Imad-Ali-003

عیماد عەلی : زۆنە ئارامەکەی کوردستانی رۆژئاوا لە دژی کوردە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوەی ئاگادارین کە سوپای تورکیا بە تانک و هێزی تایبەت و سوپا بەناو ئازادەکەی بەردەستیانەوە بە قوڵایی 45 کیلۆمەتر و بە پانی 98 کیلۆمەتر چونەتە نێو خاکی کوردستانی رۆژئاواوە و مەبەستی سەرەکی خۆیان زۆر بە بێدەنگی پێکاوە .
ئەم پرۆسە عەسکەریی و سیاسیەی تورکیا لە کاتێکدا هات کە تورکیا رووی بەرەو روسیا وەرگێرا و، کتومت لە کاتێکدا بوو کە جۆ بایدینیش لە ئەنقەرە بوو، ئەمەش نیشانەی راستی ئەو قسانە دەردەخات کە پێشتر وتبومان : کە ئەمریکا لەسەر زۆنی ئارامەکەی کوردستانی رۆژئاوا کە بە باکوری سوریا ناوی دەبەن پێشتر رەزامەندی دەربریوە و، ئێستا و لە کاتێکدا کە تیشکی سەوزیان لە روسیاوە فەراهەم کردووە ئەو ئامانجە جێبەجێی دەکەن، بەڵگەش بۆ ئەمە نەبونی هیچ هەڵوێستیکی روسی لەمەر ئەو پرۆسەیە و دەرنەکەوتنی هیچ رۆڵێکی فرۆکە روسیەکان و خودپارێزیان لەم کاتەدا، بە پێچەوانەی رۆڵ و بەشداریکردنی فرۆکە ئەمریکیەکان تێیدا .
تورکیا ئامانج گەلێکی تایبەتی لەم کردەوەیە هەیە کە لە بنەرەتدا هیچ بەرژەوەندیەکی خەڵکی سوریای تێدا نیە :
1 – پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و بەناو پاراستنی سنورەکانی کە لە دەستخستنە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا دیارە، کە ئەویش لە ناوبردن و سنوردارکردنی هێزەکانی یەپەگە دا دەبینێتەوە .
2 – هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی جموجوڵی نێوخۆی کوردستانی رۆژئاوا و مانەوەی لەژێر رەحمەتی هێزە داربەدەستەکانی بە یارمەتی هێزە تایبەتەکانی خۆی و بە ناوی پاراستنی ئاسایشی تورکیا و دابینکردنی شوێن و رێگە بۆ 2 ملیۆن و نیو ئاوارەی سوری و گەراندنەوەیان بە زۆرە ملێ لە پێناو تاکە ئامانجێک کە ئەویش گۆرینی دیموگرافی ئەو ناوچەیەیە لە کوردستانی رۆژئاوادا .
3 – ئیدیعاکردنی فەراهەمکردنی سەقامگیری ناوچەکە و قازانج بەخشین بە تورکیا لە رووی ئابووری و سیاسیەوە کە دیسان لە ئامانجی بە سیفر کردنی کێشەکانی تورکیا رایدەگەیەنێت .
4 – هەوڵدانی تورکیا و مامەڵەکردنی لەگەڵ پرسەکان لەو روانگەیەوە کە کارتێکی گەورەی بەدەستەوە دەبێت لە گفتوگۆی نێوخۆیی سوریا و فشارخستنە سەر لایەنەکان لە هەر دانیشتنیکدا .
5 – دروستکردنی پاشکۆیەتیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی لەو ناوچەیە و دروستکردنی پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و ملکەچکردنی لاینێکی زاڵ لەو ناوچەیە، بە هەمان شێوەی رەفتار و پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دیموکرایت کوردستان لە کوردستانی باشور بۆ ئەوەی سنورەکانی باشوری تورکیا بە یەکجاری زامن بکات، بە تایبەتی لە رووی ئابووریەوە بە هەمان شێوەی کوردستانی باشوور بیاندۆشێت .ئەو شێوەیە پلانە ستراتیجیەکەی خۆی جێبەجێ دەکات .
بەم شێوەیە واتە : بە پاک کردنەوەی ئەو ناوچەیە لە کوردستانی رۆژئاوا بە بۆچونی خۆی و ، چرکردنەوەی هێزو دارودەستە و پاشکۆکانی لە ناوچەیە و کۆنترۆڵکردنی و تەنانەت بۆ کاتی گەرانەوەی ئارامی بۆ سوریاش ، لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر نەهێشتنی هێزەکانی یەپەگە و بەزۆر گەراندنەوەی پەنابەران بۆ ئەو ناوچانە ئامانجە ستراتیجیەکەی خۆی بەدیدێنێت .
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە هەموو پەیوەندی و هاریکاریەکانی ئەمریکا بۆ کورد بەتەنها تەکتیکیە و بەس، ئەگینا ئەمریکایەک لە مانگی تەموزی ساڵی پارەوە لەسەر ئەم پلانە رازیبووە و تەنها لەبەر رازیکردن و دۆزینەوەی زەمینەیەک بۆ ئەم کارە و بەتایبەتی رازیکردنی روسیا و ئێران دوایخستووە نەک لەبەر چاوی رەشی کورد، بۆیە داوای لە تورکیا کردووە دوای بخات و ئەم پلانە کاتی گونجاوی خۆی دەوێت .
بۆیە، وەک لە چەند نوسینێکی پێشتردا باسمان کردووە، ئەمریکا لەم رەفتارانەشیدا جگە لە بەکارهێنانی کرود لە رۆژئاوا وەک کارتێک بۆ رێکخستنی کارەکانی و فشار خستنە سەر لایەنەکان بۆ جێبەجێ کردنی بۆچونەکانی و ئەوەی لەبەرژەوەندی خۆیدایە، هیچ سۆزێکی بۆ پرسی کورد نیە و دەبێت سەرجەم لایەنەکانی رۆژئاوا و باشوری کوردستانیش لەوە دڵنیا بن و زۆر پشتی پێ نەبەستن، با مێژوو دووبارە نەبێتەوە . ئەمەش بۆ روسیا و ولاتانی ئیران و سوریا و عیراقیش راستە نەک تەنها بۆ تورکیا .
بۆیە، دەتوانین بڵێین کە ئەو زۆنە ئارامەی لە کوردستانی باشوور بە دەستپێشخەری فەرەنسا و پێشنیاری ئەو هاتەئاراوە لە قازنجی کورد دا بوو، چونکو لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی وڵاتاندا دەهاتەوە و ئەو نەهامەتیەی بەسەر کورد دا هات لە کۆرەوەکە ئەو وڵاتانەی ناچار کرد کە بیرێک لەو مرۆڤ دۆستیە بکەنەوە، فەرەنساش وەک مێژوو و سومعەتی باشی لەوبارەوە یەکەم هەنگاوی ناو ئەمریکاشی ناچارکرد کە رازی بێت . بەڵام ئەم زۆنەی کە بە دەستپێشخەری و خۆتێهەڵقورتانی تورکیا و رەزامەندی ئەمریکا جێبەجێ کراوە، جگە لە زەرەر بۆ گەلی کورد لە رۆژئاوا هیچ قازانجێکی تێدا نیە و دەبێت هەموان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دژی بوەستن و ئەو کارتە لاوازانەی بەدەستەوەیە بیخەنە گەر، هەرچەند لەوە دڵنیام کە پارتی دیمورکاتی کوردستان نەک هەر دژی نابێت بەڵکو بە ئاشکراو نهێنی لەگەڵ ئەو زۆنە دایە و لە بەرژەوەندی شەخسی سەرۆکەکەی و حزبیی خۆی دەزانێت، کە بەهەمان شێوەی تورکیا چۆن سوپای بەناو ئازاد لەوێ بەکار دێنێت، ئەمیش بەنیازە ئەنەکەسە بەو شێوەیە بەکاربێنێت بە هەمهەنگی لەگەڵ تورکیادا، با ئەو زۆنە هەر دژ بە کورد بێتە ئاراوە، ئەم مێش میوانی نابێت و خۆی بەسەرکەوتو لەقەڵەم دەدات .