عیماد عەلی: دروستکردنی هەرێمێک بە دابەشکردنی نەینەوا بۆ سێ پارێزگا، لە قازانجی کێدایە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەزانین پارتی و تورکیا لەسەر ئەوە کۆکن کە پارێزگای نەینەوای ئێستا بکرێت بە سێ پارێزگا و لە چوارچێوەی هەرێمێکدا کۆبکرێنەوە و، ببێت بە دووەم هەرێمی دووەمی عیراقی و سەر بە حکومەتی فیدراڵیی ناوەندی عیراق بێت، ئەمەش تەنها لە رووی یاساییەوە دەبێت و نەک لەسەر ئەرزی واقیع، چونکو دەزانین چەند دەبێتە پاشکۆی راستەوخۆی تورکیا زیاتر لەوەی ملکەچی دەستور و یاساکانی عیراق بێت .
دیارە پارێزگایەکی سێ پارێزگا نوێکە، ناوچە کێشە لەسەرکانیش دەگرێتە خۆی، ئەویتر دەشتی نەینەوا کە بۆ کەمە نەتەوایەتیەکان دەبێت و، ناوەندی شاری موسڵیش بە دەروبەرە نزیکەکانیەوە پارێزگای سێیەم دەبێت، کە ئەمە سەرەتای کشانەوەی کوردە لە پابەند بون بە مادەی 140 ی دەستوری عیراق و پێشێلکردنی مافی یاسایی خەڵکی کوردستانە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ بریاردان لەسەر چارەنوسی خۆیان .
ئەگەر بێت و ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت، کە تا ئێستا ناکۆکی زۆری لەسەرە لە نێوان سەرجەم لایەنە عیراقیەکان و بەتایبەتی حشەدی شەعبی و رارایی حکومەتی ناوەندی و ئێران لەلایەک و لایەنە زاڵەکانی موسڵ و کەسایەتیە دەسترۆیشتوەکانی وەک دووبرا نوجەیفیەکان و پارتی و تورکیای پاڵپشتیان لە لایەکی ترەوە و، کەس نازانێت بە چ لایەکدا دەشکێتەوە، ئەوەی یەکلایین لێی ئەوەیە کە بە جێبەجێ کردنی تەنها بەرژەوەندی تورکیا زیاتر مسۆگەر دەبێت، بە زامنکردنی پاشکۆیەتی ئەو هەرێمە وەک دووەم هەرێمی عیراق بۆ خۆی .
جارێک با لە قازانجی کورد لەم پلانە بروانین :
1 – بەشێکی خەڵکی رەسەنی کورد لە ژێر حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا دەچنەدەر، کە ئێستا بە ئەمری واقیع لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە حوکمداری دەکرێن و ئەوساکە دەکەونە ژێر رەحمەتی حوکمی ناوەندی هەرێمە تازەکە، کە بێگومان ناوەندی شاری موسڵ دەبێتە پایتەختەکەی و بە راستەوخۆ لە ژێر رەحمەتی فەرمان و بەرژەوەندیەکانی تورکیادا دەبێت .
2 – دروستکردنی ئەو هەرێمە تازەیە بە شێوەیەکی یاسایی و لەسەر ئەرزی واقیع، دەبێتە دانپێدانانێکی راستەخۆی خودی کورد بەوەی ئەو ناوچانە سەر بە کوردستان نین و خەڵکەکەش دڵشکاو دەبن و لە روحیەت و گَیانی نەتەوەیی و نیشتیمانی دادەماڵرێن و، دەکەونە ژێر رەحمەتی زۆرینەی ئەو هەرێمە کە عەرەبی سونەی سەر بە تورکیا دەبن .
3 – تورکیا لەو رێگەوە دەتوانێت کۆنترۆڵی زیاتری ئەم بەشەی عیراق بکات بۆ خۆی و تەنانەت هەموو شتێک لە رێگەی پارتیەوە، کە ئەو کاتە زیاتر ملکەچ دەبێت، بەسەر هەرێمی کوردستاندا فەرز بکات، لە سەرجەم بوارەکاندا بە تایبەتی لە باری ئابووری و پەیوەندیەکانی نێوخۆی خۆی لەگەڵ لایەنەکان و لەگەڵ ناوەند و پەیوەندیە دەرەکیەکانیشیدا .
4 – ناوچە دابراوە کوردستانیەکانی تری وەک کەرکوک و خانەقین و مەندەلی و دەشتێکی فراوانی دوز و خواروی هەولێر، دەکەونە ژێر رەحمەتی دوو هاوپەیمانی توندی سونە و تورکیا کە بێگومان هەرێم ناتوانێت مافە مێژوییەکانی لەو خەڵکانە وەربگرێتەوە .
5 – بواری دابەشبونی هەرێمی کوردستان بۆ دوو میحوەرەکەی ئێران و تورکیا زەقتر دەبێتەوە و ئەگەری دابەشبونی زیاتر دێتەئاراوە و خۆی فەرز دەکات .
6 – لەو حاڵەتەدا، کاتی دامەزراندنی هەرێمی سونەش پێشدەکەوێت و لە ماوەیەکی دیاریکراودا دروست دەبێت و هەرێمی کوردستان دەبێتە ژێردەستەی دووهەرێمی ناوەخۆیی دراوسێی خۆی و تورکیای پاڵپشتیان لە لایەکەوە و، ئێران و حکومەتی ناوەند و پابەندبونی بەشێکی هەرێمی کوردستان بە ئێرانەوە، لە لایەکی ترەوە .
7 – تەنها قازانجێک لە دروستبونی ئەو هەرێمەی موسلە تازەیە ئەوەیە، کە هەرێمێکی تر لەعیراق دروست دەبێت و شێمانەی گەرانەوەی حوکمی ناوەندی عیراق بە یەکجار ناهێڵێت .
ئەوەی لەم پلانە بە روونی دیارە ئەوەیە، کە دەستی تورکیا لە عیراق توندتر و زاڵتر دەبێت و دەتوانێت پلان و سیاسەت و فەرمانەکانی بە ئاسانی لە عیراقدا جێبەجێ بکات و، ئەمەش لە دەرئەنجامدا جگە لە ملکەچ بون بە پلان و تموحە مەودا دورەکانی ئۆردوگان هیچ شتێکی تر ناگەیەنێت .
بەم پلانە ستراتیجیە ئەو شیعارە سیاسیەی کە بە خەون ناودەبرێت و بارزانی بەردەوام لە کاتێکدا کە دەکەوێتە تەنگانەوە دەیڵێتەوە و لە سەربەخۆیی کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە، دەبێتە بڵقی سەر ئاو و ئەگەر بارزانی پێ بزانێت یان نا بە دەستی خۆی ئەو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیە لەگۆر دەنێت و، ئەو ئیدعا چەواشەکاریەش بۆ خەڵک روون دەبێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت