دکتۆر جەبار قادر: کورد و مەکتەبی عەشیرەتەکان لە ئەستەموڵ  1892 – 1907 .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قوتابخانەی هۆزەکان یا مەکتەبی عەشیرەتەکان یاخود عەشیرەت مەکتەبی هەمایۆنی بە فەرمانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ئەستەموڵ کرایەوە. ئەم قوتابخانەیە تایبەت بوو بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی سەرۆك هۆز و بنەماڵە ناودار و بەهێزەکانی ویلایەتە دووردەستەکانی دەوڵەتی عوسمانی. قوتابخانەکە لە ئوکتۆبەری ١٨٩٢ لە ئەستەموڵ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (١٨٧٦-١٩٠٩) کرایەوە. مەبەستی سەرەکی سوڵتان لە کردنەوەی ئەم مەکتەبە گرێدانی هۆزەکان بوو بە دەوڵەت و خودی سوڵتانەوە. خۆی و کەسە نزیکەکانی هەستیان بەوە دەکرد کە دەوڵەتی عوسمانی  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێ و دەستێوەردانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە کاروباری نێوخۆی دەوڵەت پەرەدەستێنێ. ئەم دەستێوەردانە بەشێکی لە ڕێگەی تێکەڵاوی و پەیوەندییەوە لە گەڵ سەرۆك هۆز و دەرەبەگ و کەسایەتییە ئاینییەکاندا بەدی دێت. دەستێکەڵکردنی سەرۆك هۆزە عەرەبەکان لە گەڵ بەریتانییەکاندا و چاڵاکی سیخوڕە ڕۆژئاواییەکان لە نێو هۆزەکانی تری دەوڵەتی عوسمانیدا و مەترسی بەکارهێنانیان لە دژی دەوڵەت، فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ بیرکردنەوە لە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە.

لاوازی دەوڵەت لە لایەک و هاندانی سیخوڕە بیانییەکان لە لایەکی ترەوە ئازایی دەخستە بەر سەرۆك هۆزەکان لە دەسەڵاتی سوڵتان هەڵگەڕێنەوە. لە ئەنجامدا ئەم کار و چالاکییانە بە زیانی دەوڵەت و قازانجی دەوڵەتە زلهێزەکان دەشکانەوە. دەروازەی باڵا (بابی عالی) زۆر بیری لەوە کردەوە چۆن خۆی لەم قەیرانە ڕزگار بکات. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بیری لە پرۆژەیەكی چەند لایەنە دەکردەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە دەوڵەتی عوسمانی لە لەنێوچوون بپارێزێت. خاڵە سەرەکییەکانی پرۆژە خەیالێیەکەی بونیادنانی نەتەوەییەکی عوسمانێ بوو، کە یەکێتی موسوڵمانان بنەمای فکریی بێت و هەموو ئەندامانی لە ژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوەو، دەسەڵاتێکی پۆلیسی و هەواڵگری توند و تۆڵیش کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی بکات ومیدیایەکی پڕوپاگەندەکاریش ئاڕاستەی بکات. کردنەوەی قوتابخانەی عەشیرەتەکان یەکێ لەو ئامێرانە بوو لەو پرۆژەی سوڵتان بیری لێی کردبووەوە بۆ گرێدانی هۆز و خێڵ و بنەماڵە سەرکەشەکانی دەڤەرە دووردەستەکان بە دەروازەی باڵاوە. ئەم هەوڵەی سوڵتان لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە سوڵتان و کاربەدەستانی دەوڵەت هەستیان بەوە کردبوو کە دەوڵەتی عوسمانی ناتوانێت لەوە زیاتر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بۆیە دەبێت کۆمەڵێ چاکسازی ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی لە لەنێوچوون ڕزگار بکرێت. دەوڵەت ڕوو بە ڕووی کۆمەڵێ زۆر کێشە ببووەوە: کێشە ئابورییەکان، پیلانە سیاسییە نێوخۆییەکان، پیلانەکانی دەوڵەتە زلهێزەکان بۆ دابەشکردنی دەوڵەتی عوسمانی و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی ناتورك لە لایەکەوە و لە لایەکی تریشەوە بەشێکی زۆر لە دانیشتوان هێشتا لە باری کۆچەریدا ژیانیان بەسەر دەبرد و لە بەهار و هەوار و هاتوچۆدا بوون. ئەم کۆچەرانە لە هاتوچۆیاندا زیانی زۆریان بە زەوی و زاری گوندنشینان دەگەیاند و گەلێ جار زۆردارییان بەرامبەر دانیشتوانی گوند و شارەکان دەکرد و خەڵك داد و بێدادیان بوو لە دەستیان.  بە هۆی ئەم بارەوە لەو شوێنانە خەڵك هەستی بە ئەمن و ئاسایش نەدەکرد و دەرفەتی پێشکەوتنی خوێندن و پەروەدە و تەندروستی و ئابوری لە ئارادا نەبوو. پەیوەندی هۆزە عەرەبەکان بە ئینگلیزەوە و سەرهەڵدانە یەك لە دوای یەکەکانی کورد و نەچوونی کاربەدەستانی دەوڵەت بۆ گەلێ لە دەڤەرەکانی ئەلبانیا، هەموو هۆ بوون بۆ ئەوەی دەوڵەت بیر لە پرۆژەیەکی لەم جۆرە بکاتەوە.

لە سەرەتاوە بیر لەوە کرایەوە کە قوتابخانەی عەشیرەتەکان لە ناوچەکانی هۆزەکان خۆیاندا بکرێنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بیرۆکەی ئەوەی منداڵانی سەرۆک هۆز و دەرەبەگ و بنەماڵە ناودارەکان بهێنرێنە ئەستەموڵ بۆ ئەوەی لە کەش و هەوای پایتەخت و کولتوری عوسمانیدا پەروەدە بکرێن بە پەسەند زانرا.

لە دەسپێکدا سوڵتان تەنها بیری لە منداڵانی سەرۆك هۆزە و بنەماڵە ئاینییە عەرەبەکان دەکردەوە، چونکە پەیوەندییان لە گەڵ ئینگلیزەکاندا و مەترسی بەکارهێنانیان لە دژی دەوڵەت مایەی نیگەرانی سوڵتان و دەست و دایەرەکەی بوو. بۆ ئەم مەبەستە بیر لەوە کرایەوە منداڵانی سەرۆك هۆزە عەرەبەکانی حیجاز، یەمەن، لیبیا، عیراق و سوریا ببرێن بۆ ئەو مەکتەبە و لەوێ بە کولتوری عوسمانی پەروەردە بکرێن. مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو کە ئەمانە لە داهاتوودا لە دژی پرۆژەی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بووەستنەوە، هەر بۆ خۆشیان دەبوایە لە دواڕۆژدا شوێنی باوکەکانیان بگرنەوە و ببن بە سەرۆك هۆز و ڕابەری ئاینی لە دەڤەرەکانی خۆیان، بەڵام ئەم جارەیان وەکو کاربەدەستانی دەوڵەت و پیاوانی سوڵتان. منداڵانی سەرۆك عەشیرەتە عەربییەکان وەرگیران، دوای ئەوانیش ئەلبانییەکان هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی منداڵانی ئەوانیش وەربگیرێن. لە ساڵی ١٩٠٢ بیست منداڵی ئەلبانی لە قوتابخانەکە وەرگیران. سەرۆك هۆزە کوردەکانیش، بە تایبەتی ئەوانەی لە ڕیزەکانی ئاڵای حەمیدیەدا بوون، لە ڕێگەی کەسە نزیکەکانی سوڵتانەوە هەوڵیاندا منداڵەکانی ئەوانیش بەر ئەو “نیعمەتەی” سوڵتان بکەون و ببرێن بۆ مەکتەبی عەشیرەتەکان. ئەمان وا بیریان دەکردەوە کە پێگەی خۆیان و هۆز و دەڤەرەکانیان لە ڕێگەی ئەو بەشدارییەوە بەهێزتر دەبێت. هەندێ لە نووسەران و مێژوونووسانی کورد پێیان وایە سوڵتان بە زۆر نەوەی سەرۆک هۆز و خێڵە کوردەکانی دەبردە ئەستەموڵ و لەو قوتانخانە دەیانناوە بەر خوێندن. لە ڕاستیدا پرسەکە بە پێچەوانەوەیە، سەرۆک هۆزەکان هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی منداڵەکانی ئەوانیش وەربگیرێن. بەم کارەیان داهاتووی منداڵەکانیان مسۆگەر دەکرد و لە لایەکی دیکەشەوە ئەمانە لە داهاتوودا دەبوونە بەرپرس و کاربەدەست لە ناوچەکانی خۆیان و دەیانتوانی خزمەتی زێدی خۆیان بکەن.

 کوڕانی ١٢ – ١٦ ساڵانەی سەرۆك هۆزە و دەرەبەگ و بنەماڵە خاوەن پێگە بەهێز و ناودارەکان لەو ویلایەتانەی لە باری خێڵەکی و عەشیرەتیدا دەژیان لەو قوتابخانەیە وەردەگیران و بە دڵسۆزی بۆ دەوڵەت و سوڵتان پەروەردە دەکران. لە دوای تەواوکردنی خوێندن دەبوایە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان وەکو کاربەدەستی دەوڵەت، تەنانەت ئەگەر دوای مردنی باوکیشیان ببوونایە بە سەرۆکی عەشیرەت، ئەوا سەرۆك هۆزێکی فەرمانڕەوای دەوڵەت دەبوون، نەك سەرۆك هۆزێكی سەربەخۆ و دوور لە ملکەچی بۆ دەوڵەت. بەڵام ئەمە بۆ خۆی یەکێ لە ڕیفۆرمە ناکۆکەکان بوو بە سروشتی دەسەڵاتی عوسمانی. چونکە ئەو قوتابخانەیە لە ناوەندی پەروەردەکردنەوە بە کولتوری عوسمانی و گوێڕایەڵی بۆ سوڵتان و گرێدانی هۆزەکان بە دەروازەی باڵاوە بوو بە ناوەندی بڵاوبوونەوەی بیر وبۆچوونی سیاسی و نەتەوەیی ڕزگاریخوازی دژ بە دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانی.

پرۆگرام و ساڵانی خوێندن لە مەکتەبی عەشیرەتەکان چەند جارێك گۆڕانیان بەسەردا هات. لە دەسپێکدا وا بیر دەکرایەوە کە پرۆگرامی خوێندن و ڕاهێنانی منداڵانی سەرداران و سەرۆك هۆزەکان تەنها دوو ساڵ بێت، بەڵام زوو بۆیان دەرکەوت کە بە دوو ساڵ هیچ ناکرێت لە گەڵ منداڵانێکدا، کە نە چوونەتە مەکتەب و نەتورکی دەزانن، بۆیە کرا بە پێنج ساڵ و دواییش کورت کرایەوە بۆ چوار ساڵ. لە دوای تەواوکردنی خوێندن لەم مەکتەبە قوتابیە دەرچووەکان، ئەوانەی دەیانویست بەردەوام بن لە خوێندن دەنێردرانە قوتابخانە سەربازی و مەدەنییە باڵاکان کە دەکاتە هاوتای کۆلێجی ئێستا.

بەر لە کردنەوە قوتابخانەی عەشیرەتەکان سوڵتان ڕێنمایی پێویستیدا بە یەکێ لە کەسە نزیکەکانی، عوسمان نوری پاشا بۆ ئەوەی کارێکی وا بکات سەرۆك هۆزە عەرەبەکان بە دەروازەی باڵاوە گرێ بدات و ڕێگە بگرێت لە دەستێکەڵکردنیان لە گەڵ ئینگلیزدا. دەبوایە بۆ ئەم مەبەستە عوسمان نوری پاشا پرۆژەیەك پێشکەش بکات بۆ ئەوەی لە بەر ڕۆشنایی پرۆژەکەی دەوڵەت سیاسەتێك بگرێتە بەر. پرۆژەکە بە گوێرەی ڕێنماییەکانی سوڵتان ئامادە کراو لە ٢١ حوزەیرانی ١٨٩٢ پێشکەش کرا. لە ٦ تەمموزیشدا سەدری ئەعزەم فەرمانی دا بە وەزارەتی فێرکردن بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ کردنەوەی مەکتەبی عەشیرەتەکان. لە هەمان کاتدا ڕێنمایی پێویست نێردران بۆ والی ئەو ویلایەتانەی کە دەبوایە ئەم پرۆژەیە بیانگرێتەوە، کە بریتی بوون لە: تەرابلوسی ڕۆژئاوا، بەنغازی، شام، حەڵەب، دێرەزور، قودس، دیاربەکر، یەمەن، حیجاز، بەغدا، بەسرە و موسڵ. دەبوایە کوڕانی تەندروست و لێهاتووی سەرۆك هۆز و بنەماڵە ناودار و خاوەن پێگە و کاریگەرەکان دەستەبژێر بکرابانایە بۆ خوێندن لەم قوتابخانەیە. لە لایەکی ترەوە کار و هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی کردنەوەی قوتابخانەکە، تەلاری قوتابخانە، شوێنی مانەوە و حەوانەوەی قوتابیان، پرۆگرامەکانی خوێندن، یاسا و ڕێساکانی قوتابخانە و ڕێبەری چالاکییەکان لە قوتابخانەکەدا. دەبوایە هەموو پێداویستییەکان لە ماوەی سێ مانگکدا دابین بکرێن. داخوازی کۆشك ئەوە بوو کە لە ٤ ئوکتۆبەری ١٨٩٢، کە دەیکردە ڕۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر، دەست بە خوێندن بکرێت لە قوتابخانەکەدا. هەڵبژاردنی ئەو یادە بۆ کردنەوەی قوتابخانەکە بێ مەبەست نەبوو. سوڵتان دەیویست لەم ڕێگەیەوە پشتگیری زۆرترین خەڵك بۆ پرۆژەکەی بەدەست بێنێت. پڵانەکە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ کرا و قوتابخانەکە لەو ڕۆژەدا کرایەوە. ئەم قوتابخانەیە دەزگایەکی فێرکردنی خێرخوازی نەبوو بۆ ئەو ناوچانەی لە خوێندن و پێشکەوتن بێبەش بوون و دەوڵەت دەیویست هاوکاریان بکات، بەڵکو ئەمە دەزگایەکی سیاسی بوو بۆ گرێدانی هۆزەکان بە دەوڵەتەوە و گوێ ڕایەڵی سەرۆك هۆزەکان بۆ سوڵتان. هەموو ئەم کارە بە هاوکاری والی ئەو ویلایەتانە دەکرا. ئەرکی ئەم پرۆسەیە ئەوە بوو کە هۆزەکان گوێڕایەڵی سەرکردە نوێکانیان بن، کە لە هەمان کاتدا فەرمانبەری دەوڵەتن.

قوتابخانەکە لە باڵەخانەی قەبەتاش “تاشەبەردی زل”، کە ئێستاش قوتابخانەیەکی ئامادەییە، لە کۆڵانی تاش مەردیڤان “نەردەوانی بەردین” لە گەڕەکی عومەر عەونی ئەفەندی لە شاری ئەستەموڵ کرایەوە. لە ئاهەنگی کردنەوەی قوتابخانەکەدا سوڵتان سڵاوی تایبەتی ناردبوو بۆ قوتابییەکان. لە ڕۆژنامەکاندا هەواڵی کردنەوەی قوتابخانەکە و سڵاوی تایبەتی سوڵتان بۆ فێرخوازان بە زەقی بڵاوکرایەوە.

لە بابەتەکانی خوێندندا لە قوتابخانەکە گرنگی و بایەخی تایبەتی دەدرا بە  دوو لایەن، لایەنی زانیارییە ئاینییەکان و فێرکردنی زمانی تورکی. بابەتەکان بریتی بوون لە : قورئان، فیقه، حیساب، زانستە هونەرییەکان، تورکی، عەرەبی، فەرەنسی، فارسی، جوگرافیا، مێژوو، ئەدەبیات و ڕاهێنانی سەربازی. لە بابەتی مێژوودا گرنگی زۆر دەدرا بە مێژووی ئیسلام و مێژووی سوڵتانە ناودار و سەرکەوتووەکانی دەوڵەتی عوسمانی. گرنگیدان بەو مێژووە بۆ ئەوە بوو هەستی شانازی بە دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانەوە لە لای قوتابییەکان دروست بکەن و خۆیان بە بەشێك لەو مێژووە بزانن، نەك مێژوی خێڵ و عێڵ و بنەماڵە و دەڤەرەکانی خۆیان. مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس و هۆیەکانی لە نێوچوونی مایەی بایەخپێدانێکی زۆر تایبەتی بوو لە قوتابخانەی عەشیرەتەکان. ئەمەش بۆ ئەوە بوو سەرنجی قوتابیان ڕابکێشن بۆ مەترسییەکانی لەنێوچوونی دەوڵەتی عوسمانی بە هۆی هەوڵ و پیلانەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە. لەو مێژووەدا باسێکی زۆری نەهامەتییەکانی موسوڵمانان لە ئەندەلوس دوای لەنێوبردنی دەسەڵاتیان لەو وڵاتە بۆ قوتابییەکان دەکرا. ئەمەش هەر بۆ ئەوە  بوو، ئەگەر دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەستبگرن بە سەر وڵاتانی ئیسلامیدا هەمان ئەو هەڵس و کەوتەی لە گەڵ موسوڵمانانی ئەندەلوسدا کرا، لە گەڵ ئەمانیشدا دەیکەن. ئەمەش دەبوایە ئەرکی بەرانگاربوونەوەی پیلانەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا لە لای قوتابییە عەرەب و کورد و ئەلبانەکان دروست بکات.

یەکێ لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم قوتابخانەیە ئەوە بوو، منداڵانێك هیچ تورکیان نەدەزانی دەبوایە لە ماوەی پێنج ساڵدا ئامادە بکرابایەن بۆ ئەوەی ببن بە کاربەدەست لە دەوڵەتدا، یا لە قوتابخانە باڵاکاندا لە خوێندن بەردەوام بان.  دەبوایە عەرەبی و تورکی بە شێوەیەکی وا فێربوونایە کە کار و باری دەوڵەتیان لە ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەببردایە. زمانی فارسیشیان دوو ساڵ دەخوێند و سێ ساڵیش زمانی فەرەنسی. لە دوا ساڵیشدا ڕاهێنانی سەربازی و مەدەنییان دەبینی. پەیوەندی قوتابییەکان لە گەڵ دونیا دەرەوەدا لە ژێر کۆنترۆڵ و چاودیریدا بوو. شەش ڕۆژ لە حەفتەیەکدا وانەیان دەخوێند و ڕۆژی هەینی ڕۆژی پشوویان بوو. ڕۆژی پێنج جاران نوێژی جەماعەتیان دەکرد و لە نوێژی جەماعەتی جەمعەدا دەبوایە بەشداری بکەن. هەمان جل و بەرگیان لەبەردەکرد . هەر دوو ساڵ جارێك ئەو قوتابییەی بیویستایە سەردانی کەس و کاری بکات، ئەوا دەبرایەوە بۆ لای کەس و کاری، بەڵام ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا نەگەڕایەتەوە بۆ قوتابخانە ئەوا دەردەکرا و هەرچی بۆ خەرج کرابوو لە کەس و کاری وەردەگیرایەوە. ئەو قوتابیانەش کە لە کۆتایی ساڵدا دەرنەدەچون لە قوتابخانە دەردەکران. ناو بە ناو و ساڵانەش هەموو قوتابییەك هەڵسەنگاندنی تایبەتی بۆ دەکرا. قوتابییەکان موچەیان بۆ بڕابووەوە و کاتێ خوێندنیان تەواو دەکرد سوڵتان خەڵاتی پێدەبەخشین. هەندێ لە قوتابیەکان کێشەی ناونووسی و بەڵگەنامەی فەرمییان هەبوو، هەندێکیان هەر ناونووس نەکرابوون، چونکە هۆزەکانیان ژیانی کۆچەریان بەسەر دەبرد. ئەوانەی تەسکەرەیان نەبوو لە قوتابخانە دەرکران.

ئەم قوتابخانەیە تەمەنی ١٥ ساڵ بوو و لە ١٩٠٧ دا داخرا. هۆی ڕاستەوخۆی داخستنەکەی مانگرتنی قوتابیان بوو لە ساڵی ١٩٠٦. هەرچەندە هۆی مانگرتنەکە لە بارەی خواردنەوە بوو، بەڵام دەوڵەت وەکو کارێکی سیاسی سەیری ئەو ڕووداوەی دەکرد. هۆی ڕاستەقینەی داخستنەکە بڵاوبوونەوەی هزر و بۆچوونی سیاسی و ڕزگاریخواز بوو لە نێو قوتابییەکاندا. هەندێ لە قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە لە دواییدا بوون بە ڕابەڕی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەب و کورد، لە لای عەرەبەکان فەیسەڵی کوڕی شەریفی مەکە ( لە دواییدا یەکەم پاشای عیراق ) و لە لای کوردیش خالیدی جەبرانلی ( سەرکردەی پارتی ئازادی کوردستان و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ ). بە پێی سەرچاوەیەکی ئینگلیزی لە ٢٥ دەرچووی کوردی ئەو قوتابخانەیە نۆیان بوون بە هەلگری بیری کوردایەتی و لە ساڵانی دواتردا چەرمەسەری و ئازاری زۆریان بینی و هەندێکیان وەکو خالید جبرانلی سەریان لە پێناویدا دانا. سەرچاوەکان وەکو هۆی داخستن باس لە کێشەی داراییش دەکەن. خەرجەکانی قوتابخانەکە ئاسایی نەبوون، چونکە ئەمە زیاتر کۆلێجێك بوو، نەك قوتابخانەیەکی ئاسایی. لە نێو قوتابخانەکەدا جێگەی حەوانەوە و خواردنی قوتابیان، بنکەی پۆلیس، نەخۆشخانە، شوێنی دروستکردنی جل و بەرگەکانیشیان هەبوو.  هەروەها شوێنی جل شوشتنی تایبەتییان بۆ دروست کرابوو. لە وزەی وەزارەتی مەعاریفدا نەبوو لەوە زیاتر خەرجەکانی قوتابخانەکە دابین بکات. یەکێ لە هۆیەکانی دیکەش کە سەرچاوەکان باسی لێوە دەکەن، شەڕ و پێکدادانی ١٥ قوتابی کورد و عەرەب بوو، کە زوو زوو دەبوو بە شەڕیان. گوایە ئەو بنکەی ژاندارمە کە لە ناو قوتابخانەکە دروست کرا بە هۆی ئەو شەڕ و شوڕەوە بوو کە لە نێوان خوێندکارە عەرەب و کوردەکاندا ڕوویاندەدا و بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی قوتابخانەکە ئەو بنکەیە کرابووەوە. کەس و کاری زۆر لە قوتابییەکانیش زۆر دڵخۆش نەبوون بە دووری منداڵەکانیان بۆ ئەو ماوە درێژە لەو تەمەنە بچووکەدا. لەو هەشتا قوتابییەی کە لە ساڵی یەکەم وەرگیران ٤٥ یان خوێندنیان تەواو کرد و گەلێکیان پلە و پایەی بەرچاویان لە دەوڵەت بەدەست هێنا. یەکێ لەوانە محەمەد هەمزەی کورد بوو کە لە وانەوە برابووە ئەو قوتابخانەیە. لە ساڵی ١٩١٢ بوو بە ئەندامی مەجلیسی مەبعوسان و لە ساڵی ١٩١٤ بوو بە موتەسەڕیفی وان و لە ١٩١٧ بە موتەسەڕیفی مونتەفیك (ناسریە)لە باشوری عیراق. لە ئانجامدا لەو شەش سەد قوتابییەی کە وەرگیران چوارسەدیان خوێندنیان تەواوکرد. لە نێو قوتابییە عەرەبەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵانی شێخە عەرەبەکان دەبینران. لە نێو قوتابییە کوردەکانیشدا بەهەمان شێوە، بۆ نموونە کوڕی سەرۆکی هۆزی حەیدەران حوسێن پاشا کە ناوی ساڵح بوو دەبینرا. بە گشتی هۆزە کوردەکان بە تایبەتی ئەوانەی لە ئاڵای حەمیدییەدا بوون، ناردنی منداڵاکانیان بۆ ئەو قوتابخانەیە بە هەلێکی باش دەزانی بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە دەوڵەت و سوڵتان و لە سەر داخوازی خۆیان منداڵەکانیان وەگیران و بۆ هەر ئاڵایەکی حەمیدییە ٢ منداڵ لەو قوتابخانەیە وەدەگیرا. ئەو سەدارە کوردانە پێیان وابوو کە بەرگرتنی منداڵەکانیان پێگەی هۆز و ناوچەکانیان سەنگینتر دەبێت. ئەو هۆزە کوردییانەی بە گرنگییەوە سەیری ئەم مەکتەبەیان دەکرد بریتی بوون لە جبرانلی، زیلان، جەلالی، شمکی و سراجلی.

لە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکاندا، هەندێ جار قوتابییەکان دەبوونە ناوبژیوان و پەیامبەر لە نێوان دەوڵەت و سەرهەڵداواندا و گەلێ جاریش قوتابییەکان خۆیان دەدایە پاڵ هۆزە ڕاپەڕیوەکانیان.

 لە دوای تەواکردنی خوێندن قوتابییەکان دەنێردرانە قوتابخانەی سوڵتانی بۆ ڕاهێنانی سەربازی و ئەوجا ئەوانەی دەیانویست بۆ قوتابخانەی مەدەنی بۆ ئەوەی لە دواییدا وەکو قایمقام و کاربەدەست لە ناوچەکانی خۆیان کاروبارەکان ببەن بەڕێوە، نەك وەکو سەرۆك عەشیرەتێکی سەربەخۆ، بەڵکو وەکو سەرۆك عەشیرەتێکی فەرمانبەری دەوڵەت و گرێدراوی سوڵتان. ئەم پرۆژەیەی سوڵتان عبدولحەمید بە پرۆژەیەکی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی دادەنرێت. ئەو قوتابییانەی تەنها ئەو مەکتەبەیان تەواو دەکرد لە لای قایمقام و موتەسەڕیف دەبوونە کارمەندی مەعییە ( لە تەکدا ) و ئەگەر تەمنیان گونجاو بوایە دەبوونە بەڕیوەبەری ناحیە و ئەوانەشی ئامادەیی سەربازییان تەواو دەکرد دەبوونە ئەفسەر لە ژاندارم، زەبتییە، هی واشیان هەبوو دوای مردنی سەرۆك عەشیرەت لە جێگەی باوکیان دەبوونە سەرۆك عەشیرەت، وەکو حەمدی کوڕی شێخی شەممەر فەرحان بەگ. بە بۆچوونی هەندێ سەرچاوە ئەم پرۆسەیە ڕۆڵی خۆی بینی و ئەو سۆزەی بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە جیهانی ئیسلامیدا تا ئێستاش هەیە، بەشێکی بۆ دەرچوانی ئەم قوتابخانەیە دەگەڕێتەوە، کە لە کاتی خۆیدا لە ناوچاکانی خۆیان و لە نێو کەس و کار و عەشیرەتەکانی خۆیاندا بڵاویان کردبووەوە. تەنانەت ئەوەش دەوترێ کە دەوڵەتێ عوسمانی لە ڕێگەی ئەو قوتابیانەوە توانی درێژە بە تەمەنی خۆی بدات لەو ناوچانە، کە ماوەیەك بوو هەموو کەسێ لەو باوەڕەدا بوو کە دەوڵەت ئەوەندە داتەپیوە و ناتوانێ لەوە زیاتر درێژە بە تەمەنی خۆی بدات.

سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەی سوڵتان عەبدولحەمید زەبرێکی گەورە دەبوو لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی ناتورك لە دەوڵەتی عوسمانیدا، چونکە کۆمەڵێ هۆزی نەك تەنها لەو بزووتنەوەیە دادەبڕی، بەڵکو دەیکردن بە هاوپەیمانی سوڵتان، کە بۆی هەبوو لە دژی ئەو بزووتنەوانە بەکاریان بێنێ، بۆیە گەلێ لایەن لە نێوخۆ و دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە قازانجیاندا نەبوو ئەم پرۆژەیە سەربکەوێت .

زۆربەی زانیارییە سەرەکییەکان لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگیراون:

Eugene L. Rogan (1996).   Aşiret Mektebi: Abdulhamıd II s School for Tribes (1892 – 1907) – Internatıonal  Journal of Middle East Studies. 28. No 1 –

Muhlıs Koyuncu. Aşiret Mektepleri (Master Tezi). Ankara. Gazi Ünıversitesi. 2003-

Alişan Akpınar.Eugene L. Rogan. Aşiret Mektep Devlet. Osmanlı Devletinde Aşiret Mektebi. Aram Yayıncılık. Istanbul 2011-

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت