هاوکار حسەین: نادییه‌ & مه‌لالا، دوو چیرۆك‌ و یه‌ك حیكمه‌ت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوانیوه‌ڕۆیه‌كى سه‌ره‌تاى پایزى ساڵى 2012، له‌ناوچه‌ى سواتى پاكستان، كابرایه‌كى ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو، هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر كیژێكى ته‌مه‌ن 15 ساڵ و 3 گوله‌ى ده‌مانچه‌ى پێوه‌ده‌نێت، هه‌موو تاوانى كچه‌ ئه‌وه‌ بوو ده‌یویست هاوته‌مه‌نه‌كانى خۆى خوێنده‌وارو هۆشیار بكاته‌وه‌. ئه‌م 3 گوله‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان به‌ر سه‌رى ده‌كه‌وێت، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ژیانى ئه‌م كچه‌ ئه‌سمه‌ره‌ى گۆڕى. پاش ئه‌وه‌ى به‌بێ هۆشى ره‌وانه‌ى به‌ریتانیا كراو ژیان ده‌رفه‌تێكى دیكه‌ى پێدایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان جیاوازتر. ئێستا له‌هه‌موو دنیادا به‌س ناوى (مه‌لالا یوسه‌فزه‌ی) بهێنه‌، هه‌موو ده‌زانن باسى كێ ده‌كه‌یت، مه‌لالا بوو به‌یه‌كه‌مین كه‌س له‌مێژودا به‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌وه‌، خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى بباته‌وه‌. ئێستاش خه‌ونى هه‌یه‌ ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى پاكستان.
جا ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ى بیست، سه‌ده‌ى ئه‌مریكا بوبێت، له‌وه‌ ده‌چێت سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك، سه‌ده‌ى كه‌س و گه‌له‌ په‌راوێزخراوه‌كان بێت. مێژووش به‌رده‌وام خۆى دوباره‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌شوێن و كاتى تر. بۆیه‌ هه‌مان ئه‌و مێژوویه‌ى به‌سه‌ر مه‌لالا- دا هات، لێره‌ش له‌كوردستان دووباره‌ بۆوه‌، كاتێك به‌ره‌به‌یانێكى گه‌رمى سه‌ره‌تاى مانگى ئابى 2014، گروپێكى توندڕه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ك بۆ ئێزدییه‌كانى شه‌نگال داده‌خه‌ن‌و زیندوه‌كانیش وه‌ك كه‌نیزه‌ك‌و كۆیله‌ له‌گه‌ڵ خۆیان راپێچ ده‌كه‌ن، پاش 3 مانگ له‌چه‌وساندنه‌وه‌ى سێكسى‌ و ده‌رونى، یه‌كێك له‌كیژه‌كان چانسى ده‌ربازبونى بۆ ده‌ڕه‌خسێت، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى ره‌قه‌ى پایته‌ختى خه‌لافه‌تى ئیسلامى به‌جێهێشت، ئیدى هه‌ر رۆژه‌ى له‌پایته‌ختى وڵاتێكى دنیا، چیرۆكى ئازاره‌كانى ده‌گێڕایه‌وه‌و له‌هه‌ر شوێنێك ده‌یانوت نادیه‌ موراد دێته‌ژوره‌وه‌، هه‌موان به‌تامه‌زرۆوه‌ گوێیان بۆ راده‌داشت. ئه‌و 3 مانگ كۆیلایه‌تیه‌، وه‌ك 3 گوله‌كه‌ى سه‌رى مه‌لالا، هه‌مو ژیانى نادییه‌ى گۆڕى، هه‌ر ئه‌مڕۆ نادییه‌ بو به‌باڵیۆزى نیازپاكى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان.
خاڵى هاوبه‌ش له‌نێوان نادییه‌و مه‌لالادا زۆره‌، هه‌ردوكیان له‌و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تیانه‌ن كه‌ مێژوو زوڵمى زۆرى لێكردون، یه‌كه‌میان ئێزدى‌و دووه‌میان پشتوو. هه‌ردوكیان له‌سه‌ر لێوارى مه‌رگ گه‌ڕانه‌وه‌، نادییه‌ قوربانى ده‌ستى چه‌ته‌كانى داعش‌و مه‌لالاش هى تیرۆریستانى تاڵیبان. هه‌ردووكیان له‌سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نیاندا، گه‌وره‌ترین ده‌رگاى به‌خت به‌رویاندا كرایه‌وه‌، هه‌ردوكیشیان یه‌ك خه‌م كۆیكردونه‌ته‌وه‌، خه‌مى داكۆكى له‌ژنان‌و منداڵانى سته‌ملێكراو. نادییه‌ش پاڵێوراوه‌ بۆ بردنه‌وه‌ خه‌ڵاتى ئاشتى، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ روبدات، ئه‌وا هه‌ردوكیان له‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌دا، شه‌ره‌فى خه‌ڵاتێكى وا گه‌وره‌یان پێده‌بڕێت.
له‌چیرۆكى ژیانى ئه‌و دوو كیژه‌دا، حیكمه‌ت‌و په‌ندێكى مۆڕاڵى نایاب، خۆى حه‌شاراوه‌: زۆرجار چه‌رخى فه‌له‌ك به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سوڕێت، ئه‌وانه‌ى له‌په‌راوێزو كه‌لاوه‌كانى ژیاندا دانیشتون، بێ ئه‌وه‌ى خۆیان پلانیان بۆ دانابێت، به‌ده‌ستێكى ئه‌فسوناوى هه‌ڵده‌درێنه‌ ناو كۆشك و ته‌لاره‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كانى ژیان، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ى به‌دیار كوژانه‌وه‌ى مۆمى ئومێدیانه‌وه‌ دانیشتون، ده‌بێت باش له‌و قسه‌یه‌ى مه‌لالا وردببنه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: “منداڵێك، مامۆستایه‌ك، كتێبێك یان قه‌ڵه‌مێك به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ى بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ دنیاى خۆت و خه‌ڵكیش بگۆڕێت”. ئـەم دوو چیرۆکە پێمان دەڵێت، مرۆڤ لەھیچ دۆخێکدا نابێت ئـومێد لەدەستبدات، تەنانەت لەو کاتەش کە پەتی سێدارە بەملیدا شۆڕدەکرێتەوە، دەبێت ئـومێدی بەپچڕانی پەتەکە ھەبێت، نەک بەھاتنی مەرگ.