عیماد عەلی : بەرپرسیارێتی گەورە لەسەر خەڵکە نارازیەکەی کوردستانە لەم کاتەدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوەی دڵنیاین کە مەترسی فراوانبونی مەودای نیوان خەڵک و دەسەڵاتی نایاسایی ئێستای کوردستان ترسێکی گەورەی بۆ دڵسۆزان دروست کردووەو مەترسیەکی گەورەشی بۆ ئەزمونەکە بە گشتی هەیە .
ئێستا و لەم کاتەدا، ئەگەر هەر وڵاتێک یان لایەنێک کە بیەوێت پیلانی خۆی لە دژی دەسەڵاتی کورد بگێرێت بێ سێ و دوو میلەت بە کادرانەوەی وەزعە نالەبارەکەی نێوخۆیەوە دەکەوێتە هەڵەوە و پشتگیری سەرسەخترین دوژمنیشی دەکات . بۆیە لەو کاتەدا، سەرەرای لەناوچونی دەسەڵاتێکی گەندەڵی لەم جۆرەی ئێستای کوردستان، بەڵام زەرەرەکەی زیاتر بەر کورد خۆی دەکەوێت و، بە ماوەیەکی کورت هەموو گوریسەکە بە تەواوەتی دەبێتەوە بە خوری و، دەگەرێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و ئەم دەسەڵاتەش بە پارەو پولەکەی میلەتیشەوە دەیقوچێنی و بە بەرزکی بانانەوە بۆی دەردەچێت و ئاشبەتاڵەکەش دووبارە زیان لە ماڵی میلەت دەدات .
لێرەوەیە، کە دەڵێین بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەر حزب و کەسایەتیە نارازی و ئۆپۆزسیۆنەکان، کە پێویستە ئەودیوی مەسەلەکە بخوێننەوە و لەو بارەوە بیر لەوە بکرێتەوە، لە حاڵەتی شکستخواردنی قومارچیدا خێزانەکەی زیاتر زیان دەکات . بۆیە دەبێت ئەوە بزانرێت، کە ئەم دەسەڵاتە شەرێکی دولایەنەیە و لایەنە قورسەکەی کەوتۆتە سەر ملی میلەتەوە و بە چاک نەبوونی و، لە ئەگەری لەناوبردنی بە شێوەیەکی عاقڵانەو بە رێگەی دروست و ئارامەوە نەبێت شڵەژان و گێرەشێویەکی گەورە دروست دەبێت و هەمووان دەکەوینە گێژاوێکی گەورەوە .
ئەوەی ئاگادارین لە وەزعەکە، تاکو رۆژگاری ئەمرۆمان لە هیچ قۆناغێکدا مەودا و دووری نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کورد چ لە کاتی شۆرشەکاندا بێت یان پاش راپەرین ئەوەندە فراوان و گەورە نەبووە، ئەمە جگە لە رق و کینە و دژایەتی و نا تەبایی و دوژمنکاری، کە لە دەرئەنجامدا زەرەری بۆ میلەتەکەش دەبێت بەقەد ئەوەی بۆ دەسەڵات و کەسە دەسترۆیشتوەکانی حزبەکان دەکەوێتەوە، کە ئەم رۆژەیان دروست کردووە .
لە هەر هاوکێشەیەکی سیاسی گشتی بۆ هەر وڵاتێکی دونیا، لەوەدا یەک راین، کە تاوەکو پەیوەندیەکانی میلەت و دەسەڵات ئاسایی و بەتین و بەهێز بێت و رەزامەندی خەڵک بەرێژەیەکی باش بێت، بواری پیلانگێری دوژمنان کەمتر دەبێت و جێبەجێ کردنی نەخشەی دوژمنان قورستر دەبێت و پێچەوانەکەشی راستە . بەڵگەش چەندین هەوڵ و تەقەلای زۆرێک لە وڵاتان بۆ ئاژاوەگێری و فەرزکردنی چەندین پلان و نەخشەی دەرەکی بۆ چەندین وڵات کێشراوە و هەوڵی جێبەجێ کردنی دراوە بەڵام سەرکەوتو نەبووە، ئەویش تەنها لەبەر ئەوەی رێژەیەکی گەورەی خەڵک لەدەسەڵاتەکەیان رازی بوون و، ئەوان رازی نەبون بەدەستێوەردان وپوچەڵیان کردۆتەوە، لەکاتی قەیرانەکەدا پشتگیری دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی خۆیان کردووە . ئەوەتا گەلی تورک لە کاتی کودەتاکەدا چۆن پشتی ئەردوگانیان گرت، هەرچەند قسەیان لەسەر ئۆردوگان و شێوە و ئالیەتی کودەتاکە هەبێت . لەبەرامبەردا تەماشای وڵاتانی عەرەبی بکەن بە بریسکەیەکی بچوکی نێوخۆیی و بەیارمەتی دەرەکی چۆن پشتیان لە دەسەڵاتەکەیان کرد و، بەڵکو لەگەڵ گۆرانکاریەکاندا بوون، سەرەرای ئەوەی لەقازانجیشیاندا نەبوبێت . سەرجەم وڵاتانی بەهاری عەرەبی و بە تایبەتی سوریا نمونەی زەقی ئەم حاڵەتەن .
ئەگەر وەزعی ئەو وڵاتانە پاش بەردەوامی حوکمی تاکە کەسی ودەیان ساڵی دیکتاتۆریەت گەیشتبێت بەم حاڵەتە، تۆ وەرەوە بۆ کوردستانەکەی خۆمان و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پەیوەندی و مەودایەی نێوان میلەت و دەسەڵاتی کوردستاندا بکە کە بەم چەند ساڵە کەمە گەیشتۆتە کوێ .
هیچ گومانی تێدا نیە، کە ئەگەر ئێستا بوارێکی بچوک هەبێت، یان کات و بارودۆخە دەرەکیەکە مەیسەر بێت، دەستێوەردانی دەرەکی چەند ئاسانە بۆ بچوکترین هێزی نەیاری کورد و، وەزعی کوردستان بە کوێ دەگەیەنێت .
ئێمە تەنها پاش دوو دەیە لە رزگاربون لە گەورەترین دیکتاتۆری خوێنمژ و کیمیایی و ئەنفال، ئێستا ئەگەر نەڵێم زۆرینە، بەڵکو رێژەیەکی گەورەی خەڵک خۆزگە بە زەمانی سەدام دەخوازن، لێرەوە پیوانە بۆ ئاسانی دەستێوەردانی دەرەکی بکە و، بۆت دەردەکەوێت چۆن خەڵکی ناحەز و دوژمن دەتوانێت پلان و نەخشەی خۆی لە کوردستاندا جێبەجێ بکات و لە بنەرەتدا وەزعەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی بگۆرێت .
بۆیە، مەترسی فراوانبونی مەودای نێوان خەڵک و دەسەڵات بۆ گەلەکە زیاتر زیانبەخشە لەوەی بۆ خودی دسەڵاتەکە و، دەبێت ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی دڵسۆز و عەقڵمەندی ئەم کوردستانەهەرچەند نارازی بن، ئەو مەترسیە بە جوانی بخوێننەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .
.