نەبەز گۆران: دزێكی ( چاخ ) یان لە كۆڵكردینەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای روخاندنی رژێمە فاشییەكەی ( بەعس) دەسەڵاتدارانی هەرێم باسیان لەوەدەكرد مۆدێلی فەرمانرەوایەتیكردنی هەرێم بگوازرێتەوە بۆ ( عێراق ). بێگومان ئەم مۆدێلە گوزارایەوە و، دەسەڵاتی ناوەندیش پڕ بوو لەو پیسخۆرییەی لە رێگای ئەم مۆدێلەی هەرێمەوە هەناردە كرا بۆیان. دیارە هەرێم مۆدێلێك نەبوو شایەنی بەخیلی پێبردن بێت. یەكێك بوو لەو تایپە دەسەڵاتەی كۆی دامەزراوەكانی بیمار بوو بوو بە دەست ئەوانەوە كە دەستیان بەسەردا گرتبوو. كەچی بەم هەموو بیماربوونەوە خۆیان سەرسامبوون پێی و دەیانویست ناوەندیش هەمان دیدگای هەبێت بۆ بەڕێوەبردن! شكی تێدا نییە سەرەتاكەی بەو جۆرەبوو ئەمان دەیانوویست، لێ پێدەچێت ئیدی ناوەند لە هەوڵی ئەوەدابێت خۆی لەو مۆدێلە دەسەڵاتە پیسخۆرەی هەرێم رزگار بكات و، بچێتەوە سەر جۆرێك لە بەڕێوەبردن ئومێدێكی تێدابێت بۆ ئایندەی وڵاتەكەیان.

لانیكەم (عێراق ) بەو هەموو كێشە گەورانەوەی هەیەتی، لە ناكۆكی مەزهەبی، شەڕی ناو وڵاتەكەی، خراپ بەكار هێنانی دەسەڵات، توانیویەتی چەند شوێنێك بهێڵێتەوە، ئەو شوێنانە ببنە تروسكاییەك بۆ بوونی دیموكراسی. هۆڵی پەرلەمانی (عێراق) و، دەزگاكانی یاسا و چاودێریی بەتەواوەتی دانەڕماون و ئومێدێكن بۆ (عێراق) ییەكان تا بتوانن لەوێوە چاودێری دەزگاكانی حوكومەت بكرێت. وەك (فۆكۆ یاما) دەڵێت: دیموكراسی بریتیە لە كۆمەڵێك دامەزراوە، پەرلەمان، دادگاكان، میدیاو … هتد. لە هەرشوێنێك مەترسی كەوتە سەر یەكێك لەم دامەزراوانە، لەو شوێنەدا مەترسی دەكەوێتە سەر دیموكراسی.
لە هەرێم شتێك نەماوە بەناوی ئەم دامەزراوانەوە، بۆیە قسەكردن لەسەر دیموكراسی گاڵتەكردنە بە خودی چەمكەكە. بە پێچەوانەی هەرێمەوە، لەناوەند ئەو دامەزراوانە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی دابرزێن. هەر ئەمەیە ئەو تروسكایەی هێشتوەتەوە بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی دیموكراسی بۆ وڵاتێكی تەواو پەرێشان و هیلاك. كێشەكە ئەوەیە هێشتا لە هەرێم بۆچونێكی وێران هەیە نایەوێت ددان بەم راستیەدا بنێت. نایەوێت تەماشایەكی خۆی و تەماشایەكی ئەو شوێنە بكات، كە دەیەویست مۆدێلەكەی ئێرەی بۆ بگوازێتەوە.
سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان كارێكی وا ئاسان نییە. پێش هەمووشتێك هەر وەزیرێك كە متمانەی لێدەسەنرێتەوە ئیدی لە ژیانی سیاسیی ئەو وڵاتەدا جارێكی دیكە بۆی نییە هیچ پۆستێك وەربگرێت. پاشان لەڕوی نێودەوڵەتیەوە ئەو وەزیرە متمانەی خۆی لەدەست دەدات و كۆتایی بە مێژووی سیاسیی دەهێنرێت. لەم چركەساتەدا كە ( عێراق ) لەناو شەڕدایە و متمانەی لە دوو وەزیری بە دەسەڵات ( وەزیری بەرگریی و وەزیری دارایی ) سەندەوە، ئەمە دەروازەیەكە بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین: پەرلەمانی (عێراق) و دەمەزراوەی یاسایی ئەو وڵاتە لە دۆخێكدایە بەو هیلاكییەوەی لە وڵاتەكەیدا روودەدات، دەیەوێت رێگری لە پیسخۆریی و خراپ بەكار هێنانی دەسەڵات بگرێت. ئەگەرچی ئەمە تەنها هەنگاوی سەرەتایە، ئەما جێگای ئومێدە بۆ خەڵكی وڵاتەكەیان.
ئەو پەرلەمانتارانەی كە بەرگری لەو وەزیرانە دەكەن لە دزییەوە تێوە گلاون و، دەیانەوێت بەبیانوی نەتەوەییەوە بەرگری بكەن، ئەوانە كەسانێكن دەبێت هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوانبكرێت كە دەیكەن، چونكە خۆیان بەرهەمی هەمان زۆنگاون. بێگومان جێگای سەر سوڕمان نییە پەرلەمانتارێكی پارتی بەرگری لە وەزیرێكی پیسخۆر بكات، چونكە پەروەردەی حیزبیان بەو جۆرەیە. ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە ئەوەیە ببینین پەرلەمانتارێكی ئەو حیزبە بەرگری لە پاكی دەكات و دژی پیسخۆرییە. ئەوانەی دیكەش كەوتنە ناو بازنەی تێگەیشتنەكانی ئەوان و بەرگریان كرد، جیاوازییەكیان نییە لەتەك پیسخۆرە دەركراوەكاندا.
گرنگی ئەم هەنگاوانە تەنها لە دیوە سیاسییەكەدا نییە. لەوەدایە ویژدانێك و دەنگێكی بەرز ماوە نایەوێت كۆی جومگەكانی دەسەڵات بەتەواوەتی خاپورببن. بە بەراورد بە هەرێم ئەوان چەند قۆناغێك لە پێش ئێمەوەن (بەداخەوە كەوایە). ئێمە دامەزاوەكانمان پەكخران و كۆتاییان پێهات. ئێمە پیسخۆریی دەستەی سەرەوە تەواوی دامەزراوەكانی خاپوركرد. ئێمە شوێنێك نەماوە چاودێری بكات و، حیزب و لەشكرە ستایشكەرەكەی بوونە هۆی ئەوەی بگەرێینەوە بۆ دواوە. لەناو ئەم هەموو خراپە كارییەدا بۆ خەڵك ئومێدێكە شوێنێك ماوە متمانە لە وەزیرێكی پیسخۆر دەسەنێتەوە، ئیتر ئەو وەزیرە بەهەر زمانێك قسە دەكات، یان سەر بە هەر حیزبێك بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە كارە بەدەكانی وایكردوە پێویستە متمانەی لێبسەنرێتەوە و بشكێنرێت و كۆتایی بە مێژووی دەسەڵاتەكانی بهێنرێت.

تێبینی: وشەی ( چاخ ) یانی قەڵەو / وشەیەكی كوردیی پەتییە بۆ مرۆڤ بەكار ناهێنرێت، بۆ مەڕوماڵات بەكار دەهێنرێت. مرۆڤێكیش بتوانێت قوتی میلەتەكەی خۆی بخوات، پێویستە بۆ ئاگاداكردنەوە لە ریزی مرۆڤ بوون وەدەری نێیت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت