ئاکۆ برایم : بایکۆت و دەوام نەکردن کاتیان بەسەر چوو !

راستیەک هەیە بەڵام هەموومان خۆمانى ڵێ گێل دەکەین، ئەویش ئەوەیە حکومەت و دەسەڵات، لەهەموو شتێک بێ منەتن، مانبگرین، بایکۆت بگەین، بەباى خەیاڵیا نایەت. لەبەر ئەوەى ئەم دەسەڵاتە دەستى لەمیللەت شۆردووە، […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

راستیەک هەیە بەڵام هەموومان خۆمانى ڵێ گێل دەکەین، ئەویش ئەوەیە حکومەت و دەسەڵات، لەهەموو شتێک بێ منەتن، مانبگرین، بایکۆت بگەین، بەباى خەیاڵیا نایەت. لەبەر ئەوەى ئەم دەسەڵاتە دەستى لەمیللەت شۆردووە، وخەم ساردە. کەچى ئێمە تا ئێستاش بە قسە و درۆکانى سەفین دزەیى، خۆمان دڵخۆش دەکەین و پێى مەست و حەیران دەبین.
مامۆستا ماندەگرێت و بایکۆتى دەوام دەکات، کەى کێشەی دەسەڵاتە؟! ، لەبەر ئەوەى بەشى زۆرى دەسەڵاتدار وبەرپرسان بۆخۆیان نەخوێنەوارن و هیچ بڕوانامەیەکیان نى یە و، پێیان خۆشە کە میللەتیش هاوشانیان بێت، بێجگە لەوەش ئەوان تا نها بەسیستەمى دەرەبەگایەتى و کۆیلایەتى حوکمى وڵات ئەکەن، بۆیە وەک پێشین ئەبێت رەعیەت و ژێردەستە کانیان نەزان و نەخوێنەوار و مەسینە هەڵگر بن.
نەخۆشخانە و دکتۆر و کارمەندانى تەندروستى ماندەگرن و دەوام ناکەن، پزیشک واز لەدەوام دێنێت، لاى دەسەڵات زۆر سانا وئاساییە، لەبەر ئەوەى هیچ پێویستیان بە چارەسەرى تەندروستى و دەرمان نى یە، بۆ سووکە نەخۆشییەک، وەک ئەوەى ئێستاى بارزانى سەردانى چەندین وڵاتى ئەوروپا دەکەن. ئیدى دەوام نەکردن و بایکۆت بەهاى پوشێکى نى یە،
فەرمانبەران مان دەگرن، ناچنە سەرکار، دەسەڵات مێش میوانى نى یە، لەبەر ئەوەى هیچ کاریگەریى خراپى بۆ سەر دەسەڵات نى یە، ئەوەى کە زیانى پێدەگات و ئیش و کارى دەوەستێت ،تەنها وتەنها هەر خەڵکە رەش و رووتەکەیە.
تاکە شتێک کە دەسەڵات گرنگى پێدەدات و هەموو هەوڵو تەقەلایەک دەدات ،کە بایکۆت و مانگرتن و نەچوونەسەرکار ئەوان نەگرێتەوە، هێزى چەکدارو تفەنگ بەدەستە تا ئەوان لەدەوریان بن، هەتا ئەوان پاسەوانیان بکەن، رێگا نەدەن من و تۆ داواى مافى خۆمان بکەین، داواى پارەى دزراومان بکەین، حاڵمان خراپ و خراپتر دەبێت.
دەسەڵات دەسەڵاتێکى میلیشیا و میلیتارییە، هەمووهەوڵ و تەقەلایەکى بۆ ئەوەیە کە بەهێزى چەک و زەبرى پۆلیس میللەت دەمکوت بکات و ،بەهۆى چاو سورکردنەوەى ئەوان کورسى دەسەڵاتەکانیان پارێزراو بێت..تۆ تەماشا بکە، مامۆستایەکى زانکۆ هەڵگرى چەندین بڕوانامەیە، ساڵانە چەندین پزیشک و مامۆستا و ئەندازیار و…کەسانى شارەزا پێدەگەیەنێت، کەچى موچەکەى لەگەڵ پۆلیسێکى نەخوێنەوارى تازە دامەزراو هێندە جیاوازى نى یە، و پاشەکەوتیش نایگرێتەوە، ئیدى تەنها ئەوە بەسە بۆ ئەوەى بزانین کە حکومەت لەخەمى کێدایەو تا چەند بۆ میللەت و زانست وزانیارى وپێشکەوتن. خەمخۆر و دڵسۆزە تادێت قەیرانەکان قوڵ و قوڵتر دەبنەوە، دەسەڵات و بەرپرسان زۆر بێخەمن ، تۆ بنوارە ساڵانێکە ئێمە بەدەست بێ موچەیى و قەیرانى دارایى یەوە ئەناڵێنن، کەهۆکارەکەشى ئاشکرایە، بەهۆى ململانێى نێوان سەرۆکى پارتى ،لەگەڵ بەغدا، کە حکومەتى ناوەند وەک سزا ،بودجە و خەرجى هەرێمى بڕیوە، ئێمە باجى ئەو هەڵە سیاسیە دەدەین. کەچى سەرۆکایەتى هەرێم و بەرپرسانى باڵاى پارتى(بۆیە دەڵێم پارتى چونکە تەواوى حکومەت و دەسەڵات لاى ئەوانە) بەئەندازەى پەڕى مێشێک لە خەمى ئەو میللەتەدا نەبوون، تا هەوڵى جددی بدەن، چارەسەر بۆ تێپەڕاندنى ئەو قەیرانە ببیننەوە. بەڵام کانێک ئەبینین پۆستەکەى هۆشیار زێبارى کە سەر بەبنەماڵەى سەرۆکە ئەکەوێتە مەترسیەوەو، لەسەر دزى و گەندەڵى لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت، نێچیرڤان بارزانى و شاندێکى پارتى، بەسورعەتى بەرق ئەگەنە بەغدا، بۆ هێشتنەوەى زێبارى پۆستەکەیدا هەموو تەنازولێک ئەکەن. ئامادەیى هەموو شتێکن، نەوتى کەرکوکیان بدەنێ، پێشمەرگە لەشەڕى موسڵدا بەکوشتن بدەن. لە گاڵتەو فڕوفیشاڵى فیدراڵى وسەربەخۆیى پاشگەز ببنەوە، عەبادى دڵى چى بخوازێت سەریان لەرێیە، بەس بەو مەرجەى زێبارى لانەبرێت. بەڵام بۆ میللەتى نەگبەت و داماو هیچ خەمێکیان نى یە ،حسابى تاکە نەعلێکى بۆناکەن.
ئەوەى تۆزێک شارەزاى سیاسەتى پارتى وحکومەتەکەى بێت، ئەوەى یەک رۆژ ناسیبنى، ئەزانێت کە نیەت و مەرام و مەبەستى پارتى چى یە؟!.ئەوە دووساڵە لەرێگەى وتەبێژە درۆزنەکەیەوە( سەفین دزەیى) دەیان و سەدان درۆمان گوێ لێ بوو، چەندین جار بەقسەى ناراستى میللەتى فریودا، کەچى ئێمەش هەر دڵمان پێى خۆشەو بەقسەکانى خەنى دەبین. ئەوەى ئێستاش ئەگوزەرێت و حکومەت بەدەستى ئەنقەست لەم بەرەو جەژنان و کردنەوەى دەرگاى خوێندندا، مووچە نادات، ئەیەوێت لەو رێگەیەوە سزاى هەموو ئەوانە بدات کە پێیان کەخۆش نى یە، بارزانى جارێکى دیکە ببێتەوە بەسەرۆک، تا ئەو پرسەش یەکلا نەبێتەوە بەسوودى پارتى کۆتایى نەیەت، دڵنیابن نەک بەسێ مانگ جارێک بگرە لەمەولا بەساڵى جارێکیش چارەکە مووچەیەک نابینین ،ئەوەشى کەئێستا بەمیزاجى سەفین دزەیى و کۆمەڵێک نەوت دزدەیکەن ، مووچەى فەرمانبەران دوا دەخەن و نایدەن، وەک تاقیکردنەوەیەکە بۆمیللەت ، ئەگەر هات و میللەت وەک پێشوو لەسەرى بێدەنگ بوو، قسەى نەکرد و هەڵوێستى نەبوو، ئەوا ئیدى ئەوەش ئەبێتە سیستەم و بەدوومانگ جارێک چارەکێک موچە ئەدرێت.
دواین قسەشم ئەوەیە کە بایکۆت و نەچوونە سەرکار و دەوام نەکردن، چارەى مەسەلەکە ناکات، بگرە دەسەڵاتیش پێى خۆشە وحەزدەکات، کە میللەت لەبرى بژاردەى دیکە، هەموو رق و قین غەزەبێکى لەچوار چێوەى دوو رێپَیوان و، یەک دوو دروشم و چەندین قسەى سەر تەلەفزیۆن خاڵى بکاتەوە، پەنا نەباتە بەر کارى دیکە. زۆر بایکۆتمان کرد، زۆر نەچووینە سەرکار، زۆر ئیش و کار وەستا، بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبوو، بۆیە ئیدى کاتى ئەوە هاتووە بیر لەچارەسەر و بەدیلى دیکە بکەینەوە، خەڵکانى هەولێر و دەوروبەریشى بێدار بکەینەوە و، ورەو غیرەتیش بدەین بە وان، پێیان بڵین عەیبە، عارە شورەییە ،ئێوەش وەک ئێمە گیرفان بەتاڵ و لاتن. بێدەنگى لەسەرمافى خۆمان ئەو پەڕى زەلیلى و ترسنۆکیە، هەق ئەسێنرێت نادرێت.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئاکۆ براهیم

ئەرشیڤی بەڕێز: ئاکۆ براهیم