هاوڕێ چۆمانی: کێ پیاوی چاکسازییە ؟.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاکسازی رووداوێکی کتوپڕ نیە بەڵکو بریتیە لەکۆمەلێک کۆشش و بەردەوامی کەبەدرێژایی ( بوون ) مرۆڤ لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگای سیاسی وەک دەستەجەمعی دووبارەی دەکەنەوە.
ئەو گۆرانکاریانەی لەشێوەی لەناکاوی دروست دەبن دەکرێـت بەرێگای شۆرش یاخود کودەتاوە لەقەڵەم بدرێن بەڵام چاکسازی پرسێکە هەمیشە رژێمی سیاسی ئەنجامی دەدا و خۆی پێ نوێدەکاتەوە.
چاکسازی لە رژێمی سیاسی وەک چاکسازیکردن لە ( خودی تاک) نیە، بەڵکو بۆ سەرکەوتن و گەیشتنە ئەنجام پێویستە کۆدەنگی گشت رەنگ و دەنگ و رەگەزەکانی کۆمەڵگا هەبێـت، ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ئەوچاکسازیە بەماڵویرانی و دەردەسەری کۆتایی پێ دێ، پیاوی چاکسازی ئەو پیاوەیە دەیەوێت هەموو هێزە سیاسیە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی خوانێکی سیاسی کۆبکاتەوە و رەزامەندیان بە دەست دێنێت بۆ گۆرین سیما و خەسڵەتە نادروستەکان بۆ دروستی، مێژووی ئینسانیەت خاڵی نیە لە چاکسازیخوازان لەبەرانبەریش پرە لەو رێبەر و دەسەڵاتدارانەی بەناوی چاکسازی بۆ چەند ساتێکی تر لەسەر کورسی فەرمانرەوایی مانەوە بەلام دەرئەنجام کورسی و کۆشکەکانیان بە گردبوونەوەی نەدار و برسیەکان ئاوەژوو کران.
لەراستیدا لەنەبوونی چاکسازی هەر فەرمانرەوا و حیزبی دەسەڵاتدار بەرپرس نین بەڵکو نەبوونی هێزی سیاسی بەرهەڵستکار یاخود لاوازبوونی و نەجوڵانی رای گشتی هۆیەکی سەرەکین لە نەکردنی چاکسازی چونکە سیستەمی سیاسی رەنگدانەوەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگا سیاسییە، چاکسازی لەبەر ئەوەی پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆیە زۆرترین لەمپەر و رێگری هەیە هەر ئەوەش وامان لێدەکات بلێن چاکسازی پیاوی خۆێی پێوستە و ئەرکیشە ئەو پیاوە هەموو مەرجێکی چاکسازی تێدا بێتە دی لە سادەترین مەرج ئەوەیە هەموو ئەو پلانەی بۆ چاکسازی هەیەتی لەخۆی بێنەدی و خاوەن روئیایەکی دروستکەر بێت نەوەک ئاشکرا چونکە چاکسازی بەهەوڵی دروستکردن دێتەکایەوە نەوەک بە کۆمەلێک دروشمی هەست بزێن و رستەی بریقەدار ، پیاوانی چاکسازیی خواز بیر لە چارەسەری هەنوکەیی و کاتی ناکانەوە چونکە ئەو جۆرە کردارانە لەمێژووی سیاسیان وەک پەلەیەکی رەش وایە، بۆیە هەمیشە چاکسازانی راستەقینە کار لەسەر میتۆدی چاکسازی هەمیشیەیی و دوور مەودا دەکەنەوە لەبەرئەوەی خودی چاکسازی رزگاربوون لە قەیرانێکی مەترسیدارە وە مەترسیدارەکان وەک ژەهروان بۆیە بنبرکردنی یەکجارەکی ژەهر چارەسەرە نەوەک هەڵبژاردەیەکی دیکە.
لەراستیدا رێبەری چاکسازیخواز وەک چۆن لەسەرکەوتنی ئەو رێبازە چاکسازیە شەرەفێکی مەزن بەدەست دێنێت، بەهەمان شێوەش لەشکست و گاڵتەکردن بە هزروهەستی نیشتیمانیان چارەنوسێکی دژوار هەڵدەبژێری.
لە دونیای ئەمرۆ کەم نین ئەو رێبەرانەی بانگەشەی چاکسازی فەرمانرەوایی و بەرێوەبردن دەکەن بەهۆی ئەوەشەوە رۆژێک زیاتر لاف و گەز بە پلە و پایەکانیانەوە لێ دەدەن، بەڵام ئەوە هەرگیزمانای ئەوە نیە بە گەندەڵی و ستەمکاری خۆیان رەگ وریشە گەندەڵی دەربهێنن بەڵکو دواجار هەر گەندەڵیە کۆتایی بە ژیانی گەندەڵکاران دێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت