دوو ئەسپ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی : محەمەد بەرزی

هەر تەنها  تۆزێک لە سەرووی ماڵی خۆمانەوە  باخ و بێستانێکی گەورەی رازاوە  هەبوو ، کە دوو ئەسپی جوانی  تێدا بوو .  کاتێک لە دوورە تەماشاتدەکردن  هەر وەک  دوو ئەسپی ئاسایی دەردەکەوتن  ، بەڵام کە لییان نزیکدەبووینەوە شتێکی سەرنج ڕاکێشمان  دەبینی ،  ئەویش ئەوەبوو ، کە  یەکێک لە ئەسپەکان هەردوو چاوی کوێربوو .  بەڵام خاوەنەکەی  بارودۆخێکی  هێمن و  تەویلەیەکی  وای  بۆ ئامادەکردبوو ،  ژیانێکی ئاسایی دەبردەسەر و ئەو کوێرییەی  پێوە دیار نەبوو  .  ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارێکی سەرسوڕهێنەری ناوازە بوو ،  چونکە  کاتێک لەو  دوو ئەسپە  نزیکدەبووینەوە ، گوێمان لە دەنگی زەنگۆڵەیەک  دەبوو ، کە لە ئەسپە  پچکۆلە  چاوساخەکەی  ناو بێستانەکەوە  بەرزدەبۆوە .  ئەم زەنگۆڵەیەش بریتی بوو لە  زەنگێکی  زەردی  پچکۆلە و بە ملی ئەسپەکەدا  شۆڕبوو بۆوە بۆ خوارەوە و ئەسپە  کوێرەکەش  بە دەنگی زەنگۆڵەکەدا  دەیزانی  ئەسپەکەی هاوڕیێ  لە کوێدایە و بە ئاسانی دوای دەکەوت  و دەیدۆزییەوە  .

کاتێک  لە نزیک  ئەم  دوو ئەسپەوە  دەوەستاین ،  بە ئاشکرا  هەستمان بەوە دەکرد ، کە ئەسپە  زەنگۆڵدارەکە  بە چاکی  چاودێری  ئەسپە کوێرەکەی  هاوڕیێ  دەکات .  ئەسپە کوێرەکەش  زۆر بە باشی گوێی بۆ  دەنگی  زەنگۆڵەکە  شلدەکرد  و وردە وردە  بەرەو  ئەو شوێنە هەنگاوی دەنا ، کە ئەسپە  چاوساخەکەی  لێبوو ،  دڵنیاشبوو ،  کە لێی بزرنابێت .  خۆ کاتێکیش سەرلە ئێواران  ئەسپە  چاوساخەکە  دەگەڕایەوە بۆ تەویلەکەی ،  زوو زوو دەوەستا و ئـــاوڕیی  بــۆ دواوەی خــۆی  دەدایەوە  تــا  لــەوە دڵنیابێت  هـــاوڕیێکــەی  نــزیـکــە لێی  و گـویێ لـــە دەنگ و  و زرنـگـانــــەوەی  زەنگۆڵەکەیە .

بێگومان  پەیامی ئەم چیرۆکە ئەوەمان پیێ دەڵێ :  نابێ هەرگیز لە ژیاندا نائومێد بین ، چونکە خوای گەورە و میهرەبان هەمیشە  ئاگای لە هەموومانە  و  هیچکاتێک  فەرامۆشمان ناکات ،  ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان وەیشوومەی شووم شەکەت و شپرزەی کردین ، یان لە تەنگانە و کێشە و مەترسی گەورەدابووین ،  ئەوا  کە سانێکی وەک خاوەنی ئەم ئەسپانە ، کە ڕاست و دڵپاک ڕسکاون ،  دەهێنێتە ژیانمانەوە و  بە هانامانەوە دێن  … جا هەندێکجار ئێمە ئەسپە کوێرەکەین و زرنگانەوەی دەنگی زەنگی مرۆڤە چاکەکان  تێکەڵ  بە ژیانمان دەبن و دەستی کۆمەک و یارمەتیمان  بۆ درێژدەکەن و کۆست و کەسەر و نسکۆمان لە بیردەبەنەوە .  هەندێکجاریش  پێویستە  ئێمە  ئەسپە چاوساخە ڕابەرەکەبین و لە هیچ چاکەیەک خۆمان نەبوێرین و  بە هانا و هاواری  ئەوکەسانەوە بچین ، کە لە تەنگانە و دەردی سەری و نە بوونیدا سەریان لێشێواوە .

نوسەری ئەم چیرۆکە ناوی نەنوسراو

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت