کامەران چروستانی : ئەگەر هزرمان هاوردە بکردایە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیانزە ساڵ بەسەر ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام و بیست و پێنج ساڵ بەسەر دەسەڵاتی خۆیی کوردستاندا تێپەدەپەڕێت. ئەم ماوە دوور و درێژە کاتێکی بەس بوو بۆ ئەوەی وڵاتێکی کاولکراو بنیات بنرێتەوە، کۆمەڵگا ڕەوتی ئاسایی ژیانی خۆی بگرێتەوە و بوارە جیاوازەکانی ژیان هێدی هێدی ئەگەر پێشکەوتنێکی زۆریش بە خۆیانەوە نەبینن، ئەوا چەند هەنگاوێکی باشیان بەرەو پێشەوە نابێت. بەڵام مەخابن. ئەوەی لە مەیدانی واقعی عێراقی و کوردستانیدا دەگوزەرێت زۆر دوورە لەو خاڵەی، کوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی دەبووایە پێی بگەشتایە.

ئەوەی باسی لێوە دەکرێت و زانیارییە نهێنییەکان دەیخەنە ڕوو ئەوەیە، کە بەلایەنی کەمەوە نزیکەی سێسەد ملیارد دۆلار لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام هەتا ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ دیار نەماون جگە لەو بڕە پارە زەبەلاحانەی، کە لە پرۆژەی خەیاڵیدا سەرف کراون. بێگومان هەموو ئەم پارانە لە لایەن سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی عێراقەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان براون: لە سامانی وڵاتەکەوە کراوە بە سامانی تایبەت.
سەرکردە کوردەکانیش لەم بڕە پارانە و لەو بڕە پارانەی کە لەناو هەرێمی کوردستاندا دیار نامێنن، بێ بەش نەبوون و نابن. خۆ ئەگەر تەنها لە سەدا دەی ئەو بڕە پارانەی کە باس لە دیارنەمانیان دەکرێت ڕاست بن، ئەوا ژمارەیەکی ترسناکی گەندەڵیمان لە هەرێمدا بۆ دەردەکەوێت.
وەلێ با ئێمە کەس بە گەندەڵکار دانەنیین، کەس تاوانبار نەکەین و تەنها بیخەینە ئەو قاڵبەوە، کە ئەم پارانە بە هەڵە بە شێوەیەک لە شێوەکان دیار نەماون: بەڵام ئەمەش ڕوویەکی دیکەی ڕاستەقینەی ئاستی هزر و توانای بەڕێوەبردنی ئەو دەسەڵاتدارانە دەردەخات، کە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە بوارێکی هێندە پڕ هەڵەیان ڕەخساندووە بۆ ئەوەی ئەو پارانە دیار نەمێنن، بێجگە لەوەی کە بەفیڕۆ ڕۆیشتوون.
بە واتایەکی دیکە و دوور لە هەموو تۆمەتبارکردنێک کەواتە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە هەرچەندێک ناویان لەناو چوارچێوەی ڕووداوەکانی ناوەوەی ئەم وڵاتەدا زل و گەورە بن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع خاوەنی ئەو توانا هزری و زانستییە نین، کە بتوانن کۆمەڵگایەک بە دروستی بەڕێوە بەرن، ئەگینا بەبێ هیچ پاساوێک ژیانی ئەم کۆمەڵگایە دەبووایە لە ئێستادا لە ئاستێکی دیکە بووایە.
جا هەر لەسەر بنەمای دڵسۆزی و ڕۆحی نیشتمانپەروەریی ئەم سەرکردانە ( هەروەک هەمیشە باسی لێوە دەکەن ) ئەگەر بهاتایە تەنها لە سەدا یەکی ئەو بڕە پارەیەی دیار نەماوە ( نزیکەی سێ ملیارد دۆلار ) هاوردەی هزر، زانیاری، ئەزموون، پسپۆریان بکردایە، ئەگەر لە ناخی خۆیاندا قەناعەتیان بە لاوازی و ناتوانایی خۆیان بکردایە، ئاوڕێکی دڵسۆزانە و نیشتمانپەروەرانەیان لە کۆمەڵگاکە بدایەتەوە، ئەگەر بۆ جارێکیش هەنگاوەکانی خۆیان بخستایەتە ژێر پرسیارەوە و هەروەک هەموو کەرەستەیەکی هاوردەکراو بمانتوانیایە هزرێکی هاوردەکراومان بەکار بهێنایە، ئەوا بێگومان ژیانی ئەم وڵاتە بە ئاقارێکی دیکەدا دەڕۆیشت کە زۆر جیاواز دەبوو لەو کارەساتەی، کە ئێستا تیایدا دەژین.
بەڵام بێگومان نەیانویستووە و نایانەوێت ئەو بیرۆکەیە ئەنجام بدەن، نەک لەبەر ئەوەی هەستیان بە هەنگاوە پڕ هەڵە و گەندەڵکارییەکانی خۆیان نەکردبێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هەموو هەنگاوێک بەو ئاراستەیە مانای بنیاتنانی سیستمێک دەگەێنێت. دانانی سیستمیش هەمیشە مانای کەمکردنەوەی بواری دزی و گەندەڵکاری دەگەێنێت، کە ئەمەش شتێکە خواستی چینە بەرزەکەی دەسەڵات نییە و نەبووە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە هەموو نزیک بوونەوەیەک لە داڕشتنی سیستمێکی جێگیر لە هەرێم و وڵاتدا ئاستی ڕاستەقینەی توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتداران دەردەخات و ئەو ڕاستییە تاڵەش ئاشکرا دەکات، کە ئەوان تەنها لەناو سیستمێکی بێ سیستمدا بە توانان نەک لە داڕشتنی ئەو سیستمەدا، کە بە هۆیەوە بتوانن کۆمەڵگایەک بەڕێوە بەرن، کە ئەویش هێندەی پێویستی بە هزرێکی فراوان و دەوڵەمەند هەیە، هێندە پێویستی بە ناوی زل و گەورە نییە. هێندەی پێویستی بە کردار هەیە، هێندە پێویستی بە پەیمانی پوچ نییە. وەلێ ئەوەی ئەم وڵاتە تەنها لە دروشمە هەڵواسراوەکان و وشە باقوبریقەکاندا دەوڵەمەندە، لە پەیمانە بێ بنەما، درۆ و چەواشەکارییەکاندا، چونکە بۆ ئاستی هزری ئەوان و بەردەوامبوون لە یارییە چەپەڵەکاندا ئەو ڕێبازە تاکە ڕێگەیە کە کۆمەڵگا لەناو هیوا و ئاواتێکی هەمیشەیی بێ کۆتای بەتاڵدا بهێڵنەوە، بۆ خۆشیان ئامانجە دارایی و دەسەڵاتەکانیان دەستەبەر بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت