کارزان کۆیی: هەمووحیزبەکان پاشکۆ و سەماکەرن ! پارتی نەبێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەبەستم حیزبەکانی نێو ئەم دەسەڵاتەیە، کە بونەتە کۆمپانیایەکی سیاسی بۆکاری بازرگانی و، بەرگی مەڕیان پۆشیوەو دانیان دانی گورگە . لە تەڕ دەخۆن و لەوشک دەخەون و لەژێر دەواری خیانەتدا بۆبڕێ لە پشکی دزی ، نیشتیمان هەڕاج دەکەن . لەدەرەوەی ئەو دەوارەشدا، تەزبیحی چاک سازی بۆ میلەت دەهۆننەوە.
منێکی بێ لایەن و بێ منەتم لەهەمو حیزبەکان، هەوڵ ئەدەم پەردە لەسەر تارمایی ئەو حەقیقەتە هەڵدەمەوە، کە زۆرێک پێی ئاشنانین ، تاچی تر چەواشەکاریی ئەم حیزبە دووڕوانە بەسەر کەسدا گوزەر نەکات . وەڕاستیەک هەیە، دەبێ هەموان بیزانن، کە ئەم حیزبانەو حیزبی دەسەڵاتدار لەحیزبی بەعس ترسناک ترن، حیزبی بەعس بەڵێ توانی تەعریب و تەبعیدو تەبعیس و ئەنفالمان بکات. بەڵام نەیتوانی وەک ئەم حیزبانە بەناوی کوردایەتیەوە تاک بەتاکی ئەم نیشتیمانە، سوک و بێ ئیرادە بکات و میلەت بخەسێنێ .
ئەم حیزبانەی لەژێر ڕەشماڵی حیزبی دەسەڵاتداردا کار دەکەن، خۆشیان باش دەزانن لەئاست ئاوات و خواستی جەماوەریاندا نەماون و، وە تابمێنەوە ناشرین تر دەبن بەڵام لەبەرشیرینی دزی دەست بەرداری دەسەڵات نابن و، ڕۆژێک هەڵوێست دەفرۆشنەوەو، ڕۆژێکی تر دانوسان دەکڕن، بەقسەو لێدوان و بەیانامەی بێ باج، بەناوی چاک سازییەوە میلەت دەگەوجێنن . هەموو ڕەخنەو گلەیی و گازندەو ناڕەزاییەکانی میلەتیش ڕوو بەڕووی پارتی دەکەنەوە. ئەی ئەوە ئەوان نین دەڵێن پارتی پەرلەمانی پەک خستوە ؟، وەزیرەکانی گۆڕانی دەرکردووە ؟، موچەی کردۆتە نیوە و لایەکی وڵاتی لەسەر خۆی تاپۆ کردوە ؟ . وەدەڵێن : ئەمە حکومەت نیەو کاک مسعود سەرۆکی ناشەرعیەو تاکڕەوانە خۆی چیبوێ وائەکات . بەکیفی خۆی لەگەڵ تورکیا ڕێک دەکەوێ و لەگەڵ مالیکی شەڕدەکات و ئەو دەنگانەی هێناویەتی هەمووی لە دهۆک بووە، ئەویش تەزویر بووە. گەر دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەدڵ نەبێ دایدەخاو، شاربەدەریان دەکا و دەنگە ناڕەزاییەکان تیرۆر دەکا و هەموو گرێبەستە نەوتیەکان، هەرخۆیان ژێر بەژێر دەیکەن و جامانە سورێکی نەخوێندەوار لەوەزیرێکی سۆرانی بەڕیز ترە .
لەگەڵ ئەم هەموو هاتووهاوارو ناڕەزایەدا دەبینین، حیزبە خەسێنراوەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەسەڵات بەجێ ناهێلن و بونەتە هاوبەشی تاوان . بەرامبەر ئەو هەڵانەی وەک خۆیان دەڵێن، کە پارتێک ئەنجامی دەداو میلەت باجی ئەدا . ئەم قسە و قسەڵۆکانەی ئەم حیزبانە تەنها وەک مۆرفین دراوەتە میلەت . وە هیچ کاریگەریەکی نەبووە لەسەر دەسەڵات و لایەنگرانی پارتی. وەک حیزب پارتی کەمی نەکردوە ، ئەوەی دەیبینین هەر لایەنگرانی یەکێتیە دەچێتە ناو گۆڕانەوەو گۆڕانە دەچێتە وە ناو یەکێتی، لەهەردوکیانیشەوە دەچنە ناو پارتی بەڵام چوار دەموچاوی ناسراومان نەبینیوە واز لەپارتی بێنێ و بچێتە ناو حیزبەکانی تر . ئەم حیزبانە بەهاوبەشی حیزبی خاوەن دەسەڵات، سەریان لەمیلەت شیواندوەو لەوەتی هەن هەر ڕۆژەو گرفتێکیان کردۆتە ڤالیۆم و دەرخواردی میلەتیان داوە. ڕۆژێک بەشەڕەپەڕۆ، ڕۆژێک بە شەڕی ناوخۆ، ڕۆژێک بە ئەنفلۆزای باڵاندە، ڕۆژێک بەدژایەتی مالیکی و ڕۆژێک بەداخستنی فەرشی سور بۆی. ڕۆژی بە عەبادی و ڕۆژێک بە حەنان فەتلاوی ڕۆژێک بە دژایەتی پەکەکەو ڕۆژێک بە هاوپشتی . ڕۆژێک بە فیت پەمپ و، ڕۆژێک بە ئەزمەی ‌‌غازو بەنزین، ڕۆژێک بە ڕێکەوتنی ستراتیجی، ڕۆژێک بە نەبونی موچە، ڕۆژێک بەشەڕە بوتڵی ئەندام پەرلەمان و، ڕۆژێک بە شکستی حکومەتی بنکە فراوان و، کۆچی گەنجان و، ڕۆژێک بەخەتەنەی ژنان، ڕۆژێک بە لێ نەپرسینەوەی تاوانبارانی شاڵاوی ئەنفال و، ئازاد کردنی فڕۆکەوان . ڕۆژێک بە چاو کوێرکردنی هاوڵاتیان و، ڕۆژێک بە‌هێنانی دەرمانی بەسەرچوو، ڕۆژێک بە کەمی ئاو کارەبا، ڕۆژێک بە نەبونی دەرزی دوپشک لە نەخۆشخانەکان و، ڕۆژێک بەبڕینی گاز لەمولیدە ئەهلیەکان، ڕۆژێک بە هەدەردانی پارەی میلەت بۆ میدیا حیزبیەکان، ڕۆژێک بە گواستنەوەی سەنگەری خەباتی فڵان و فڵان ، ڕۆژێک بە بەخشینی پلەی عەمیدو لیواو بۆ کچە هونەر مەندەکان .
بەڵام ئەمڕۆ حیزبی دەسەڵاتدار دەرئەنجامی مل کەچی و پاشکۆبونی حیزبەکان پێویستی بەو ڤالێۆمانە نەماوەو ئەو حیزبانەی فەرامۆش کردوەو بە ئاشکرا بەمیلەت دەڵێ: گەر مل کەچ نەبن داعشتان بۆ دەهێنم . من وەک خودی خۆم، قێز لەم حیزبە پاشکۆیانە دەکەمەوە. وە هەر حیزبێک گەر تنۆکێ هەست و ویژدانی هەبێ، پێم وایە نابێ چی تر بەژداری لەم حکومەتەدا بکات. لایەنگرانیشیان گەر کاسەلێسەرەوە نەبن، نابێ ئەم پاشکۆییە لە حیزبەکانیان قبوڵ بکەن و دەبێ لێیان ڕاپەڕن .
چونکە ئەم دەسەڵاتە خێڵەکیە نابەرپرسیارو ستەمکارە، خۆسەپێنە دەستی بەسەر هەموو کوردستاندا گرتوە، نەدەیەوێت وە نەدەتوانێ دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکات، بەڵکو دەیەوێ کوردستان بکاتە بەهەشت بۆ خۆیان و دۆزەخ بۆ میلەت .
هەرکەسێ لەئێمە، گەر ژیرانە خوێندنەوە بۆ ئەم دۆخە بکات، دێتە سەر دوڕیانی ڕاپەڕین، چونکە چاکبونی ئەم دۆخە چەق بەستوە، تەنهاو تەنها پەیوەستە بە ڕاماڵینی گەندەڵکاران و بەر پرسانەوە، وە بەڕاپەڕین نەبێ مەحاڵە ئەم بەرپرس و گەندەڵکارانە لەبن بێن. وە ئەوکاڵفامانەی باس لەبێ بەدیلی دەکەن، ئەوانەن ، کەپەروەردەی کلتوری ئاغاو دەرەبەگ بوون، هەر چاوەڕێی ئاغایەکن لێیان خوڕێ. ئەم کلتورە ناشرینە، وای کردووە ئێستا پارتیەکان بێ خوێندنەوە ڕقیان لە لایەنگرانی یەکێتی و گۆڕانەو دوژمنی ئێرانن. بەهەمان شێوە گۆڕان و یەکێتیەکانیش دژە پارتین ڕقیان لە تورکیایە. کاریگەری ئەم کلتورەو ڕێنمایی حیزبەکان وای کردووە تاکەکان دوژمنی یەک بن، وەلە کاتی ڕاپەڕینێکی بێ سەرکردایەتی بێ گومان ئیسلامی سیاسی ئەو هەلە دەقۆزێتەوە، شەڕواڵ کورتەکان و ڕیش قەڵەم و ڕیش درێژەکان دەست بەسەر دۆخەکەدا دەگرن. جا پێویستە ئەم حیزبانە خۆیان یەکلایی بکەنەوە، بۆ مەرامی خۆیان خۆڵ نەکەنە چاوی میلەتەوە بوێرانە لەدەسەڵات بێنە دەرەوەو، لەدوای داڕشتنی نەخشە ڕیگایەک بۆ ڕاپەڕین، ببنە قەڵغانی میلەت. گەر نا، کە میلەت ئاگری گرت، نەدارو دەستەو نە گەندەخۆرو مافیاکانیان ناتوانن لەدەستی میلەتیان دەربێنن .

وەک کوردێک بەڕێزەوحورمەتەوە ڕوو دەکەمە کاک مەسعود و دەڵێم: سەرۆک بە چەند دێڕێک بێ ڕتوش بەئاگات دێنم لەئاخوداخی ئەم میلەتە، چونکە هێندێک پێی وایە ئێوە لەبری ڕاوێژکار ـ کاوێژکارتان هەیە، مەسینە هەڵگرەکان وڵات دەبەن بەڕێوە و، گەندەخۆرو مافیاکانیش بێ ئاگان لەوەی چی لەم نیشتیمانە جەرگ سوتاوە دەگوزەرێ . لەم نیشتیمانەدا، دوێنی بوو بەرپرسەکان سەرکردایەتی شۆڕشیان کرد، بەخوێنی هەژاران بۆڕوخاندنی دکتاتۆرەکان. بەڵام ئەمڕۆ خۆیان بوونەتە گەورەترین دکتاتۆر لەسایەی خوێنی شەهیدان بۆ مژینی خوێنی هەژاران . جاران میلەت دزی لەحکومەت دەکرد، ئێستا حکومەت دزی لە میلەت دەکا . جاران پێویستیمان بە پارێزەرێک بوو یاسا بناسێ، ئێستا پارێزەرێکمان دەوێ دادوەر بناسێ ، جاران هەموان گیرۆدەی دەستی خانوادەی صەدام بوین، ئێستا هەموو گەڕەکێک دەخانەوادەی وەک صەدام و هەزارانی وەک عودەی تیایە، جا بەڕێزم هیوادارم هەڵوێستەیەک بکەی گەردەتوانن ئەم بارودۆخە چەق بەستووە چاک بکەن، گەر نا دەسەڵات ڕادەستی میلەت بکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت