شاهۆ هەورامی: پارتی و حسین یەزدان پەنا .

جە بێکەسی وێم تۆم کەردەن وە کەس ئەنجامدانی گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو لە لایەن پارتە سیاسیەکان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی کارێکی نوێ و تاکتیکێکی هەنوکەیی نییە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

جە بێکەسی وێم تۆم کەردەن وە کەس

ئەنجامدانی گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو لە لایەن پارتە سیاسیەکان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی کارێکی نوێ و تاکتیکێکی هەنوکەیی نییە ، بەڵکو چەندین ساڵە لە لایەن نوخبەی سیاسی کوردستانەوە چەندین هەڵەی سیاسی ئازاربەخشمان هاته ڕێ کە هەریەکەیان تراژیدیایەکە بۆ خۆی ..
لێرەدا هەر وەک نموونە نەک ئەژمارکردن تیشک دەخەینە سەر هەندێک ڕووداو و کەسایەتی کە تەنها لە کۆنگرەی لەندەنەوە باسی دەکەین کە تاڕادایەک مێژوویەکی نزیکە، ئەو کۆنگرەیەی کە لە ساڵی ( 2002 ) دا لە لەندەن سازکرا بۆ پارت و لایەنەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی عێراق بە بەشداریەکی بەرچاوی لایەنە کوردییەکان کە تیایدا بە پاساو و بیانووی دۆزینەوەی جۆرێک لە هاوسەنگی هێز بەرامبەر شیعەی عێراق، سەرکردایەتی کوردو بەتایبەتی ( مسعود بارزانی ) جەختیان دەکرد لەسەر بەشداری پێکردن و ناوهێنانی چەند کەسایەتیەکی سوننەی عێراقی وەک ( عدنان پاچەچی ) کە کەسایەتیەکی شۆڤێنی بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی ( عبدالکریم قاسم ) دا باڵیۆزی عێراق بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دواتر پۆستی وەزیری دەرەوەی پێبەخشرا، نەوەی نوێ، چ لە عێراق و چ لە کوردستان بە درێژایی نیو سەدە هیچ هەڵوێستێکی جوامێرانەی پاچەچی بەدینەکرد سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیانەی کە ڕووبەڕووی ئەم میللەتە بوونەوە، دواتریش لە پاش ڕووخانی ڕژێم و دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکمی ( پۆڵ برێمەر ) هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی لێ بەدی نەکرا سەبارەت بە کوردو هەرێمی کوردستان .. لە مەش سەیرتر لە یەکەم هەلبژاردندا لەسەر ئاستی عێراق دوای سەردەمی بەعس تەنها ( 1000 ) دەنگی بەدەستهێنا .
پشتگیری کردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کەسایەتیەکی دیکەی سوننەی بەرژەوەند خوازی بێ مۆڕاڵ و بێ پرنسیپی وەک (مشعان جبوری) یش هەویرێکە ئاوی زۆر دەکێشێت، کە پارتی و سەرکردایەتیەکەی بەوپەڕی هێزو توانا هەوڵیاندا بیخەنە سەر نەخشەی سیاسی کۆنگرەی ناوبراو، دواتریش لە هەولێری پایتەخت خۆی و خێزانی نیشتەجێ کران و جێگەی حەوانەوەو پاسەوانی تایبەتیان بۆ تەرخانکرا، لە جەنگی رزگار کردنی عێراقیشدا لە ( 2003 )دا بە یاوەری هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە پارتی گەڕایەوە ناو شاری موسڵ … هەمووانیش دەزانن چۆن (جبوری) کوردو پارتی وەک ( ئەسپەکەی ترۆی ) بەکارهێنا بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی خۆی لە گەیشتن بە دەسەڵات.
گاڵتەجاری گرەوکردن لەسەر ئەسپی دۆڕاو لەلایەن سیاسەتمەدارانی کورد بەگشتی و پارتی دیموکرات بە تایبەتی و بە پشگیری کردنی ( پاچەچی و جبوری ) کۆتایی نەهات بەلکۆ هەر بەردەوامە .
پشتگیری کردنی گومناوێک وەک ( غازی عجیل یاوەر ) وەک یەکەم سەرۆک کۆمار لە عێراقی دوای حوکمی بەعس هەڵەیەکی دیکەی نوخبەی سیاسی کورد بوو، بەخشینی زەوی و ماڵ و شوێنی حەوانەوەو تەرخانکردنی مووچەو خانەنشینکردنی دەیان کەسایەتی سوننەو شیعەی عێراق بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو چ لە هەولێر چ لە سلێمانی و تەنانەت داڵدەدانی چەندین تاوانباری داواکراو لە لایەن دەستەی نەزاهەی عێراقەوە نموونەکانیش زۆرن ( حازم الشعلان و صالح المطلگ و محمود المشهدانی و عبدالجبار الکبیسی ) گەلێکی تریش .
نوری مالکی زەوی پێبەخشرا لە کوردستان، ئافەرین دەسەڵاتی کوردی، کۆنە بەعسیەکی دڵ پڕ لەقین بەرامبەر بە گەلی کورد هێنرایە پایتەخت و رێزی لێگیرا ، طارق هاشمی کە لە لەلایەن دەسەڵاتی مالیکیەوە بە تێوەگلان لە تیرۆر تۆمەتبارکرا ،ئەوەش بووە سەرەتایەک بۆ قەیرانێکی قووڵی درێژخایەن لە نێوان هەولێرو بەغدا .
وردەکاری بەردانی فڕۆکەوانە تۆمەتبارەکە بە بەشداری کردن لە بۆردومانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی چۆن بوو ؟ بۆچی و کێ ئەنجامیدا ؟ کەس نەیزانی .
دووبارە دەیڵێینەوە بە داخەوە نوخبەی سیاسی کورد بە گشتی و پارتی بە تایبەتی لە هەڵەکانیانەوە فێر نابن، لە شکستەکانی ڕابردوو وانە وەرناگرن .
بەڵام گاڵتەجاڕی ئەم جارەی پارتی هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندوە .. گرەو لەسەر کەسانی هەڵە ، لە شوێنی هەڵەو لە کاتی هەڵەدا … دوا پاڵەوانی ئەم چیرۆکە تراژیدیە (حسین یەزدانپەنا ) یە جێگری سکرتێری پارتی بەناو ئازادی ، کە پارتی دیموکراتی کوردستان چەند ساڵێکە وەک میزەڵدان فووی تێدەکات ئیدی پێدەچێت کاتی تەقینی نزیک بێت .
حسین یزدانپەنا کە لە ئێستادا پارتی پشت و پەنایەتی و ڕۆژانێکیش دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ( ئیستخبارات و موخابەراتی بەعس ) پشت و پەنای بوون ؟! .
حسین یزدانپەنا کە لە ئێستادا لە چەندین پێگەو ئەکاونت و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاو بۆتەوە کە مافیا ئاسا باس لەوە دەکرێت کە لە ڕێگەی کۆمەڵێک چەقۆکێش و بەڵتەجیەوە هەڵیان کوتاوەتە سەر چەند پێشمەرگەیەکی دیموکراتی کوردستان – ئێران کە پێشتر لە ڕیزەکانی پارتی بەناو ئازادیدا کاریان کردوە و فڕێنراون بۆ شوێنێکی نادیار .
حسین یزدانپەنای شۆڕش – گێر ، ئەو پاڵەوانەی خەڵک و دەزگای ڕاگەیاندنی بێئاگا کردیانە هاوشێوە و هاوشانی ستالین جەربەزەی گەمەی داعش بەزێن لە بەرەکانی جەنگ .
ئەو پیاوە مەرد و ئازایە . کە پێی خستە سەر لاشەی کوژراوێکی داعش کە لە وێنەکەدا بە ئاشکرا دیار بوو کە ( ژێرناڵ یزدانپەنا ) خۆی نەیکوشتووە بەڵکو لە بۆردومانی فرۆکەکانی هاوپەیمانیدا ڕەوانەی دۆزەخ کراوە ، ئەو وێنەیەی کە بوو بە پەڵەیەکی ڕەشى دیکە بە ناوچەوانی فەخامەتی ژێرناڵەکەی برادەرانی پارتیەوە .
حسینی پارتی پەنا کە غرور و خۆبەزل زانین کاریکی پێکردوە کە بەوپەڕی بێ شەرمیەوە لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکراوەتەوە ، بە هۆی نوسینێکی کورت و کۆمێنتێک کە چەکدارێکی حزبەکەی نووسیویەتی ، کاکی لەبزشیرین ، کاکی شۆڕش – گێڕ لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا کۆمەڵێک دەستەواژە بەکاردێنێت وەک ( دارکاری ، تەمبێ کردن ، گەوواد ، شەق تێهەڵدان ، بێ شەرەف ، نامەرد ، قەحبە ، قورمساغ ، گووخواردن ، پەتکردن ) .
حسین یزدانپەناکەی پارتی کە لە ڕێگەی کردەوەیەکی قێزەونی نەخشەبۆکێشراوەوە و لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و لە کاتی بەربانگدا لە ڕێکەوتی 4 – 8 – 2012  لە ڕێگەی پێنج چەکداری دەمامکداری پارتی بەناو ئازادیەوە و بە پۆشاکی تایبەتی ئاسایشەوە بە دڕندانەترین شێوە هەڵیان کوتایە سەر خانەقای نەقشبەندی لەشاری سلێمانی کە بووە هۆی بریندارکردنی (3) ئەندامی ئەو خانەوادەیە ، دواتر (3) لەو چەکدارانە دەستگیرکران لە لایەن ئاسایشەوە و لە بەردەم دادگا دانیان نا بە تاوانەکەیان پاشان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بە کەفالەتی چەند ملیۆن دینارێک ئازاد کران و بەرەو هەولێر هەڵهاتن ، سەرەڕای چەندین هەوڵ و تەقەلا و چەندین نوسراوی فەرمی دادگای سلێمانی بۆ دەسەڵاتدارانی هەولێر بە مەبەستی ڕادەستکردنی تاوانباران ، بەهۆی گوێنەدانی دەسەڵاتدارانی پارتیەوە گشت هەوڵەکان شکستیان هێنا . لە ئێستاشدا لێپرسراوێتی ئەم کەیسە لە لایەنی یاسایی و ئەخلاقیەوە لە ئەستۆی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانە و تاوانبارانی ئەم کردەوە قێزەونە لە زۆنی زەرد دا بە ئازادی دێن و دەچن . . لە ئاکامی ئەم تاوانەی ژێرناڵ (حسین لە یەزدان بێئاگا ) ، بە دەیان مامۆستایانی ئاینی ڕۆژهەڵات سەر بە ڕێبازی نەقشبەندی یاداشتنامەیەک ئاراستەی ( مسعود بارزانی ) دەکەن لە ڕێگەی ( شێخ محمد شاکەلی ) ڕاوێژکاریەوە و داواکاری گەیاندنی تاوانباران بە سزایی یاسایی خۆیان بەڵام مەخابن پاش تێپەڕبوونی (5) ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا جەنابی سەرۆک … ئەو سەرۆکەی لە گەلێک بۆنەی سیاسی و ئاینیدا شانازی دەکات بەوەی سەر بە ڕێبازی بەرز و پیرۆزی نەقشبەندیە. بێدەنگی هەڵبژاردو تەنانەت بە نامەیەکیش وەڵامی مامۆستایانی رؤژهەڵاتی کوردستانی نەدایەوە . هۆکارەکەش ڕوون و ئاشکرایە ئاخۆ بۆچی لە نێوان دووتای تەرازوودا، لە نێوان ڕێبازێکی ئاینی کوردپەروەر و میانڕەوی خاوەن مێژووی پرشنگداری خزمەتگوزار بە ئاین و کوردایەتی وەک ڕێبازی نەقشبەندی و کۆمەڵێک چەقۆ کێش بە سەرۆکایەتی حسین لە یەزدان بێئاگا ، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیەکەی بژاردەی دوهەمیانی پەسەند کرد .
پارتی دیموکراتی کوردستان تەنانەت ساڵانێک پێش قەیرانی دارایی و گرفتەکانی لەگەڵ حکومەتی مالیکی و نەهامەتیەکانی شەڕی داعش بەهۆی غرور و تاک ڕەوی و پاوانخوازیەوە چ لەسەر ئاستی نەخشەی سیاسی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراق کارێکی کرد کە وەک باڵندەیەکی لێهات کە لە دەرەوەی پۆلەکەی دەیخوێند، ئەوەشی کە لەم دواییانەشدا ڕوویدا لە پەکخستنی پەرلەمان و مۆڵەتی زۆرەملێ بە وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و گەلێک ڕووداوی هاوشێوە بەرامبەر بە هێزە سیاسیەکانی ناو هەرێمی کوردستان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن لەسەر ئەم ڕاستیە تاڵە، پارتی بەهۆی سیاسەتی ناشەفافی لەبواری ئابووری بەگشتی و خەم ساردی و بێباکی و خۆبەزلزانین و دانپیانەنان بە هەڵەکانیدا تەنیا مایەوە، شەراکەت و ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی ( جا ئەم باڵ بێت یان ئەو باڵ ) تەنها وەهم و سەرابێکە … لە ساتە وەختێکی وەهادا ریکلام کردن بۆ حسین یزدان پەناو پیشاندانی وەک پاڵەوانێک . وەک شەریک و هاوپەیمان و هاوسەنگەرو داعش بەزێن دەشێت جۆرە فریادڕسێک بێت بۆ تەنیاییەکەی پارتی . ئیدی ڕابردووی ئەم کەسەو ڕەفتارەکانی، کاروانی پڕ لە تاوان و کردارە ناجوامێرانەکانی، حوکمی دادگا، نەفرەتی مێژوو … هیچ شتێک گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە پارتی دۆستی هەیە، حزبێک لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسەنگەریەتی، بەڵام ڕۆژێک دێت ڕاستیەکان ئاشکرا دەبن، رۆژێک دێت پارتی لەم دۆستایەتیە پەشیمان دەبێتەوە، بەڵام پەشیمانیی ئەوکاتە سوودی نابێت، ئەوکات زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان دێڕە شیعرێکی حەزرەتی مەولەوی دەبێت کە تیایدا دەفەرموێت :

جە بێکەسی وێم تۆم کەردەن وەکەس
نە بە کەس شیای، نە نیمە کەس

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد