Barzani-Erdogan

عیماد عەلی: سەربەخۆیی بریاردانی پارتی لەکوێی فشارەکانی تورکیادایە ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەرێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی پارتی دپموکراتی کوردستان لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە بەم شێوەیەی دەیبینین، جێگەی تێرامان و زۆر جار گاڵتەجاری و پێکەنینە لەلایەکەوە و، لەلایەکی ترەوە بەدبەختی و بێچارەیی میلەتی کوردە کە هەر هەنگاوێکی پارتی بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ئەو دەشکێتەوە . خۆبەدەستەوەدانی حزبێک بە هەموو شێوەیەک و خۆبەستنەوە بە لایەنێکی دەرەکیەوە بەم شێوەیە، کە بێ ئەوەی بیر لە دەزویەکی مەعاویە بکاتەوە بۆ پاشگەزبونەوە، نەک هەر هەڵەی سیاسی بەڵکو کارەساتی لەم شێوانەی ئێستای لێدەکەوێتەوە .
پاش ئەوەی تورکیا لە ئانوساتێکدا، لە بەرژەوەندی خۆی زانی هەنگاوێکی پارتی لەم جۆرەی رووکردنە بەغدا و دوور خستنەوەی بارزانی لەو شیعارانەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و بە هەڵکردنی تیشکی سەوز و هاندان و فشار، مەسعود بارزانیی رەوانەی بەغدا کرد و، بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە ناوەندەوە بۆ هەموان سەلماند، کەچی ئەمرۆ و پاش گۆرانکاریەکی خێرای نێوان تورکیا و عیراق و لایەنەجیهانیەکان لە ناوچەکەدا، وا دەردەکەوێت تورکیا دیسان فشاری خۆی بەکاربێنێت و هەنگاوەکانی نێوان بارزانی و عەبادی خاو بکاتەوە و یاری بە وەزعەکەی پارتی و بارزانیەوە لە بەرامبەر بەغدا بکات و ئەمیش هیچ کارتێکی بەدەستەوە نەبێت کە هیچ هەڵوێیستێک بنوێنێت جگە لە ملکەچبون، بۆیە چارەنوسی گەلی کوردستانیان بە بۆچونەکانی ئۆردوگانەوە بەستۆتەوە و قەیرانەکانیش تا دێت قوڵ تر دەبنەوە و هیچ دەرەتانێک لەبەردەم پارتیدا نیە بۆ خۆقوتارکردن لەم گێژاوەی تێکەوتووە و، بەهیچ شێوەیەکیش دان بە شکستی خۆیدا نانێت .
لەبەرامبەردا بە هەمان شێوەی پارتی بە پێی بەرژەوەندیە هەمەجۆرەکانیان، حزبەکانی تریش لە پێگەیەکی ئەوتۆی نێوخۆییدان کە هیچ کارێکیان پێ نەکرێت، جگە لە ملکەچبون بە ئەمری واقیع و کات بەسەربردن و خەڵک خەڵەتاندن .
بۆ سەت ساڵ دەچێت تورکیا بە هۆی رێککەوتنی لۆزانەوە لە دابەشبون رزگاری بووە و تا ئێستاش قورساییەکی بۆ خۆی دابین کردووە کە نەیتوانی بێ ئەو رێکەوتنە هیچ جوڵەیەکی بکات، بەڵکو بێ ئەوە دەکەوتە ژێر فشاری نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەوە، کەچی پاش ئەوەی ئەم هەموو ساڵە لەبەرهەمی ئەم رێکەوتنە دەخۆن وا ئێستا ئۆردوگان دەیەوێت بە رەخنەگرتن و هەنگاوی عوسمانیانە پشت لە رێکەوتنەکە بکات و چەندین هەنگاوی تەماحکاری خۆی لە نێوخۆ و دەرەوەدا رووە و فراوانبونی جوگرافی و سیاسی بنێت و، بەمەش دەیەوێت مەجدی عوسمانی بۆ وڵاتەکەی بگێرێتەوە . لەمەشدا جگە لە قورسایی ستراتیجی خۆی چەندین لایەن و هێزی ناوچەیی بەکاردێنێت لە وڵاتانی دەرودراوسێی خۆیدا و، پارتی دیموکراتی کرودستانیش یەکێکە لەو ئامرازانەی کە بە ئاسانی ئامانجەکانی جێبەجێ دەکات و، سەرکردایەتی کورد بە تایبەتی پارتی و بارزانی لەئاست فێڵ و تەڵەکەبازی ئۆردوگان و تورکیادا نین و خۆیان خستۆتە ژێر دەستی تەڵەکەبازیەکانی تورکیاو ئۆردوگانەوە، بۆیە ناتوانن تاکە هەنگاوێکی بچوکیش بێ رەزامەندی ئۆردوگان بهاوێژن .
بۆیە لەم هاوکێشانەدا ئەگەر وابەستەیی پارتی بە تورکیاوە، پێشتر خاڵی بەهێزی پارتی بوبێت، ئەمرۆ لاوازترین خاڵی سیاسەتەکانی پارتیە لەم کات و ئانو سات و ئاڵۆزیەدا کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت و، کێشەکە لەوێدایە کە لە تورکیا لەرووی سیاسی و ئابوری و پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیشەوە، وای لە پارتی کردووە نەتوانێت بێ رێنمایی و ئامۆژگاریەکانی تورکیا ملیمێک بجوڵێتەوە .
پەیوەندیە ئاڵۆز و خراپەکانی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ، گەورەترین ئاستەنگن لەبەردەم ئاساییکردنەوەی وەزعی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانە هەمەجۆرەکان بە قەیرانی ئابوریشەوە . کێشەکە لەوێدایە کە پارتی تاوەکو ئەمرۆ لە نێوان دوو بەرەدا گیریخواردووە کە لایەکی ئاگرە و ئەوی تر ئاوێکی قووڵ . لە لایەکەوە وەزعی ئابووری و هۆکاری قەیرانەکە و هەنگاوەکانی لەم بارەوە بەهیچ شێوەیەک بۆ خەڵک روون ناکاتەوە وچارەنوسی رێکەوتنە پەنجا ساڵیەکە وشکستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری دەرناخات و، تەنانەت ئەوە ئاشکرا ناکات کە تورکیا رێگرە لە نەهاتنەوەی داهاتی نەوت یان وەک کارتێکی فشار و مانەوەی وەزعی پارتی بە داماوی لە ژێردەستەیی خۆی، بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و ئیستغلالی خاڵە لاواز و گورچکبرەکانی بکات و ئەمرۆش گەلی کوردستان باجەکەی دەداتەوە .
بۆیە ئامانجەکانی تورکیا و وابەستەیی پارتی و تموحەکانی ئۆردوگان و نەزانی سەرکردایەتی پارتی لە شێوەی ململانێ ناوچەییەکەو نایەگکردتویی و ململانێ نێوخۆییەکان، وای لە وەزعی کوردستان کردووە کە لەچەندین لاوە بناڵێنێت و پارتی و بارزانی قۆرخکاری دەسەڵات سەربەخۆیی بریاردان لەدەست بدەن وابەستەیی و ملکەچی بەدەستی خۆیان بەسەرخۆیاندا فەرزبکەن و نەتوانن هیچ بەهانەیەک بۆ ئەو هەڵوێستانەیان بێننەوە و خۆیان لەم بیرەگەناوە دەرکەن، هەرچەند لە هەنگاوەکانی پێشویان پەشیمان بن، کەچی نەتوانن دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن . بۆیە، وەزعی کوردستان بەم شێوەیە لە باڵادەستی دەسەڵاتی پارتی و ئەویش لای خۆیەوە سەربەخۆیی بریاری سیاسی لەدەت دابێت، ئەمەش وا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە ناراستەخۆ بەدەست ئۆردوگانەوە بێت .هەر بۆیە، دەبێت چاوەرێی هیچ ئاسۆیەکی روون نەبین و لەو باوەرەدا نەبین کە ئەم سەرکردایەتیەی کورد خەڵک لەم قەیرانە هەمەجۆرانە رزگار بکات و، دوارۆژمان نادیارە .