عیماد عەلی: ئەم سەرکردانەی خۆمان شێتن یان شەرم ناکەن ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە مێژوودا زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهانی هەن کە بە شێت و دێوانە ناسراون و، نەک شتێکی نامۆیان کردبێت، بەڵکو لە رووی سایکۆلۆجیەوە رەفتاری نابەجێی وایان کردووە کە بە پێوەری زانستی بە شێت عەیار بیست و چوار لەقەڵەم دەدرێن، هەندێک لە نمونەکانی ئەوانەش :
1 – چارلسی شەشەم پاشای فەرەنسا: لە لایەن میلەتەکەیەوە بە چارلسی شێت ناسرابوو، چل و دوو ساڵ حوکمی وڵاتەکەی کرد. زۆر جار ناوی خۆی لەبیر دەچوو . تەنانەت زۆرینەی کات لەبیری دەچوو کە پاشای فەرەنسایە . نە ژنەکەی نە منداڵەکانی دەناسیەوە و بە غەریبیان لەقەڵەم دەدا و دەیوت نایانناسم . پێنج مانگ جارێک خۆی دەشت و جلەکانی دەگۆری . لەو باوەرەدا بوو کە لەشی لە شوشەیە . سەرەرای ئەوەش حوکمێکی باشی وڵاتەکەی دەکرد و تەنانەت بە درێژایی ئەو چل و دوو ساڵەی لەسەر کورسی بوو تاکە بریارێکی نابەجێی نەدا کە لەزەرەری هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەدابێت .
2 – ئیبراهام لینکۆڵن : شانزەهەمین سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی پێی ناسراوبوو کە هەمیشە لەمتبونێکی قوڵدا دەژیا و زۆر جار بە بێ هۆ دەستی دەکرد بەگریان و پاش ئەوەش یەکسەر دەستی دەکرد بە نوکتە گێرانەوە و خۆشحاڵ بوون . هیچ کەس نیە نکوڵی لە رۆڵی گەورەی لینکۆڵن لە پێشخستنی وڵاتەکەیدا بکات . واتە تەنها زەرەری بۆی خۆی هەبوو وقازانجی بۆ خەڵک بە گشتی .
ئەمانە و هەروەها لە سەرجەم بوارەکاندا، خەڵکی وا هەبووە کە لە رەفتاردا شێتانە بووە یان بە راستی شێت بووە بەڵام هیج زیانێکی بە خەڵک نەگەیاندووە، بەڵکو تەنها قازانج بەخش و هەست ناسک و خۆشەویست بووە، لەوانەش: فان کوخ، تینیسی ولیامز، بیتهۆڤن، ئیدغار ئالامپۆ، هەوارد هیوز، جۆن ناش، هێمنگوای، نیوتن، ئەمانەو چەندینی تریش .
دیارە هەر یەکە لەم کەسایەتیانە نهێنی تایبەتی و سەرسورهێنەری خری هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان ئەوەیە هەمیشە لەقازانجی کۆی گشتی گەلەکانیاندا بوون و تەنانەت هەنگاوێکیان نەهاویشتووە کە پەڵەیەکی بچوک بخاتە مێژووی خۆیان و نیشتمانەکانیانەوە.
ئەوەی روونە لای ئێمە و لە زۆر شوێنیش، نەرجسیەت بە کەموکورتیەکی گەورە دانانرێت، ئەگەر چەند زیانبەخش بێت بۆ گەل و نیشتمان، کەچی رەفتاری شێتانە لەم رۆژهەڵاتی ئێمەدا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، ئەگەر قازانجی بۆ گەل و نیشتمانیش بێت نەفرت لێکراوە . نەرجسیەت وا لە کەسی توشبوو دەکات کە دوژمنکاری و ملهوری و بریاری ئەوتۆ بدات بە پشت بەستن بە بەرژەوەندیە تەسکەکانی خۆی بێت بە تایبەتی، کەچی لەوانەیە زیانەکانی بۆ چەندین نەوە هەبێت و شکست بە گەورەترین پرۆژە بهێنێت.
ئەوەی روونە لە جیهاندا، لە نێوان شێتی و نەرجسیەتدا، زۆر جار سەرکردەی وا دروست دەبێت، تەنانەت تەنها لە پێناو خۆیشیدا بێت بریاری راست و دروست دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا قازانج بە خۆی و خەڵک بە گشتی دەکَەیەنێت . لەو بارەوە نمونەمان لە مێژوودا زۆرە کە خەڵکی شێت و نەرجسیش چۆن داهێنانی کردووە، زۆر جاریش نەرجسیەکان لە کارەکانیان سەرکەوتو بوون ئەگەر تەنها مەبەستیان خۆشیان بوبێت بە تەنها.
لەم روانگەوە تەماشای سەرکردایەتی کورد بکەن، کە خۆیان بە عاقڵی جیهان لەقەڵم دەدەن و باس لە قوربانیدان و لێبوردەیی و لە خۆبردوویی و خاکی و خزمەتکاری میلەت دەزانن کەچی جێی دەستیان چۆن کەوتۆتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی لای خۆمان کوردستانیان بە کوێ گەیان.
تۆ تەماشای ئەم ماوە کورتەی حوکمداری کورد بکە و، رەفتاری سەرکردە کاریگەرەکان هەڵسەنگێنە، هەیە وا خۆی پیشان دەدات کە لە هەموو کەسێک عاقڵتر و تێگەیشتو تر و زاناترە و، لە پێناو ئامانجێکی شەخسی لەبەردەم خەڵکدا خۆی بە زەلیل و مەلول و هەژار پیشان دەدات، کە لە رەفتارە نهێنیەکان و بریارەکانیدا دوور لە چاوی خەڵک و کامیرا چەند زیان بە خەڵک دەگەیەنێت.
وەرە سەرکردەیەک خۆی بە نەرجسی و شێت و و شەرمن و نەزان و دواکەوتو لەقەڵەم نادات و، لای خۆیەوە وادەزانێت کوفرە هەڵە بکات، کەچی ئەم هەرێمەی بەم دەردە بردووە، یاسا نەماوە، پەرلەمان ئیفلیجە، تاکرەوی و یاسا شکێنی لە لوتکەیدایە، وەزعی ئابووری بەم شێوەیە و قەیرانی هەمەچشن و دواکەوتویی و گەرانەوە بۆ خاڵی سفر باڵی بەسەر وەزعی کوردستاندا کێشاوە و، کەچی بۆ بەدبەختی ئەم گەلە ستەمدیدەیە، خۆی بە عاقڵترین سەرکردە لەقەڵەم دەدات . دەوەرە تۆ هەی ( کاکی سەرکردە ) وەزعی خەڵک با چاک بێت و ئامانجەکان بپێکە و قەیرانەکان چارەسەر بکە و یاسا شکێنی مەکە و نمونەی باش لە سیاسەت و سەرکردایەتی پێشکەش بکە و با نیوەی ئەو کەسایەتی و سەرکردە شێت و نەرجسیانەی جیهان جێی دەستت دیار بێت، هەزار و یەک جار شێت و شەرمن و نەرجسی بە، نەک خۆ بە عاقڵ زانی هیچ لەباردا نەبوو .