Ahmad-Mirawdeli

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی: دۆگما ی ئیسلام و تێڕۆڕ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

جیهاد ” شەڕی پیرۆز ” پەردەپۆشێک بۆ تێڕۆڕ لەپیناو ئیمپڕاتۆریای ئیسلامدا.

تێڕۆڕ کە سەرچاوەکەی دۆگما بوو، بە ئاگر و ئاسن لەناوجاچێت.

سەرچاوەی تێڕۆڕی ئیسلام وشکە بڕوایە و هەتا ئەو وشکە بڕوایەش مابێت، تێڕۆڕی ئیسلامیش، دەمێنێ.

 ئەگەر، سەرکۆمارێک، سەروک وەزیرانێک، دیپلۆماتکارێک، بڵێت ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتیخوازییە و ئیسلام واتای خۆبەدەستەودان بە خودا دەگەێنێ، لێی قبووڵ دەکەم، ئەوە دیپلۆماسێتە و ئەو کەسانە لەئاستێکدان کە بۆیان ناشێ هەستی زێدە لە ملیار و نیوێک مرۆی موسوڵمان بڕووشێنن. وەلێ کە نووسەرێک، فیلۆسۆفێک، یان هەرکەسێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە، بەلای منەوە ئەو کەسە یان لە ئیسلام تێنەگەیشتووە، یان ئەگەر وشکە ئیسلام نەبێت بۆ هەر مەبەستێک بێت کەسێکی عوزرخوازە. نموونەی ئەو جۆرە کەسانەش زۆرن،” پاوڵ گریێڤ Paul Grieve” نووسەری ” کورتە رێنماییەک بۆ ئیسلام بە نموونە. من لێرەدا ئەم نووسەرە بیانییەم کردۆتە وێنە کە دەزانم زۆر بەباشی لە ئیسلام تێگەیشتووە بەڵام عوزرخوازە. ئەوانەی خۆماڵی – بەتایبەتیش نووسەرانی کورد کە زۆر یان کەم عارەبییەک دەزانن و پاساو بۆ ئاشتیخوازی ئیسلام دەهێننەوە، ئەو کەسە یان بۆخۆی وشکە ئیسلامە یان نووسەرێکی عوزرخوازێ مەبەستدارە، هەرچەندە وا چاوەڕوان دەکرێ کە رۆشنبیر نابی عوزرخواز و ترسنۆک بیت و راشکاوانە راستییەکان بخاتە بەردەم جەماوەر، ئەگەر بشزانێ سەری تێیدا دەچێ. بەڵام ئەوە مەرجی رۆشنبیری نییە.

ئایەتەکان بۆخۆیان دەدوێن

قوڕئان کە پیرۆزترین پەرتووکی ئیسلامە  و گوایە ئاینی ” ئاشتی” یە بەلانی کەمەوە زێدە لە سەت ئایەتی تێدایە کە داوا لەموسوڵمانان دەکات لەپێناو سەپاندنی حوکمی ئیسلامدا، لەگەڵ بێ بڕوایاندا بجەنگێن- بەواتای، شەڕ لەگەڵ نائیسلامدا بکەن. ئەو ئایەتانە هێندە هانی توندوتیژی دەدەن کە دەکەونە ئاستی تێڕۆڕەوە. لەو ئایەتانەدا فەرمان بە ( سەربڕین، دەست و پەنجە پەڕاندن، داگیرکردنی سامان و ئافرەت و منداڵانی نا ئیسلام و بە کۆیلەکردن و بگرە هەڕاجکردنیشیان لە بازاڕدا و فەرمانی زۆر کرداری دیکەی زراوبەر دەدەن. فەرمان بە موسڵمانان دەدات کە هەموو بێ بڕواکان بکوژن لە هەرکوێیەک خۆیان شاردبیتەوە. ئەو موسوڵمانانەی نایانەوێت بچنە بەرەی شەڕۆ تێڕۆڕکردنی ناموسوڵمانانەوە بە هیپۆکڕیت لە قوڕئاندا  ناوزەد کراون، خودای ئیسلام هەڕشەیان لێ دەکات و پییان دەڵێ” ئەگەر نەچنە بەرەی شەڕەوە رەوانەی دۆزەختان دەکەم” سەیر و سەمەرە لەوەدایە کە هێندێک لە سکۆلارەکانی ئیسلام دەڵێن ئەو ئایەتانە بۆ خۆپاراستنن، ئەرێ بەڕاستی خۆپاراستن لەوەدایە منداڵی نا ئیسلام بکەی بە نووکی نێزەوە یان ئافرەتەکانیان لە بازاڕدا بفرۆشن ؟

محەممەدی ئیسلام هەرچەندە لەڕووی سایکۆلۆجییەوە کەسێکی نەخۆش بوو، وەلێ زۆر ژیرانە لەسەر نەریتی باوی تاڵانچیێتی کە لەسەردەمەکەیدا لە نیوەدوورگەی عارەبیدا باوبوو، توانی پەرە بە دۆگمایەک بدات کە دواتر عارەبیش بۆ چەند سەتەیەک بکاتە گەورەترین ئیمپڕاتۆریا. هەر لەو سەتەیەشەوە هەتا ئێستا کە لە چواردە سەتە زیاترە، هەر لەسنووری چینەوە هەتا دەگاتە ئەوپەڕی رۆژئاوای باکووری ئافریکا و بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ئەوروپاش، هەتا سەتەی چواردەش هەمیشە بەدەست تێڕۆڕی ئیسلامەوە ناڵاندووێتی. ئێستا کە سەتەی بیستویەکە، تێڕۆڕی ئیسلام گەیشتۆتە ئەوپەڕی ئەوروپا و باکووری ئەمەریکاش.

ئەنفال؛ کە واتای تاڵانوبڕٶ، گرتنی سەبایا، کۆیلەکردن و کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ دەگەیەنێ، ئەو بیرۆکە عارەبییە بوو کە محەممەد پیرۆزیکرد و بڕەوی بە ئیسلام دا. ئیسلام داوای جیهاد لە موسوڵمانان دەکات، بەڵێنیش بەوانە دەدات کە لە جیهاد دا دەکوژرێن، دەچنە بەهەشتی بەرینی پڕ حۆری و غولمان. بەهەشتی ئاینی ئیسلام ئاوەزێکی نەخۆش دایڕشتووە بۆ کەسانێکی تەمبەڵ و تەوەزەل کە نایانەوێ کار بکەن و هەمیشە هزریان لەسەر جوتبوونە. بە بەهەشتی پڕ حۆری و غولمان هانیان دەدات بۆ راو و رووت و کوشتوبڕ لەپیناو خودایەکی شەڕەنگێز و تۆڵەسێن و نالێبووردەدا.

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلامەوە، نەتەوەی کورد زێدە لە هەر نەتەوەیەکی دیکە، ئەنفال کراوە. ئەنفالی سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئسلام کە باشترین نمونەی شەڕی گوڵاڵە/ جەلەولایە، ئەنفال بەدەستی ئیسلامی سەفەوی ئێران، ئەنفال بەدەستی ئیسلامی کەمالیست لەسەتەی پێشوو و ئێستاشدا، ئەنفال بەدەستی رێژیمە عەفلەقییەکانی سوریا و ئێڕاق و ئێستاش ئەنفال بەدەستی داعش و وا ئەنفال بەدەستی حەشدی شەعبیش بەڕێوەیە. رەنگە نەتوانین هەتا سەردەمی سیلاحولدین/ صلاح الدین الایوبی، بۆ جێنۆساید و ئەنفالکردنمان، لۆمەی خۆمان بکەین. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەگەر سیلاحولدین لەشکری خاچهەڵگرانی نەشکاندایە، ئێستا ئیسلام لەکوێ دەبوو؟ ئایا ئیسلام تۆوی دەما؟ یان ئەگەر سیلاحولدین ئیمپڕاتۆریایەکی کوردیی پێکهێنابا، تێڕۆڕی ئیسلام لەناو دەچوو یان ئێمەی کورد لەجیاتی عارەب، چێچنی و ئەفگانی دەبووینە تێڕۆڕیست هەر لەو سەردەمەشەوە  نیوەی نەتەوەی خۆشمان لە کاکائی، ئێزدی، جوولەکە و مەسیحی لەناودەبرد؟ – خۆ هەتا ئاستێک لەو بارەیەوە درێخیشمان نەکردووە. لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کە هەرچەندە ئیسلام لە ناو نەتەوەی عارەب و بەدەستی عارەب پەرەی سەندووە، وەلێ کێشەی تێڕۆڕیزمی ئیسلامی پێوەندی بە نەتەوەیەکی تایبەتەوە نییە، بەڵکو زیاتر پێوەندی بە دۆگما/ بیروباوەڕی ئاینەکەوە هەیە. ئەوجا هەرکەسێک و سەر بە هەرنەتەوەیەکیش بێت کە بڕوایەکی کوێرانەی بە ئاینەکە هەبێت، بەتایبەتیش عارەب کە بە ئاینی خۆی دەزانێ، بڕوای بە جیهاد هەیە، جیهادیش بەپێی ئایەتەکانی قوڕئان، رەتکردنەوەی هەموو ئاینێکە جگە لە ئیسلام و تێکۆشانە لەپێناو سەپاندنی ئاینەکە بە زۆرەملێ و ئەوەی نەبیتە ئیسلام شایستی ملپەڕندنە.   جاهیدوا فی سبیل اللە…………

پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە، ئایا شەڕی داعش لەناوماڵی خۆیدا – رۆژهەڵاتی نیوین. گەرەنتی لەناوبرددنی تێڕۆڕی ئیسلامی دەدات؟ بەبڕوای من وەڵام، نەخێرە، لەبەر ئەوەی پێڕەوکردنی ئاینەکە پێڕەوکردنی توندوتیژییە، رەتکردنەوەی هەموو ئاینەکانی دیکە و پێکەوەژیانە” ببە بە ئیسلام/ عارەب یان جزیە بدە یان بە شمشێر سەرت دەپەڕێنم.

هەتا ئێستا؛ سەرەک وەزیر و سەرەک کۆمارەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا وێرای ئەوەیان نییە راستەوخۆ دان بەوەدا بنێن کە ئاینی ئیسلام ئاینێکی تێڕۆڕیستکارە، درۆ لەگەڵ خویشیان و گەلەکانیشیان دەکەن. بەڵام لەو بڕوایەدام زۆری نەماوە بە ئاشکرا بیدرکێنن. چونکە ئەو شەڕەی دژی داعش لە ئەفگان، سوریا و ئێڕاق بەرپاکراوە، هێرشێکی نوێی کڕوسێدەیە/ بەڵام ئەم جارەیان هێرشی عەلمانیێتە  دژی ئیسلام. بەڵام دڵنیاشم ئەم هێرشە چارەسەر نییە. ئەگەر ئەوروپا و رۆژئاوا، هەموو رێژیمەکانی رۆژهەڵاتی نێوینیش بگۆڕن و بەناو بیانکەنە سیستێمی دیمۆکڕات، هیچ لە کولتوورە ئیسلامییە سەپاوەکە ناگۆڕێت، ئەوە جگە لەوەی کە ئێستا لەسەرانسەری ئەورپا و ئەمەریکاش، بنکە و بارەگای بەرهەمهێنانی تێڕۆڕی ئیسلامی خۆی داکوتاوە بەتایبەتیش لەناو مزگەوتەکاندا.

هۆشمەندێک عارەبییەک بزانێ و قورئان بخوینێتەوە بۆی دەردەکەوێ کە ئیسلام ئاینێکی هێرشبەرە، تۆلێڕانس/ لێبووردەیی ناناسێ، بایەخ بە مافی مرۆڤ نادات و ئەوەی بڕوای بە ئیسلام نەهێنێ کوشتنی  لەلایەن محممەد و خودای ئیسلامەوە رەوایە. لەئاینی ئیسلامدا جیهاد لەپێناوی خودادا ئەوەیە کە سەری هەموو کەسێک بپەڕێنی کە بڕوای بەو خورافاتە نییە کە محممەدی ئیسلام بڵاوی کردۆتەوە.

چەند نمونەیەک لە ئایەتی جیهادی و هاندەری تێڕۆڕ

سورەتی” البقرە” ئایەتەکانی، ١٩٠، ١٩١، ١٩٢، ١٩٣، ٢١٦، ٢٤٤،

 سوڕەتی” العیمڕان” ئایەتەکانی ١٥١، ١٦٧

سوڕەتی”النسائ”  ئایەتەکانی ٧٤، ٧٦، ٨٩ ، ٩٥، ١٠٤

سوڕەتی” الانفال” ئایەتەکانی، ١٢، ٣٩، ٥٧، ٦٧،  ٥٩، ٦٠ ، ٦٥

سوڕەتی” التۆبە” ئایەتەکانی،  ٥، ١٤، ٢٠، ٢٩،  ٣٠، ٣٨، ٣٩، ٤١، ٤٢، ٧٣، ٨٨، ١١١، ١٢٣،

ئەمە جگە لە چەندین ئایەتی سوڕەتاکانی”  الاسرا،  الانبیا،  العیرفان ، الاحزاب ،  فتح و ….  زۆری دیکەش.  ئەم ئایەتانەی سەرەوە مشتێکن لە خەروارێک.

ئەم کورتەباسە جێگەی بەدواداچوونی ئەو هەموو ئایەتانەی تێدا نابێتەوە وەلێ تەنها مانای ئایەتێک دەخەمە بەرچاوی خوێنەر و چەند پرسیارێکیشی لێ دەکەم

ئایەتی ٤١ ی سوڕەتی ” الانفال” دەڵێ”  واعلموا انما غنمتم من شیئ فان للە خمسە وللرسول ولذی القربی والیتامی والمساکین وابن السبیل ان کنتم امنتم باللە وما انزلنا علی عبدنا یوم الفرقان یوم التقی الجمعان واللە علی کل شی‌ء قدیر”

بەکورتی لەم ئایەتەدا خودا بەمسوڵمانان دەڵێ  لەوەی لە شەڕەکاندا دەستتان دەکەوێت پێنجیەکی” لە سەتا بیست”ی بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی و خزمان و منداڵی بێکەس وهەژاران و …… و … هتد.

ئێستا پرسیارەکانم ئەمانەن . ئەگەر خودایەک ئەم گەردوونە گەورەیەی  بە هەموو شتێکی کە لەسەریێتی درووست کردووە بۆ داوا لە موسوڵمانان دەکات بەشێک لە دەستکەوتاکانیان لە” پارە و پوول و ئاژەڵ و سەبایا” بدەن بەخوداکەیان ؟ ئەو خودا بەتوانایە چ پێویستی بەو سامانی پوڵوپارە و ئاژەڵ و سەبایا هەیە کە بۆخۆی هەمووی درووستکردوون؟