عیماد عەلی : ئیسلامیەکانی کوردستان و تێکەڵیەک لە نێوان کاری سیاسی و بانگەشەکاری ئیسلامی دا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

با یەکەم جار دان بەوەدا بنێین، کە تا ئێستا لەم کاتەدا لەچاو قۆناغی راستەخۆی پاش راپەرین، جیاوازیەکی گەورە لە کار و کرداری سیاسی لایەن و کەسایەتیە ئیسلامیەکانی کوردستاندا دەبینین و گۆرانکاریەکی گەورە رویداوە .
کە بەوردی لە لێدوان و دیکۆمێنت و بەیاننامە و هەڵوێست و رەفتار و کرداری ئیسلامی سیاسی کوردستان لەمەر هەر پرسێکی سیاسی بێت یان فکری یان بە تایبەتی هەر بابەتێکی پەیوەست بە ماف و ئامانجەکانی گەلی کوردەوە دەکۆڵینەوە، جگە لەوەی روویان زیاتر لە میانرەوی کردووە، بەهەمان شێوە تۆزێک مەیلیان لە جیاکردنەوەی کاری سیاسی و بانگەشەکاری ئیسلامیە، بەڵام تا ئێستا لەوبارەوە هەنگاوێکی کردەیی گەورەیان نەناوە و تێکەڵیەکە بەردەوامە و، بە تۆزێک پێشکەوتنەوە لەلایەنی تاکە کەسیەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین وەک خۆی ماوە .
پابەندبوون بە بنەما جێگیر و ناجێگیرەکانی ئیسلام وەک خۆی، بێ هیچ دەستکاریەک هەرچەند قازانج بەخشیش بێت، تا رۆژگاری ئەمرۆ گەورەترین بۆشایی ئەم حزب و کەسایەتیانەیە . ئەگەر بە روپێویانە بە شێوە و کرداری ئەم چەند حزبەدا بچینەوە ( بە دوور لە هەندێک بیرفراوانی تاکەسی نێو ئەم حزبانە) ، هەرچەند جیاوازیەک بچوک دەبینین، بەڵام لە رووی بانگەشەی ئیسلامی و کاری سیاسی و ستراتیجەوە جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە، بۆیە ناکۆکیەکانیان لە مەر یەکگرتن و هاوپەیمانێتی هەمیشە لەسەر کاری سیاسی و تەکتیک و جۆرێک لە پیادەکردنی رەفتارەکانیانە نەک بنەما جێگیرەکانی ئیسلام و فەرز سونەت و ئەرکەکانیان . بۆیە تاوەکو لە رووی کاری سیاسی و بانگەشەی ئیسلامیەوە گونجاندنێک لە بیر و رەفتاریاندا دروست نەبێت زەحمەتە لە یەکگرتن و هاوپەیمانێتی نزیک ببنەوە . بۆیە جیاکاری لە نێوان بانگەشە و سیاسەت هەم قازانجی بۆ خۆیان دەبێت و هەمیش بۆ بەرێوەچونی وەزعی سیاسی کوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە هەمەجۆرەکانیش .
یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی ئەم جۆرە حزبانە و جیاکردنەوەیان لە یەکتر، دیدگایانە لەسەر بەکارهێنانی توندوتیژی لە سیاسەت و کارو کردەوەیاندا، ئەمە جگە لە جیاکردنەوەی بانگەشەی ئاینی ئیسلامی و لایەنی روحی و کردەوەی سیاسی هەر یەکەیان لەسەر ئەرزی واقیع . حزبەکانی کوردستانیش پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەیە لە مەر ئەم بابەتە و قەناعەت کردن بە ئاراستەی میانرەوی رێکەوتنی هەمویان لەسەر ئەم بنەما سەرەکیە زۆر گرنگانەیان .
ئینجا هەڵگرتنی بەپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی و خوێندنەوەی لە رووی ئاینی ئیسلام و جۆری بیرکردنەوە لەمەر ئەم ئامانجە گشتیانە و گۆشکردنی لایەنگر و هەوادار و کادرانیان بە ئالیەتی کارکردن لەم رووەوە، لەگەڵ خوێندنەوە و پسپۆرییەتی کاری بانگەشەیی بە پێی توانا و زانیاری هەر زانا و کادرێکیان، نەک رێگەدان بە کادری سیاسی بۆ کردەوەی هەمەچەشنی فکری و سیاسی و تەنانەت عەسکەریش . کە وردبینەوە دەبینین؛ تێۆریستەکانیان هەمان ئەو کادرە سیاسی و عەسکەریانەن کە لە مێژووی حزبەکانیاندا رۆڵی هەمەجۆریان بینیوە . نەبونی لایەنی تایبەت بە هەڵگرتنی بەپرسیارێتی لە بوارە جیاوازیەکان و پسپۆری لە کاری سیاسی و بانگەشەیی و جیانەکردنەوەی تایبەتمەندی کوردستانی بونیان لە حزب و حەڵکی تری وڵاتان و شوینەکانی تری ناوچەکە و جیهان و، لاساییکردنەوەی زۆرێک لە لایەنە ئیسلامیەکان و پابەند بوونی زیاتر بە رێنامیی و رەفتار و گوفتاری ئیخاونەکانی جیهان و، تەماشا نەکردنی جیاوازی مێژوو و داب و نەریت و خەسڵەتە تایبەتیەکانی گەلی کوردستان و جوگرافیا و بۆماوەییە فیکریەکان و بیرکردنەوەیان، تا بێت ئەم حزبانە لاتەریک دەکات .
رەفتاری پاشکۆیەتی چ لە باری ناوچەکە یان جیهان، لەگەڵ حزب و رەوتە نزیکەکانیان لە رەوتی ژیانی گەلی کوردستان دووریان دەخاتەوە . لەم بارەوە جیاوازیەک لە نێوانینادا بەدیدەکرێت، کە دەتوانن بە گفتوگۆکردن و لێک نزیکبونەوە ئەو بۆشاییە کەم بکەنەوە و تایبەتەمەندیە کوردستانیەکەشیان زاڵتر بکەن .
کورتەی مەبەستمان، پێویستیەکانی گونجاندنی کاری لایەن و کەسە ئیسلامیەکان لە کوردستان، لە خۆرزگار کردن لە تێکەڵکردنی کاری سیاسی و بانگشەکاری دەبینێتەوە و زۆر زەروریە کە ئیسلامی میانرەوی خۆی فەرز بکات و پسپۆرێتی بناگەشە و کاری سیاسی بە خەڵکی تایبەتمەندی خۆی بدرێت و، بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکان لە رەوتی ژیانی سیاسی حزبی و بانگەشەی ئیسلامی جیابکەنەوە و، سەرەتای ئیسلامیەتیەکی مۆدێرنە بێننە کایەوە، کە بتوانن تەنانەت ئیسلامیەکانی جیاهنیش چاو لەمان بکەن . ئەو کاتە دتوانم بڵێم، ئەو کەسو حزب و رەوتانە قازانجی سەرەکیان بۆ خۆیان و کوردستان و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکانیش دەبێت و دەبنە پێشەنگی ئیسلامی سیاسی و رەونەقێکی کوردانەی گەشی پێ دەبەخشن و بە هەمان مەبەستی زۆرێک لە ئیسلامیە سیاسیەکانی وڵاتانی دەوروبەرمان، لە سەر ئەرزی واقیعی کوردستان کاریان زیاتر مەیسەر دەبێت و، هەر هیچ نەبێت بۆ ئەم کاتە کە رەوتی ژیانی خەڵک لەسەر ئەم واقعەی کوردستان و ئاستی رۆشنبیری خەڵک و بیروبۆچونیان دا، تەزکیەی ئەم جۆرە حزب و لایەن و کەسایەتیانە دەکات و، بۆ قۆناغێکی درێژ رۆڵی خۆیان دەگێرن و قازانجیان لەزەرەریان زیاتر دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت