عەتا قەرەداخی : نامەکەى هێرۆخان و حکومەتی دژ بە گەل .

من حەزم دەکرد هێرۆخان نامەى لە پێناوى بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردو لەسەر سەربەخۆیی کوردستان بۆ مالیکی و بۆ دەسەڵاتی عێراقی و رەمزەکانی ترى شیعەو سوونەى عێراقی بنووسیایەو قورسی و ، تواناى […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

من حەزم دەکرد هێرۆخان نامەى لە پێناوى بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردو لەسەر سەربەخۆیی کوردستان بۆ مالیکی و بۆ دەسەڵاتی عێراقی و رەمزەکانی ترى شیعەو سوونەى عێراقی بنووسیایەو قورسی و ، تواناى خۆیی بۆ رازیکردنی عەرەبی عێراق بەکاربهێنایە ، تا کوردو عەرەب بە شێوەیەکی شارستانیانەو بەبێ خوێنڕشتن و تووندو تیژى لێکتر جیابوونایەتەوەو وەکو دوو هاوسێی دۆست و دڵسۆزو هاوکارى یەکتر بە تەنیشت یەکەوە بژیانایە.
من حەزم دەکرد هێرۆخان بە ئاشکرا فشارى بخستایەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشکردنی بارى ژیانی موچەخۆران و کۆى هاووڵاتیان کە ئێستا نەبوونی و بێ دەرامەتی هەڕەشە لە رووبەرێکی فراوانی خەڵک دەکات.
دیارە هێرۆخان تاکە بەرپرسی کورد نیە نامە لە پێناوى بەرژەوەندیە حیزبی و گروپی و کەسیەکاندا بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی ترى کوردستاندا بنووسێت بەڵکو ئەوە دیاردەیەکی ئاشکرایە لە لاى زۆرێک لەبەرپرسانی کورد، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سەنگی کارکردن لە پێناوى بەرژەوەندى تاکەکەسی و گروپی و حیزبیدا زۆر قورسترە لە سەنگی کارکردن لە پێناوى بەرژەوەندى نەتەوەو نیشتیماندا.
دیارە ئاشکرایە کە داهاتێکی زۆر لە کوردستاندا هەیەو ئەوەش ناشاردرێتەوە کە سەرانی بڕیاربەدەستی پارتی و یەکێتی لە مێژە دەستیان بەسەر سامانی ئەو وڵاتەدا گرتووەو لە پێناوى خۆیان و حیزب و بازنەکانی دەورى خۆیاندا بەکارى دەهێنن. سەرانی پارتی و یەکێتی بەشێکی زۆرى زەوى شارەکانی کوردستانیان بە ناوى کۆمپانیاو لە رێگاى کەسانی جۆراوجۆرەوە دەست بەسەرداگرتووە. بەنزینخانەو کۆمپانیاو سوپەرمارکێت و باخ و زەویی کشتوکاڵی و ئوتێل و …. کەمیان لە دەستی خەڵکی ئاسایدا ماون، ئەگەر کەسانێکیش ئێستا لە کوردستاندا وەکو هێماى دەوڵەمەندى و سەرمایەدارى دەربکەون، گومانی ئەوەیان لەسەرە ئەگەر زۆرینەى هەرە زۆرى سەرمایەکانیان هی بەرپرسانی سەرەوەى حیزبە دەسەڵاتدارەکان نەبێت ئەوە بەرپرسان هاوبەشیانن.
ئەو داهاتەى لە کوردستان لە هەموو شتێک زیاتر تەمومژاویە بەلایەنی کەمەوە بۆ ئێمەى هاووڵاتی، داهاتی نەوتە .

ئێمە هەموو لە بیرمانە کە هاوینی ساڵی 2009 بارزانی و تاڵەبانی سوکانی دەرهێنانی نەوتیان پێکەوە سوڕاندەوەو ئێمەى هاووڵاتیش ئەوکاتە بە ئومێدەوە سەیرى ئەوەمان دەکرد کە دەرهێنان و ناردنەدەرەوەى نەوتی کوردستان لەلایەن کورد خۆیەوە ببێتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ ئەو گەلەى کە لە مێژووى خۆیدا لەم عێراقە دۆزەخەدا نەوتەکەى خۆى دراوە بەچەک و بۆ لەناوبردنی ئەم بەکارهێنراوە.

بەڵێ ئەو کاتە سوکانەکە لەلایەن بارزانی و تاڵەبانیەوە خولێندرایەوە، ئومێدمان بە نەوت هەبوو. وەکو دەشزانین دوو دەست پێکەوە سوکانەکەیان خولانەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم دوو دەستە کە دەستی پارتی و دەستی یەکێتی بوون بەشداربوون لە دەرهێنانی نەوتداو تاکو ئێستاش زۆرینەى خەڵک واى بۆدەچێت کە ئەو بەشداریە بەردەوامەو چەند جارێک لە بەرپرسانی یەکەمی یەکێتی ناو حکومەتى هەرێممان بیستووە کە ئەوان ئاگادارى مەلەفی نەوتن و باسی وەرگرتنی بەشە پارەشمان گوێ لێبووە.

ئەگەر ئەم بۆچوونە راست بێت کەواتە دەبێ هێرۆخان لە دواى مام جەلال لە هەمووان زیاتر ئاگادارى ئەو مەلەفە بێت بە تایبەتی لەو کاتەوە کە مام جەلال نەخۆش کەوتووە، تەنانەت بۆچوونێکیش هەیە کە دەڵێت : کاتی درووستکردنی حکومەتى هەرێم باڵی هێرۆخان بۆیە رێگایان نەدا جێگرى سەرۆکی حکومەت بدرێت بە گۆڕان بۆ ئەوەى ئەو مەلەفەیان لە دەست دەرنەچێت ، هەروەک رێگیان نەدا حاکم قادر ببێتە جێگرى سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەى خودى بنەماڵەى هێرۆخان خۆیان راستەخۆ سەرپەرشتی بەشی خۆیان لە داهاتی نەوتدا بکەن.

ئەمانە ئەگەر قسەش بن گومانی تێدانیە جۆرێک لە راستیان تێدایە. چونکە ئەگەر وانیە بۆچی لە ماوەى سێ ساڵی رابردوودا هێرۆخان نامەیەکی تووندى لە جۆرى ئەم نامەیەى بۆ عەبادى نووسیووە لەسەر 150 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک، بۆ بنەماڵەى بارزانی نەنووسی و هەڕەشەى ئەوەیان لێبکات ئەگەر مەلەفی نەوت شەفاف نەبێت و ئەگەر داهاتی نەوت نەگاتە دەستی خەڵک و ئەگەر موچەى خەڵک وەکو پێویست لەو هەموو داهاتەى نەوت دابین نەکرێت و ئەگەر ژیانی پێشمەرگەو کەس و کارى شەهیدانی سەربەرزو ئەنفالکراوەکان باش نەکرێت و ئەگەر پرۆژەى ئاوەدانی کوردستان بەردەوام نەبێت، ئەوا ئەم پێداگرى دەگات کە نایەڵێت نەوتى کوردستان بفرۆشرێت و رێگا لەو هەموو تەنکەرەش دەگرێت کە لە قادرکەرەم و شەقامەکانی سلێمانیەوە بە ئاراستەى سنورەکانی ئێران دەڕۆن و هاووڵاتی ئەم ناوچەیەش مەگەر قوربانی سووتانی ناوبەناوى تەنکەرە نەوت وئەو رووداوانەى ئۆتۆمۆبێل بن کە تەنکەرەکانی گواستنەوەى نەوت درووستی دەکەن و دووکەڵ و تەپوتۆزى شەقامە وێرانبووەکانی گواستنەوەى نەوت هەڵمژن.

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا بۆچی هێرۆخان لەسەر ئەو هەموو شاردنەوەیەى داهاتی نەوتی کوردستان و ئەو ناشەفافیەتیەو ئەو سوکایەتیەانەدا بێ دەنگە کە حکومەتی هاوبەشی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانى بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی دەکات؟ باشە گریمان داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگاى بەندەرى جەیهانی تورکیەوە هەمووى دەچێتە قاسەکانی بنەماڵەى بارزانیەوە، ئەى بۆچی هێرۆخان تاکو ئێستا نامەیەکی ئاشکراى لەو بارەوە نەنووسیووە؟ ئەى بۆچی جارێک لەسەر تەلەفیزۆنەوە لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوەو بۆ خەڵکی بسەلمێنێت ئەمان وەکو یەکێتی و وەکو بنەماڵەى هێرۆخان بەبەرین لەو هەموو تاوانەى دەرهەق بە خەڵکی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتى کوردى خۆیەوە دەکرێت؟ بێگومان وەڵامەکە ئاشکرایە کە بۆچی ئەو هەموو ماوەیە هێرۆ خان قسەى نەکردووە؟ ئەى بۆچی لەسەر فرۆشتنی بڕێک لە نەوتی کەرکوک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دێتە دەنگ و نامەى هەڕەشە بە ناوى خۆیەوە نەک بە ناوى یەکێتی نیشتیمانیەوە بۆ عەبادى دەنووسێت؟ باسی ئەوەش دەکات کە ئەوان بەرپرسیارێتی خەڵکی کەرکوکیان لە ئەستۆیە.

ئەى بەرپرسیارێتی خەڵکی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو پشدەر لە ئەستۆى کێیە؟ تۆ بڵێی ئێمە لە ژنە دۆمەکە بین کە کەس بەرپرسیارێتیمان ناگرێتە ئەستۆ!!! یان مەسەلەکە ئەوەیە لەم شوێنانەى تر نەوت نافرۆشرێت بۆیە نە هێرۆخان و نە بەرپرسانی تریش خۆیان بە بەرپرسیار لە خەڵکى ئێرە نازانن و بوێرى ئەوەیان نیە رووبەڕوو یان بە نامەى ئاشکرا بە پارتی بڵێن ئەوەى ئەوان دەیکەن قابیلی قبوڵ نیە. بەڵام دیارە ئەو بێدەنگیەى هێرۆخان و بەرپرسانی تری ئەم رووبەرەى ئەملا بەرامبەر بە پارتی یەک لێکدانەوەى هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەمانیش هاوبەشن لە مەلەفی نەوت و داهاتەکانی تریشدا ئەویش بۆ خۆیان نەک بۆ خەڵک و بۆ دابینکردنی ژیانی خەڵکی.

دیارە دەبێ هێرۆخان و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیش بزانن کە بێزارییەکانی خەڵک لە هەڵچووندایەو کە گەلیش راپەڕی دژى هەموو رەمزەکانی دەسەڵات ئەوانە رادەپەڕێت کە بە ئاشکرا دیارە سامانی گشتی میللەتیان بۆ خۆیان و دەوروپشت و حیزبەکانیان بردووە.

ئاشکرایە ئێستا لاى گەل وێنەى حیزب و دەسەڵاتی کوردى و رەمزەکانیان لەو رەمزە ناشیرینانەى کە مێژوو فڕێی دانەونەتە پەراوێزەوە جوانترو خۆشەویستتر نین. بۆیە باشتر وایە لە برى نامەنووسین و ململانێ لەسەر ئەسپی تۆپیوو، بەرپرسانی کورد بە گشتی، یەکەم بیر لەوە بکەنەوە کە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە کەنارى داڕماندایە. بێگومان میللەت پێش ئەوەى داڕمێت تواناى ئەوەى هەیە کش مەلیک لەم دەسەڵات و رەمزانە بکات و ئەوساش هەموو ئەوەى لە داهاتی گشتی میللەت و لە سامانی گشتیان بردووە فریاى هیچیان ناکەوێت .
بەڵێ ئەگەر سەرانی کورد کەمێ بە لۆجیک بیربکەنەوە لەوە تێدەگەن کە لەبەردەم مەترسی گەورەدان کە ئەویش مەترسی ناڕەزاییەکانی خەڵکە. بێگومان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا برسێتی و نەبوونی پێداویستیەکانی ژیان بوو بە پاڵنەرى راپەڕینی خەڵک رەمزەکانی دەسەڵات رادەماڵرێن. ئێستا بارودۆخی کوردستان بەرەو ئەو قۆناغە دەچێت. رەنگە ئەوەش ئەو قۆناغە بێت کە کۆتایی بەم نوخبە سیاسیە نەخۆشە بهێنێت کە کوردستانیان بەم بارە ناهەموارەى ئێستا گەیاندووەو لە پێناوى بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا نەک هەر خەڵکیان برسی کردووە بەڵکو هەموو سوکایەتیەکیان بە کەرامەتی ئینسانی و بوونی مرۆڤى کورد کردووە.
من هیواخوازى ئەوە بووم هێرۆخان لە برى ئەم نامەیە کە بۆ مەسەلەى 150 هەزار بەرمیل نەوت بۆ عەبادى نووسیووە، بە کردەوە حکومەتی هەرێمی ناچاربکردایە کە بەوجۆرە سوکایەتی بە کەرامەتی هاووڵاتیانی کوردستان نەکات و ئابڵوقەى دارایی لەسەر جەماوەرى خەڵک هەڵبگرێت چونکە کەس بڕواى بەوە نیە حکومەتی هەرێم پارەى نەبێت بەڵکو ئەوە سزایە کە حکومەت لەسەر خەڵکی داناوە. بۆیە لێرەدا جێگاى خۆیەتی لەبرى حکومەتی خەڵک لەمەودوا حکومەتی هەرێم ناوببرێت بە حکومەتی دژ بە گەل. لەبرى ئەوەى هێرۆخان ئەو نامەیە بنووسێت، من ئاواتەخوازى ئەوەبووم بە رەسمی داواى لە عەبادى و حکومەتی عێراقی بکردایە ئەگەر مافە داراییەکانی هەرێم نەنێرن، ئەگەر مافەکانی یاساییەکانی پێشمەرگە دابین نەکەن، ئەگەر مادەى 140 جێبەجێ نەکەن، ئەوا ئێمە وەکو کورد بڕیارى خۆمان دەدەین و سەربەخۆیی خۆمان رادەگەیەنین .

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عەتا قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: عەتا قەرەداخی