هەورامان عەلی: یاداشتەکانی ڕۆژ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیمەنی یەکەم
کۆمەڵی کوردەواری لە باشوور لە قەیرانێکی خنکێنەردایە و پێویستی بە هەستانێکی جەماوەری هەیە تا بیخاتەوە سەر سکەی خۆی. یەکێك لە کارکردەکانی دەسەڵاتی خۆماڵی لە ساڵانی ڕابردودا بێ ئیرادەکردنی خەڵکی بووە . خۆپیشاندانی ئەمڕۆ هەنگاوێکە لە ڕاسایی گێرانەوەی ئەم ئیرادەیە . سلێمانی لەوەتەی هەیە پێشەنگە ، کەم جار هەبووە وەك ئەمڕۆ خەلکێکی زۆر بۆ خۆپیشاندان بڕژێتە شەقامەکانی . بێگومان بەدەستهێنانی نان و ئازادی پێویستی بەوەیە ئەم خەلکە بە یەکگرتویی لە مەیداندا بمێنێنەوە.
دیمەنی دووەم
شەوی ڕابردوو لە هەولێری پایتەخت هێزە ئەمنیەکان هەڵسوڕاوێك دەڕفێنن و دوای ئازاردانی بەو شێوەیە کە دەیبینن سەر و برۆی دەتاشن! با هەموو لایەك دڵنیابن دەسەلاتێك شکۆ و مانەوەی بە شکاندنی کەسایەتی هاولاتیەکانی مەملەکەتەکەیەوە پەیوەستبێت ، ئەو دەسەڵاتە هیچ ئایندەیەکی نیە و نەك شایەنی حوکمرانی نیە ، بەلکە دەبێت تا زووە بخرێتە زبڵدانی مێژوو!
دیمەنی سێیەم
لە قەیرانی ئابوری کوردستاندا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگە رێژەیەکی بەرچاویان بێکارن . هەموو وەزارەتەکان موچەیان دواکەوتوە ، تەنیا وەزارەتی مەلاکان نەبێت. لە کوردستاندا جگە لە مەلا هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە ڕەخنە بگرێت. بەشێك لە قەیرانەکانی ئەم کۆمەلگەیە زاڵبونی فکری مەلایە! تەماشاکەن لەم 25 ساڵەی دوایدا سەڕای گەمارۆی ئابوری و کوێرەوەری ئەو خەلکە لەم سێ شارەی کوردستاندا ( هەولێر ، سلێمانی و دهۆک) زیاتر لە 4000 مزگەوت کراوەتەوە !ئەوە جگە لە سەدان بارەگا ی حزبی ئیسلامی و تەکیە و خانەقای جۆراوجۆر. ئەمرۆ کوردستان خاوەنی 5473 مزگەوتە ، لەکاتێکدا لەم چارەکە سەدەی ڕابردودا ژمارەی ئەو قوتابخانە و نەخۆشخانانەی کراونەتەوە ناگەنە 1000 دانە! ئاخرژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن و نیوە و ژمارەی مزگەوتەکانی گه‌یشته‌ 5473 مزگه‌وت، واتە بۆ 1000 هەزار کەس بە ژن و پیاو و پیرو مناڵەوە مزگەوتێکیان بەردەکەوێت.
ولآتێکی وەک سعودیە بەپێی دوا ئامار ژمارەی دانیشتوانی 31 ملیۆن هاولآتییە، ژمارەی مزگەوتەکانی 94 هەزار مزگەوتە،
واتە هەر 3297 کەس یەک مزگەوتیان بەردەکەوێت.
زۆر بە کورتی لە هەر هەستانێکی جەماوەریدا یەکێك لە خواستە بنەرەتیەکان دەبێت جیاکردنەوەی ئاینبێت لە سیاسەت و پەروەردە ، مەلاکان نەك مافی ئەوەیاننیە نوێژ بهێنە سەر جادەکان ، بەلکە مافی ئەوەشیان نیە لوت بژنە سیاسەت و کاروباری بەڕێوەبردنی ولات!

کوردستان و قەیران و تەگژەکانی پێویستی بە هاتنەمەیدانی خەلکە ، بەڵام لەوەش گرنتر ئەوەیە ئەو خەلکە بزانێت چی لادەبات و چی دەخاتە شوێنی . خۆپیشاندان و خەباتی جەماوەری بەبێ بونی ڕێکخراوەی تۆکمە ، ڕابەرایەتی بەرچاوڕون و خاوەن خەتی سیاسی شۆڕشگێرانە ، بەبێ بونی داخوازی دیاریکراو ڕوون ، زۆر بە ئاسانی بەلاڕیدا دەبرێت ، دەبێتە دەسمایەی هێزە هەلپەرست و دواکەوتوەکان وەک ئەوەی 17 شوبات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت