شه‌ریف هه‌ژاری: دیبه‌یته‌كه‌ی ترامپ و هیلاری كلینتن .

دوێنێ شه‌و تا به‌یانی نه‌خه‌وتم ته‌نها له‌به‌ر ته‌ماشاكردنی دیبه‌یته‌ 90 خوله‌كییه‌كه‌ی نێوان ترامپ و كلینتن. هه‌رچه‌نده‌ دیبه‌یته‌كه‌ كاته‌كه‌ی ڕێك له‌ به‌ره‌به‌یانی كوردستان دا بوو، به‌ڵام كاتم لا گرنگ نه‌بوو. سی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

دوێنێ شه‌و تا به‌یانی نه‌خه‌وتم ته‌نها له‌به‌ر ته‌ماشاكردنی دیبه‌یته‌ 90 خوله‌كییه‌كه‌ی نێوان ترامپ و كلینتن.

هه‌رچه‌نده‌ دیبه‌یته‌كه‌ كاته‌كه‌ی ڕێك له‌ به‌ره‌به‌یانی كوردستان دا بوو، به‌ڵام كاتم لا گرنگ نه‌بوو.
سی – ئێن – ئێن هه‌میشه‌ ئه‌یوت ئه‌م دیبه‌یته‌ پڕ- بینه‌رترین دیبه‌یتی مێژوویی نێوان كاندیده‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكایه‌ و سه‌د ملیۆن كه‌س له‌ چاوه‌ڕوانی دیبه‌یته‌كه‌دان، به‌ڵام بڕوابكه‌ن هێنده‌ی هه‌موو كه‌سێك تامه‌زرۆی ته‌ركیزخستنه‌سه‌ر دیبه‌یته‌كه‌ بووم، چونكه‌ هه‌م بواری پسپۆڕی خۆم ( سیاسه‌ت و ستراتیژی ئیمپراتۆرییه‌تی به‌ریتانیه‌ له‌ ئه‌مریكا ) و هه‌م ئینشا ئه‌لا ده‌شمه‌وێت ببمه‌ پسپۆڕی وردی ئه‌و بواره‌ و هه‌م وانه‌ی (مێژووی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا) به‌ زمانی ئینگلیزی ئه‌ڵێمه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی له‌م دیبه‌یته‌دا گرنگ بوو، به‌ كورتییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ بوو له‌ دیدی من دا:
دۆناڵد ترامپ زۆر ورده‌ له‌ كێشه‌كانی ناوخۆی ئه‌مریكا و به‌تایبه‌ت كاروباری كۆمپانیاكان و پیشه‌سازییه‌ بچووك و گه‌وره‌كان و، هه‌روه‌ها پیشه‌ جۆراوجۆره‌كانی خه‌لك به‌ گشتیی. زۆر نموونه‌ی وردی ئه‌هێنایه‌وه‌.
به‌ڵام هیلاری كلینتن: شاره‌زایه‌كی باشی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌م خێزانی سه‌رۆك بیل كلینتن بووه‌ و، هه‌م ماوه‌یه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بووه‌ له‌ كابینه‌ی ئۆبامادا.
دوای دیبه‌یته‌كه‌، له‌ سی – ئێن – ئێن دا پسۆره‌كانی سیاسه‌ت و مێژووی ئه‌مریكا، به‌ وردی له‌سه‌ر دیبه‌یته‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان به‌ كورتی له‌م دوو خاڵه‌دا بۆ دیبه‌یته‌كه‌ خسته‌ڕوو:
1 – هیلاری كلینتن : به‌رپرسیارانه‌تر و ئه‌زمووندارتر قسه‌ی كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران و سودی لێ وه‌رگرێت.
2- دۆناڵد ترامپ : زیاتر ڕه‌خنه‌گرانه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌متر به‌ به‌رپرسیارانه‌ گفتوگۆی ئه‌كرد! و به‌ پێی هه‌ڵسه‌نگینه‌ره‌كان ترامپ ئاماده‌یی باشی نه‌كردووه‌ بۆ دیبه‌یته‌كه‌.
له‌ پاش دیبه‌یته‌كه‌ و تێڕامان له‌ قسه‌ی پسپۆڕه‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌ره‌كانی سی – ئێن – ئێن، له‌ هزری خۆمدا ئه‌موتم: له‌ گه‌لێكی هوشیاری وه‌ك ئه‌مریكا ورده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵێن: كام كاندید به‌رپرسیارانه‌ قسه‌ ده‌كات!!
ئه‌و هه‌موو ره‌خنه‌ لۆژیكییه‌ی ترامپ ده‌یگرت زۆر گرنگیان پێ نه‌ده‌دا، چونكه‌ ده‌یانووت: كه‌مێك نابه‌رپرسیارانه‌ قسه‌ ئه‌كات!! كه‌چی له‌ كوردستان هه‌ر كه‌س جنێو بدات و ده‌مباز بێت و شاعیرانه‌ ته‌حلیلی سیاسیی بكات هه‌ڵی ئه‌بژێرن بۆ په‌رله‌مانتار و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان!! هه‌رچه‌نده‌ هه‌رچی په‌رله‌مانتار و ده‌سه‌لاتداری كورد هه‌یه‌‌ ناتووانن هێنده‌ی هیلاری كلنتن و ترامپ به‌ڕێزه‌وه‌ به‌ چه‌ندان كاتژمێر دیبه‌یت و مشتومڕی لۆژیكی ئه‌نجام بده‌ن له‌سه‌ر ته‌واوی پرسه‌كانی جیهان.
شیاوی باسه‌، هیلاری كلینتن له‌ قسه‌كانی دیبه‌یته‌كه‌یدا، له‌ ستوونی باسی داعش دا، ئاماژه‌ی به‌ كوردیش كرد وه‌ك هێزێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ل ئه‌مریكا بۆ دژایه‌تی تیرۆر، كه‌ ئه‌وه‌م لا گرنگ بوو له‌ دیبه‌یتێكی وه‌هادا هیلاری باسی له‌ كورد كرد!
به‌س له‌ڕاستیدا ترامپ حه‌شری به‌ ئێران كرد، به‌ توندی دژی سیاسه‌تی ئۆباما و هیلاری وه‌ستایه‌وه سه‌باره‌ت به‌ ئێران و زۆر نموونه‌ی هێنایه‌وه‌‌!
ئیدی گه‌لی ئه‌مریكا ئه‌زانن كامیان هه‌ل ده‌بژێرن! هه‌لبژاردنی ئه‌مسال زۆرترین ململانێی یه‌كتر ئه‌كه‌ن و تائێستاش خه‌مڵاندنه‌ سیاسییه‌كان ڕێژه‌ی ده‌نگدارانی هه‌ردوو كاندید به‌ نزیك له‌ یه‌كتر ده‌زانن، به‌ڵام كه‌مێك هیلاری له‌ پێشه‌وه‌ی ترامپه‌، ئه‌لبه‌ته‌ ئه‌گوونجێت باڵانسه‌كه‌ بشگۆڕیت، به‌تایبه‌ت له‌ دیبه‌یتی داهاتوو دا.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شەریف هەژاریی

ئەرشیڤی بەڕێز: شەریف هەژاریی