هاوکار حسەین: دوژمنەکەم، ھاوڕێکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرەبەیانێکی زووی ساڵی 1972، فڕۆکەوانێکی جەنگی ئـەمریکا بەناوی (دان چێری)، بۆ پێکانی ئـامانجێک دەچێتە ئـاسمانی ڤێتنام، توشی فڕۆکەیەکی جەنگيی ڤێتنام دەبێت، (چێری) زوتر دەستپێشدەخات و فڕۆکە ڤێتنامییەکە دەخاتەخوارەوە.
(چێری) ئـەوە دواین ئـەرکی بوو ئـەنجامیدا لەشەڕی ڤێتنامدا، کە لەماوەی جەنگەکەداو لەنێوان ساڵانی 1966 – 1971 ، دروست 295 جار بەئـاسمانی ڤێتنامدا فڕیبووە .
دوای 36 ساڵ، رۆژێک بەرێکەوت (چێری) بەدیار بەرنامەیەکەوە دادەنیشێت کە باس لەجەنگی ڤێتنام دەکات و فڕۆکەوانێکی ڤێتنامی بەناوی (ھۆنگ مای) چیرۆکی رزگاربوونی خۆی بەشێوەیەکی موعجیزە دەگێڕێتەوە، کاتێک باسی شوێن و کات و جۆری فڕۆکەکەی دەکات، کابرای ئـەمریکی بەھاتوھاوار دەردەپەڕێتە دەرەوەو دەیەوێت راستەوخۆ بچێت بۆلای. چونکە (ھۆنگ) ئـەو فڕۆکەوانە بوو کە (چێری) لەدواین ئـەرکیدا بەریدابۆوە.
چەند رۆژێک دواتر، لەساڵی 2008 ، ھەردوکیان لەسەر زەمینی ڤێتنام یەکتری دەبیننەوە، بەڵام ئـەمجارەیان بۆ داوای لێبوردن کردن و نەفرەتکردن لەجەنگ، پێکەوەش بڕیاریاندا وەک دو ھاوڕێی گیانی بەگیانی تەمەنی باقیان ببەنەسەرو کتێبێک بنوسن بەناوی ( دوژمنەکەم ، ھاوڕێکەم).
بیردەکەمەوە، داخۆ دەبێت چەند رۆڵەی کورد بەدەستی یەکترو بەناحەق، لەسەر قسەی ئـاغاکانیان، خوێنی یەکتریان رژاندووە، کە ئـەگەر ژیان یەکجاری تر دەرفەتی پێبدانایەو دەستاڕی شەڕ نەیھاڕینایە، ئـەوانیش ئـێستا لەسەھۆڵەکە یان چایخانەی مەچکۆ بەیەکتر شاددەبونەوەو دەیانوت: بەس نەبوو یەکتریمان نەکوشت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت