مەحمود عەبدوڵا: هەرێمی بێ عەقڵی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی کە کۆمەڵگایەک بەهۆی پێویستی ئاسایش، پاراستنی سامانەکەی بچێتە ژێر باری حکومەتێکەوە شتێکی گونجاوە. بەڵام ئایا لەوە کۆمیدیتر هەیە، کە ئەو حکومەتە لەکۆمەڵە دزێک پێک هاتبێت ؟

ئەم دەسەڵاتە ” وەک لەشفرۆشێک کە دڵنیایە پاکیزەیی بۆ ناگەڕێتەوە ” بۆیە لە سەر کارەکەی بەردەوام دەبێت. دەسەڵاتیش دڵنیایە، کە متمانەی بۆناگەڕێتەوە، چونکە متمانەی دۆڕاندووە ، بۆیە بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت لە سەر فۆرمەکەی لە حوکمڕانی .
دەسەڵاتی کوردی لە کەسانێک پێک هاتووە ، کە ڕۆژانێک خاکیان فرۆشتوە ، ڕۆژانێک کارگەو شۆڤڵ و کەل و پەلی دروستکردنی بەنداو ، و ئەمڕۆش نەوت تاڵان دەکەن، ئاخر ئەوان باش دەزانن کە ئێستا دەبوایە جێگایان زیندان بوایە ، ئەگەر یاسا سەروەربوایە . بۆیە ئەوان هەرگیز ناچنە ژیر باری یاساو هەرگیز هەوڵی ئەوەنادەن یاسا سەروەربێت، ئەوە شتێکە بڕاوەتەوە بۆهەر کەسێک هۆشی هەبێت .
لەدنیادا کۆمەڵگایەک نییە هێندە نەزۆک بێت، کە جگە لە گروپێکی مافیایی نەبێت، بۆ ئەوەی حوکمڕانی بکەن ، مەگەر ئەوەی ئەو کۆمەڵگایە لە ژێر دەسەڵاتێکی چەتە و تاڵانچی سەفسەتەباز دابێت .
ئەوترێت یەک گرام کردار ، لەتەنێک قسە باشترە ، ئەوان هەزار تەن قسە هەڵدەڕێژن بێ ئەوەی یەک گرام عەمەلیان هەبێت. بۆیە کۆمەڵگا دەبێت لەوە تێبگات کاتی گفتوگۆش بەسەر چووە ئێستا لە جیاتی تەنێک قسە، پێویستە یەک گرام هەڵوێستتان هەبێت و کۆتایی بە و گەمژەییە بێنن کە چارەگە سەدەیەکە گروپە دەسەڵات دارەکان بەردەوامی پێدەدەن .
کارو کرداری ڕۆژانەی ئەمدەسەڵاتە هێند نا لۆژیکیە، گەر بەلۆژیک لێکی دەیەوە گێژ دەبیت، ئەوان فڕیان بەسەر حوکمڕانی و سیاسەتەوە نییە ، بەڵام لەدزی دا، لەتاڵانیدا شا دزن.
ئەوان لە جیاتی شای وڵات بن، پێویستە وەک شا مافیاو شا دز دیاری بکرێن. رائل دەڵێت : هەندێک کەس بۆئەوە دروست بوون کە ببنە لاقی کۆمەڵگا، بەڵام لەمێشکی کۆمەڵگا سەر دەردێنن” ئێستا لە هەرێمی کوردستان، کەسانێک خۆیان لە سەری کۆمەڵگا هێناوەتە دەر، کە بەڕاستی دەبوو لاقی کۆمەڵگا بونایە، کەسانێک کە جگە لەدزی و چەواشەکاری و دەرد شتێکیان نییە پێشکەشی کۆمەڵگای بکەن.
ئاخر ئەگەر ئەوان لاق نین و لە مێشک سەریان دەر نەهێناوە، چۆن هێندە بێباکن بەرامبەر بە پەروەردە و خوێندن لە م وڵاتە! وەک نەعامە سەریان خستۆتە ناو خۆڵەکەو بێ هەڵوێستن بەرامبەر داواکاری خەڵک. ئەوان هێشتاش چاوەڕوانی ئەوەن بێ دەنگ بین بەرامبەر گەمژەیی سیاسییان و ئومێدیان وایە خەڵک چاو لەدزییەکەیان بپۆشێت .
ئەوان خوێندەوارێکیان دەوێت کە وەک کۆمپیوتەر لەبەردەستیان بێت و بەکاری بهێنن، خوێندەوارێکیان ناوێت هۆشی هەبێت بۆیە ئەوان زۆر لەوە بێباکترن بەرامبەر پەروەردە کە ئێمە پێش بینیمان دەکرد.
ئەوان هەزاران دۆلار دەبەخشن بۆ کەسانێک کە لە دەربارەکەیاندا زیهنیان دەفرۆشن و، وەک کۆیلەی تمام عەیار لە خزمەتیان دان، چ سوکایەتییەک بە خاک و نیشتیمان و خەڵک دەکرێت ئەو ڕۆبۆتانە هەست و غیرەت و ویژدانیان ناجوڵێت و هێشتا خەریکی کاسەلێسین، بەڵێ ئەوانە بۆ ئەو کارە ئامادەکراون ، ئەوە سیفەتی هەموو دەسەڵاتێکی چەتەو دیکتا تۆرە تا کۆمەڵێک مشەخۆر لەدەوریان کۆبێتەوە و شەڕی کۆمەڵگای بێبکەن و کورسیەکەیان قایمتربێت.
ئەوکارەی ئەو دەربارانە ڕەنگە ئەمڕۆ بە کۆمپیوتەرێک ئەنجام بدرێت ، ئاخر ئەگەر ئەوان هۆشیان هەبوایەو بەڕاستی لێزان و کارزان بونایایە دەیان توانی لێکۆڵینەوەیەک، پڕۆژەیەک پێشنارێک بکەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان تە نها ڕۆڵی کۆیلەیەک دەبینن. دەتوانم بڵێم: شتێک نییە لەم وڵاتە ناوی قەیرانی دارایی بێت ، سەرچاوەی قەیرانە کە هۆش و عەقڵە ، بەکەسانی بێ هۆش و بێعەقڵیش چارەسەر نادۆزرێتەوە. لە هەر کۆمەڵگایەک عقڵ ئیش بکات، زیاتر لە چارەسەرێک هەیە بۆ کێشە و قەیرانەکان، بەڵام لە کۆمەڵگایەک عقڵ ئیش نەکات، تەنانەت یەک چارەسەریش نادۆزرێتەوە، خۆی ئەوە دەلالەتی بێ عەقڵی دەسەڵات دارانی ئەم هەرێمەیە، کە ڕۆژانە جگە لەسەفسەتە شتێکیان نییە پێشکەشی کۆمەڵگای بکەن، بەڵێ ئێرە هەرێمی بێ عەقڵییە.
من لافی ئەوە لێنادەم کە زۆر عەقڵ بم، بەڵام دەزانم کە ئێوە زۆر گەمژەن دەسەڵاتدارانی هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت