ئەردەڵانەكان، درەوشایەوە، تەنانەت هۆگر و راهاتووی ئەمجۆرە شیعرەش نەبوو، ژمارەیەكی زۆر كەمی توێژێكی تایبەتی خوێندەوارانیش تێ دەگەیشتن ، بۆیە پاشان لە بەستێنەی شيعر و ئەدەبدا، هەستانەوەیەكی(رستاخێز) ئەدەبی تازە و نامۆ رووی نەدا. ئەڵبەت لە روانگەی خودی نالییەوە ئەم جۆرە ئوسلووبە(عەرووز و…) تەبعێكی شەكەربارە و داهێنانێكی شاز بووە و تا ئێستا بۆ كەس نەلواوە كە بیكاتە دەستمایەی داهێنان لە سلووكی دابەزاندن و ئیمتیحانی شيعردا. بۆیە لە شيعرێكدا دەڵێ:
تەبعی شەككەر باری من، كوردی ئینشا دەكا
ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی لە (عمدا) وا دەكا…
مامۆستا نالی خۆی بە یەكەم رەنگ رێژ و بوێرانەی ئەم چەشنە هۆنینەوە و هەمیش دانەری هەموو رێڕەوێك لە شيعری كلاسیكی كرمانجیی خواروو دەزانێ كە نكوولی لێ ناكرێت، شيعری هۆرامیش لە رەوتی خۆیدا قەت بە قەرەی ئەم ئوسلووبەدا نەچوو بوو و لە شيعری كلاسیكی كوردیدا دیاردەیەكی تازە دێتە بەرچاو، كە واتە یەكەم ئیمتیحانكەری ئەم رێبازە بۆ مامۆستا نالی چەسپاو و دەستەبەركراوە. بەڵام عەبدوڵا گۆران(۱۹۶۲- ۱۹۰۴ز) باوكی شيعری نوێ، لە سەر دەرك بە بەرپرسیارەتیی سەردەمیانە، ئەو رێبازە تازە ئەزموون كراوەی نالی، دەباتە ژێر پرسیارەوە و ئەو توخمە ناكوردیانە(پێكهاتەی مۆسیقای دەرەكی عەرووزی، فۆڕم، مۆرفێم و واژە و دەستەواژە عەرەبیەكان) هیچیان تەبا لە گەڵ رۆحی ناخۆئاگا و نەفەسەكانی راهاتووی رابردووی شيعری میللی هاوتراز و هاوچەشن نازانێت و لەم نێوەندەدا هەست بە بۆشاییەك دەكات و ژیرانەش بادانەوە دەكات بۆ گەنجینەی بنەكانی مۆسیقای شيعر(ریتم)ی كوردی هۆرامی و لە ئەو ئامێزەدا ئۆقرە و ئاسوودەیی بە خۆوە گرت و بە تەئسیرات و رەچاوكردنی باقی دیاردەكانی نوێخوازی فەجری ئاتی و رەهەندە تازە و سەردەمیەكانی شيعری تركی و ئورووپایی و..، پێكهاتەی شيعری كلاسیكی سێ كوچكەی ژێر و روو كرد و سەر لە نوێ بینایەكی شەكیل و تازەی بنیات نایەوە.
بە پێی بەڵگەی نرخێنراوی ئەدەبی و وتەكانی خودی مامۆستا گۆران، ئەو «تەقینەوەی شيعری قوتابخانەی حەزرەتی نالی» دەبێتە پەڕچەكردار(پارادۆكس)ێك و وێنای «دینامیزم»ێك بۆ «درەوشانەوەی» شيعری هۆرامی پاش مەولەوی. ئەوەش مەسەلەی بە كارهێنانی كێشی پەنجەیی كە رووداوێكی رەسەنی كۆن بوو و لە گەڵ جەوهەرەكانی شيعر بە واتای میللی دەگونجا . گۆران پەی بەم راستییە برد بوو كە تەفعیلە سواوەكانی عەرووزیی لە مێژە لە شيعری فارسی و عەرەبیدا باو بووە، ئیتر رەوشێكی بێ سوود بە ئەژمار دەهات و خەریك بوو لە قۆناغەكانی دواییدا دەخرایە پەراوێز و هەڵاوێردنی ئەدەبیەوە. «ئەمە لە رووی گۆڕینی مۆسیقا و سەربەستی شاعێر و دەربڕینی هەست و خواستەكانی شاعێرییەوە بایەخێكی بنەڕەتی بوە بۆ گۆران، و خۆی لەخۆیدا بوو بە شۆڕشێكی گەورەی مۆسیقا و كێشی شيعری كوردی… بەڵگەش بۆ ئەم راستییە تیكڕا هەموو شيعرەكانی مەولەوی و بەرهەمی ئەو شاعێرانەیە كە بە لەهجەی هەورامی و لە سەر كێشی (۵+۵) شيعریان هۆنیوەتەوە… وەك گۆڕینێكی بنەڕەتی و شۆڕشێكی سرۆشتی و ئیقلیم گیر و سەركەوتووی مۆسیقای كوردی لە عەرووزەوە بۆ كێشی رەنگاوڕەنگی خۆماڵی و… . .»
لادان لە توخمی باو و هەوڵ بۆ تەڕ و پاراوێتی زوانی نەتەوەیی شيعر
۵) نالی لە تەشك(فوڕم) و كەرەسەی زوان و پێكهاتەدا، زۆرتر لە رێسای عەرەبی و فارسی كاریگەری وەرگرتوە. لە دەقەكانیدا پتر لە سەدی هەشتای توخمە زوانییەكانی، راستەوخۆ وەرگرتەن لە زوانی عەرەبی و… ئەمەش بێ ئەوەی لە نرخ ناسی و چەشنی كەشف و داهێنان و سلووكی هونەری و شاعێرانەی نالی كەم بكاتەوە، وەك واقیع لە دوو تۆی پێكهاتەی دیوانەكەیدا ئەم دیاردە بە روونی و زەقێتی تەواو خەمڵێنراوە. لەم بەیتەدا جگە لە ( لە، ئاشنا، بێ ، كەس و نەما) هەموو وشە سەرەكییەكان عەرەبی رووتن.
زاهیر و باتین لە سەر لەوحی حەقێقەت یا مەجاز
ئاشنای سێڕڕی قەلەم بێ، غەیری نالی كەس نەما…
لە بەرامبەردا شيعری قوتابخانەی هۆرامی بە تێكڕا و شيعرەكانی دیوانی مەولەوی زۆربەیان ملوانكەی وشەی رەسەنی كوردین لە مرواری شێوە زوانەكان بە تایبەت كوردی هۆرامی، ئەگەر بە رەچەڵەك وشەی عەرەبی یان فارسی تیا بێت ئەوا لە پاڵفتەخانەی زوانی كوردیدا، بە گۆڕینی دەنگەكان، ناسنامە و كەسایەتی كوردییان پێدراوە. بۆ وێنە «ێبح، زحمت، زەعیف، محبت، محنت و…» كە عەرەبین، شمەكیان گۆڕراوە(فۆنۆلۆژی) و كراون بە «سوب، زامەت، زایف، موبەت، مەینەت و…».
هیچ نەبەردەن نام خەستەی دەردەكەش
نەكەردەن خەیاڵ «مەینەت» وەردەكەش .
ئەمە رەنگە گەورەترین خزمەت بێت كە شاعێرێك كردوویەتی بە دۆڵەمەندی و رسكاندنی زوانی یەكگرتووی كوردی. ئەم خاڵە لە ژێر نیگای تیژبین و هونەری گۆراندا بزڕ نەبووە و بە شەفافییەت لێی موتەئەسێر بووە و لە دەراوی زوان پاراوی شيعری هۆرامییەوە، مەزنترین خزمەتی بە وشەی زوانی كوردی كرمانجی خواروو كرد لە حەوزەی شيعرە تازەكانیدا. لەو دەمەدا «هەموو دەزانین رۆشنبیرەكانی ساڵەكانی بیست و سییەكان پاراوی زمانی فارسی و توركی بوون و تەواو مەستی ئەو دوو سەرچاوە بوون و زمانی عەرەبیش دوابەدوای ئەوان لە شەپۆلی كارتێكرنا بوو…لەو رۆژگارەوە مەسەلەی بە كوردی پەتی نووسین و بژاركردنی زمانی كوردی لە وشەی بێگانە سەری هەڵدا و بایەخی پێدراوە… ئەمە بە گشتی بوو بە جۆری ناسك و سەركەوتوانەی شێوازی شاعێر بۆ تەڕ و پاراوی زمان و كوردیی پەتی و وشەی ئاوازداری كوردی و هەمیش روونی واتا و مەبەست. ».
۶) پێموا نەبوە كە ئەم بەراوردكارییە لە بەهرە ئەدەبی-جوانیناسی-بۆتیقاكانی نالی و پاش نالی كەم بكاتەوە، بەڵكوو خواستوومە لەم وتارەدا ئەو پارادۆكسە روون بكەمەوە كە گوایێ «گڕكانی نالی و تەقینەوكەی پاش نالی، تەنگی بە شيعری هۆرامی هەڵچنی و یان دا تەپی و یان لە مەولەویدا كۆتایی پێهات و…»، لەم گوزارەدا، ئەم رەوتە دەگاتە«عەرشی عێزەت» و «مەولەوی» و «پاش و مەولەوی» دا دەبەزێتە«فەرشی زێلەت». ئامانجی هەڵسەنگاندنی ئەم وتارەش ئەوە بووە كە روون بكاتەوە، دەرەنجامی بۆچوونەكان پێچەوانەن.
۷) ئەگەر ئەم ترۆپكە فەرزییەگەلە بەراست بزانین كە بزاڤی شيعری مەولەوی و پاش مەولەوی، تەنگی پێهەڵچنراوە، داتەپێوە و پووكراوەتەوە یان كۆتایی پێهاتوە. ئەوا «مەولەوی» دەبێتە شاعێرێكی خەسراو و بێ بەهرە و مراوی ، كە هزرێكی «نەزۆك» و زوانێكی «قسر»ی هەبووە و نەیتوانیوە پاش خۆی روڵێكی ئەرێنیی لە شيعردا ببێت، خۆ هیچ بەڵگەیەك ئەمە ناسەلمێنێ، دەقەكان دەڵێن كە مەولەوی شاعێرێكی كاریزما، خاوەن شێواز و دیوانەكەی شاكار و لووتكەی ئەدەبی بوە و لە سوورەت و سیرەتی شاعێرانی سەردەم و پاش خۆی و ئەمێستاكەش، كاریگەری بەرچاو و هەست پێكراوی داناوە.
دەرەنجام:
بە پێچەوانەی كاریگەریی جەوهەری و بنەمایی شيعری بەردەوامی هۆرامی لە سەر شۆڕشی تازەگەری گۆران، بۆ خودی هۆرامی ئانتی تێزێكی(دژواز) دەنوێنێ. بە هۆی ئەو چەپكە خسڵەتانە وەك قابێلییەتی دەنگ تەوەری، ئەندامیی و وردەكاری و فرەچەشنیی ئەدەبی كە تێیدا دەبینرێت، هەم شيعرەكەی، نەگۆڕ مایەوە و گۆڕانكاری نوێی نەگرتە خۆی و هەمیش شاعێرانمان بە هۆی جەزبەی هێژمونی شەپۆلەكانی شيعری تازەی سۆرانی، غافڵ بوون لە پڕۆسەی گۆڕانكاری بنەمایی. سەرەڕای ئەمانە شيعری تازەی هۆرامی، لە دوو قۆناغدا كەوتوەتە سەر ڕێچكەی هەبوون و ئەمەش تەعبیرە لە حوزووری بەرچاوی ئەم رەوتە:
الف) قۆناغی رێسا شكێنی بڕگە ، كە دەبێتە حە‌ڵقەی نێوان شيعری ئەوسا و ئێستای هۆرامی.
ب) قۆناغی سەرەكی دەسپێكی شيعری ئەمڕۆ بە تەئسیر لە قۆناغی پێشوو. ئەم مینی قۆناغانەش دوایی سەریان هەڵدا: تەجرۆبەیەكی‌ تازەتر، شيعری «سزاو ئەنە نەیاوای» (سەرەتاكانی ۱۳۶۰ ك.ه)، ساكاری و قووڵبوونەوەی شيعر، «شيعرێ عالێ» (دەهەی ۱۳۷۰ ك.ه) ، روانگەی شيعر بۆ شيعر، «زە‌ِرنە‌و ئاسۆی، ۱۳۷۸-۱۳۷۷ و ورپڕای گەچ و تە‌ختە‌ی و…» و… (سەرەتاكانی ۱۳۸۰ ك.ه تا…) ، و پڕۆسەی بەردەوام بوون .
پەراوێزەكان:
١.لە بنەمادا دیالێكتیك وشەیەكی فەلسەفییە لە رەگناسیدا ئەم وشە بە مانای شێوازی وت و وێژە و بە كەسانێك كە سەر بابەتێك باسی درێژخایەن ئەكەن یان زوانزان و قسەكەرێكی بە توانان كە پێیان دەڵێن «دیالێكتیسین»، بەڵام لێرەدا مەبەست نە ئەم مەدلوولەیە و نە واتا فەلسەفییەكەی، بەڵكوو مانای «بزاڤ، جمە و جووڵە و گۆڕان»ی لێوەرگیراوە. جمە و گۆڕانێك كە لە هەموو عالەمی كەوندا و لە هەموو دیارەكاندا، وجوودی هەیە و ئەمەش لە نەفسدا دەبێتە بناغەی دیالێكتیك. (ژرژ پولیتسر، اێول مقدماتی فلسفە، ل ۱۲۱ )
۲- تەشك و دلێنە» هۆرامین هاوترازن بۆ فۆڕم و ناوەڕۆك.
۳- ئەمەش ئەو حەوت قۆناغە لە شيعری هۆرامیدا:
الف) قۆناغی «سەرهەڵدانی شيعری هۆرامی»، (دەهەكانی سەدەی هەوەڵی ك.م). شيعری«هورمزگان» و «ماریفەتوو پیرشالیاری، ماریفەتی پیرشالیار» و…
ب) «یارسان، وێنای شيعری ئایینیی هۆرامی»، (نیوەی دوەمی سەدەی دوەم تا سەدەی یازدهم ك.م).
ج) قۆناغی بێسارانی نموودی «بزاڤ و داهێنان)»، (سەدەی ۱۲-۱۱ ك.م).
د) ێەیدی هورامی، رێچكەی«بەردەوامی و فرە دەنگی»، (سەدەی ۱۳-۱۲ ك.م).
ه) مەولەوی تاوەگۆزی، رەوتی «هارمۆنیای فۆڕم و ناوەڕۆك» (سەدەی ۱۴-۱۳ ك.م)..
و) پاش مەولەوی (سەدەی ۱۴ و دوایی) و بەردەوامی شێوازی كلاسیك.
ز) دەسپێكی نوێخوازی شيعری ئێستای هۆرامی. بۆ زانیاری زۆرتر بڕواننە محمدپور عادل، تەرح، ل (۹) و (۲۱)
۴- * الف) محەمەد حەمە باقی، نالی كێیە و چۆن بۆی بنواڕین، زرێبار ل ۲۳۶- ۲۳۵، ب) د.مارف خەزنەدار، لە بابەت مێژووی ئەدەبی كوردی، ل ۸۸، بەغداد ۱۹۸۴ز و… كە بۆ نووسەری ئەم دێڕانە سەرچاوە و ژێدەرێكی سەرەكی بوون و خوێندنەوەیان لە سەر كراوە. لەم راستاشدا وتارگەلێكی‌تر نووسراون: ۱- فەرزاد میرئەحمەدی، لە سیروانی ژمارە(۴۰)، «شيعری هاوچەرخی هەورامان»: شيعری هۆرامی لە مەولەویدا پەنگ دەخواتەوە و زنجیرە شيعرییەكە دەپچڕێت و وەك شيعری زاراوەی سۆرانی دەوام ناكات و لە دونیای شيعریدا نوقم دەبێت و… ۲- رەوف مەحموودپوور لە سیروانی ژمارە (۷۶۲) و شرۆڤەی رەوتی ئەدەبی پاش نالی و مەولەوی، پێگەی رەڕنەی ئاسۆ، پێیوایە: لە دیالێكتەكەی (هەورامی) بەو هەموو پێشینە دەوڵەمەندەوە دووچاری وەستان و تەنگەتاوی و تەنانەت قەیران و داتەپانیش هات ئەمە خەسارێكی گەورەیە لە ئەدەبی كوردیدا ۳- و چەند وتاری تر…
۵- یعقوبی عبدالخالق، زریبار ژ (۸۰-۷۹)، ل ۳۰
۶- د. عەبدوڵڵا خدر مەولوود، ل (۱۹)
۷- رەوف عوسمان، وەرزنامەی زرێبار ژ (۸۰-۷۹) ل ۱۳۸
۸- محەمەد حەمە باقی، هەمان ل ۲۳۵
۹- خەزنەدار د. مارف، ل ۸۸
۱۰-نالی دیوان، ل ۳۹
۱۱ هەمان محەمەد حەمە باقی، ل ۲۳۶-۲۳۵
۱۲- نالی دیوان، ل ۱۰۷
۱۳- دیوانی نالی، ل ۵۷۷
۱۴- هەمان محەمەد حەمە باقی، ل ۲۳۶ و دیوانی نالی ل ۵۷۷
۱۵- هەمان سەرچاوە، ل ۲۳۶- ۲۳۵
۱۶- خەزنەدار د.مارف، ل ۹۱
۱۷- محەمەد حەمە باقی، ل ۲۳۶
۱۸- دیوانی نالی، ل ۶۰۳
۱۹- شمیسا د.سیروس، انواع ادبی،انتشارات فردوس، ل ۲۲۵، تهران چاپ سوم ۱۳۷۴ ك.ه
۲۰-غیاسی د محمد تقی، نیمایوشیج، ل ۱۰۶- ۱۰۴
۲۱- حقوقی محمد، ل ۱۲۷
۲۲ – هەمان محەمەد حەمە باقی، ل ۲۳۶-۲۳۵
۲۳- هەمان محەمەد حەمە باقی، ل ۲۳۶-۲۳۵
۲۴- هەمان سەرچاوەی پێشوو ل ۲۳۶-۲۳۵
۲۵- خەزنەدار د.مارف، ل ۹۲
۲۶-حەمە حەمە ئەمین قادر(كاكەی فەلاح)، ل(۳۵-۳۴)
۲۷- دیوانی نالی، ل ۱۳۱
۲۸- دیوانی مەولەوی، ل۲۷۴
۲۹- حەمە حەمە ئەمین قادر(كاكەی فەلاح)، ل(۴۷)
۳۰- مراوی هاوسەنگی وشەی (عقیم)ە لە فارسی و عەرەبیدا، لە ناوچەی هەجیجی هۆرامان باوە، دەستەواژەیەكە پێكهاتە لە مر(لە رەگی مردن)+ئاو+ی نسبت، یانی پیاوێك كە ئاو مردوو بێ و منداڵی لێ نەكەوێتەوە.
۳۱- بڕواننە: ۱- كتێبی رەنگاڵە ل (۷) ۲- كتێبی تەرح ل (۱۷۳) ۳- وەرزنامەی زرێبار، ژ (۷۶-۷۶)، ل (۶۱)
۳۲- عوسمان محەمەد هۆرامی لە ساڵەكان (۱۹۷۲ ز) دەستی كردوە بە دانانی دەقی رێساشكێنی(۵+۵) بڕگەی شيعری هۆرامی، لە گۆڤاری نووسەری كورد(«گۆرانییە نەمرەكاما ماچمێ، ۱۹۸۱ ز و وەشەسیاییما جە گەردوونی فراوانتەرا، ۱۹۸۳ ز) چاپ و بڵاو كراونەتەوە. «سەرچەمە و عەشقی نەژادی» شيعرێكی درێژ لە (۱۴) بەنددا لە گۆڤاری زرێباری ژ (۱۸-۱۷ی جۆزەردانی ساڵی (۲۰۰۱ ز/۱۳۸۰ی ك.ه) چاپ و بڵاوكراوەتەوە هەر لە راستای بەردەوامی شيعروتنەوەی بەم شێوازە لە رێكەوتی (۱/۵/۲۰۰۹)، (۱۵) پارچە شيعری درێژی دەسنووسی دراون بە من و لە ئارشیودا مەوجوودن، دوور نیە كە زۆربەی شيعرەكانی بەلای خۆیەوە ئارشیو كرابێت.
۳۳- جگە ئەو دەقانە لەو شاعێرانە كە خاوەن دەق بوون و ئاماژەمان پێدا و ئێستاش بەردەوامن، چەند دەقی چاپ كراومان لە نێوان ساڵەكان(۸۴ تا ۹۲ ك.ه) هەیە: وەك كۆشيعری هەسارێوە وەرم زڕیا(۲۰۱۲ ز) لە رەوف مەحموودپوور، هەنگی رۆح (۱۳۸۴ك.ه) و هاوار و بێدەنگیم (۱۳۸۷ ك.ه)، لە سابیر سەعیدی، كۆمەڵە شيعری ئەمڕۆی پاوە و هۆرامان (۱۳۸۷ ك.ه) و بەسەی جگەرێ غەریویەنە وەگێڕدراو لە فارسی بۆ هۆرامی، ئاشنا عەباس مەنش (۱۳۹۲ ك.ه)، هەناسەی كاڵ (۱۳۹۰ ك.ه) و و دەفتەرێكی تازە بە ناو سۆسكە قەتیسەكا (زستانی ۱۳۹۲ ك.ه) لە سابیر عەزیزی، شارۆ رۆشنایی (۱۳۹۱ ك.ه)، ئومید لەحەبیبی، پژگیا (۲۰۱۳ ك.ه)، لە نامێق هۆرامی و… رەنگە بەرهەمی تازەتریش چاپ كرابێت و من ئاگام لێیان نەبێ… بەڵام ئاگادار هەم هەندێ شاعێر ئەمێستاكە خەریكی ئامادەكردنی دەفتەرە شيعرن كە باری بۆتیقا و فەنی شيعرەكەیان چی بێ و چۆن بێت ئەوە دوایی بخوێنرێتەوە و ئەنجا بڕیاری لە سەر بدرێت.
سەرچاوەكان:
– حقوقی محمد، شعر نو از اغاز تا بە امروز، شعر افسانە نیمایوشیج ، نشر روایت، تهران ۱۳۷۱ ك.ه
– حەمە حەمە ئەمین قادر(كاكەی فەلاح)، كاروانی شيعری نوێی كوردی، ب یەكەم، چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد، بەغداد، ۱۹۷۸ ز
– د. عەبدوڵڵا خدر مەولوود، لێكۆڵینەوەیەك لە شيعرە ئاییینی و سۆفیگەری و فەلسەفییەكانی نالی، چاپخانەی ئاراس، هەولێر ۲۰۰۷ ز
– ژرژ پولیتسر، اێول مقدماتی فلسفە، وەرگێڕان جهانگیر افكاری، تاران ۱۳۵۸ ك.ه
– رەوف عوسمان، كاریگەرێتی دەقەكانی قورئان لە هۆنراوەكانی نالیدا، زرێبار ژ (۸۰-۷۹) ل (۱۳۸)، پاییز و زستانی (۱۳۹۱)، تایبەت بە نالی
– سەجادی عەلائەدین، مێژووی ئەدەبی كوردی، چاپخانەی مەعارێف، ۱۹۵۲/۱۳۷۱ك.
– شمیسا د.سیروس، انواع ادبی، انتشارات فردوس، ل ۲۲۵، تهران چاپ سوم ۱۳۷۴ ك.ه
– شيعری هاوچەرخی كوردی هۆرامی لە…وەرزنامەی زرێبار، ژ ۷۶-۷۵، زستانی ۹۰
– غیاسی د محمد تقی، شعر عبدالله تاهێر و كنیزك از نیمایوشیج، درامدی بر سبك شناسی ساختاری ل ۱۰۶- ۱۰۴
– گۆران عەبدۆڵڵا، بەهەشت و یادگار، ، چاپخانەی كامەرانی ۱۹۷۱ ز
– مارف خەزنەدار، لە بابەت مێژووی ئەدەبی كوردی، بەغداد ۱۹۸۴ ز
– محەمەد حەمە باقی، نالی كێیە و چۆن بۆی بنواڕین، زرێبار ژ (۸۰-۷۹) ل (۱۳۸)، پاییز و زستانی (۱۳۹۱)، تایبەت بە نالی
– محەمەدپوور عادڵ، تەرح، جریان شناسی شعر كردی هورامی…، نەشر ئێحسان، ل (۲۱)، تاران، ۱۳۹۲ی ك.ه
– مودەڕڕێس عەبدولكەریم و فاتح مەلاكەریم، دیوانی شيعری نالی، مركز نشر و ئەدەبیات كوردی، ارومیە، ۱۳۶۴ ك.ه
– مودەڕڕێس مەلا عبدالكە‌ریم، دیوانی مەولەوی، پەخشكاری كوردستان، ۱۳۷۸ ك.ه

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت