عەتا قەرەداخی : ئایندەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرەو کوێ ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی : ئەم وتارە وەکو لە خوارەوە نووسراوە لە 19ى شوباتی 2009 دا نووسراوەو هەر ئەو کاتەش لە رۆژنامەى هاووڵاتیدا بڵاوم کردووەتەوەو دواتریش لە کتێبی ” ئایندەى نادیار ” دا، لە لاپەڕە 69 بۆ 80 بڵاوکراوەتەو کە هەر هەمان ساڵی 2009 چاپخانەى رەنج چاپیکردووە .
هێشتا بارودۆخی سیاسی کوردستان لە ئاستێکدایە کە دەشێ هەر ئاڵۆزییەکی ناوخۆ کاریگەری زۆر نێگەتیفی هەبێت بۆی بە جۆرێکی ئەوتۆ لەبەردەمی مەترسی شکستی گەورەدا رامان بگرێت. هەر ئەوەش وامان لێدەکات کە سەرباری رەخنەی زۆرمان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و چۆنێتی رەفتار کردنی دەسەڵاتی کوردی بە حیزب و حکومەتەوە هێشتا بە خەم و نیگەرانیەوە سەیری هەر ناکۆکی و پشێوییەکی ناوخۆ بکەین ئیتر ئەو ناکۆکی و پشێوییە لە نێوان حیزبە جیاوازەکاندا بێت یان لە نێو پێکهاتەی تاکە حیزبێکدا بێت. بێگومان ئەو دوڕدۆنکی و ئاڵۆزییەی کە لە ماوەى چەند ساڵی رابردووەوە تاکو ئێستا یەکێتی نیشتیمانی گرتۆتەوە مایەی نیگەرانی و ناخۆشیە بۆ هەر کەسێک کە بەتەنگ کێشەی کوردەوە بێت، ئەگەر بەو چاوە سەیر بکەین کە هەر شکستێک لە پێکهاتەی ئەم حیزبەدا دەشێ لە لایەک زیانی گەورە لە مەسەلەى نەتەوایەتی کوردی بدات و لە لایەکی تریشەوە دەشێ بە زەرەری مەسەلەی ئازادی بشکێتەوە لەو روانگەیەوە کە یەکێتی سەرباری هەموو کێشەو گیروگرفتەکانی، هێشتا مرۆڤ دەتوانێت لە سایەیدا هەست بە بوونی پەراوێزێکی سادەى ئازادی بکات کە دەشێ لەوێوە بتوانێت رای خۆی دەرببڕێت یان تا ئەندازەیەک ئاخاوتنی مەسەلە چارەنووس سازەکان بکات و لە سنووری مەعقولیشدا رەخنە بگرێت.
بە هەرحاڵ من لێرەدا زۆر ناگەڕێمەوە بۆ ئاخاوتنی مێژووى ئەو ناکۆکی و ئاڵۆزییانەو هۆکارەکانی سەرهەڵدانیان چونکە پێشتر چەندین جار لەسەر ئەوە دواوم. ئەوەى دەمەوێت لێرەدا لێی بدوێم ئەوەیە ئایا ئەو کێشانەى کە جەستەی یەکێتی نیشتیمانی گرتۆتەوە هەروا شتێکی رووکەشن و دەشێ بە ئاسانی چارەسەر بکرێن یان ئایا لە راستیدا ئەو کێشانە سەختن و هیچ چارەسەرێکیان نییە؟ یان ئەو کێشانە لە بنەڕەتدا دەرئەنجامی راستەقینەى گەوهەرو ماهیەتی یەکێتین وەکو حیزبێکی شمولی کە قۆناغی مێژووی خۆیی بڕیووەو چیتر ناتوانێت درێژە بە بوونی خۆی بدات؟ ئەگەر بڕوامان بەو چەمکە ئەرستۆییە هێنا کە هەر بوویەک لە سەرەتاوە دەست پێدەکات و گەشە دەکات تا دەگاتە لوتکەی خۆیی و پاشان قۆناغی دابەزین و داڕمان دەست پێدەکات تا دەگاتە کۆتایی و دەمرێت. بێگومان هەموو شارستانیە دیارەکانی دنیا بەم جۆرە درووست بوون و پاشانیش بەرەو هەرەس چوون ئەگەرچی شارستانیە زیندووەکان لە دوای هەرەسیشیان هێشتا ئەو کەلتوورەی کە بەرهەمیان هێناوە بە زیندوویی ماوەتەوە. لێرەدا دەشێ ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا یەکێتی هەر بەراستی قۆناغەکانی خۆیی بە سرووشتی بڕیووە هەتا بەرەو هەرەس و کۆتایی بڕوات؟ رەنگە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵگای کوردیدا وەڵام بدرێتەوە. بۆ نموونە هەموو حیزبێکی سروشتی لە منداڵدانی خۆیدا کۆرپەلەی دەوڵەت هەڵدەگرێت، کەچی نەک هەر یەکێتی نیشتیمانی بەڵکو هیچ حیزبێکی دیاری کوردی لە هەناوی خۆیدا کۆرپەلەى دەوڵەتی هەڵنەگرتووە. هەر ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنێت کە حیزبی کوردی حیزبێکی ئاسایی یان سرووشتی نییەو هەر بەو پێیەش شێوازى درووست بوون و گەشەکردن و بەرەو کۆتایی چوونیشی ئاسایی نییە. حیزبی کوردی لە کوردستانی عێراقدا مادەم پرۆژەى درووستکردنی دەوڵەتی کوردی نییە کەواتە گەیشتۆتە لوتکەی پەرەسەندنی خۆی کە لە خوار درووستکردنی دەوڵەتەوەیە هەر بۆیە دەبینین بە گشتی حیزبی کوردی چ لەم بەشەو چ لەبەشەکانی تری کوردستان لە بارێکی نائاسایی و پڕ لە ئاڵۆزیدا دەژین. من پێموایە کە ئەو ئالۆَزى و دوڕدۆنگییە پەیوەندی بە مەسەلەی تاکە کەسی و مەسەلەی ئایدیۆلۆژی و فیکریشەوە نییە چونکە تەسەوری ئەوە ناکەین کە نە فیکرو نە ئایدیۆلۆژیاش ئامادەبوون و بایەخێکی ئەو تۆیان هەبێت لە کوردستاندا بە تایبەتی لەم بەشەی کوردستاندا چونکە ئەوە ئاشکرایە کە هەموو ئەوانەی کە بە دڵسۆزییەوە پارتین ئەوانەن بێ هیچ بیرکردنەوەیەک پارزانی و ماڵی بارزانی دەپەرستن و وەلائیان بۆ ماڵی بارزانی لە پێش هەموو وەلائێکی ترەوەیە. ئەوەشی کە رۆژێ لە رۆژان لە ناو پارتیدا ئەو وەلائەی نەمابێت یان لاواز بوو بێت ئەوا چیتر لە ناو ئەو حیزبەدا جێگای نەبۆتەوەو بە نەفرەت کراوە باشترین نموونەی زیندووش ئێستا لە بەرچاوی هەموومان جەوهەر نامیقە کە ساڵانێکی زۆر سکرتێری پارتی بووە. هەروەک هەمزە عەبدوڵاش نموونەیەکی تری ئاشکرایە کە بارزانی غەزەبی لێگرت جارێکی تر نەیتوانی لە ناو پارتیدا جێگەو پێگەی هەبێت.
لە ناو یەکێتی نیشتیمانیشدا راستە زۆر قسەو باسی فیکری و ئایدیۆلۆژی دەکرێت و لە بارەى جیاوازى و بوونی ئاراستەو هێڵی جیاوازەوە , بەڵام من ناگەمە ئەو قەناعەتەی کە لە ناو یەکێتی نیشتیمانیدا هیچ جیاوازییەک هەبوو بێت هەموو ئەوانەی کە توانیوویانە لە ناو یەکێتیدا بگەنە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و درێژەش بە مانەوەی خۆیان بدەن ئەوانەن خۆیان بە هەرچی زانیبێت و بزانن تا سەر ئێسقان جەلالی بوون و جەلالین. خۆ ئەگەر لە چرکە ساتێکیشدا مەیلی ئەوەیان لەلا درووست بوو بێت کە لە جەلالیەت لابدەن ئەوە بەر غەزەبی مام جەلال کەوتوون و پێگەو پایەى خۆیانیان لەناو حیزبدا دۆڕاندووە. سالار عەزیزو مامۆستا جەعفەر هەردووکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوون کە کۆمەڵە بوون لە بەر ئەوەی کە بە ئاشکرا رایانگەیاند ئەوان کۆمەڵەن و لە بەردەمی مام جەلالدا وەکو جەلالی مل کەچ نابن . غەزەبی مام جەلالیان لێگیراو سەرباری تواناو لێهاتووییان لەچاو چەندین کەسی بێتواناو ناشایستەدا کەچی سالار نەیتوانی لە دوا کۆنگرەی یەکێتیدا ئەوەندە دەنگ بهێنێت کە بەرپرسی حیمایەکانی هەندێ بەرپرسی دلسۆز بۆ مام جەلال بەدەستیان هێناو بوونە ئەندامی سەرکردایەتی ئەم حیزبە. جەعفەر یان فازیل کەریمیش ئەو پیاوە خوێندەوارەى کە دواى ئەوەش چ بە زارەکی و چ بە نووسینیش دلسۆزى و وەلائی خۆیی بۆ مام جەلال دەربڕیووە بەڵام هیچ پلەو پایەیەکیان نەداوەتێ کە لە ئاستی توانای ئەودا بێت. جەبار فرمان ئەو پیاوەى کە مام جەلال پێی دەگووت فیلە تەنەکەی ناو یەکێتی و مام جەلال خۆی کەوتبووە گومان لە توانای ئەو ئەندامەى مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی، بە نەکردنی تەوقەیەک لەگەڵیداو لە بەردەم کامیرای چەندین تەلەفیزۆندا دووچاری سەختترین نەخۆشی بوو، سەر ئەنجام ئەو فیلە تەنە بێکەسانە مرد لە کاتێکدا وەکو رزگارکەری یەکێتی لە ساتە سەختەکاندا سەیریان دەکرد. مەلا بەختیار کە لەسەردەمێکدا لە چەمکی جەلالیەت یاخی بوو، توانی بڵێ نا، ئاخنرایە نێو ژووری زیندان، ێستاش لە خودی کۆنە جەلالیەکان دلسۆزتر خۆی بۆ تاڵەبانی نیشان دەدات و تەنانەت لەو دوو ئەڵقەى ئەو گفتوگۆ درێژەدا کە بەهێز حسەین لە تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستان لەگەڵیدا دەکات هەموو توانای خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی کەبیسەلمێنێت مام جەلال نەک هەر کۆمەڵە بووە بەڵکو دامەزرێنەری کۆمەڵەش بووە. من نازانم ئەوە تا چەندێک راستە بەڵام ئەگەر بەو جۆرەى قسەکانی مەلا بەختیار بێت ئەوە من دەتوانم پێداگری لەوە بکەم کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵەش هەر درێژکراوەی جەلالیەتەکەی پێشترە. من لە ناخەوە ئومێدەوارم کە مام جەلال تەندرووستی باش بێت و تەمەنیشی درێژ بێت، بەڵام پێموانیە مام جەلال هەرگیز ئەوانەى بیر بچێتەوە کە رۆژێ لە رۆژان لە روویدا وەستاون و هەوڵی کودەتایان داوە بەسەر ئەودا. بۆیە پێموانیە ئەو هەموو وەسف و مەدح و پیاهەڵدانانەی ئەم برادەرانە لە جەبەرووتی مام جەلال و نەوەو بنەماڵەى مام جەلالیش بیانپارێزێت. مەبەستم ئەوە نییە خوانە خواستە مام جەلال کەس لە ناو ببات بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە دەیان کوژێت.
ئایا چارەنووسی نەوشیروان مستەفاو کۆسرەت رەسوڵ چی دەبێت؟ بێگومان هەموومان ئەوە دەزانین کە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەم دوو کەسێتەدا هەیە، راستە مام جەلال دەوری لە بەرچاوى هەبووە لە درووستکردنی هەردووکیاندا بەڵام بە شێوەی جیاواز. هەموومان دەیزانین کە نەوشیروان مستەفا هەر لەسەرەتاوە لە جەلالیە دڵسۆزەکان و لە کوڕە هەرە لێهاتوو جەربەزەکانی رێبازی جەلالیەت بووەو هەر لەو کاتەشدا کە سکرتێری کۆمەڵە بووە لە بیرکردنەوەو روانیندا جیاوازیی لەبەرچاو لە نێوان ئەوو مام جەلالدا نەبووەو لەو کەسە وریاو بەسەلیقانەش بووە کە زوو تێگەیشتووە کۆمەڵگای کوردی چییەو پێویستی بە چ جۆرە حیزب و خەباتێکەو هەتا ئەو کاتەشی کە مام جەلال وەکو سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕی خەباتی رزگاری کورد لە چیا بووە، ئەم یەکەمین و بەهێزترین پشتیوان و یاریدەدەری مام جەلال بووە. لە دوای راپەڕین و گەیشتنی یەکێتیش بە دەسەڵات چ لە کوردستان و چ لە بەغدا ئەم پیاوە کەوتۆتە بارێکی ئەوتۆوە بە ئاشکرا ناڕازیبوونی بە سیاسەت و زۆرینەی کارەکانی مام جەلال و حیزبەکەیشیەوە پێوە دیار بووەو ئەوەش وای لێکردووە ماوەیەک کاربکات و ماوەیەک بەجێی بهێڵێت، تا سەر ئەنجام بە شێوەیەکی بەرەسمی رانەگەیەندراو بە خۆیی و بەشێک لە لایەنگرەکانیەوە چوونەتە دەرەوەی یەکێتی. ئەوەى کە لە ناو خەڵکدا ئاشکرایە ئەوەیە کە لە ناو هەموو سەرکردایەتی یەکێتیدا نەوشیروان مستەفا تاکە کەس بووە کە بەردەوام بتوانێت لە رووی مام جەلالدا بووەستێت و قسە لەقسەیدا بکات و خاوەنی راو بۆچوونی خۆی بێت و بە ئاشکراش خەڵک ئەو متمانەیان پێی هەبێت کە سەرکردەیەکی خاوێن و دەست پاک و داوێن پاک و رەفتار پاکەو بەرامبەر بە کاری نابەجێش زمانی زبرو تووڕەیەو گوێ بە دۆستایەتی و هاوڕێیەتی و هاوخەباتیش نادات. لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بۆ دوو خاڵ بکەین. یەکەمیان ئەوەیە لەو کاتەوە کە نەوشیروان مستەفا بە کردەوە چووەتە دەرەوەی یەکێتی مام جەلال بە جدی هەوڵی نەداوە ئەو داوایانەی کە ئەو بۆ چاککردنی حیزب و حکومەت هەیەتی بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ بکات لە کاتێکدا مام جەلال لە ئێستادا چاک دەزانێت کە نەوشیروان بە بێ مام جەلال و لە دەرەوەى یەکێتیش خاوەنی کەسێتی سیاسی و مەعنەوی باڵای خۆیەتی. من نازانم لە ناو حیزبدا ئاستی جەماوەردارێتی ئەو لە چیدایە بەڵام چاک دەزانم لە ناو خەڵکدا پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی هەیەو تا ئەندازەیەکی ئاشکراش خەڵک لە دەرەوەی حیزب وەکو داکۆکی کەر لە راستی و عەدالەت و مافی هاووڵاتیان سەیری دەکەن و بە دوژمنی سەرسەختی کەندەڵی و دزی و بەدئەخلاقی دەزانن، بە تایبەتیش پەیوەندی کردنی کادیرانێکی خاوەن ناوبانگی باشی وەکو عومەری سەید عەلی و عوسمانی حاجی مەحمودو ئاسۆ عەلی ئەوەندەی تر پێگەی ئەو بەهێز دەکات، کەچی بەهەموو ئەم خاسێتانەوە مام جەلال سەرباری بەڵێن دان و بڕیاردان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە نەوشیروان و برادەرەکانی لە گروپی ریفۆرم باسی لێوە دەکەن هیچ هەنگاوێکی جیدی نەناوەو دەشتوانم بڵێم بە ئاشکرا پشت گوێی خستوون. بە پێی لێکدانەوەی من مام جەلال هەرگیز حەزناکات کەسی وەها لیوە نزیک بێت کە راوبۆچوونی هەبێت و قسە لەقسەیدا بکات بۆیە وای دەبینم لە ناخەوە پێیخۆش بێت نەوشیروان بچێتە دەرەوەی یەکێتی بەڵام بەمەرجێک کێشەى بۆ درووست نەکات. لە کاتێکدا کە نەوشیروان ئەم هەموو قورسیەی هەیە مام جەلال بەوجۆرە گوێ لە داواکانی بگرێت، کەواتە دەبێ چی لە داواکانی کۆسرەت رەسوڵ جێبەجێ بکات لە کاتێکدا ئەگەر مام جەلال بە گۆشەی بینینی سی پلەکی سەیری نەوشیروان بکات ئەوا بە دڵنیاییەوە بە هێڵێکی شاوڵی لەسەروە بۆ خوارەوە سەیری کۆسرەت و سەرجەم مەکتەبی سیاسیەکەى دەکات کە هەموویان درووستکراوی دەستی خۆیین و هەرکەسێک لەوانەش بچێتە دەرەوەی یەکێتی بە پێچەوانەی نەوشیروانەوە کە ناوباگ و کەسێتی خۆیی نەک هەر پاراستووە بەڵکو لە دەرەوەى یەکێتی بە ناوبانگتر بووە، هەموو ئەوانی تر بە کۆسرەت رەسوڵیشەوە لە باشترین حاڵەتیاندا لە مولازم عومەر دیارترو بە ناوبانگتر نابن، لە کاتێکدا کە مولازم عومەر لە ناو خەڵکدا وەکو پیاوێکی خۆشەویست و دوور لە گەندەڵی و دوور لە دزی ناسراوە، بەشی هەرە زۆری ئەوانی تر بە کۆسرەتیشەوە ئەوەی مولازم عومەریان پێنابڕێت بە تایبەتی دوای ئەوەی کە کۆسرەت رەسوڵ بە لاوازی گەڕایەوە بەردەمی مام جەلال. لێرەدا بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێت کە کوڕە سیاسیەکانی حیزب لە کوردستاندا هەروا بە ئاسانی ناتوانن کودەتای کوشتنی باوک بەرپا بکەن و چەندێک سەرە رۆیش بکەن دوایی هەر بە ملکەچی دێنەوە نێو حەساری دەسەڵاتی باوک چونکە باش دەزانن لە دەرەوەی دەسەڵاتی باوک دەشێ نەک هەر ونببن بەڵکو لەوانەشە گورگ بیانخوات. کەواتە لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین کاک کۆسرەت و زۆرینەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نەک ناتوانن لە دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی ناوو پێگەی ئێستای خۆیان بپارێزن بەڵکو لە زوترین کاتدا ون دەبن.
بەڵام دەبێ چاک بزانین ئەو هەڵوێستەی کە کاک کۆسرەت وەریگرت لای مام جەلال هەروا بەسادەیی سەیر ناکرێت بەڵکو سەرباری ئەوەی بۆ راگرتنی بارودۆخەکەو هێور کردنەوەی هەندی دڵنەوایی دەکات و رەنگە بۆ راگرتنی رای کشتی خەڵکیش هەندێ بەڵێن بدات بەڵام پێموانیە سەرئەنجام بێ لێپرسینەوە دەربچێت. بۆیە من پێموایە ئێستا کۆسرەت رەسوڵ لەو قۆناغە مێژووییەی ژیانی جەبار فەرماندایە کە لە سەرمەرزو لە کاتی هێنانەوەی تەرمی برایم ئەحمەددا دەستی بۆ مام جەلال راکێشاو مام ئامادە نەبوو تەوقەی لەگەڵدا بکات. ئەو تەوقە نەکردنە یاسین خوێندنی جەبار فەر مان بوو.
بەڵام با بپرسین ئایا ئەم جۆرە مامەڵە کردنەی مام جەلال لەگەڵ حیزبەکیدا چاوەڕوانی چی لێدەکرێت؟ من چەندین جاری تریش نووسیوومە کە ئەوەى نکوڵی لە تواناو لێهاتووى و مێژووى پڕ لەسەروەری خەباتی نزیکەى شەست ساڵەى مام جەلال بکات ئەوە لە راستیدا بێویژدانیەکی گەورە دەکات، بەڵام ئەمەش وامان لێناکات کە بڵێین دەبوو مام جەلال بە تایبەتی لە دوای روخاندنی سەدام حسێنەوە بەمشێوەیە لە ناو حیزبەکەیدا هەڵسوکەوتی نەکردایە. مام جەلالێک لە خڕی ناوزەنگەوە بگاتە کۆشکی کۆماری لە بەغدا، دەبوو هەوڵی بدایە بە ئەندازەی جیاوازی خڕی ناوزەنگ و کۆشکی سەلام لە بەغدا بە ئاراستەی پۆزەتیفانە گۆڕانکاری لە حیزبەکەیدا بکردایە، وەکو پێشتر گوتمان ئەگەر حیزبەکەی قۆناغی مێژوویی بەسەر نەچوو بێت، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەی ئەو ئاواتەی ئێمەوە بەو جۆرەى کە پێویست بووە بۆ پاراستنی حیزبەکەی کاری نەکردووە. راستە مام جەلال لە کوردستان لە دوای سى و یەکی ئابەوە دامەزرێنەری ئاشتی و لێکنزیک کردنەوەی یەکێتی و پارتی بووەو لە دوای رووخاندنی سەدام و رژێمەکەشیەوە هۆکاری پێکەوە بەستنی هەموو عێراقیەکان بووە کەچی بەداخەوە لە ناو یەکێتیدا بەوجۆرە کاری نەکردووە.
مام جەلال کە بوو بەسەرۆک کۆماری عێراق دەبوو کۆنگرەى بە حیزب بگرتایەو لەو کۆنگرەیەدا دەستی لە سکرتێرێتی حیزب هەڵگرتایەو پێداگری ئەوەى بکردایە کە حیزب سکرتێرێکی نوێ هەڵبژێرێت بە تایبەتی بۆ ئەوێک کە لە تەمەنێکی وەهادا گەیشتووە بە بەرزترین پلە لە دەوڵەتی عێراقداو لە مێژووى کوردیشدا ئەو یەکەمین کوردە کە بووەتە سەرۆک کۆمار دەبوو هەموو ئەندامانی سەرەوەی حیزبی رازی بکردایە کە ژیرانەو دوور لە تەکەتول لیهاتووترین ئەندامی خۆیانیان بە سکرتێر هەڵبژاردایە. من پێموایە دەبوو مام جەلال لەو پێگە بەرزەی خۆیدا خوایانە هەڵسوکەوتی بکردایەو لەسەر ئاستی تواناو لێهاتوویی هەوڵی بدایە بۆ ئەوەی شیرازەی حیزبەکەی تێک نەچێت هەم سکرتێری حیزب و هەم مەکتەبی سیاسی و هەم سەرکردایەتیشی هەڵبژاردایە، ئەوەش تەنیا کاتێک دەبوو مام جەلال تۆوی تەکەتولی لە ناو حیزبدا بنبڕ بکردایە. بۆ ئێستاش پێموایە هیچ شتێک چارەسەری کێشەکانی ناو یەکێتی ناکات و هەرچی بکرێت جگە لە پینەو پەڕۆ هیچی تر نییە. بۆیە حەقە سەرکردایەتی یەکێتی لە خودی مام جەلالەوە تا خوارەوە دان بەو راستیەدا بنێن کە حیزبەکەیان قەیرانی سەرکردایەتی هەیەو ئەو سەرکردایەتیەی ئێستا ناتوانن ئەو حیزبە بەڕێوە ببەن. بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بە زووترین کات کۆنگرە ببەستن و سەرکردایەتی شاخ، ئەوانەیان کە بە گەندەڵی تاونبار ناکرێن رێزیان لێبگیرێت و ئەوانەشیان کە گەندەڵن لەگەڵ زۆرینەی ئەو بەرپرسە حیزبی و حکومیانەی شاردا کە زۆرینەیان کەس و کاری سەرکردایەتی و شەریکە کارو شەریکە کۆمپانیاو راییکەرى ئیش و کاریانن و کۆنە بەعسی و ماستوچى و دزوکەمرەوشتیان تێدایە و یارییان بە چارەنووسی یەکێتی و خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانی و پێشمەرگە سەربەرزو بەشەرەفەکانی ئەم حیزبەو کەس و کاریان و هەموو لایەنگرانی و هەموو میللەتیش کردووە لێپێچینەویان لێبکرێت و بدرێنە دادگاو سەرکردایەتیەکی نوێ کە بە تاعوونی تەکەتول و دزی و گەندەڵی و بێڕەوشتی ئالودە نەبووەبێت هەلبژێرێت. ئەمە رێگای یەکەمە کە دەشێ سەرباری کێشەکان بتوانێت پارێزگاری لە یەکێتی نیشتیمانی و لە ئەزموونی کوردستانیش بکات. ئەگەری دووەم ئەوەیە کە مام جەلال کۆبوونەوەیەکی گشتی بە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرە پێشکەوتووەکانی حیزب بکات و لەو کۆبوونەوەیەدا پێیان رابگەیەنێت کە ئەو لەبەر تەمەن و بارى تەندرووستی و لە بەر سەرقاڵیش بە پۆستی سەرۆک کۆمارییەوە ناتوانێت حیزب بە ڕێوە ببات و پێویستە سکرتێرێتی حیزب بە کەسێکی وەها بسپێرن کە بتوانێت حیزب بەڕێوە ببات و کەسێتی ئەوەى هەبێت کە ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، نەک لە بری ئەم کارانە لە کاتێکدا گلەیی زۆری جەماوەری جوگرافیای سەوز لە کاک کۆسرەت و کاک عومەر فەتاحە کە دوو ئەزموونی ناسەرکەوتووی بەرێوەبردنی حکومەتیان هەیەو مەسەلەى گەندەڵی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتیدا بە پلەى یەکەم لە ئەستۆی ئەمانە کەچی مام جەلال لە بری لێپێچینەوە بەرچاوی هەموو خەڵکەوە دەمانچە پێشکەشی ئەم دوو بەڕێزە دەکات کە ئەمەش جگە لە دەلالەتی گوێ نەدان بە رەخنەو داواکانی خەڵک و کادیرانی زۆری یەکێتی و لایەنگرانی هیچ لێکدانەوەیەکی تری بۆ ناکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت