دکتۆر ئەحمەد خەليل : ئەی ساماندارانی كورد ، مێژووی پڕشكۆ ـ جوامێران خاوەنين .

وەرگێڕانی بە دەسكارييەوە: ئەسعەد قەرداخی ئافرەتێكی جوامێری بەسۆز بەناوی خاتوو ڕاشێل ميللەر Rachel Miller دایكی سـی فرزەند. هەواڵی ئەو هێرشە دڕندەيەی داعش دەبيستێت بۆ سەر شەنگال. ئەو دڵە پڕبەسۆز و […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەرگێڕانی بە دەسكارييەوە: ئەسعەد قەرداخی

ئافرەتێكی جوامێری بەسۆز بەناوی خاتوو ڕاشێل ميللەر Rachel Miller دایكی سـی فرزەند. هەواڵی ئەو هێرشە دڕندەيەی داعش دەبيستێت بۆ سەر شەنگال.
ئەو دڵە پڕبەسۆز و بەزەيی و گەورەيەی دەجۆشیت بۆ ئەو بارودۆخە پڕنامرۆڤايەتييەی كە داعشی بە كوردە ڕەسەنەكانی شەنگال كرد. خوازياربوو بتوانێت دڵ و باوەشی گەرمی ئەوەندە گەورەبكات بتوانێت هەموو ئەو ئافرەت و كێژە پاكيزانە لەخۆ بگڕیت و ڕزگاريان بكات.
پلانی ڕێكخستنی سەفەرێكی پڕمەترسی دێت بە ئەندێشەيدا بۆ وڵاتی سووريا. هەرچــــی خشڵوڕازانەوەی هەبوو دەيانفرۆشێت و تا ئەوەندەيش ياسا ڕێی پێدابێت وام لە بانك وەردەگرێت. واز لە ژيانی ڕۆژانەی ئاسايی دەهێنێت. پاش داوای لێبوردن لە منداڵەكانی، پێداويستييەكانی كۆدەكاتەوە و بە يارمەتی هەندێك ڕێنمای دڵسۆزی کورد، بەنهێنی لەڕێی توركياوە خۆی دەكات بە خاكی سووريادا، بەنيازی ئەوەی بەو پارانەی كە لەگەڵ خۆی بردبوونی هەندێك لە پاكيزان و ژنانی كوردانی ئێزدیی كە لە بازاڕەكاندا داعش دا بۆ فرۆشتن دانرابوو، لێيان بكرێتەوە.
ئەو خاتوونە سەلارە لەخۆبووردە ئاخاوتنی لەگەڵ يەكی لە پاکيزانەی ڕزگاری كردبوون، دەڵێت : لە توانايدا نەبوو گوزارە لە هەسونەستی بكات لە هەمبەرم، بەڵام تەنيا هەربە دوو دەست گوشينيم و هەناسەيەكی پڕ لە هەموو گوزارەيەك .. تێگەيشتم كە هەزاران شت و شتی تێدايە.
گەلۆ .. داخۆ چی و كـــێ پاڵی بەم خاتوونە نەبەردە نابێت كە وا خۆی و ماڵوحاڵی بخاتە مەترسی مردنەوە و هەستێت بەو كارە جەوامێرە؟
بێگومان هەستونەستی مرۆڤايەتی و جۆمەردی .
بەڵێ .. هەستونەست وابەستەيی بە مەردايەتی .
لێرەدا پرسێكی توڕەی سەيروسەمەر خۆی دەسەپێنێت؛ كوا ئەو هەستونەستە پڕجەوامێرييە لای كوردە زەنگين و دەوڵەمەندەکان؟
ئەو مەڵتی ملياردێر و ملوێنەرانەی كورد لەکوێن؟
كوا گيانی مرۆڤايەتی، كوردايەتی، كوردستانپارێزی و نيشتمانپەروەرييان؟
بۆ تاكو ئێستا بێدەنگن؟ هەڵوێستێكی زۆر سەيرە و زۆر دوورە لە گيانی كوردايەتی كە هەموو جارێك خۆمانی پێوە بادەدەين و شانازی پێوەدەکەين !
ئێمەی نووسەران، توانای داراييمان زۆر کوڵەمەرگييە، هەر ئەوەندەيە كە ژيانی ڕۆژانەمانی پێ بەرين بەڕێوە. چەندين هەفتە و مانگ لەمێ و لەوێ وێڵ دەبين بۆ كۆكردنەوەی زانيارييەکان و ئينجا لەملاو لەولا دەپاڕێينەوە تا ئەم جۆرە ڕاستييانە بڵاوبكەنەوە و بدرێن بگات بە کەڵەژن و شۆڕەژنێكی جۆمەردێكی وەك خاتوو ڕاشێڵ، بەگوێی كەسانی دەستڕۆيشتوو و خاوەن هەژموونی بەويژدان تاكو هەستوسۆزی مرۆڤايەتييان ببزوێت و بكەونەخۆ بۆ ڕزگاركردنی ئێزدييە شەنگالييەكان كە بە پيلانێكی توركی و عێراقی و هەندێك لە ناپاكان و خۆفرۆشانی بەناو كورد ئەو كارەساتەيان ئەنجام دا كە زۆر ستەمە بتوانرێت فرۆزە بكرێت .
ئێوە … ئەی زەنگين و دەوڵەمەندانی كورد
تۆۆۆ … ئەی خاوەن شكۆ، خاوەنی كۆشكی ســپی لە هەولێر كە دەيان مليونانی تێچووە.
ئێوەی خاوەن كۆشك و تەلارانی بنيادنراو لە ئەستەمبول و هەندێك لە شارەكانی ئەوروپا و ئەمريكا !
ئەی ئێوی خاوەن كۆمپانيا زلەكان !! و ملێۆنێرەكان ، چی بەو خاتوونە جۆمەردە دەڵێن و چۆن ڕووتان دێت ڕۆژێك لەڕۆژان خۆتان بخەنە ئاستی ئەو هەستە پڕسۆز و مرۆڤايەتييەی؟
ئەوەی ئەم خاتونە سەلارە نەبەردە پێی هەستا . ئايا هيچ ڕەگی جوامێريتانی نەهەژاند؟
ئايا هەست بە شەرمەزاری ناكەن لە ئاستی ئەم خاتوونە خۆبەخشە جۆمەردە؟
تاكەی بير لە كۆگيریی و كۆمەك و هاوكاری ناکەنەوە؟
بۆ كۆبەندييەك بەناوی كارمەندانی كورد ياخو هەرناوێكی ديکە دانامەزرێنن بۆ بەهاناچوونی كارەساتێكی وەها كە بەسەر گەلەکەماندا دێت؟
ئايا هەست و خەمخۆری بۆ تەنەتەوە و نيشتمان هەر تەنيا لەسەر ڕامياران و ڕۆشنبيرانە؟
دە ئەی دەوڵەمەندانی كورد…. خاوەن كۆشك و ملياران و ملياران دۆلار، كەمێك زێڵ و ويژدان و هەستی خۆبەكورد زانينتان بجۆشێت .
ئەوەتا تاكو ئێستا نزيكەی 1935كيژە كوردی ئێزدی وەك كۆيلە و بزگوڕ كڕينوفرۆتييان پێوەدەکرێت.
بەو مليار و سەروەت سامانانەتان ناچنە لاپەڕە ڕۆشنەكانی مێژووەوە.
ئەو لاپەڕانە تەنيا و تەنيا؛ جۆمەرد و جوامێران خاوەنيانن و بەس.
جا تا زووە بێنە سەر ڕێی مەردانە و كوردانە بێنە پێشەوە با ئەو مەردايەتييەتان بە ئاوی كانی سپیی لە پەرستگای لالش لەو لاپەڕانەدا بەناوی لاپەڕەكانی مێژووی مەرداندا بنووسرێن.
ئەگينا ڕۆژێك دێت شەرفنامەيكی دێکە دەنووسرێتەوە و ژينباری ئەوانە تۆماردەكرێن كە بێدەنگ بوون لەسەر ئەم كارەساتە مێژووييە.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ئەسعەد قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: ئەسعەد قەرەداخی