محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: سوننه‌پارێزه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا .

پرۆسه‌ی شه‌ڕی تیرۆر و تێكهه‌ڵشێلانی عێراق و سوریا گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغه‌كانی به‌ر له‌ كۆتایی، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ره‌ی سوننه‌پارێزو شیعه‌پارێز كه‌وتوونه‌ته‌ گۆڕانكاری له‌ سه‌ر زه‌مینی سوریاو عێراق به‌ جۆرێك هه‌ریه‌كه‌و خه‌ریكی زیادكردن […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

پرۆسه‌ی شه‌ڕی تیرۆر و تێكهه‌ڵشێلانی عێراق و سوریا گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغه‌كانی به‌ر له‌ كۆتایی، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ره‌ی سوننه‌پارێزو شیعه‌پارێز كه‌وتوونه‌ته‌ گۆڕانكاری له‌ سه‌ر زه‌مینی سوریاو عێراق به‌ جۆرێك هه‌ریه‌كه‌و خه‌ریكی زیادكردن و چه‌سپاندنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیه‌تی.

له‌ سوریا گورزی گه‌وره‌ به‌ر نه‌خشه‌كانی توركیا كه‌وت و گورزی تریشی به‌دوادادێت، پێده‌چێت توركیا حه‌له‌بی به‌ته‌واوی له‌ده‌ست دابێت و ئه‌مریكاو رووسیا ڕێكه‌وتبن حه‌له‌ب بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی شیعه‌پارێز. ئه‌وه‌ی شیعه‌پارێزه‌كان ئێستا له‌ سوریا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه‌كه‌یه‌و به‌ موباره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌وه‌تا ماوه‌یه‌كه‌ گوندو شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق كه‌ سوننه‌نشین یان به‌شێكی سوننه‌ بوون، له‌لایه‌ن سوپای سوریاوه‌ پاكتاوی ڕه‌گه‌زی ده‌كرێن، بۆ نموونه‌ له‌ شاری داره‌یا، كه‌ سوننه‌كان به‌شێكی زۆری دانیشتوانه‌كه‌ی بوون، هه‌موویان له‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ركران و ماڵ و حاڵیان درا به‌ شیعه‌كان، جگه‌له‌وه‌ له‌ داره‌یا تائێستا 300 ماڵی شیعه‌ی عێراقی نیشته‌جێ كراون، جگه‌ له‌ ماڵ و خانوو، هه‌ر خێزانه‌و بڕێك پاره‌ی باشیان پێدراوه‌. ئه‌و عێراقیانه‌ی له‌ سوریا نیشته‌جێ ده‌كرێن، هه‌موویان سه‌ر به‌ گروپێكی دیاریكراوی حه‌شدی شه‌عبین.

ئه‌و هێزه‌ی توركیا كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ حه‌له‌ب شه‌ڕ ده‌كات، ئێستا چاره‌نوسی نادیاره‌، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ به‌نهێنی و له‌ ژێر ناویتردا چووه‌ته‌ ئه‌وێ، ئه‌و هێزانه‌شی كه‌ به‌ نهێنی كارده‌كه‌ن چاره‌نووسیان فه‌وتانه‌. توركیا له‌ جه‌رابلوس هه‌مان هه‌ڵه‌ی دووباره‌ نه‌كرده‌وه‌، هێزه‌كه‌ی به‌ئاشكرا له‌ سنوری خۆیه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كرد، به‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كان ته‌نیا بۆ سه‌ر هێزه‌ مورته‌زه‌قه‌كانی هاوه‌ڵی ده‌بێت، ئه‌و هێزانه‌ی عه‌ره‌بی سوریان له‌ دوایدا له‌ هێزه‌ سوننه‌كانیتر داده‌بڕێن و ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌ ئێستاشه‌وه‌ لێیده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وه‌تا له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا كه‌تیبه‌یه‌ك وازی هێناو به‌ره‌كه‌ی به‌جێهێشت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ هێزه‌كه‌ی پارتییه‌، دوای ده‌ركه‌وتنی به‌رئه‌نجامه‌كان به‌هۆی دووری پارتییه‌وه‌ ئه‌ویش كه‌س نایگرێته‌ خۆی و چاره‌نووسی فه‌وتانه‌.

له‌ عێراقیشدا، ئێستا به‌ره‌ی شیعه‌پارێز كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌، دوای سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی داعش، باشتر خۆی گرتووه‌و تۆكمه‌تر مانۆڕی سیاسی ده‌كات، شه‌ڕی داعشی له‌ ناوچه‌كانی خۆی دوورخستووه‌ته‌وه‌، ئێستا كارتی هه‌موو گه‌مه‌كانی فڕێداوه‌ته‌ ناوچه‌ سوننه‌و كوردستانیه‌كانه‌وه‌.

توركیا ده‌یه‌وێت بۆ تێپه‌ڕاندنی شكسته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی له‌ سوریا، له‌ عێراق هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێنێت، ئه‌گه‌ر بچووكیش بێت.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ كاتی شه‌ڕی داعشدا كه‌ركوك ته‌سلیم به‌ كورد كرا، به‌ڵام كورد ته‌نیا نه‌وته‌كه‌ی بردو شاره‌كه‌ی هێشته‌وه‌ بۆ قه‌ده‌ری ڕۆژگار، له‌ ئێستادا كاتی ده‌ورو ته‌سلیمه‌و ده‌بێت كه‌ركوك به‌ هه‌ر 996 بیره‌ نه‌وته‌كه‌یه‌وه‌ بخرێته‌وه‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌تی شیعه‌پارێزی عێراق، چونكه‌ كه‌ركوك به‌ هۆی داگیركردنی موسڵه‌وه‌ درایه‌ ده‌ست حیزبه‌كانی كوردستان، ئێستاش له‌گه‌ڵ ڕزگاركردنی موسڵ ده‌بێت كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ حاڵی جارانی. توركیا به‌ له‌ده‌ستدانی داهاتی نه‌وتی كه‌ركوك ده‌یه‌وێت جێپێیه‌ك له‌ موسڵ بۆ خۆی بكاته‌وه‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌ ئێستا بارزانی له‌به‌غدایه‌.

بارزانی ده‌یه‌وێت له‌ به‌غدا به‌هه‌ر نرخێك بێت كۆمه‌ڵێك خواستی توركیا ئینجا خۆی به‌ ده‌ست بێنێت:

+ شنگال بخرێته‌وه‌ ژێر ده‌ستی بارزانی، بۆچی شنگال بۆ توركیاو بارزانی گرنگه‌؟ توركیا دڵنیایه‌ نه‌خشه‌ی سیاسی داهاتووی سوریا به‌هه‌ر جۆرێك بێت، كوردانی ڕۆژاوا ده‌بنه‌ خاوه‌نی هه‌رێمێكی به‌ هێز له‌ ناو سوریادا. شنگال و چیای شنگال به‌ لێكدانه‌وه‌ی تورك ده‌بێته‌ قوڵایی ستراتیجی بۆ هه‌رێمی ڕۆژاوا، وه‌ك چۆن قه‌ندیل بووه‌ته‌ قوڵایی ستراتیجی بۆ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ له‌ باكوور. به‌ چاندنی هێزێكی تورك یان هێزێكی گوێڕایه‌ڵی تورك خۆی له‌و مه‌ترسیه‌ ده‌پارێزێت .

+ له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ ڕێگرتن له‌و هێزه‌ 2000 كه‌سیه‌ی په‌كه‌كه‌ كه‌ ئه‌مریكا بڕیاری داوه‌ له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ به‌شدارییان پێبكات.

+ هه‌وڵدان بۆ به‌شداری پێكردنی سوپای تورك له‌ شه‌ڕی موسڵ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق داوا بكات ڕه‌نگه‌ ئه‌مریكا گوێبگرێت.

+ ئه‌مریكا بڕیاری داوه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ندێك شوێنی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ به‌شداری شه‌ڕ بێت، به‌ پێی نه‌خشه‌كه‌ی ئه‌مریكاش بێت پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ندێك شوێندا زیاتر ڕۆیشتووه‌و ده‌بێت بكشێته‌وه‌. بارزانی و توركیا زۆر گرنگه‌ به‌لایانه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت بچێته‌ ناو موسڵه‌وه‌.

+ حكومه‌تی عێراق ڕێگر بێت له‌ دروستكردنی پارێزگای ده‌شتی نه‌ینه‌وا وه‌ك ئه‌مریكا به‌ڵێنی به‌ مه‌سیحیه‌كان داوه‌.

جگه‌ له‌مانه‌ش خواست زۆره‌ به‌ڵام چی به‌ده‌ست ده‌هێنێت ئه‌وه‌ گرنگه‌، یان چی ده‌به‌خشێت تا به‌ده‌ستیان بهێنێت، گرنگترین شتێك كه‌ به‌ده‌ست بارزانی بێت و بۆ شیعه‌پارێزه‌كان گرنگ بێت ڕێگای سه‌لامه‌تی نه‌وتی قاچاخه‌، هه‌رچه‌نده‌ نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رده‌م سه‌رانی شیعه‌ به‌ڵام وا دیاره‌ بارزانیش هه‌مان ده‌سكه‌ گوڵ پێشكه‌ش ده‌كاته‌وه‌

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
محەمەد عەبدوڵا

ئەرشیڤی بەڕێز: محەمەد عەبدوڵا