شه‌ریف هه‌ژاری : باشتربوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا و سعودیه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا دا چی به‌دوای خۆیدا دێنێت ـ به‌تایبه‌ت بۆ ئێران ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشكرایه‌ له‌ چوار سالی رابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و توركیا به‌هۆی قه‌یرانی سوریاوه‌ خراپ بوون و، له‌ دوو ساڵی ڕابردووش په‌یوه‌ندییه‌كانیان هێنده‌ ڕووه‌و خراپتربوون ڕۆشت كه‌ گه‌شتنه‌ قۆناغی بنبه‌ست و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ یه‌كتر، كه‌ ڕوونه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردییه‌كان چه‌ندین به‌رنامه‌ی دۆكیۆمێنتاری مێژوویی-سیاسیی یان له‌سه‌ر كرا و ئێمه‌ش له‌ هه‌ندێكیان دا به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووس-تورك، ئه‌وا هه‌ندێ فاكتمان خسته‌ڕوو.

ئه‌ردۆگان وه‌ك سیاسییه‌كی پراگماتیك و فێڵاویی هیچ شتێكی له‌ سیاسه‌ت دا پێ عه‌یبه‌ نییه‌ ( به‌ تایبه‌ت ئه‌مسال دا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو پراگماتیكیانه‌ سیاسه‌تی ده‌كرد )، هه‌نگاوی ڕووه‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی ڕووسیا ناو، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ مێژووی و دراوسێیه‌تییه‌كانی ڕووس – تورك و كاریگه‌رییه‌ جیۆپۆله‌تیكی و جیۆستراتیژییه‌كانی هه‌ردوو ولات له‌سه‌ر یه‌كتر، ئه‌وا سه‌خت بوو كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان هه‌ر له‌ ئاستی خراپی دا درێژه‌ بكێشێت. هه‌ربۆیه‌ ڤلادیمێر پۆتینیش به‌ پیر هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌ردۆگانه‌وه‌ رۆشت و، هێدی هێدی ده‌بینین په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ ئاشتبوونه‌وه‌وه‌ بۆ چاكتربوون ده‌چێت.
ئه‌م چاكتربوونه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی رووس-تورك‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌ردۆگان له‌ ڕووه‌ سیاسیی-ستراتیژییه‌كه‌یه‌وه‌ گرنگ بوو، چونكه‌ هه‌م توركیا ئاسانتر ئه‌توانێت خۆی هه‌لقورتێنێت له‌ كێشه‌كانی ئه‌رمینیا و ئازربایجان و، هه‌م ڕووسیاش ئیدی زۆر پشتیوانی ئه‌جێندا سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی ئێران-ئه‌سه‌د ناكات دژی ئه‌جێنداكانی توركیا. بۆیه‌ له‌ ستراتیژ دا له‌ قازانجی ئێران-ئه‌سه‌د دا نییه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ داشی ئێرانی سوارتر كردبوو كه‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ یه‌مه‌ن و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌نداو دا بكات ئه‌وه‌ بوو كه‌: ڕووسیا و عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان خراپ بوو بوو، هه‌ندێ جاریش به‌ ئاشكرا ڤلادیمێر پۆتین هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ ده‌كرد!
به‌ڵام له‌ هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕوان كراو دا ( بۆیه‌ ده‌ڵێم چاوه‌ڕوان كراو چونكه‌ له‌ كاتی باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووس – ئه‌ردۆگان و چوونی ئه‌ردۆگان بۆ مۆسكۆ، ئه‌وا له‌ بابه‌تێك دا ئاماژه‌م به‌وه‌دا باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووس – توركیا ئه‌كرێت كاریگه‌ریشی له‌ چاكبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و سعودیه‌ هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌ردۆگان و سعودیه‌ هاوپه‌یمانی یه‌كترن له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئه‌كرێت ئه‌ردۆگان ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕێت)، ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ به‌دی هات و له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌كانی وڵاتانی G20 دا ڕووسیا و سعودییه‌ ڕێكه‌وتنێكیان ئیمزا كرد و په‌یوه‌ندییه‌كانیان باشبوویه‌وه‌.
سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ دوای ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی ڕووسیا و سعودیه‌، پۆتین به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاند: ناتوانرێت سعودیه‌ وه‌لا بنرێت له‌ پرسه‌كان و كێشه‌كانی ناوچه‌كه دا‌!!
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت كه‌ به‌تایبه‌ت له‌ پرسێكی ئاڵۆز و پڕ – به‌ریه‌ككه‌وتنی وه‌ك سوریا دا، به‌ته‌نها ئه‌مریكا و ڕوسیا یان ( ئه‌مریكا ، ڕووسیا ، توركیا و ئێران ) ناتوانن بڕیار بده‌ن، به‌ڵكوو سعودیه‌ش كاریگه‌ری له‌ سه‌ر دۆخی سوریا هه‌یه‌. ئه‌م دان پێدانانه‌ی پۆتین به‌ كاریگه‌ری سعودیه‌ له‌ پرسه‌كانی ناوچه‌كه‌دا ئه‌وا به‌ ته‌واوی له‌ دژی ئه‌جێنداكانی ئێرانه‌ له‌ ناوچكه‌دا و به‌تایبه‌ت له‌ سوریا دا. چونكه‌ حساب كردن بۆ بیروبۆچوونی سعودیه‌ له‌ ئاست پرسی سوریادا ئه‌وا به‌ مانای لێسه‌ندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ ڕۆڵی ئێرانه‌ له‌ پرسی سوریا دا.
سعودییه‌ وڵاتێكی ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌، جیۆپۆله‌تیكیشی گرنگه‌، هه‌ندێ ڕۆڵی سه‌رپه‌رشتی كردنی جیهانی ئیسلامی به‌تایبه‌ت جیهانی عه‌ره‌بیشی هه‌ر گرنگه‌. بۆیه‌ رووسیا وه‌ك زلهێزێك نه‌یده‌ویست هه‌ر خۆی به‌ ته‌نها به‌ ئێرانه‌وه‌ گرێ بدات و، واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت سعودیه‌ی گه‌وره‌ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌ب بهێنێت. پێشموایه‌ باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی سعودیه‌ و توركیا له‌گه‌ڵ ڕوسیا دا ئه‌وا كاریگه‌ری ئه‌بێت له‌ یه‌كترنزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا و ڕووسیا له‌ باره‌ی كێشه‌ی سوریاوه‌ و، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریشی ئه‌بێت له‌وه‌ی كه‌ ڕووسیا ئیدی وه‌ك پێشوو پشتیوانی ئێران و ئه‌جێنداكانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ ئاشكرا نه‌كات.
كه‌وابوو وه‌ك دوو ساڵ پێش ئێستا، به‌ زیاتر له‌ هه‌شت بابه‌ت ڕامگه‌یاند : كێشه‌ی سوریا كۆتاییه‌كه‌ی ته‌نها به‌ لابردنی ئه‌سه‌د یان له‌ناوبردنی ئه‌سه‌د كۆتای دێت، كه‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ كاته‌وه‌. پێموایه‌ توركیا و سعودیه‌ بۆیان ساغ بوویه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ به‌شێكی ئه‌جێنداكانیان له‌ سوریادا بێته‌دی، ئه‌وا ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕووسیادا لێكترنزیكببنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ په‌یوه‌ندیه‌ ئابورییه‌كانیان دا.
له‌ ستراتیژ دا ده‌رهاویشته‌ی پارسه‌نگی دۆزی سوریا به‌ قازانجی توركیا-سعودیه‌ واده‌كات : ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران هێدی-هێدی خاپور بێت و دوریش نییه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی ئێران نه‌بێت و ئاڵۆزی له‌ ناوخۆی ئێران دا نه‌هێنێته‌كایه‌وه‌، كه‌ بێ گوومانم له‌ ستراتیژ دا ناوخۆی ئێرانیش تێی ئه‌كه‌وێت، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران ئۆپۆزسیۆنێكی كارای نییه‌ به‌ پارته‌ كوردییه‌كانی به‌شی خۆرهه‌لاتیشه‌وه ‌.