کامەران وریا قانع: چانسێك بۆ بارزانى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دواجار زۆر قسه‌ له‌سه‌ر سه‌فه‌ره‌كه‌ى بارزانى بۆ به‌غدا كرا، وا پیشان ئه‌درا، كه‌ 31 ئابێكى تره‌ و بارزانى ته‌نها ماوه‌ته‌وه‌ له‌ گۆره‌پانه‌كه‌. ئه‌م جۆره‌ لێكدانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ى رق و بوغز پیشان ئه‌دات ئه‌وه‌نده‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كى واقعیانه‌ نیه‌.
سه‌ره‌تا بارزانى ئه‌گه‌ر به‌ ژماره‌ى كورسى په‌رله‌مان بێت به‌ یاوه‌رى حزبه‌كانى كوردستان ، نوێنه‌رى زۆرینه‌ى كوردستان بووه‌ ( یه‌كیه‌تى به‌ دوو باڵ و نیو ، یه‌كگرتوو ، سوشیالیست) واته‌ به‌ ته‌نها نه‌چوه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نها كۆبوبێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بادى ئه‌وه‌ به‌ هێزى بارزانى ده‌رئه‌خات به‌رامبه‌ر وه‌فدى یاوه‌رى، هه‌روه‌ها زۆربه‌ى چاودێرانى سیاسى به‌غدایان له‌ په‌یته‌خته‌كانى دراوسێمان به‌ باشتر ئه‌زانن بۆ قسه‌ كردن له‌سه‌ر دۆخى هه‌رێم ( ره‌نگه‌ پارتى له‌ خه‌وى ده‌وڵه‌تى كوردى هه‌ستابێته‌وه‌و بۆى ئاشكرا بووه،‌ توركیا له‌ دوا قۆناغه‌كانى رووداوه‌كان هه‌موو كورد و هه‌رێم ئه‌فروشێت به‌ لیره‌یه‌كى توركى)، گرنگ نیه‌ بارزانى چه‌ند ته‌نازولى كردوه‌ یان چیان پێوتوه‌ له‌ به‌غدا، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سى تر له‌ كوردستان هه‌مان قورسایی نیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌فه‌رى به‌غدا بكات و له‌سه‌ر دۆخى هه‌رێم قسه‌ بكات.
ئه‌گه‌ر سه‌فه‌رى بارزانى بۆ به‌غدا و دواتر بۆ ئێران بازدانێكى گه‌وره‌ بێت به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستى جارانى، كه‌ وه‌كو جوندیه‌كى شه‌تره‌نج به‌ ده‌ست توركیاوه‌ بوو، ئه‌مه‌ كارێكى خراپ نیه‌. چونكه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ لێوارى شه‌رێكه‌ كه‌ ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ئه‌سوتێنێت. ئه‌گه‌ر سه‌فه‌رى بارزانى بۆ به‌غدا و تاران بۆ دور خستنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگره‌ سوتێنه‌ره‌ بێت له‌ كوردستان پێویسته‌ هه‌مووان پشتگیرى بكه‌ین. كه‌س حه‌ز ناكات هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى وه‌كو حه‌لب و دیمه‌شق و موسڵى لێ بێت. زانیاریه‌كان باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ كاتى رزگار كردنى شارى موسڵ ئه‌و شاره‌ ده‌بێته‌ پارچه‌یه‌ك له‌ كه‌لاوه‌ و وێرانه‌.
ئه‌مرۆ ئه‌ركى هه‌موو هێزه‌ كوردییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئاگره‌ له‌ كوردستان دوور خه‌نه‌وه‌، گرنگ نیه‌ كێ ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌كات، به‌ڵام زۆر گرنگه‌ هه‌موو هێزه‌كان نه‌هێڵن دووكه‌ڵى ئاگر تێكه‌ڵ بێت به‌ هات و هاوارى ئافره‌تان و گریانى منداڵ و لاشه‌ى خوێناوى باوك و براكان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانى شاره‌كانى هه‌ریم.
من له‌ جیاتى كاك نه‌وشیروان بم، یه‌كسه‌ر له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ سه‌ردانى سه‌رى ره‌ش ئه‌كه‌م و له‌گه‌ڵ بارزانى هه‌وڵى ئه‌وه‌ ئه‌ده‌م ئه‌م ئاگره‌ له‌م هه‌رێمه‌ دور كه‌وێته‌وه‌، كاتێك كه‌ شاره‌كان وێران بوون ئیتر نه‌ په‌رله‌مان نرخى ده‌مێنێت نه‌ كورسى سه‌رۆك. سیاسى باش له‌م كاته‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵێت ئه‌م ئاگره‌ قورسه‌ى هێزه‌ دراوسێكان و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ماڵێ كورد وێران بكات.
هیچ سیاسیه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌لوێسته‌كانى نه‌گۆر نیه‌ تا بارزانى نه‌گۆر بێت ( تا كۆتایى دژى به‌غدا بێت ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ش بێت) ، روسیا و توركیا له‌ شه‌و رۆژێكدا له‌ دوژمنى سه‌رسه‌خت بوونه‌ هاوپه‌یمان، سوریا و ئێران له‌گه‌ڵ توركیا به‌ هه‌مان شێوه‌، یه‌كیه‌تى و گۆران ، هه‌روه‌ها سعودیه‌و ئه‌مریكاش به‌ره‌و دوو ركابه‌ر ئه‌رۆن. به‌ جۆرێكى تر دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ هیچ لایه‌نێك بڕوا به‌ یه‌كترى ناكه‌ن ،به‌ڵام پێكه‌وه‌ش دا ئه‌نیشن و كاریش ئه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بارزانى مه‌وقفى گۆرى بێت ، روو له‌ ئێران و به‌غدا بكات ، ئه‌مه‌ كارێكى باشه‌ بۆ دور خستنه‌وه‌ى ئاگر له‌م هه‌رێمه‌ .
ئه‌گه‌ر به‌راوردى هێزه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى بكه‌ین له‌ باشور، زه‌حمه‌ته‌ جیاوازیه‌كى ئه‌وتۆ له‌ نێوان پارتى و ئه‌وانى تر بدۆزیته‌وه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر هێزه‌و به‌ قه‌باره‌ى خۆیی به‌ قه‌د پارتى گه‌نده‌ڵ و خراپ بێت. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پارتى له‌به‌رقه‌باره‌ گه‌وره‌یی هه‌م دزیه‌كانى هه‌م كرداره‌كانى گه‌وره‌تر ده‌ر ئه‌كه‌ون.
ئه‌مرۆ تاقه‌ كارى سه‌ركرده‌ى هێزه‌كان ئه‌وه‌یه‌ بتوانن له‌گه‌ڵ بارزانى رێك بكه‌ون و ئه‌و ئاگره‌ دور بخه‌نه‌وه‌ له‌م هه‌رێمه‌ هه‌رچى ناكۆكى و رق هه‌یه‌ هه‌ڵگرن بۆ ئارام بوونه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ یان دواى شه‌ڕى موسڵ . چونكه‌ كارى سیاسى له‌سه‌ر كه‌لاوه‌و خاكى سوتاو هیچ مانایه‌كى نیه‌ .