عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح : ئایا هێرۆخان چه‌وتییه‌کان راستده‌کاته‌وه‌ ؟

نۆ ساڵی رابردوو، به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی نه‌وت و گازه‌وه‌، کوردستان دووچاری ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بوو، قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی مه‌ترسیدار زیادی کرد. 26 مانگی رابردوو، نه‌وتی که‌رکوکیش له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

نۆ ساڵی رابردوو، به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی نه‌وت و گازه‌وه‌، کوردستان دووچاری ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بوو، قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی مه‌ترسیدار زیادی کرد. 26 مانگی رابردوو، نه‌وتی که‌رکوکیش له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی ناشه‌فاف و پڕ له‌ گه‌نده‌ڵیدا به‌ڕێوه‌برا…

یه‌کێتی نیشتیمانی، نۆ ساڵه‌ له‌م پرۆسه‌دا به‌رپرسه‌، ئایا خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئێستای بۆ راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و خوارو چه‌وتیانه‌ی رابردووه‌، ئه‌گه‌ر وابێت ئێمه‌ش پشتیوانین، ئه‌گه‌ر وه‌ک رابردووش بۆ شه‌ڕی پشک بێت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌و چه‌وتییه‌کان زیاتر ده‌بێت.
ئومێدده‌که‌م .. هێرۆخان، هه‌نگاوی خوارو چه‌وتی نۆ ساڵی رابردوو راستبکاته‌وه‌و خاڵێکی گرنگ بۆ خۆیان و حیزبه‌که‌یان و ئاینده‌ی کوردستان تۆماربکات.. چاوه‌ڕێی و چاودێرین.

نه‌وتی که‌رکوک، پاره‌و ڕێککه‌وتن
نه‌وتی که‌رکوک له‌ پێنج کێڵگه‌ی سه‌ره‌کی ئاڤاناو بای حسن و جه‌مبورو خه‌بازو بابه‌گوڕوگوڕ پێکدێت.
له‌ 10 – 7 – 2014 . له‌ به‌ره‌به‌یانێکی زودا لیوای یه‌کی نه‌وت و گاز، که‌سه‌ر به‌ پارتی دیموکراتی کوردستانه‌، ده‌ستی به‌سه‌ر کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی ئاڤاناو بای حه‌سه‌ندا گرت، ئه‌و کات به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی 284 هه‌زار به‌رمیل بوو، نرخی به‌رمیلی نه‌وت له‌و کاته‌دا نزیکه‌ی 85 دۆلار بوو. تاوه‌کو ئێستا، به‌به‌های 9 ملیارو 750 ملیۆن دۆلار نه‌وتی ئه‌م دوو کێڵگه‌ فرۆشراوه‌، به‌ڵام ته‌نیا %1 ( یه‌ک له‌سه‌دی نه‌دراوه‌ به‌ که‌رکوک) داهاتی ته‌نیا نه‌وتی ئه‌م دوو کێڵگه‌یه‌ له‌و 26 مانگه‌دا، به‌شی موچه‌ی 21 مانگی موچه‌خۆرانی کوردستان ده‌کات، به‌پێی ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئێستا.
ئه‌م دوو کێڵگه‌ به‌ڕێککه‌وتن درا به‌ پارتی!!
به‌ڕێز دکتۆرنجمه‌دین که‌ریم، که‌ پێش داگیکردنی ئه‌م دوو کێڵگه‌یه‌ نه‌یاری پارتی بوو، دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌م دوو کێڵگه‌یه‌ بوون به‌ دۆست. پێش کۆنتڕۆڵکردنی هه‌ردوو کێڵگه‌ی ئاڤاناو بای حه‌سه‌ن له‌لایه‌ن لیوای یه‌کی نه‌وت و گازی پارتی، له‌ 26 حوزه‌یرانی 2014 واته‌: 14 رۆژ پێش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و دوو کێڵگه‌، هه‌ریه‌ک له‌ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی، ئاشتی هه‌ورامی، نه‌جمه‌دین که‌ریم سه‌ردانی تورکیایان کردو له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگانی سه‌رۆکدا کۆبونه‌وه‌و ڕێککه‌وتن له‌باره‌ی نه‌وتی که‌رکوک کرا.
هه‌مان ڕۆژ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز، له‌ زاری ئاشتی هه‌ورامییه‌وه‌ بڵاوی کرده‌وه ‌: به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به‌ که‌رکوکه‌وه‌ ده‌گاته‌ یه‌ک ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌.
دوای ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی کێڵگه‌کانیش، جارێکی دیکه‌و له‌ 11 تشرینی دووه‌می 2014 ، نه‌جمه‌دین که‌ریم بۆ جاری دووه‌م، سه‌ردانی تورکیای کردو له‌گه‌ڵ ئه‌حمد داود ئۆغلۆ له‌باره‌ی نه‌وتی که‌رکوک و ته‌واوکردنی رێککه‌وتنکه‌ کۆبونه‌وه‌، نه‌جمه‌دین که‌ریم، ڕۆژێک پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی تورکیا بکات له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبوویه‌وه‌.
له‌ ناوه‌ڕاستی حوزه‌یرانی ئه‌م ساڵ، نیچیرڤان به‌رزانی بۆ کۆڕبه‌ندی ئابوری سان-پترسبۆرگ سه‌ردانی روسیای کرد، نه‌جمه‌دین که‌ریم و ئاشتی هه‌ورامی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد، هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ کۆمپانیای گازپرومی رووسی کۆبونه‌وه‌ کرابوو به‌ مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان له‌ نه‌وت و گازی که‌رکوک.
که‌وات ه‌: هه‌نگاوه‌کانی پارتی به‌ڕێککه‌وتن بووه‌، شه‌خس کردوویه‌تی یان حیزب بابه‌تێکی دیکه‌یه‌. کێ تێیدا سودمه‌ند بووه‌ ئه‌مه‌شیان روونه‌.
ئه‌وه‌ 2 ساڵ و 2 مانگه‌، دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم و هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی نه‌وت و گاز( نوێنه‌ری یه‌کێتی و گۆڕانی تێدایه‌و تێدا بووه ‌) ، بێده‌نگ بوون له‌م پاره‌ی زۆره‌ی نه‌وت، که‌ له‌ ژێر ده‌ستی پارتیدا بووه‌؟
ته‌نانه‌ت دکتۆر نجمه‌دین، گووتی : مانگانه‌ 10 ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرین بۆ که‌رکوک واته‌: تا ئێستا ده‌بێت 260 ملیۆن دۆلاریان دابێت به‌ که‌رکوک، کوا ئه‌م پاره‌؟
وه‌ڵامی ئه‌و بیان و داتایانه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌کانیش ناداته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت: سێ مانگی رابردوو 73 ملیۆن دۆلارم بۆ که‌رکوک و کۆمپانیای کارکه‌ر خه‌رجکردووه‌، پاره‌که‌ش نادیاره ، هۆکاری چی بوو، کاک قوباد تاڵه‌بانی، بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، ڕه‌زامه‌ندی نواند له‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی نه‌وتی ئه‌م دوو کێڵگه‌یه‌ی ئاڤاناو بای حه‌سه‌ن ؟
ده‌بوو جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌زیریی دارایی، به‌ده‌نگی به‌رز بیانوتایه‌: ئه‌م پاره‌ زۆره‌ی نه‌وت چی لێهات، که‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستانیشی لێنه‌درا، موچه‌ش به‌قه‌رزکردن له‌ کۆمپانیاکان و ڕاکێشانی سیوله‌ی نه‌قدی بانکه‌کان درا، نه‌ک داهاتی نه‌وتی که‌رکوک.
واته‌: نه‌وته‌که‌ برا، پاره‌که‌ش نه‌ بۆ که‌رکوک خه‌رجکراو نه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان، نه‌ جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت و نه‌ پارێزگار و نه‌ حیزب و نه‌ وه‌زیرو نه‌که‌س قسه‌ی نه‌کرد؟! بۆ؟
ده‌بێت پێش پارتی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ پارێزگارو جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت بپرسێت.
له‌ چه‌ندین کۆبونه‌وه‌دا دکتۆر ئاشتی هه‌ورامی و ته‌نانه‌ت نێچیرڤان بارزانیش وتوویانه‌ چی دیکه‌ ئاڤاناو بای حسن کێڵگه‌ی که‌رکوک نین. زاراوه‌ی ئه‌مبه‌ری زێو ئه‌و به‌ری زێیان به‌کارهێناوه‌. نه‌کاک قوبادو نه‌هیچ وه‌زیرێک قسه‌یان نه‌کرد و نه‌یان گوت بۆ؟ چۆن؟ به‌بڕیاری کێ؟
سێ کێڵگه‌که‌ی دیکه‌ی که‌رکوک .
10 مانگ، به‌ تێکڕا 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی دیکه‌ی سێ کێڵگه‌ی جه‌مبورو خه‌بازو بابه‌گۆڕگۆڕ، که‌ کۆمپانیای نه‌وتی باکور کاری تێدا ده‌کات، له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ فرۆشرا، 2 ملیارو 25 ملیۆن دۆلار داهاته‌که‌ی بووه‌، کوا ئه‌م پاره‌؟ چه‌ندی درا به‌ که‌رکوک؟
بۆ کاک قوبادو دکتۆرنجمدین به‌ده‌نگ نه‌هاتن.
به‌گشتی … له‌ 26 مانگی رابردودا به‌به‌های 11 ملیارو 775 ملیۆن دۆلار ته‌نیا نه‌وتی که‌رکوک فرۆشراوه‌. ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا پاره‌ی ئه‌م نه‌وته‌ی بدایه‌ به‌ موچه‌ له‌ 2014 – 2015 دا، ئێستا گرفتی موچه‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م پاره‌یه‌ نه‌ما، به‌ قه‌رزی کۆمپانیاو راکێشانی پاره‌ی بانکه‌ ئه‌هلییه‌کان موچه‌ درا، هیچ که‌سیش له‌م حکومه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌م پاره‌ زۆره‌ به‌ده‌نگ نه‌هات ( نه‌ جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت، نه‌ وه‌زیری دارایی) پێویسته‌ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ به‌رپرسانی حیزبه‌که‌ی له‌ هه‌موو کابینه‌ جیاوازه‌کاندا بپرسێت بۆ قبوڵتان بووه‌ له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ پاره‌ی نه‌وت بچێته‌ بانکێکی ئه‌هلی!!، که‌ محسوبه‌ له‌ سه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوه‌کو ئێستا نزیکه‌ی 25 ملیار دۆلاری داهاتی نه‌وت چووه‌ته‌ ئه‌م بانکه‌و وردبینی نه‌کراوه‌و که‌س نازانێت چۆن خه‌رجده‌کرێت؟ چه‌ندی لێخه‌رجکراوه‌؟
هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌کیش له‌م بانکه‌وه‌ ده‌رچووبێت بۆ حکومه‌ت به‌ دینار، بانکه‌که‌ بۆ هه‌ر سه‌د دۆلاری به‌ 117 هه‌زار دینار گۆڕیوه‌‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش 10٪ داهاتی نه‌وت بۆ ئه‌م بانکه‌ بوو، ئه‌ی کاک قوبادو وه‌زیره‌که‌ی گۆڕان و یه‌کێتی و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ، بۆ قسه‌یان نه‌کردووه‌و ئێستاش هه‌ر نایکه‌ن؟ 60٪ ئه‌و نه‌وته‌ی که‌ ده‌ڕوات بۆ تورکیا له‌ کێڵگه‌کانی خورمه‌ڵه‌و ئاڤاناو بای حه‌سه‌نه‌، ئه‌م کێڵگانه‌ هی حکومه‌تی عێراق بوون، له‌سه‌ر کام بنه‌ما دراون به‌ کۆمپانیای کاری نزیک له‌ پارتی. مانگانه‌ چه‌ند پاره‌ ده‌درێت به‌م کۆپانیا؟
پاره‌ی پرۆژه ‌(شیرینی نه‌وت ) تاوه‌کو 2010 بڕه‌که‌ی 5 ملیار دۆلار بووه‌و ئێستا گه‌شتووه‌ به‌ 8 ملیار دۆلار، کوا ؟ چۆن خه‌رجکرا ؟ چۆن به‌شکرا ؟
له‌ ئێستادا ته‌نیا ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ به‌سه‌، ئه‌گه‌ر یه‌کێتی نیشتمانی و مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی ئه‌و حیزبه‌ بڕیاریانداوه‌ به‌رگری له‌ داهاتی نه‌وت بکه‌ن، منیش له‌گه‌ڵیانم، ئه‌گه‌ر شتی دیکه‌ ئه‌وه‌ دژایه‌تیم روونه ‌.
به‌ڵێ پارتی هه‌موو ئه‌مانه‌ی کردووه‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت زیاتریش ده‌کات، به‌ڵام کێ هاوکار بووه‌؟ کێ به‌رپرس بووه‌ و بێ ده‌نگی کردووه‌؟ کێ شه‌ریک بووه‌. ئێستاش کات ماوه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر بڕیاری جدی بدرێت، هیوادارم هێرۆخان بۆ شه‌فافیه‌ت و دادپه‌ره‌وری و خه‌می که‌رکوک و هه‌موو کوردستان به‌ ئه‌نجام بگات، نه‌ک وه‌ک براده‌رانی پێشوو.

تێبینی: ئه‌م نووسینه‌ ته‌نیا بۆچونی که‌سی خۆمه‌و که‌س لێکدانه‌وه‌ی حیزبی بۆ نه‌کات.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد