دکتۆر جەبار قادر: ئایە دۆزی کورد بەڕاستیی ڕۆڵێکی وەزیفی دەبینێت؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کێشەکانی کورد هەموو لە دەوری یەک ئامانجی سەرەکی و بناغەیی کۆدبنەوە، ئەویش مافی گەلی کوردە بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەمە گەوهەر و کرۆکی دۆزی کوردە، کە بەر لە دوو سەدە لە سەر گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی نزیک پەیدا بوو .
کوردناسی ناوداری ڕووسیا م. س. ڵازەرێف ( ڕووسیای تازە و دۆزی کۆنی کورد، گۆڤاری ئاسیا و ئافریکای ئەمڕۆ، ژمارە. یەکی ساڵی 1994).
هەرچەندە بۆ وشەیەکی کوردی لە بار گەڕام کە واتای تەواوی (Functional) ئینگلیزی و (وظیفي) عەرەبی بەدەستەوە بدات، بەداخەوە بۆم نەدۆزرایەوە، بۆیە هەر وەزیفە عەرەبییەکەم بەکارهێنا. مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەو بۆچوونە باوەیە لە بارەی دۆز و بزووتنەوەی کوردەوە کە لە ناوەندە سیاسی و زانستییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ئارادایە و دەکرێت بەم شێوەی خوارەوە فۆرمولەی بکەین: هێزە مێژووییەکان و دەوڵەتانی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا وا بۆ چەند سەدە دەچێت هێزی سەربازی و دۆزی نەتەوەیی کورد بۆ خزمەتی بەرژەوەندی نیشتمانی و گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان بەکاردێنن.
ڕۆژانە لە میدیای داگیرکەرانەوە ئەو بالۆرەیەمان گوێ لێدەبێت کە گوایە کورد هەمیشە کارتێک بووە بە بەدەست زلهێزەکانی دونیاو دەوڵەتانی هەرێمییەوە و یاری پێکراوە. بە پێی ئەم سیناریۆیانە کارتەکە وازی پێدەکرێت تا ئەو شوێنەی خزمەتی ئامانجەکانی ئەو دەوڵەتانە دەکات و دوای ئەوە دەستی لێ هەڵدەگرن و پشتگوێێ ئەخەن. گوایە زلهێزەکان بۆ ئەوە بەکاری دێنن تا فشار بخەنە سەر دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و ناچاریان بکەن ملکەچی خواست و بەرژەوەندییەکانیان بن. دەوڵەتانی هەرێمیش لە ململانێ هەمیشەییەکانی خۆیاندا لە دژی یەک بەکاریدێنن. ئاکامەکەشی بۆ کورد هەمیشە کارەسات، ماڵوێرانی وسەرگەردانیە.
ئەم یارییە بە درێژایی مێژوو دووبارە دەبێتەوە و کورد نە وەک نەتەوە و نە وەک سەرکردایەتی سیاسی، نەک هەر پەندی لێ وەرناگرن، بەڵکو کارەکەیان ئەوەندە بێتام کردووە ئێستا لە جێگەی زلهێز و دەوڵەتانی هەرێم تەنانەت گزگلیەلی نەناسی وەک مالیکی و فەتلاوی و شعێت و معێت خەون بەوەوە دەبینن ئەمانیش خۆیان لەم بوارەدا تاقیبکەنەوە.
لە دەسپێکەوە دەبێ ئاماژە بە خاڵێک بکەم بۆ ڕێگەگرتن لە هەر لێکدانەوەیەکی هەڵە لەم بارەیەوە. باوەڕناکەم هیچ بزووتنەوەیەکی ڕاستەقینەی خەڵک بۆ ئەوە بەرپابووبێت ڕۆڵی کارتی فشار بگێڕێت یا ببێت بە ئامێرێک بەدەستی ئەم هێز و ئەو هێزی بیانییەوە. مێژووی بزووتنەوە و سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکانی کورد لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا ئەوە دەرئەخەن، کە خەڵک لە دژی چەوسانەوەی نەتەوەیی، ئابوری، کۆمەڵایەتی ڕاپەڕیوە و و هەوڵیداوە لە ستەم و زۆرداری ستەمکاری بیانی ڕزگاری بێت. بەشێکی زۆری شۆڕش و سەرهەڵدانەکان بۆ ڕزگاربوون بوونە لە ژێردەستی و کۆیلەیی. تەنانەت سەرهەڵدانی میر و دەرەبەگە کوردەکانیش بۆ ئەوە بووە کە داهات و سامانی دەڤەرەکانیان بۆ خۆیان بێت، نەک بینێرێن بۆ ئەستەموڵ و تاران و بەغدا. تەنها ئەوانە نەبێت کە خۆفرۆش و پیاوی بیانی بوونە و بە فەرمانی ئەوان جموجوڵیان کردووە، ئەوانی دیکە هەموو لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا ڕاپەڕیون. هەوڵی دەوڵەتان بۆ بەکارهێنانی بزووتنەوە کوردییەکان و دۆزی ڕەوای کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان، ناتوانێت ئەو خەسڵەت و ناوەڕۆکە ڕزگاریخوازییانەی ئەم بزووتنەوانە بسڕێتەوە. لە گەڵ ئەوەشدا ئەم پرسە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی هەمەلایەنە هەیە.
پێگەی جیۆگرافی خنکاوی کوردستان لە نێوان هێز و ئیمپراتۆرییە مێژووییەکان و دەوڵەتانی ناکۆک و دژ بەیەکی هاوچەرخ لایەنێکی گرنگی ئەم بارە ڕووندەکاتەوە . هەر ئەم فاکتەرە جیۆگرافیەش ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە دابڕانی هۆز و خێڵ و گروپە جیاوازەکانی کوردستان لە یەکدی و دواکەوتنی یەکێتی کولتور، زمان، ئابوری و هەستی نەتەوەیی هاوبەش. سیاسەتەکانی دەوڵەتانی داگیرکەریش، بە تایبەتی دەوڵەتی عوسمانی لە گەڵ هۆزەکانی کوردستاندا هۆیەکی گرنگی جێگیرکردن و بەهێزکردنی بونیادی خێڵەکی بوونە لە وڵاتی کوردان، ئەو بونیادەی تا ئێستاش خەڵک باجیان دەداتەوە. ئەمانە و گەلێ فاکتەری دیکە ڕۆڵی گەورەیان بینی لە لاوازی و گەلێ جار پەککەوتنی پرۆسەی بە گەلبوون و نەتەوەبوونی کورد.
ئەم پێگە جیۆگرافییەی کوردستان بە درێژایی مێژوو لە نێوان دوو ئیمپراتۆریا و چەندین قەوارەی سیاسی ناکۆک و دژ بەیەک بارێکی وای دروستکردووە، کە هەمەیشە لە سەر سنوورەکانی کوردستان شەڕ و ئاژاوە و ململانێ لە ئارادا بن. ئەم بارەش وای کردووە کە هێزەکەی ئەوبەر چاوی لە دانیشتوانی ئەم بەری سنوور بێت و هەوڵبدات تووڕەیی و ناڕەزاییان بەلایەکی دیکەدا ببات و بۆ بەرژەوەندی سەربازی خۆی کەڵکیان لێ وەربگرێت. هەڵبەتە هێزەکەی ئەمبەریش دەستەوئەژنۆ دانەنیشتووە، ئەمیش هەوڵی خۆی داوە بەهەمان شیوە کوردەکەی ئەودیو بەکار بێنێت. ئەمە هۆکارێکی سەرەکی دیاردەی بەربڵاوی خۆفرۆشییە لە کوردستان کە هەمیشە بازاڕی گەرمە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی پەنا بۆ لێکدانەوەیەکی دروستی پرۆفیسۆر ڵازەرێف ببەم، کە هەر لەو وتارەیدا، لە بارەی هەڵویستی ڕووسیاوە زۆر جوانی پێکاوە و پێموایە بۆ ئەمڕۆی کوردیش واتای زۆری هەیە، هەڵبەتە بۆ ئەوانەی دەیانوێت لێی وردبنەوە. ڵازەرێف دەڵێت: شەڕکەرانی کورد سەرنجی ڕووسیای تسارییان تەنها لە دیدی سەربازی – سترایژییەوە ڕادەکێشا، ئەویش لە ململانێ سەختەکانیدا لە گەڵ هێزەکانی دیکەدا، بە تایبەتی بریتانیا بۆ دەستگرتن بە سەر ڕۆژهەڵاتی نزیکدا. سەیر لەوەدایە یەکێتی سۆڤیەت، کە لە سەر بنەمای ڕەتکردنەوەی هەموو تێزەکانی سەردەمی تساری دامەزرا بوو، بەڵام لە هەڵس و کەوتیدا لە گەڵ دۆزی کورددا هەمان سیاسەتی پەیڕەو دەکرد، هەڵبەت لە ژێر پەردەی ئایدیۆلۆژییەکی تەواو ناکۆک بەوەی سەردەمی تساری و لە بارودۆخێکی مێژوویی و نێودەوڵەتی تەواو جیاوازدا. بۆ مۆسکۆ کورد هەمیشە ” هێزێکی یەدەک بوو لە دژی ئیمپریالیزم ” بە پێی بارودۆخ پاڵی پیوە دەنرا بۆ هێڵی ئاگر یا داوای لێدەکرا ئارام بگرێت. سیاسەتی ڕووسیا پراگماتی و بەرژەوەندیخواز و کورتبین بوو و تەنها کێبڕکێی نێودەوڵەتی لە بەرچاو دەگرت بۆ ئەو چرکە ساتەی تێیدا دەژیا، بۆیە بۆ ڕووسیا دۆزی کورد ڕۆڵێکی وەزیفی دەبینی و گرنگییەکی تایبەتی نەبوو و وەکو دۆزێکی سەربەخۆی نەتەوەیی سەیر نەدەکرا. سیاسەتی دەوڵەتانی ڕۆژئاواش هەر بەم شێوەیە بوو و جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ ئەوەی ڕووسیادا نەبوو”.
دوای ئەو وتانەی ڵازەریف بە زیاتر لە بیست ساڵ ڕۆژنامەی (The Jerusalem Post) ئیسرائیلی لە ٩ شوباتی 2016 لە بارەی کردنەوەی نوێنەرایەتی پەیەدە لە مۆسکۆ نەک لە واشنتن، کە ئەم کارە بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە بۆ خۆی زۆر دەگەیەنێت و پێیوایە ئەگەر ڕووسیا هاوپەیمانەکەی ئەمریکا، واتا کورد بە لای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەوا ئەمە کارتێکی تری فشار بۆ ڕووسیا لە دژی تورکیا پەیدا دەکات. ئەمەش لە بێ بڕیاری ئەمێریکاوە سەرچاوە دەگرێت بە پێی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە. واتا هێشتا باسی کورد وەک کارتی فشار و بەکارهێنانی هێز و توانای کورد لە پێناو بەرژەوەندی دەوڵەتاندا لە بازاڕی سیاسەتی نێودەڵەتێدا زۆر گەرمە.
ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە بۆ دواوە و گوزەرێکی خێرا بە ململانێی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێراندا لە سەدەکانی شازدە تا نۆزدە بکەین، دەبینین چۆن کورد لەو کێبڕکێیەدا بەکاردەهێنرا. ململانێی میرنشینە کوردییەکان و دەرەبەگە کوردەکان نموونەیەکی دیار و بەرچاوی ئەو مێژووەن. نموونەی ئەو بگرە و بەردەیەشمان لە بەردەستدایە کاتێ کاربەدەستانی عوسمانی و ئێران وەک مەیمون یاری بە میرانی کورد دەکەن. ئەم باسانە زۆریان لە سەر نووسرواە و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر نیە.
کاتێکێش زلهێزەکان دێنە پێشەوە ئیدی ململانێکە دەبێتە چەند لایەنە. لە لایەکەوە ڕووسیا و لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی عوسمانی و ئێران. دوژمنایەتی ئێران و دەوڵەتی عوسمانی لە گەڵ ڕووسیادا و جەنگەکانیان لە سەدەی نۆزدەهەمدا کۆتایی بە ململانێ و کێبڕکێی ئەم دوو لایەنە ناهێنێت. دوای ئەوەش ململانێی ئینگلیز، فرەنسی، ئەڵمانی و ڕووس پەرەدەستێنن و ژیان لە خەڵک تاڵ دەکەن. چالاکی مسیۆنەرە ئەوروپاییەکان بە تەنها چەندین گۆبەنی گەورەی لە کوردستان نایەوە. بە داگیرکردنی عیراق لە لایەن بریتانیاوە سەردەمێکی نوێ لە باکارهێنانی کارتی کورد دەستیپێکرد. ململانێی ئینگلیز و تورکیای کەمالی لە سەر ویلایەتی مووسڵ سەری لە کورد شێواند، وەک باران گفت و پەیمان بەسەر کوردا دەباری. هەڵبەتە هیچ یەکێ لەو پەیمانانە نەهاتنە دی. بە پێچەوانەوە لە دوای لکاندنی مووسڵ بە عیراقەوە هاوکاری و هاوپەیمانی لە دژی کورد لە نێوان هەردوولادا هاتەکایەوە. گڕگرتنی سەرهەڵدانی شێخی پیران لە ساڵی 1925 لە گەرمەی کێشەی ویلایەتی مووسڵدا، بێ ئەوەی ئەو و هاوکارانی مەبەستیان بێت خزمەتێکی گەورەیان بە ستراتیژی بریتانیا کرد بۆ لکاندنی ئەو ویلایەتە بە عیراقەوە. لە کاتی سەرهەڵدانی ئاراراتدا ململانێی نێوان ئێران و تورکیا کۆتایی پێهێنرا.
لە پەیوەندییەکانی عیراق و ئیراندا دۆزی کورد هەمیشە ئامادەیە. پاڵپشتی شای ئێران و ئیسرائیل و ئەمێریکا لە شۆڕشی ئەیلول، هەریەکەیان بە مەبەستێک نموونەیەکی زەق و کارەساتاویی ئەو بارەیە. ئیسرائیل بۆ سەرقاڵکردنی سوپای عیراق بە شەڕێکی نێوخۆوە بۆ ئەوەی قەت نەپەرژێتە سەر ئیسرائیل، ئەگەر هەر بە قسە و هەڕەشە و گوڕەشەش بێت. ئێران ئامانجەکانی خۆی لە شەتولعەرەب بە دەست بێنێت و پێگەکانی خۆی لە وڵاتانی کەنداو بەهێز بکات و عیراق نەتوانێت ڕکەبەرایەتی بکات. بۆ ئەمریکاش دەرکردنی عیراق لە ژێر هێژیمۆنی یەکێتی سۆڤیەت پرسێکی ستراتیژی گرنگ لە سەردەمی شەڕی ساردا. کاتێک هەموو گەیشتنە ئامانجەکانی خۆیان ڕێکەوتننامەی جەزائیریان مۆر کرد و کوردیان سەرگەردان و ماڵوێران کرد.
لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی عیراق و ئێراندا دیمەنێکی زۆر کاریکاتێری بەدی دەکرا. ئێران لە دژی کوردی ڕۆژهەڵات جیهادی ڕادەگەیاند، بەڵام یارمەتی کوردی باشوری دەدا. بەعسیش کوردقڕان و ئەنفال و کیمیابارانی لە دژی کوردی باشور دەکرد، بەڵام یارمەتی کوردی ڕۆژهەڵاتی دەدا. کاتێکیش خومەینی ناچار کرا ژەهری ڕاگرتنی شەڕ بنۆشێت جارێکی تر کورد سەرگەردان کرا. ئێستا ئێران و عیراقی ” فیدیراڵ و دیموکرات ” لە دژی کورد هاوپەیمان و هاونیازن و ئەگەر زوو کورد بە ئاگا نەیەت، ئەوا ئەم هاوپەیمانییە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاکامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
ڕەگەزپەرستی کاربەدەستانی تورکی وا کوێر کردبوو، تەنانەت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیشیان ئامادە نەبوون با بە درۆش بێت لایەک لە هیچ کوردێک بکەنەوە. ئەو ماوە کورتەی لێدەرچێت، کە کەمالییەکان هیوای بەوە مابوو ویلایەتی مووسڵ بخەنە سەر کۆمارە تازە دروستکراوەکەیان، هەندێ بێنە و بەرەیان لە گەڵ شێخ مەحمود و سمکۆدا کرد، بەڵام ئەو هەوڵانە هیچیان لێ سەوز نەبوو. ئیتر ببڕای ببڕ ئامادە نەبوون بەلای کوردا بچن، تەنها بۆ ڕێگەگرتن و سەرکوتکردن ئامادەی هاوکاری و یارمەتیدانی هەموو نەیارانی کورد بوون. کۆماری تورکیا لە گەڵ عیراقی پاشایەتی و ئێرانی شادا لە هاوپەیمانییەکی بەهێز و توندوتۆڵدا بوو، کە دوژمنایەتی کورد و بزووتنەوەکەی بەردی بناغەی ئەو هاوپەیمانێتییە بوو. لە دوای 1958 لە عیراق و 1979 لە ئێران هەندێ ناکۆکی لە نێوان داگیرکەراندا پەیدا بوون، بەڵام زۆری نەبرد یەکێتی هەڵوێست لە بەرامبەر کوردا جارێکی تر کۆی کردنەوە.
لە شەستەکانەوە تورکیا چالاکانە هاوکاری عیراقی دەکرد لە دژی سەرهەڵداوانی کورد. لە کۆتایی هەشتاکاندا لە گەڵ هەڵکشانی تورگوت ئوێزالدا بە پەیژەی دەسەڵاتا هەندێ گۆرانکاری بچووک بەدی دەکران. لە ساڵی 1987 لە وەڵامی ئەوانەی ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کوردی باشور دەگرت، ئوێزال دەیوت “هەموو لایەک لە بن دونیاوە ئەم کارتە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردێننن، ئەی من کە لە بندەستمدایە بۆ بەکاری نەیەنم”.
سوریای حافز ئەسەدیش لەم بوارەدا لە هاوسێکانی وەدوا نەکەوت. ئەویش لە ململانێی سەختی خۆیدا لە گەڵ بەعسی عیراق و سەدام حوسێندا هەوڵی زۆریدا کارتی کورد بەکاربێنێت. دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سوریا و گرتنە خۆی ژمارەیەک لە گروپ و هێزە کوردییەکان لە تەک هێزە عیراقییە نەیارەکانی سەدامدا بەڵگەی بەرچاوی ئەمەیە. سوریای پشتێنی عەرەبی، داننەنان بە کوردانی ڕۆژئاوا و خاکەکەیان، وەرگرتنەوەی مافی هاوڵاتێتی و ناسنامە و ڕەگەزنامە لە ژمارەیەکی زۆریان، ئامادە بوو باس لە مافی کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بکات. پەناگە پێشکەشکردن بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریا و لوبنان و هەوڵی بەکارهێنانی دۆزی ڕەوای کوردی لە باکوری کوردستان لە ململانێکانیدا لە گەڵ تورکیا باسێکی فراوانە و قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت.
لە ساڵی 1990 دۆزی ڕەوای کورد لە باشوری کوردستان لە لایەن ئەمێریکا و ڕۆژئاواوە بە شێوەیەکی برفراوان بەکار دەهێنرێت. دوای داگیرکردنی کوێت لە لایەن هێزەکانی سەدامەوە، کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال و وێرانکردنی کوردستان بیری ڕۆژئاوا کەوتنەوە و کەوتنە باسکردنی تاوانەکانی سەدام لە دژی کورد. دۆز و هێزی کورد فاکتەرێکی کاریگەر بوو بۆ لە نێوبردنی ڕژێمی سەدام و دامەزراندنەوەی عیراق. لە پای هەموو خزمەتەکانی کورد ئەمێریکا و ڕۆژئاوا هەر باس لە یەکێتی خاکی عیراق و سوریا دەکەن، لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە داریان بەسەر بەردیانەوە نەماوە و هەموو خوێنی یەک دەڕێژن. دەرفەتی پێکەوە ژیان لە ئاستی سفردایە، ئەگەر لە ژێر سفرەوە نەبێت. ئەگەر زلهێزەکان هەندێک بەرژەوەندی خەڵکی ئەم وڵاتانەیان لە بەرچاو بوایە، ئەوا یارمەتیان دەدان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەستیان لە یاخەی یەک ببێتەوە. ئەمان ئەوە ناکەن چونکە ئەو کاتە دەرفەتی ئاژاوە و چەک فرۆشتن و دەسخستنە نێو کاروباری ئەو وڵاتانەوە ئەستەم دەبێت، بۆیە دەبێت خوێنڕشتن هێشتا بەردەوام بێت. هاتنەوەی ڕووسیاش بۆ سەر گۆڕەپانی ململانێکانی دونیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوژمێکی تر دەدات بە توند و تیژی و کارەساتەکان تا ئەو کاتەی لە سەر دابەشکردنی ناوچەکانی هێژیمۆنی ڕێکدەکەون بەردەوام دەبن.
ململانێی ئێران و تورکیاش گەڕێکی تری دەستپێکردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سیمایەکی مەزهەبی زەقتر وەردەگرێت. بەداخەوە یەکێ لە ناوچە گەرمەکانی ئەم ململانێیە خاکی کوردستانە. هەوڵەکانی هەردوولا بۆ بەکارهێنانی کورد لە دژی یەک و نەیارەکانیان بەردەوامە. ڕەنگدانەوەی ئەم بلۆکبەندییەش لە نێوخۆی کوردستان بە توندی هەستی پێدەکرێت.
نەک تەنها زلهێزەکان و دەوڵەتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی بەکارهێنانی کارتی کورد دەدەن، بەڵکو دەوڵەتانی لاواز و بێهێزی وەک ئەرمەنستان و ئازربایجانیش لەم بوارەدا نەخشی خۆیان هەبووە. نمونەی زەقی ئەم یارییە شەڕی نەگۆڕنە – قەرەباخ بوو لە نێوان ئەرمەن و ئازەرییەکاندا. لەو شەڕەدا هەردوولا کوردیان بە خراپترین شیوە بەکارهێنا و لە پڕوپاگەندەکانیاندا باس باسی قارەمانێتی کورد و پاراستنی مافەکانیان بوو. کاتێ ئەرمەنەکان ئەو ناوچانەیان داگیرکرد کوردی ئازربایجان بوون بە ئاوارە و پەناهەندە و کوردی موسوڵمانی ئەرمەنستانیش لە ئەرمەنستان دەرکران و بە وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا بڵاو بوونەوە. ئەو لاچین و دەڤەرانەش کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا پایتەخت و ناوچەکانی کوردستانی سوور بوون و دانیشتوانیان لە نێوان 70 – 100 % کورد بوون، ئێستا پایتەخت و دەڤەری سەر بە نەگۆڕنە قەرەباخن و یەک کوردیان تێدا نەماوە. باسی ئەم بابەتەم لە وتارێکی تایبەت بە کوردستانی سوور کردووە و لە زۆر سایت و ڕۆژنامە بڵاوبووەتەوە، بۆیە بە پێویستی نازانم لێرەدا ئەو قسانە دووبارە بکەمەوە.
لە کۆتاییدا ئەوەی من دەیبینم تا ڕۆژی ئەمڕۆش دەوڵەتە زلهێز و بڕیار بەدەستەکانی دونیا و هەرێمەکە بزووتنەوەی کورد وەک هێزێکی شەڕکەری متمانەپێکراو دەبینن، کە دەتوانن ڕوو بەڕروی هێزە توندڕەوەکان ببنەوە و سەرکەون بە سەریاندا. لە بەرامبەردا هیچ گفت و پەیمانێکی سیاسی لە بارەی داهاتووی کوردستانەوە بەدی ناکرێت. ئەمە مایەی نیگەرانییە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو ڕاستییە لە بەر چاو بگرین کە هێزە هەرێمایەتییەکان دەرفەتیان هەبێت پەلامارمان دەدەن و ڕێگری لە خەونەکانمان ئەکەن.
چۆن دەبێت دوای ئەم هەموو قوربانی و ئازارە کورد و بزووتنەوەکەی وەک کارتێکی فشار سەیر بکرێت؟.