پەشێو حەمەد ئەمین: نێرەمووک ( shemale) .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوخبەیەک لە مرۆڤ هەن لە کۆمەڵگای ئێمە، بە مانای وشە قوربانین و، لە ڕووی دەرونی سایکۆلۆجیەوە بە تەواوی تێکشکاون، ئەوانیش ئەو مرۆڤانەن کە پێیان دەڵێن( نێرە مووک )، واتە: ئەو مرۆڤانەی نە نێرن و نە مێ .
ئاشکرایە مرۆڤ دەستکردی خودایەو کەس ناتوانێ لافی ئەوە لێبدات، کە هیچ کەمو کوڕیەکی جەستەیی نیە، بۆیە فەزڵی هیچ بەنی ئادەمێک بە سەر ئەوی تردا ڕەوایەتی وەرناگرێ و کارێکی تابڵێی گەوجانەیە و من شەرمەزاری دەکەم.
لێرەدا من هۆکارەکانی دروستبونی ئەو جۆرە مرۆڤانە بۆ پسپۆڕانی زانستی پزیشکی جێدەهێڵم و بە مافی خۆمی نازانم هیچی لە بارەوە بڵێم .
بەڵام لام ئەرکێکی پیرۆزە ئیدانەی ئەو ئەقڵە نا کامڵ و هەرزانە بکەم، کە بە چاوێکی کەمەوە تێڕوانینیان بۆ ئەو جۆرە مرۆڤانە هەیە . وە لە هەمان کاتیشدا ئارەزوومە ئەوانەی بەو جۆرەن، شەرم لە درکاندنی نەکەن و پێیوە سەربەرز بن، چونکە هیچ شەرمێک لەو باسەدا نیەو پێویست ناکات خۆیان دوورە پەرێز بگرن و هەست بەوە بکەن خەلەلێکی جەسەدیان هەیە.
لەم ڕۆژانە لە هاوڕێیەکم بیست، دراوسێیەکیان نێرەموک بووە، ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆ زۆر تانەو تەشەریان لێداوە، گوایە ئەو نێرە موکەو مرۆڤێکی تەواو نیە، بۆیە مافی ئەوەی نیە وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژی، تەنانەت لە نێو خوودی خانەوەدەکەی خۆیشی سوکایەتی پێکراوە، بۆیە ڕۆژێکیان بەرگە ناگرێ و ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات. هیچ ناڵێم : تەنها ئه وە نەبێ هەموومان بەرپرسیارین.
پێش هەموویان دایکان و باوکان، دواتر وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە و ، مامۆستایانی ئاینی و توێژەرانی باری کۆمەڵایەتی
.
دایکان باوکانی بەڕێز!
گەر نەوەیەکی لەو جۆرەتان هەیە، یا گەر خودا پێی بەخشین، لاتان شەرم نەبێت بیدرکێنن، بەڵکو شانازی بە بونیەوە بکەن، جیاوازی لە نێوان ئەوان و نەوەکانی دیکەتاندا مەکەن، ڕێگە مەدەن ئاشکرا کردنی ئەو باسە پیر بکەن، چونکە کاتێک کە پیر بوو پێویستیەتی خۆی بیدرکێنێ، ئەگەر هەیە ئەویش جورئەتی درکاندنی نەکاو توشی داڕوخانی دەروونی بێت، وای پەروەردە کەن ئەوەندە سەرقاڵی زانست و داهێنان و هونەر بێت، کە بیری بچێتەوە بیر لەوە بکاتەوە کە خودا نەقسی ئەندامێکی خستۆتە گیانەوە، لەوانەیە ئەو کات مرۆڤێکی هێندە مەزنی لێدەربچێت، جێگەی شانازی نەوەک خێزانێک، بەڵکو وڵاتێک بێت.
مامۆستایانی ئاینی :
ئێوە باشتر لە هەر کەس دەزانن خەڵقی ئینسان لە ئادەمڕاوە دەسپێدەکات، وە بە درێژایی دروسبوونی مرۆڤایەتی ملیارەها مرۆڤ لە دایک بوون و مردوون، تیایان هەبووە، دوو مرۆڤ پێکەوە نوساون، هەبووە بێ قاچ، بێ گوێ، بێ چاو و بێ دەست، یا بێ هەر ئەندامێکی تری جەستە هاتۆتە بوون، کە ئەمانە ئاسایی بن، ئیدی فێری ئەو خەڵکەی بکەن، کە بوونی مرۆڤیک ناویان ناوە (نێرەمووک) عەیبە نیە و بەردەوام و بەردەوام ئەوە بڵێنەوە، کە جیاوازی دروستنەکەن لە نێوان ئەوان و مرۆڤەکانی تر، چونکە سزای خۆی هەیە، ئاخر هەر ئێوە نین دەڵێن: ئازار دانی ئاژەڵێک بۆی هەیە ڕاپێچی دۆزەخت بکات” چ جای بریندار کردنی هەستی وجوودێک، کە مرۆڤەو خودا گەورەترین ڕێزی لێ ناوە !!
توێژەرانی بواری کۆمەڵایەتی :
ئەوەی ئێوە جیادەکاتەوە لەوانی تر ئەوەیە، ئێوە باوانی دووەمی کۆمەڵگان، بۆیە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و یەکخستن و تەبایی خێزان و، بڵاوکردنەوە هۆشیاری و، داماڵینی ئەو هزرەی مرۆڤ بەرەو تاوانکاری و خۆکوشتن دەبات کاری ئێوەیە، چونکە ئێوە ئەکادیمن و لێزانینتان زیاترە لە پەروەردەی سەردەم، تکا دەکەم ئەو کلتورە تێک بشکێنن کە باوانێک پێیان شەرم بێت نەوەیەکی (نێرەمووک) یان هەبێت، یا خوودی ئەوانەی (نێرەمووکن) جورئەت نەکەن ئەوە بدرکێنن کە جیاوازن لەوانی تر.
حکومەت :
ئەو دام و دەزگایانەی لە حکومەتدا پەیوەندیەکی ڕاستەوانەیان هەیە بەم تەوەرەوە زۆرن، لەوانە :
A – پەڕلەمان
B – کارو کارو بار کۆمەڵایتی
C – ناوخۆ
D – پەروەردە و فێر کردن
E – ئەوقاف و کار و باری ئاینی
F – ڕۆشنبیری
G – تەندروستی و … تد .
لێرەدا دونیایەک تێبینی و سەرەنج و پێشنیار هەن بۆ ئەم باسە، بۆیە زۆری دەوێ تا لەم وێستگەوە بخرێنە بەر باس، گەر ئەم باسە بکرێتە تەوەرێکی جددی و کاری لە سەر بکرێ ، ئەوکات هەمە هەنگی تەواوی لایەنەکان مەیسەری کێشەکە دەکات.
تکایە هەمووان فریا کەون و کۆتایی بەو کلتورە بێنن، کە مرۆڤێک لە بەرئەنجامی سوکایەتی و نەبوونی ئەندامێکی جەستەی، شەرم بکات لە ژیانی خۆی و ، ڕۆژی سەدان جار خۆزگە بە مەرگ بخوازێت .
لە گەڵ ڕێزما

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت