Shamal-Adel-Salim

شەماڵ عادل سەلیم : حکومەتی هەرێمی کوردستان … ناوێکی گەورەو ناوەڕۆکێکی وێران .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەروەک بۆ هەموو لایەک روون ئاشکرایە لە هەموو دونیادا  ئەرک و کاری سەرەکی حکومەت بەڕێوەبردنی کارووباری وڵاتە، دانانی پلانێکی تۆکمەو درێژخایەنە بۆئارامی وسەقامگیری وڵات ، هەوڵدانی جدیە بۆ سەقامگیرکردنی یەکسانی و دادپەروەری ، کارکردنە بۆ حزمەتکردنی  هاوڵاتیان وبوژانەوەی ئابووری و زیادکردنی داهاتی نیشتمانی  لەپێناو خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەتی هاوڵاتیان ، ڕێک پێچەوانەی  ئەوەی حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا  لە هەرێمە بێ نازەکەمان ئەنجامی دەدات، یان باشتر بڵێم حکومەتی ( پارتی و یەکێتی ، کە  لەناو پارتی و یەکێتی ) شدا چەندین (کێخواو باڵ و سەرو دەستی باڵاو بەهێز هەن ) 25  ساڵی ڕەبەقە هەموو کایەو جومگەو دەسەلاتەکانیان  قۆرخ کردووە  بۆ زیاتر دەوڵەمەند بوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان  .

هەر بۆیە ئەو دەست رۆیشتوانەی هەردوو زۆنی ( زەرد و سەوز ) کە ناویان لەخۆیان ناوە  ( حکومەت ) نەک تەنها پلانی ئەلتەرناتیڤ یان ( B ) یان نەبووە بۆ دەرچون لەو قوڕاوەی کە هەرێمی تێی کەوتووە ، بەڵکو لەسەرەتاوە  ئەو ( نا حکومەتە )  دەسەڵات و سامان و داهاتی هەرێمی قۆرخ کردووە و، هەوڵی لەخشتەبردن و بێدەسەڵات کردنی پرسۆنالی کوردیی داوەو تارادەیەکی زۆریش تیایدا سەرکەوتوو بووە .

لەهەرێمی بەتەمای خودادا  ، حکومەت ناوێکی گەورەو ناوەڕۆکێکی  وێرانە ، موفلیسە ، قەردارە  ، گەندەڵە ، بێ پلانە ، ئەرکی  ئەو( ناحکومەتە )  تەنها  بۆتە  بڵاوکردنەوەی خشتەی دابەش کردنی  ( نیو یان چارەگ ) ـە مووچە  کە هەر سێ مانگ جارێک وەک ( سەدەقە ) بەسەر مووچە خۆران دابەشی دەکات ، ئاوێ بینەو دەستان بشۆ.

  لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیا پانوبەرینە دا نەبووەو ناش بێت، هەرێمێکی سروشت دەوڵەمەند وەک هەرێمی کوردستان  کە نەوتەکەی  4%ی یەدەگی نەوتی جیهان پێكدێنێ، ئەمە سەرەڕای  داهاتی تەواوی نەوت و گاز و گومرگ و فرۆکە خانەکان  و زەریبەی ناوخۆو خاڵە سنوریەكانی ، کەچی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەرزەکانی  قەبەتر و زەبەلاح تر دەبێت و قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە و بێكاریش تەنگ بە هاوڵاتیان هەڵدەچنێت  ،  حکومەتیش  خۆی لەگێلی داوەو هەروەکو نەبای بێ و نەباران .

لێرەدا چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە : هەتا کەی هاوڵاتیانی هەرێمی بەتەمای خودا ، باجی بێ پلانی حکومەتێک بدەن کە تەنها خەمی گیرفانی خۆیی و چواردەورەکەی بێت ؟ هەتا کەی هاوڵاتیان برسی و بێ بەش بکرێن لە مافە سەرەتاییەکانیان ؟ هەتاکەی هاوڵاتیان باجی سیاسەتی سەقتی نەوت و گازی هەرێم  بدەن ، ئەو نەوتەی کە بۆتە سەرچاوەی نەگبەتی بۆ خەلکی کوردستان  لەبری خۆش گوزەرانی  ؟

لەکۆتایدا بەزمانیکی سادەو ساکار دەڵێم :

 پەرلەمان وحکومەت هەبن یان نەبن هیچ لەژیانی خەڵکی هەرێمی بەتەمای خودا  ناگۆرێت ، چونکە ئەوە هاوڵاتیانن ئەمرۆ لەبری پەرلەمانی بندیوار و حکومەتی تالانکار لەم قۆناغە چارەنووس سازەدا  قۆڵیان لێ هەڵماڵیوەو بەئیرادەو خۆراگریی و دڵسۆزییان هەرێم  بەڕێوە دەبەن .

ئەوە  پێشمەرگە یە ، پۆلیسە ، فەرمانبەرە، مامۆستایە ، خەڵکی خۆبەشە ، بەهێزی و ئیرادەی پۆڵاینیان ، بەخوێن و ماندووبوونیان ،بێ منەتانە و بێ بەرامبەر بەرگری لە خاکی وڵاتەکەیان دەکەن  .

 ئەوە  خەڵکی بەشمەینەتی هەرێمی بەتەمای خودایە باجی تاڵانکاری و قەردی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان وکۆمپانیا مشەخۆرەکانیان دەدەنەوە .

ئەوە هاوڵاتیانن ، باجی  گرێ بەستی ئابوری( پەنجا ) ساڵەی  نێوان تورکیای (دۆستمان ) و حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا دەدەن !!

بۆیە دەڵێم : ئێمە حکومەتێکمان هەیە ، یان ڕاسترو ڕاشکاوانەتر بڵێم : ئێمە ( دوو کۆمپانیای دەسەلاتدارمان هەیە کە چەندین کێخوای پۆشتە وکەشخە  بەرێوەی دەبەن ولەهیچ شوێنێکی  دونیادا نمونەیان لە گەندەڵی و مشەخۆری و تاڵانکاریدا  نییە و ناشبێت .

کاک نێچیرڤان لەوەیان ڕاستی کرد ، کاتی گوتی : کێشەی ئێمە لەهەرێمی کوردستاندا ، کێشەی زۆری کێخواییە . بەلێ کاک نێچیرڤان ڕێک وایە ،  بەڵام چارە چییە  ؟