عیماد عه‌لی: لەدوورو نزیكەوە باس لەسەربەخۆیی كوردستان نەكراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەپێی قسەی برادەرێك كە خۆی لە نزیكەوە ئاگاداری سەردانەكەی ئەم دواییەی وەفدەكەی هەرێم بووە بۆ بەغدا، لە هیچ كۆبونەوەیەكدا بە رەسمی وشەی سەربەخۆیی بە زاری هیچ كەسێكدا نەهاتووە، بەڵام باس لە هاوبەشی و شەراكەت و هاوكاری یەكتر و مافی فیدراڵی بەپێی مادەكانی دەستور كراوە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو هەراو هوریا و چەواشەكاریەیە، كە هەندێك كەس و تەنانەت لە سەركردە باڵاكانی حزبی دەسەڵاتی قۆرخكەر ئیدعای دەكەن، گوایە باسی سەربەخۆییان لە بەغدا كردووە، بەڵكو ئەوەی وتراوە تەنها لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەی مەسعود بارزانی و عەمار حەكیم بووە نەك لەگەڵ عەبادیشدا، بە پەلەپرۆزكی وتراوە سەربەخۆیی نەك جیابونەوە بە لێكتێگەیشتن و رازیبونی بەغدا دەكرێت، واتە دەبێت ورچەكە هێلكە بكات بۆ ئەوەی ئەو مافە جێبەجێ بكەن، ئەم قسەزلانەش بۆ ئەم ماوە دوورودرێژە خەڵك پێ چەواشەدەكەن، بە سوك و ئاسانی و بە هەموو زەرەر و زیانە هەمەلایەنانەكەیەوە لە دەرئەنجامی دوركەوتنەوە لە بەغدا و ملكەچبون بۆ توركیا لە گەلی كوردستان كەوت، تاوەكو حاڵ گەیشتە ئەم وەزعەی كە لە باری ئابوریەكداین، خۆزگە بە زەمانی دیكتاتۆریەتەكەی بەغدا بخوازرێ .
هەنگاونان بەبێ هیچ زەمینە و بنامەیەكی راست و دروستی سەركەوتن لە ئامانجەكەت، ئاوات لێدەكات كە رۆبچیتە مەتاهاتێكەوە خۆتیش بە هەزار دەردەسەری لێی دەرنەچیت. دەچێتە عەقڵی هیچ كەسێكەوە، چەند سادە و ساویلكەش بێت لە رووی سیاسیەوە، توركیا بواری ئەوەت بدات سەربەخۆیی رابگەیەنێت و ببیتە پاڵپشتێك بۆ كوردانی كوردستانی باكوور و تۆش سەرجەم هێلكەكانت بخەیتە سەبەتەكەیەوە .
ئەوەی زانراوە، بە هاندانی ئەمریكا و توركیا مەسعود بارزانی رووی كردۆتە بەغدا، ئەمەش هەڵوێستی توركیا و پەیوەندیەكانی لەگەڵ پارتیدا دەردەخات كە تا چەند یاری بەو حزبە و سەركردەكانی كردووە، تادواجار پاڵی پێوەناون بگەرێنەوە بۆ باوەشی ناوەند، دوای ئەو هەموو قازانجە سیاسی و ئابووریەی لە هەرێمی كوردستانی بینیوە .
بۆ چەندین ساڵە خەڵكی دڵسۆز و بەسەلیقە و شارەزا، هاواری ئەوەیانە كە سەركردەكانمان با بە كەوچكێك ئاو نەكەونە مەلە و سەرجەم هەڵوێستەكان بە جوانی بخوێننەوە و تەكتیك و ستراتیجی وڵاتان تێكەڵ نەكەن، گرنگترین بنەمای بەهێزی هەر وڵاتێك تەبایی و ئارامی و ئاسایش و پەیوەندی دروست و راستی نێوان لایەنە نێوخۆییەكانیەتی لەگەڵ پێگە جیۆپۆڵەتیكە ستراتیجیەكەی و توانا ئابوریەكەی كە قورساییەكەی دیاری دەكات، نەك بەرژەوەندی تەسكی هیچ لایەنێكی دیاریكراوی نێوخۆی ئەو وڵاتە . ئەوەتا بۆ سەرجەم لایەنەكان دەركەوت، كە خەڵكی دڵسۆز پێش نزیكەی سێ ساڵ بە دەنگی بەرز قیراندی و، وتی زەمینەكەت بەهێز بكە برا، ئینجا هەنگاوی ستراتیجی بنێ، پەیوەندیە نێوخۆیی و شەراكەتەكەت و برایەتیت توندوتۆڵ بكە، ئنجا پشت بە هاورێ دەركیەكانت ببەستە. ئەویش بە پێی بەرژەوەندیەكانیان نەك بە خێر و سەدەقە مامەڵەت لەگەڵدا بكەن، باری دارایی خۆت توندوتۆڵ و قایم بكە و هەوڵی خودئیكتیفا بدە، ئینجا هەنگاوی گەورە بنێ كە هەموو جموجوڵەكانی دوژمن و نەیارانت لەوبارەوە خوێندبێتەوە، بەڵام تەنها بیر كردنەوە لە بەرژەوەندی حزبی و بە پاڵنانی هێزی نەرجسیەت و، هەوڵدان بۆ تۆماركردنی مەجدی شخسی و بێ هیچ بنەمایەكی راستی یارمەتیدەر و، بۆ چەواشەكاری و ململانێی نێوخۆیی قسەیەك بكەیت كە جێگەی نەبێتەوە، ئاوها و بەم شێوەیەت بەسەر دێت كە لە گۆشەیەكدا بە توندی قەتیس بكرێیت و جگە لە ملكەچبون بە گەڕانەوە بە شەرمەوە بۆ شوێنێك كە دەتوانرا بە جوانی و بە هێزەوە رووی تێبكەیت، هیچی ترت بەر ناكەوێت، كەچی ئێستا بە ملنان و بە سوتاندنی سەرجەم كارتەكانت بەدەستی خۆت، روو لەوێ بكەیت و تەنانەت ئەگەری بەدیهێنانی ئامانجە كورتخایەنەكانیشت زۆر لاواز بێت . ئا ئەمەیە كاری نەزان كە بەم دەردەت دەبات و، چێشتی نەزانیش مەگەرخوا بیگێرێت و، بۆلەمەودواش چاوەروانی لەمە گاڵتەجاریی تر دەكەین لە سیاسەتی ئەم سەركردە زانا و بە سەلیقانەماندا !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت