دکتۆر جەبار قادر: بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی 1987، لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق – بەشی سێیەم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سکرتێری سەرۆک کۆمار جارێکی تریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی لە ڕەزامەندی سەدام حوسێن لە سەر پێشنیارەکەیان لە بارەی لێدانی کوردەوە بە چەکی کیمیاوی ئاگادار کردۆتەوە. لە نووسراوی زۆر نهێنی و تایبەت و زۆر بەپەلە، کە هەر لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئیمزای سکرتێری سەدامی بەسەرەوەیە بە ژمارە (٧/ج٢/٨٧٧ك) لە ڕێکەوتی ١٩/٣/١٩٨٧ ئاماژە بەو ڕەزامەندییە کراوە، لە نووسراوەکەدا ئەمەی خوارەوە هاتووە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی، بابەت/ بەکارهێنانی تەقەمەنی تایبەت، سەرنجتان رادەکێشین کە ڕەزامەندی لە سەر هەردوو پێشنیارەکەتان درا. بۆ کاری پێویست. لە گەڵ ڕێزدا. ئیمزا سکرتێری سەرۆک کۆمار).
هەر کەسێک ئەم نووسراوانە بخوێنێتەوە، کە بەو زمانە کارگێڕییە ئاسایی و سارد و سڕەوە نووسراون، قەت بیری بۆ ئەوە ناچێت، کە ئاکامی جێبەجێکردنیان کوشتنی هەزاران مرۆڤی بێگوناە و مەدەنییە.
پەراوێزی یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی، کە نووسراوەکەی بۆ بەرپرسەکەی بەرز کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە فەرمانەکە لە بارەی بەکارهێنانی (تەقەمەنی تایبەتە)ەوەیە لە دژی ئەوانەی ناوی لێناون تاقمی بارزانی و بەکرێگیراوانی ئێران. لەوەش ئاگاداری ئەکاتەوە کە وێنەیەکی نووسراوەکە بەدەست دراوەتە بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی سوپا (طیران الجیش)، کە ئەویش ئەوەی ڕاگەییاندووە، دەکرێت هێلیکۆپتەری سەمتی بە شەو لەو ناوچانە بەکار بهێنرێن. بە گوێرەی هەمان پەراوێز ئەو بڕگەیەش خرایە سەر نووسراوەکە بەر لەوەی فەرمانەکە بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. نووسراوە ئەسڵییەکەش لە لای یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەڵگیراوە. بۆ کاری پێویست. پەراوێزەکەی بەڕێوەبەری گشتییش لە ٢٠/٣/١٩٨٧ دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە کە پێویستە لێژنەی تایبەت ئامادە بێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی بەکارهێنانی تەقەمەنی تایبەت لە دژی ناوچەکانی ئەوانەی بە بەکرێگیراوانی ئێران ناویان دەبات (بڕوانە بەڵگەنامە ژمارە ٤).
وێنەی دووەمی ئەم نووسراوە کە هەمان ژمارە و مێژووی بەسەرەوەیە بە پێی پەراوێز بۆ یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی بەرزکراوەتەوە بۆ ئاگاداربوون و کاری پێویست (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە 5).
ئەم بەڵگەنامەیە بە ڕوونی و ڕاشکاوەیی دەریدەخات، کە سەدام حوسێن بەرپرسیارێتی یەکەمی لە ئەستۆدایە لە مەسەلەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژ بە کوردی مەدەنی و پێشمەرگە لە گوند و ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧دا. هەڵبەتە سەدام نەیدەتوانی ئەو نەخشە دۆزەخییانەی جێبەجێ بکات، ئەگەر تیکنۆلۆژیای نوێ و تۆڕێکی فراوان و ئاڵۆزی دامەزراوەی ئەمنی و سەرکوتکەری لە بەردەستدا نەبوونایە.
بەڵگەنامەکان ئەو دامەزراوە و فەرمانگانەش دیاردەکەن کە بەشدارییان کردووە لە پێشنیارکردن، نەخشەدانان و جێبەجێکردنی پەلامارە کیمیاوییەکاندا. پێدەچێت دەستەواژەی تەقەمەنی تایبەت کۆدێک بووبێت لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و فەرمانگە و دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکاندا لە باتی چەکی کیمیاوی بەکارهێنرابێت مەبەستی شوێنگومکێ. ئەوەی سەیرە هەر ئەم دامەزراوانە بە خۆیان لە نووسراوی تردا خۆیان ڕیسوا دەکەن و پەردە لە سەر مانای شاراوەی تەقەمەنی تایبەت لادەدەن، کاتێ باس لە پێکهاتەی کیمیاوییەکانی ئەو تەقەمەنییە تایبەتە و کاریگەرییە ترسناکەکانیان لە سەر مرۆڤ و ژینگە دەکەن. بەڵگەنامەکان ئاماژەشیان بە کارتێکردنی ئاو و هەواش لە سەر بەکارهێنان و ئاراستەکردنی ئەو تەقەمەنییە تایبەتانە کردووە، کە باشتر واتای ڕاستەقینەی ڕووندەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگریی سەربازی ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە لە پێشنیارکردن، نەخشەدانان و ئامادەکارییەکاندا بۆ پەلامارەکان. لە نووسراوەکان بۆ چەندین جار ئاماژە بەوە کراوە کە پێشنیارەکە لە بنەچەدا لە لایەن ئەو دەزگایەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بەرزکراوەتەوە. بەڵگەنامەی وامان لە بەردەستدا نیە کە ئایە پێشنیارەکە لە وەڵامی داخوازی سەرۆکایەتی کۆمار بووە، یا خۆبەخشانە وەفیق سامەڕائی و یاوەرانی ئەو پێشنیارە ترسناکەیان بۆ سەدام کردووە. بەڵگەنامەکان لە هەموو کەسێک باشتر بۆ خۆیان ڕۆڵی لایەنەکان زۆر بە ڕوونی دەخەنە ڕوو.
دەستکاری زمان و دربڕینی بەڵگەنامەکانمان نەکردووە. ئەرکی زانستی داوای ئەوەمان لێدەکات کە دەقەکان وەک خۆیان بخەینە ڕوو، با زمان و دەربڕینەکانشمان بەدڵ نەبن. بەڵگەنامەکان پڕن لەو زمانە بازاڕاییەی بەعس پێی دەناسرا و لە دژی نەیارەکانی بەکاریدەهێنا، کە ئەمڕۆ بووەتە زمانی ستاندارتی باو لە گوتاری هەرزەی سیاسی و میدیای کوردا، باسی ئەوانەی بەغدا با لەولاوە بوەستێ. ئەمڕۆ ئەو گوتار و نووسینەی پڕ نەبێت لە جنێو و دابەشکردنی تۆمەتی بێ بەڵگە و بنەما بە ڕاست و چەپدا، ئەوا خوێنەری زۆر کەمە و لە بازاڕی گوتاربازاندا قروشێکی قەڵب ناکات. بەلای بەعسەوە هەموو ئەوانەی لە گەڵیدا نەبوون دوژمن و نەیار بوون، خۆ ئەگەر بەرهەڵست و نەیار بوونایە، ئەوا خۆفرۆش و کرێگرتەی ئێران، ئەمێریکا و ئیسرائیل…تاد بوون. باوەڕ ناکەم کەس مابێت بەعس جنێوی پێی نەدابێت. هەڵبەتە جنێو و ناو و ناتۆرەکانی بەعس بەرامبەر دوژمنان و نەیارانی ئەو دەمە مایەی شانازی و سەربرزی بوون، لێ جنێوەکانی ئەوڕۆ بۆ هەموو لایەک مایەی شەرمەزاری و نەنگین، با هۆکار و نیەتی مرۆڤانەشیان لە پشتەوە بێت .
لە نووسراوێکی زۆر نهێنی و تایبەت و بەپەلەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا بە ژمارە (٧٣٧١) لە ٣١/٣/١٩٨٧ ئەم دەقە دەخوێنینەوە ( بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، ب/ بەکارهێنانی تەقەمەنی تایبەت.
1 – بەڕێز سەرۆکی فەرماندە”خوا بیپارێزێ” فەرمانی داوە کەوا بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە پسپۆراندا لە وەشاندنی گورزێکی ناکاو بە تەقەمەنی تایبەت لە دژی پاسەوانانی خومەینی، لە ناو بارەگاکانی تێکدەرانی لقی یەکی تاخمەکەی بارزانی و توانای جێبەجێکردنی بەهەر یەکێ لەم ئامارزانە: هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا و تۆپ، بکۆڵنەوە.
2 – لێکۆڵینەوە لە فەرمانی بەڕێز سەرۆکی فەرماندە (خوا بیپارێزێ) لە گەڵ پسپۆراندا بەڕێوەچوو و ئەم پێشنیارەمان کردووە: أ. دواخستنی جێبەجێکردنی گورزەکە بۆ سەر بنکەکانی پاسەوانانی خومەینی لە ناو بارەگاکانی تاخمەکەی بارزانیدا تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو، چونکە ئامانجەکان کەوتوونەتە ناوچەی شریتی سنووری عیراق و تورکیاوە، واباشترە ئەو ئامانجانە دیاری بکرێن کە دەکەونە دەرەوەی کاریگەری چاوەڕوانکراوی تەقەمەنی تایبەت بۆ سەر هێزی سنوور و گوندەکانی تورکیا. ب. دەستکردن بە نەخشەدانان بۆ جێبەجێکردنی پەلاماری هاوشێوەی دیاریکراو لە دژی بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران.
3 – ڕەزامەندی لە سەر هەردوو پێشنیاری (٢) سەرەوە وەرگیراو بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە شوێنی بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران کۆڵییەوە و ئەو ئامانجانەی خوارەوەی هەڵبژارد بە پشت بەستن بە قەوارەی بوونی دوژمنان لەوناوانە و کاریگەری بوونی ئەوانە لە سەر ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی باکوردا، کە لە گەڵ توانای لەبەردەست و هەبوونی تەقەمەنی تایبەت و ئامرازی هاویشتن بگونجێت.
A – بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران لە ناوچەی دۆڵی بالیسان (گوندەکانی بالیسان، توتمە، خەتێ، شێخ وەسان) ی هەڵەکەوتوو لە نزیک ڕێگای سەرەکی چوارقوڕنە – خەلیفان.
B – بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران لە ناوچەی گوندەکانی ” تەکییە، بلکجار، سێوسنان” ی سەر بە ناحیەی قەرەداغ.
4 – ئەو ئامانجانەی لە (أ و ب)ی خاڵی (٣) سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە و لە بارەگا گرنگەکانی بەکرێگیراوان و دوژمنە ئێرانییەکانن لە شوێنی هێزەکانی ئێمەوە دوورن (وەک ئامانجی تەقەمەنی تایبەت) و زیاتر گونجاون بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکانە، چونکە دەکەونە ناوچەی نزمەوە کە یارمەتی دەرن بۆ نیشتنەوەی هەڵمی پێکهاتەی کیمیاوی و دەکرێت بەو ئامرزانەی لە بەردەستدان(هێزی ئاسمانی وتێسرەوێنی لوولەیی و سەمتییەکان بە شەو) جێبەجێ بکرێت.
5 – بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پێشنیاری لێدانی ئەو دوو ئامانجەی کردووە، کە لە خاڵی (٣) سەرەوەدا ئاماژەیان پێکراوە بە بەکارهێنانی دوو لە سەر سێیی ئەو تەقەمەنییە تایبتەی لە بەردەستدایە (پێکهاتەی زارین – سارین) لە گەڵ سێ یەکی تەقەمەنی تایبەتی لە بەردەست لە (پێکهاتەی خەردەل) و ئەوەی دەمێنێتەوە پارێزگاری لێبکرێت بۆ باری تەنگەتاو لە کەرتەکانی شەڕدا.
6 – نووسراوی سەرۆکایەتی کۆمار- سکرتێر زۆر نهێنی و تایبەتی و بەپەلە ٩٥٣/٩٦٥ك لە ٢٩ ئازاری ٨٧ کە ئەمەی تێدا هاتووە (ڕەزامەندی درا لە گورز وەشاندنەکە بە مەرجی چنینەوەی بەرئەنجام… چونکە مەبەست تەنها هەر ئازاردانی تێکدەران نیە… بۆ کاری پێویست بە هەماهەنگی لە گەڵ لەشکری پەیوەندار… و بەر لە وەشاندنی گورزەکە ئاگادارمان بکەنەوە … لە گەڵ ڕێزدا). (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە ٦).