رەزا شوان : پێویستە ئەردۆگـان بدرێتە دادگـای نێودەوڵەتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان کە لە ساڵی ( ٢٠٠٣) ەوە، تا ئەمڕۆ خۆی و پارتەکەی( پارتی نـاداد و نـاگەشەکردن ) تاکڕەوانە دەستیان بەسەر هەموو دەسەڵاتەکانی تورکیادا گرتوون  و، تاکڕەوانەش بڕیاردەدەن، بە تایبەتیش زۆربەی دەسەڵاتە هەستیارەکان و بڕیارەکان لە لایەن خودی ئەردۆگانەوە قورخکراون .. بە ئاگر و بە ئاسن وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکی دەدەنەوە و، هەموو شێوازێکی توندوتیژی و رەق و سەرکوتکردنێک لە دژی ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان و داواکاران ماف بەکاردەهێن .. تورکیایان کردووە بە بەندیخانەیەکی گەورە و، بە هەزاران رۆشنبیر و پارێزەر و مامۆستایانی ئاکادیمی و رۆژنامەنووسی ئازاد و چالاکوانانی بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئاشتیخوازان و دادپەروەریان تێدا بەندکردوون .. بە هەزاران لاو و مێرمنداڵی کوردمان رۆژانە لە بەندیخانەکانی ئەردۆگاندا، بێبەزەییانە پیسترین ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەدرێن .

لە نووسینێکی ترمدا باسم لە کودەتا سەربازییە شکستەی سوپای تورکیا کرد، کە شانۆگەرییەکی گاڵتەجاڕی داڕێژراو بوو، لە ئامادەکردن و دەرهێنانی هونەرمەندی تاوانەکان ئەردۆگان بوو .. بۆ بە توومەتی پشگیرکرد لە کودەتا ، سەرکوتی دەنگی ئۆپۆزسیۆن بکات و، تۆڵەش لە هەموو ئەوانە بکاتەوە، کە لەگەڵ گۆڕینی سستەمی حوکمڕانی پەڕلەمانیدان و لەگەڵ سستەمی سەرۆکایەتیدا نین. هەموو ئەوانە بە توومەتی جۆراوجۆر و لایەنگرتنی کودەتا تاوانبارکراون و، تا ئیستا بەشێکی زۆریان لێ گرتوون و لەکار دەرکاون و خراونەتە بەندیخانەوە ..  ئەردۆگان پەیڕەوی ئەو تیۆرە دەکات کە ( ئەوەی لەگەڵمدا نەبێ .. کەواتە دژمە ) .

لە ئەمڕۆدا لە تورکیادا لە سایەی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا، کوشتن و بڕین و سەرکوتکردن و تاسانی ئازادی و دیموکراتی، دیکتاتۆریەت و رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی بوونە بە پێناسەی تورکیا .. ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی را دەربڕین زنجیرکراون، لۆژیکی هێز و سەرکوتکردن و کوشتن و کاولکردن و نادادپەروەری و گرتن و زیندانی بوونە بە ئایدۆلۆژیای ئەردۆگان و پارتەکەی .. ئەوەش راستە کە ستەمکاران و دیکتاتۆرەکان سڵ لە سێبەری خۆشیان دەکەنەوە .. ئەردۆگان لە خۆی زیاتر بڕوای بە ههیچ کەس نییە .. تەنانەت لە پاساوانە تایبەتییەکانیشی خۆشی بە گومانە .

گەلێ لە ناوەندەکانی بڕیار و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و، کۆمەڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە چەندین تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی دژ بە ئازادی و دیموکراتی و دژ بە مافەکانی مرۆڤ و، گرتنی رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و، بە توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران و، رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی خەڵکی سفیل و بێتاوانی باکووری کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆگانیان تاوانبار کردوون، بەڵکو ئەردۆگانیان بە تاوانبارترین سەرۆک ناوزەندیان کردوون .. هەروەهاش بە تاوانی هاوکاری و یارمەتیدانی گروپە تیرۆریستییەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرە و بەرەی شام و جاشە تورکمانەکانی سوریا بە چەک و پێویستییەکانی شەڕ و بە یارمەتی پزیشکی و لۆجستی و … هتد. تاوانبارکردوون، چونکە ئەوانەی یارمەتی تیرۆریستان بدەن و وەکو ئەوان تیرۆریستن .

رۆژنامەی ( ۆرڵد تریبیۆن ) ئەمریکی، ئەوەی بە بەڵگەوە ئاشکراکردووە، کە لەسەر داخوازی رەجەب تەیب ئەردۆگان، هەزار تورکی توندڕەو لە تورکیادا مەشقی سەربازیان پێکرا و، بە باشترین چەک و تەقەمەنی چەکدارکران و، نێران بۆ نێو ریزەکانی داعش لە سوریا و لە عێراقدا، بەرزترین موچەی مانگانەشیان پێدەدەن .. بەڵام لە راستیدا، ژمارەی ئەو تورکانەی کە لە ریزی داعشدان، دە هێندەی ئەو ژمارەیەن کە ئەو رۆژنامە ئەمریکییە باسی کردووە .
هەروەها جاشە بەکرێگیراوە تیرۆریستەکانی بەرەی نوسرە و بەرەی شام و تورکمانە توندڕەوکانی سوریا لە لایەن تورکیاوە بەکرێگیراون و هەموو پێویستییەکی شەڕ و پارەیان دەدرێتی و، نەک بۆ ئەوەی شەڕی داعش بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستاندا رووبەڕووی شەڕڤانانی کوردمان ببنەوە و خەڵکی سڤیلی کورد بکوژن و دێیەکانیان بسووتێنن .. ئەمەش تاوانێکی ترە لە تاوانە نەهاتووە هەژمارەکانی ئەردۆگان .

ئەو تەقینەوانەی کە لە شارەکانی باکووری کوردستاندا ئەنجامدران و، بوونە هۆی شەهیدبوونی بە سەدان کورد و بە سەدانیش بریندار  .. گومان لەوەدا نییە کە لە لایەن ( دەزگای میتی تورکیا ) وە ئەنجام دران، نەک لە لایەن داعشەوە .. ئەمیش یەکێکە لە تاوانەکانی تری ئەردۆگان .

تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە داعشیان دروستکرد و بە خوێن و کوشتن و بێڕەوشتی گۆشیان کردوون .. نەخشەکێش و چاوساغ و کڵاوسووری پێش لەشکری داعش لە گرتنی شاری مووسڵ و كۆبانی و شەنگال و چەندین ناوچەی تری کوردستان هەر تورکیا بوو، بە یارمەتی مادی و لۆجستی و هەواڵگری تورکیا، داعش ئەو شوێنانەی گرت .. ئەردۆگان کەسێکی درۆزن و دەرووە ( لەگەڵ گورگدا کۆشت دەخوا و .. لەگەڵ مەڕیشدا شین دەکا ) .. فرمێسکی تیمساحی بۆ منداڵانی ( گەزە ) دەڕشت و دەستێکی بە چاوییەوە دەگرت و .. کەچی دەستەکەی تری خستبووە دەستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە، بۆ منداڵانی فەلستین دەگریا و .. کەچی دەستەکانی بە خوێنی ئاڵی هەزاران منداڵێ کوردمان سوورن . ئەمەی دووڕوویی و دووفاقی هەڵویستەکانی ئەردۆگان .

ئەمەش درۆیەکی زەق و شاخدارە و، لەسەر زەویدا دیارە، گوایە تورکیای ئەردۆگان چۆتە بەرەی ئەو دەوڵەتە هاوپەیمانانەی کە دژی داعش شەڕدەکەن .. بەڵکو تا ئەمڕۆش تورکیا هاوپەیمانێکی بەهێزی چەتەکانی داعشی تیرۆریستە ، بەڵگەیەکی زۆری ئاشکرا هەن کە ئەم راستییە دەسەلمێنن .
بێگومان مەبەستی ئەردۆگان ئاشکرا و بێشەرمانەیە، چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە ئەوان شەڕی کورد دەکەن و، هەموو کورد بە تیرۆریست دەزانن، نایانەوێ دان بە بوونی کورد و بە مافەکانیدا بنێن، بێشەرمانەش دەڵێن : گەر لەسەر مەریخیش دەوڵەتێکی کوردی دروست ببێت، ئێمە دژایەتی دەکەین .. ئەردۆگان بۆ دژایەتیکردنی کورد، ئامادەیە لە زۆر شت سازش بکات و سەر دانەوێنی .. بەڵکو ئامادەشە کە کڕنۆش بۆ شەیتانیش بەری و، دەست بخاتە نێو دەستییەوە، بەو مەرجەی کە دژی هیوا و مافەکانمان گەلی کوردمان بێت .

ئەردۆگان تووشی (کوردفۆبیا ) بووە، تا سەر ئێسقان دژی سادەترین مافی کورد دەکات و، رق و بوغزێکی ژەهراوی بەرانبەر بە کورد لە دڵدایە .. هەردەم باس لە مەترسیی کوردی بۆ سەر ناوچەکە دەکا، بەبێ بنەما ئەم ترسە گەورە دەکا، تەنها بۆ ئەوەی دوژمنی زیاترمان بۆ پەیدا بکات.

ئەردۆگان سەرقاڵبوونی وڵاتە زلهێزەکان بە شەڕی داعشەوە قۆستۆتەوە .. زۆر بێشەرمانە و بێڕەوشتانە بە سوپایەکی زەبەلاح و، پۆلیس و میتی بێڕەوشتەوە، بە تازەترین و قورسترین چەکی کوشندە و وێرانکەر، هەڵیان کوتاوەتە سەر شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی باکووری کوردستان و ، بە ئاشکرا و بە بەرچاوی جیهانەوە، بە شێوەیەی زۆر دڕندانەوە دڵڕەقانە و نامەردانە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی لە گەلی بێتاوانی کوردمان دەکەن .. هێندەش رەگەزپەرست و بێبەزەیی و نامەردن، تەنانەت دەست لە منداڵانی ناو لانکیشمان ناپارێزن و سیاسەتی ( زەوی سووتـاو ) جێبەجێ دەکەن .
بۆ نموونە لە ناوچەی جەزیرەی باکووری کوردستاندا، سوپای دڕندە و نامەردی تورکیا، لە کۆشکێدا سی کوردی سڤیلیان سوتان کە بە زۆری منداڵ و ئافرەت بوون .. هەر لەو ناوچەیدا، لە ترسی سۆپای تورکیا 178 کەس خۆیان لە ئەشکەوتێکدا شاردبۆوە .. سەربازە خوێنڕێژەکانی تورکیا دۆزییاننەوە و ئاگریان لە ئەشکەوتەکە بەردا، هەموو ئەوانەی کە لە ناو ئەشکەوتەکەدا بوون سووتان .. تاوانی لەم جۆرە لە کوێی جیهاندا ئەنجام دراوە ..؟! بێگومان تاوانی قێزەوەنی وا هەر لە تورک دەوەشێتەوە .. ئەم کولتوورە بۆۆگەنشە لە باپیرە عوسمانییەکانیان بۆیان ماوەتەوە ..
نموونەیەکی تر کە مایەی پێکەنینە .. لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان دوو منداڵی کوردمان کە تەمەنیان سیانزە و دوانزە ساڵانن، بە وێنەیەکی ئەردۆگان پێکەنین بوون، کە بە دیوارێکی یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە هەڵواسرابوو .. میتێک ئاگـای لەوە دەبێت کە ئەو دوو منداڵە کوردەمان بەو وێنەیەی حەزرەتی ئەردۆگان پێکەنین ـ ئەردۆگانییەکان ئەمە بە تاوان دەزانن ـ  هەردووکیانی دەگرێ و، لە لایەن دادگای نادادپەروەری تورکیاوە، ئەو دوو منداڵەمان، گەورەکەیان 14  مانگ و، ئەوی تریان 4 مانگ سزای بەندکردنیان دان .. بەڵی لە تورکیاد بۆ کورد پێکەنیش قەدەغەیە .

ئەمڕۆ لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەمدا، لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا، ئەوەم گوێ لێبوو کە ئەردۆگانی تاوانبار بە توومەتی هەڵبەستراوی پشتگیرکردن لە ( پارتی کرێکارانی کوردستان )، بەبێ بەڵگە و بەبێ بنەما، بڕیاری لە کارلادانی ( یانـزە هـەزار و پێـنج سەد ) مامۆستای کوردیان لە باکووری کوردستان لە کارەکانیان دەرکرد .. ئەوەشم خوێندەوە کە ئەردۆگان بڕیاری داوە بە هەمان توومەت بە هەزاران فەرمانبەری کورد لە کارەکانیان دەربکات ..  ئاشکراشە کە مەبەستی گلاوی ئەردۆگان، نانبڕین و بڵاوکردنەوەی برسێتی و نەخوێندەوارییە لە باکووری کوردستاندا .. ئەمەش تاوانێکی تری ئەردۆگانە .. تاوانێکە دژ بە مافەکانی مرۆڤ و بە مافەکانی منداڵان و بە پەروەردە .

ئاشکراشە کە رۆژانە فرۆکەکانی تورکیا و تۆپە دوورهاوێژەکانیان، بە بیانووی بۆردوومان کردنی بنکەکانی گەریلاکانی کوردستان .. دێهاتەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان دەکەن، تا ئێستا بە دەیان خەڵکی سڤیلی ئەو دێهاتانەمان شەهید بوون .. ماڵەکانیان وێران کراون و رەز و باخ و مەڕ و ماڵاتیان سووتێنران .. لە ترسا ئەوارەبوونە و، بە کوللـەمەرگی دەژین .. ئەمەش  یەکێکە لە تاوانە قێزەوەنەکانی ئەردۆگان .. شەرمەزاریشە بۆ بێدەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە تەنها بە قسە و بە نووسینی فەرمیش، هێڕشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار ناکەن .

دوای ئەوەی شەڕڤانە قارەمانەکانی ( هێزەکانی پاراستنی گەل ) لە رۆئاوای کوردستاندا، سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتنیان بەسەر چەتەکانی داعشدا تۆمارکرد و شاری مەنبەجیان رزگار کرد و بڕیاری سەرکەوتنی گەورەتر و مژدەی پاکردنەوەی تەواوی رۆژئاوای کوردستانیان دا لە چەتەکانی داعش و لە جاشەکانی تورکیا .. ئەم سەرکەوتنانەی شەرڤانان ئەردۆگانیان تووشی شۆک و هێستریا کرد .
لە رۆژی چوارشەممەی رێکەوتی (٢٤/ ٨/ ٢٠١٨) دا، تورکیای ئەردۆگان سنووری بەزاند و ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەناوی ( قەڵغانی فورات) ئەنجام دا، لەم هێڕشەیدا جگە لە سەدان سەربازی تورکیا زیاتر لە پەنجا دەبابەی تازە و چەندین تۆپی قورسی دوورهاوێژ و زرێپۆش و، بە سەدان چاشی خۆفرۆش و بەکرێگیراوی تورکیا لەژێر ناوی ( سوپای ئازاد )، بە ناوەکانی ( بەرەی نوسرە، بەرەی شام ، جاشە تورکمانەکانی سوریا، تیپی سوڵتان موراد، تیپی نورەدین زەنگی و، تیپپی هەمزە ) بە پاڵپشتی فـرۆکەی جەنگی ( ئیف شانزەی ) تورکیا و ئەمریکا، هاڵیان کوتایە سەر شاری ( جەرابلس )  ئەوەشیان درۆیەکی زەقە، گەر بڵێن داعش رووبەڕوویان بوونەتەوە .. داعش تا ئەمڕۆش تەنها فیشەکێکیشیان ئاراستەی سوپای تورکیا نەکردووە .. لە رۆژی داگیرکردنی شاری جەرابلسەوە بەبێ وچان ئەو هێزەی تورکیا و فڕۆکە جەنگییەکانیان تۆپاران و بۆردوومانی شار و شارەکانی عەفرین و کۆبانی و شارۆچکە و گەڕەک و گوندەکانی رۆژئاوای کوردستانمان دەکەن .. ئەوەش راست نییە کە مەترسی لەسەر سنووری تورکیا هەیە، ئەم قسانە هەمووی بیانوون و قسەی هەڵبەستراوی بێبنەمان، بۆ پاساوهێنانەوەن بۆ ئەم ئۆپراسیۆنە لەشکرییەیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان .. کە دوو ساڵە بە نیازی ئەنجام دانی بوون . سوپاکەی تورکیا و جاشە بەکرێگیراوەکانی بۆ ئەوە نەچوونەتە جەرابلس و ئەو ناوچانەی کە داگیریان کردوون، کە لەوێوە شەڕی داعش بکەن بەڵکو لە راستیدا، بەهانای شکستییەکانی داعشی هاوپەیمانیانەوە هاتوون، بۆ ئەوەی لە لەناونەچن بیان پارێزن و، چەک و کەرەستەی شەڕیان پێبگەیەنن و .. هاوکاریان بن لە شەڕی دژی کورد .

بەڵام لە راستیدا مەبەستی بەر و دوای تورکیا و جاشەکانی، شەڕکردنە لە دژی کورد و، ئەنجامدانی رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی کوردە، وێرانکردنی گوند و گەڕەک و شارۆچکە و شارەکانی رۆژئاوای کوردستانە، بۆ ئەوەی کە نەهێڵن مافەکانی گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستاندا بێنەدی .. تا ئەمڕۆش كۆمەڵیک خەڵکی سڤیلی کوردیان بە ناڕەوا شەهید کردوون، کە منداڵیان تێدان، رۆژانەش بەبێ هۆ بۆردوومان و تۆبارانی شار و گوندەکانی رۆئاوای کوردستان دەکەن .. تا ئێستا چەندین خێزانی کوردمان لە ترسی تاوانەکانی سوپای دڕندەی تورکیا و جاشە نۆکەرەکانیان، زێدی خۆیان بەجێشتوون و ئاوارەبوونە .. بە داخەوە کە جیهان لەم تاوانانەی تورکیا بێدەنگن .. بیدەنگیش لە تاوانەکان، پشتگیری کردنە لە تاوانباران .. مەبەستێکی سەرەکی تری تورکیا دابڕانی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانە لە یەکتری، نیازێکی گڵاوی کەشیان نانەوەی شەڕە لە نێوان کورد و عەربدا . و، نیازی داگیرکردنی زەوی وزاری کورد و، گۆڕینی دیمۆگرافیای نەتەوەیین لەو ناوچەیەدا .

ئەمانە مشتێکن لە چەندین خەرواری تاوانە قێزەوەنەکانی ( سوڵتان ئەردۆگان ) دەرهەق بە گەلی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی و ژیانخوازی گەلی کوردمان لە باکوور و باشوور و رۆئاوای کوردستان.

گەلی کوردمان بە قارەمانێتی و بەرخودانی و خۆڕاگری و پشوودرێژی و کۆڵنەدان ناسراوە .. تا دواتنۆکی خوێنمان بەرگری لە کوردستانی نیشتمانی پیرۆزمان دەکەین و، بە سەربەرزی دەژین و بە سەربەرزیش دەمرین ..  سەر بۆ هیچ دیکتاتۆر و داگیرکەر و زۆردارێک نانەوێنین .. زووبێت یا درەنگ بە مافە رەواکانمان دەگەین ..  تا کوردیش بە مافەکانی خۆی نەگات، بێگومان ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار نابێت و، تورک و عەرەب و فاریسیش ناتوانن بەئاسوودەیی بژین .. کورد چاوی نەبڕیوەتە خاک و نیشتمانی کەس .. بەڵکو ئێمە لە پێناوی رزگارکردنی کوردستان و و مافەکانمان خەبات دەکەین .. ئەمەش مافێکی رەوا و دانپێنراوی هەر گەلێکی نیشمان دداگیررکراو و ماف زەەوتکراوە .. مێژووی گەلەکەشمان، پڕە لە قوربانیدان و سەروەری داستان .. سەری چەندین زۆردار و ستەمکار و دیکتاتۆری ئەردۆگان شێوەشمان خستە گۆڕەوە .

تاوانەکانی ئەردۆگان دەرهەق بە گەلی کوردی ئازادی و ئاشتیخوازمان .. تاوانن دژ بە مرۆڤایەتی و، دژ بە مافە دانپێنراوەکانی مرۆڤ، دەچنە خانەی ( تاوانەکانی جەنگ) ەوە .. پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم تاوانانە بێدەنگ نەبن .. پێویستە ئێمەی کوردیش یەکدەنگ بین و داوای ئەوەبکەین کە لە سەر ئەو تاوانانە، تاوانبار ئەردۆگـان بدرێتە دادگـای نێودەوڵەتی و دادگـایی بکررێت .. من داکۆکی لە ( سلۆبۆدان میلۆشیڤیچ ) ی سەرۆکی گۆڕبەگۆڕی یۆگسلافیا ناکەم .. بەڵام میلۆشیڤیچ نیو هێندەی ئەردۆگان تاوانی نەکردبوو، کە درایە دادگای نێودەوڵەتی .. پێویستە بە هەمان شێوەش چاو لە تاوانەکانی تاوانبار ئەردۆگان نەپۆشرێ و بە ( تاوانەکانی جەنگ ) تاوانبار بکرێت کە دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی کورد کردوونی، لە داداگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێت .

پێویستە لە کوردستان و لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کوردیان لێ هەیە، هاودەنگ و هاوڕابین و، واژۆی پێویست کۆبکەینەوە و، سکاڵایەک بە ( دادگای نێودەوڵەتی ) لە ( لاهای ) بدەین و، داوای دادگایکردنی تاوانباری جەنگ ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا بکەین .. کە سەراپای گیانی تاوانن و، تاوان بووە بە گروپی خوێنی و.. تا ناقڕگەی بە خوێنی بێتاوانی کورد سوورە .