جیهاد موحەمەد : برسیکردنی خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دڵنیابە دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵ و مافیاکەی کوردستان نەک چارەسەری کێشەکانت ناکات، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ ژیانێکی پڕ لە ماڵوێرانیت بۆ دروستدەکات. مرۆڤی کوردی باشور چۆن لە سایەیی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە درۆزن و ساختەچییەوە هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەگەر حوکمی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵە درێژەی هەبێت و بەریپێنەگیرێت، ئەوە نەوەکانیشی هەمان دەردیسەری و ژیانی کولەمەرگی زیاتر هیچی دیکەیان بۆ نامێنێتەوە.
حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵکەی کوردستان، دوای 25 ساڵ لە ڕووتانەوەی خەڵکی کوردستان، دوای خۆ دەوڵەمەندکردنی سەرانی یەکێتی و پارتی و خۆکردن بە خاوەنی ملیارەها دۆلار بە دزینی دەیان میلیۆن دۆلاری خەڵکی گشتی کوردستان، دوای قەرزارکردنی خەڵکی کوردستا بە زیاتر لە 20 بیست ملیار دۆلار، دوای ئەو هەموو قەرزاری و کوێرەوەرییە، دوای ئەو هەموو بێ مافیی و ژێردەستەییە، دوای ئەو هەموو چەوساندنەوە و ستەمکارییە، ئێستا بە ناوی چارسەرکردنی قەیرانەکانەوە دەیەوێت ڕێنماییە گڵاوەکانی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (*) بسەپێنێت بەسەر خەڵکی ڕەشوڕووتە بێدەنگەکەی کوردساندا.
جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە لایەن (حکومەتی هەرێم ) ی کوردستانەوە ئەوپەڕی بێباکی و بێدەربەستییە دەرهەق بە زیاتر هەژارکردن و چەوساندنەوە و ستەمکردن لە خەڵکی هەژار و ڕەشوڕووتی کوردستان.
بە ناوی چاکسازییەوە، بە ناوی دەربازبوون لە قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان، حکومەتی گەندەڵی کوردستان پەنای بردۆتە بەر بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، تا ڕێنماییان بکەن و لەم قەیرانە دارایی و ئابوورییە ڕزگاریان بکەن و لە دواجاریشدا بەڵکو قەرزی کورتخایەن و درێژخایەن بدەن بەم حکومەتە گەندەڵە.
پێش هەموو شتێک بە گوێرەی پرنسیپەکانی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەڵەتی مەحاڵە قەرز بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە لە لایەکەوە کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، لە لایەکی دیکەشەوە ئابووری کوردستان و داهاتی کوردستان ئابووری و داهاتێکی کرێ وەرگرتنە واتە ئابوورییەکی ڕەیعیە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ وێرانکردنی زیاتری باری ئابووری و دارایی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەپاندنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە کۆمەڵێک ڕێنمایی خستۆتە بەردەم حکومەتی هەرێم. یەک بە یەکی ئەو ڕێنماییانە هەژاری و داماوی و زیاتر ڕەشوڕووتی خەڵکی کوردستانی لێدەکەێتەوە. لە ڕاستیدا بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک دوو دەزگای زەبلاحی پێشنیازکراو پێکهێنران لە لایەن دەوڵەتە سەرمایەدارە بەهێزەکانەوە لە پێش هەمووشیانەوە ئەمەریکا، هەرچەندە بە ناوی گەشەی ئابوری وڵاتان و ئاسانکاری بازرگانێتی و زۆرکردنی دەرفەتی کار بۆ خەڵک و هەروەها بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ئابووریی و داراییەکانی ئەو وڵاتانەیە کە قەرزیان پێدەدرێت. بەڵام ئەوەی تا ئێستا ئەزمووکراوە هەرچ وڵاتێک لەو وڵاتانەی کە حکومەتەکەی ئەم قەرزە درێژخایەنانە یان کورتخایەنانەی وەرگرتبێت لە وێرانکاری زیاتر هیچی دیکەی بۆ نەماوەتەوە، چونکە بنەمای سیاسەتی ئەم دوو دەزگا زەبەلاحە چاوچنۆکە سەرمایەدارییە حکومەت و دەوڵەتی قەرزوەرگر بەهێز دەکات و خەڵکیش دەخاتە باری ئابووریەکی خراپ و زیاتر ڕەتاندن و چەوساندنەوە و ستەمکاری زیاد دەکات، لەم حاڵەتانەدا خەڵکی دەکەونە نێوان بەردەئاشی ستەمکاریی و چەوساندنەوە نامیهرەبانییەکەی بازاڕی ئازدەوە، بە ناوی بازاڕی ئازادەوە بە دەیان کۆمپانیای دەوڵەمەند چاوچنۆکانە وەک گەنمی نێوبەردەئاش خەڵکی دەهاڕن و لە پەلوپۆیی مرۆیی دەخەن.
ڕێنماییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی بۆ حکومەتە گەندەڵەکەی کوردستان ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم : نرخی کڕینی تەنی گەنم کە ئێستا حکومەتی عێراقی بە 700.000حەوسەد هەزار دیناری عێراقی بۆ گەنمی نایاب و 600.000 شەسەد هەزار بۆ گەنمی دەرەجە دوو ، 500.000 پێنجسەد هەزار بۆ گەنمی دەرجە سێ وەریدەگرێت، بکرێت بە 250 دووسەد و پەنجا هەزار، گوایە ئەم نرخە ستانداری جیهانییە. ئەمە بە جارێک ماڵی جوتیاران وێران دەکات و بەم نرخە کەمەوە جوتیاران ناتوانن خەرجی تێچووی بەرهەمەکانیان بەدەستبێنن. ئەگەر ئەم ڕێنماییە جێبەجێبکرێت دەبێت ئیتر حکومەتی هەڕێم ساڵانە سەدان هەزار تەن گەنم لە روسیا و ئەمەریک و کەندا بکڕێت و بە نرخێکی گران بیفرۆشیتەوە بە خەڵکی ستەمدیدە کە ڕەنگە نرخی نانێک کە ئێستا تەنها 125 دینارە ببێت بە سێ ئەوەندە و چوار ئەوەندە. ئاخر ئێستا لەم حاڵەتی قەیاران و بێموچەییەدا، خەڵکی گیانیان بەوەیە کە نان و برنج و سەوزە هەرزانە. بۆیە خەڵکی هەژار هەموو خۆشییەکانی ژیانی هاتۆتە سەر ئەوەی وەک ئاژەڵ دەژی و بێدەنگە، بەڵام حکومەتە گەندەڵکەی کوردستان ئەم ژیانە ئاژاڵییەش بە خەڵک ڕەوا نابینێت.
دووەم : حکومەتی هەرێم ڕێنمای کراوە کە چیتر گومرگ لە هێنانی کەلوپەل و خواردەمەنی وسەوزەوات و میوەهاتی هاوردە وەرنەگرن، گوایە بۆ ئەوەی لە بازاڕی ئازادا کێبڕكێ دروستبێت، ئەمەش یەکێکە لە خراپترین ڕێنمایی کە ژێرخانی ئابووری کوردستان بە تەواوەتی هەڵدەتەکێنێت، لە کاتێکد کە یەکێک لە ژێرخانی ئابووری بەهێزی کوردستان کشتوکاڵکردن و گەشتوگوزارە. هەر بۆ ئاگاداری خوێنەری بەڕێز، ئێستا لە کوردستاندا میوە و سەوزە و پەتاتە و تەمانە و پیاز هێندە بەرهەمدەهێنرێت کە تا ئاستێکی بەرز پێویستی خەڵک دابین دەکات. بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر سنورەکان و دەروازەکان بخرێنە سەرپشت ئەوە ئەم بەرهەمانە هیچیان بەرهەمناهێنرێن لەبەر ئەوەی نرخەکانیان بە هۆکاری هاوردەیەکی ڕەهای بێسنورەوە هێندە دادەبەزێت کە تێچووی بەرهەمهێنانی دەرناهێنێت.
سێیەم/ حکومەتی هەرێم ڕێنمایی کراوە کە ژمارەی کارمەندان و فەرمانبەران تا ساڵی 2019 لە 600.000 لە شەشەد هەزارەوە کەمباکتەوە بۆ 400.000 هەزار واتە 200.000 دووسەد هەزار کەس نانبڕاو بکرێت و واز لە ڕاژە و کارەکانیان بهێنرێت. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بێکارییەکی یەکەجار زۆر لە کوردستاندا.
چوارەم/ ڕێنمایی ئەم بانکە جیهانییەی کە بەردەوام خەریکی ڕووتانەوەی خەڵکی ستەمدیدەیە لە جیهاندا بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی چینی بۆرژوا و خاوەن کۆمپانیا چاوچنۆک و زەبەلاحە جیهانییەکان، ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆ دەربازکردن لە قەیرانەکانی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەدە و کارەبا بفرۆشێتەوە بە کەرتە تایبەتەکان. ئەمەش خراپترین و دزیۆترین کارە کە بکرێت دەرهەق بە خەڵکی ڕەشوڕووتی کوردستان، لەم حاڵەتەدا کە ئێسات وا حکومەت دەستی پێکردوە و کۆمەڵێک لەو کۆمپانیانەی کە سەر بە حیزبەکانن خەریکی کڕینەوەی ئەم کەرتانەن، ئەمە نەک هەر قەیرانی خەڵکی کوردستان جارەسەر ناکات، بەڵکو ڕەشوڕووتی و هەژاریی و کەمدەستی دەگاتە حاڵەتی ئەوەی کە کەس فریایی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی نەکەوێت.
خوێنەری بەڕێز لە بەرامبەر بە بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بانک و سندوقی دراوی ( باشور ) **هەیە، کە بە سوودێکی زۆر کەم قەرزی درێژخایەن و کورتخایەن دەدەن بەو وڵاتانی کە تووشی کەمدەرامەتی و قەیرانی دارایی و ئابووری بوون. حکومەتی هەڕێم ئەگەر بێباک نەبوایە لە هەژاری و کەمدەرامەتی خەڵکی کوردستان هیچ نەبێت بۆ قەرزوەرگرتن ڕووی لەم بانک و سندوقە دەکرد. بەڵام لە پێناوی هاوبەشیکردن لە دەوڵەمەندکردنی خۆیان و کۆمپانیا زەبەلاحە پارەدارە چاوچنۆکە سەرمایەدارەکاندا ئەمە ناکات و بەلایدا ناچێت و ڕوو لە بانکی جیهانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەکات و ڕینماییە گڵاوەکانیان وەردەگرێت و دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا.
بۆیە پێویستە خەڵکی ڕەشوڕووتی کوردستان دژایەتی ئەم ڕێنماییانەی بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی بکەن و رێگە نەدەن بە حکومەت کە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێبکات. بێدەنگی بەرامبەر بەم کارە قێزەونەی حکومەتی هەرێم خۆکوژیی خەڵکە ڕەشوڕووتەکە نەبێت هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت.
خەڵک دەبێت دەستبەجێ بە خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕاپەڕین ئەم هەوڵە قێزەوانانەی حکومەت بەرپەرچبدانەوە، دەنا کار لە کار دەترازێت و چیتر خەڵک ناتوانێت بە ژیانێکی کولەمەرگیش ژیان بەسەر بەرێت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سوپاس و پێزانیم بۆ هاوڕێی خۆشەویست کە ئەم زانیارییانەی پێدام.
*سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانکی جیهانی:
له‌ 27/12/1945 له‌ سه‌ره‌تای کۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا له‌ کۆبوونه‌وه‌ گرنگه‌که‌ی بریتن ودس Bretton Woods, دامه‌زرا و ئێستا باره‌گای سه‌ره‌کی له‌ واشنتۆن دی سی یه‌. له‌ ئێستادا Christine Lagarde سه‌رۆکێتی که‌ له‌ کۆتایی ساڵی 2011 دا ده‌ستی پێکرد. ئه‌م دەزگا‌یه‌ له‌گه‌ڵ بانکی جیهانی له‌ نێوانی ئه‌مه‌ریکاو ئه‌وه‌روپادا واڕێکه‌وتون له‌سه‌ری، که‌ سه‌رۆكی صندوق ده‌بێت ئه‌وروپی بێت هی بانکی جیهانی ئه‌مه‌ریکی بێت. دۆزه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م دەزگا‌ دراوییه ئه‌مانه‌ن John Maynard Keynes, Harry Dexter White ، کینز که‌ کابرا ئابورییه‌ مه‌شووره‌که‌ی جیهانه‌ که‌ خۆی ئینگلیزه‌. گوایه‌ ئه‌م دەزگا‌یه‌ ڕێکخراوی 189 وڵاته یاخود 189 وڵاتی به‌خۆوه‌ گرێداوه‌،‌ به‌ حساب ئه‌م بۆ خێر و خۆشی ئه‌م وڵاتانه‌ دروستبووه‌ ئه‌مه‌ مه‌بده‌ئه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانێتی که‌ گوایه‌ له‌سه‌ری ده‌ڕوات: کار له‌سه‌ر خۆشکردنی په‌یوه‌ندی نقدی وڵاتان ده‌کات، بۆ سه‌قامگیری دارایی هه‌وڵده‌دات، کار له‌سه‌ر ئاسانکردنی بازرگانی ده‌وڵه‌تان ده‌کات، بره‌و به‌ بڕی به‌رزی ( واته‌ زۆر بوونی ) کارده‌کات و هه‌وڵی ڕاگرنتی گه‌شه‌کردنی ئابوریده‌دات، هه‌ره‌ها بڕی هه‌ژاری له‌ جیهاندا ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌. ئه‌مه‌ کورته‌ی به‌رنامه‌کیه‌تی به‌ڵام ئامار و ئه‌تواری ته‌واو ته‌واو پێچه‌وانه‌که‌ی نیشاده‌دات، هه‌ر شوێنێک ئه‌م ده‌ستی گه‌یشتبێتێ وێرانی کردوه‌،، هه‌موو ئامۆژگاری ئه‌م ڕێکخراوه‌ مه‌رجی یارمه‌تیدانی بۆ وڵاتانێك که‌ له‌ گێچه‌ڵی ئابوریدان و گه‌شه‌ی ئابورییان که‌مه‌ تاکو قه‌رزیان پێبدات ئه‌مانه‌یه‌: به‌ خاه‌ندارێتی تایبه‌تی که‌رته‌ حکومییه‌کانه‌، زیادکردنی باج و خه‌راج و دانانی با‌جی دیکه‌ ‌ له‌سه‌ر ئه‌وانه‌شی که‌ باجیان له‌سه‌ر نییه‌، ده‌رکردنی کرێکارانه و که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌ و کرێی کار و درێژکردنی وه‌ختی کارکردنە. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ژێر ناوی ریفۆرم – دا. ده‌ستی ئه‌م دز و تاڵانکه‌ره‌ به‌زۆری به‌ ئه‌فه‌ریقا و وڵاتانی ئه‌مریکای لاتینییه‌وه‌، دیاره‌ و ئێستاش یۆنان و پورتوغال.
** بانکی باشور:
ئه‌م بانکه‌ له‌ ساڵی 2007 دا کرایه‌وه‌ بە ناوی ” بانقی باشوور ” که‌ وه‌کو به‌دێلێکی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی جیهانی هاتە ئاراوە سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن ڤێنزویلا و ئیکۆدۆر و بۆ لیڤاوه‌ ده‌ستپێشخه‌ری کرا و له‌ ماوه‌ی 30 ڕۆژدا دوای یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌یان دروستیان کرد و 4.5 ملیون دۆلاریان تێفڕیدا بڕیاریان دا بۆ هه‌ر ئه‌ندامێکی داهاتویان ده‌بێت به‌ بڕی له‌ سه‌دا 5 پێنجی سه‌رمایه‌ی ساڵانه‌یان وڵاتیان پاره‌ی تێکه‌ن تاکو پاره‌یان هه‌بێت له‌ بانقکه‌دا‌. دوای ماوه‌یه‌کی که‌م سه‌رمایه‌که‌ی بوو به‌ 7 ملیار دۆلار که‌ هه‌ر یه‌ك له‌ به‌رازیل و ڤێنزویلا ئه‌رجه‌نتین یه‌کی 2 ملیاریان دان. یکۆدۆر و ئۆرگوایش یه‌کی 400 ملیۆن دۆلار و بۆلیڤیا و په‌ره‌گوای یه‌کی 100 ملیۆن دۆلار هاوبەشییانکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت