بەختیار شارەزوری: دەرکەوتە و سیناریۆکانی ڕزگارکردنی موسڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بڕیاری ڕزگارکردنی هەر یەک لە ڕەقە و موسڵ، ئەوەندەی بڕیارەکە لای ووڵاتانی زلهێزە ، ئەوەندە لای ووڵاتانی ناوچەیی نیە، تەنها ئەوەندە نەبێت لە داڕشتنی ئەم نەخشەیەدا تا چەندێ دەتوانرێت ئەم وڵاتانە و ئەم هێزانە بخرێنە خزمەت ئەو ئامانجە، کە وڵاتانی زل هێزی وەک ڕوسیا و ئەمریکا دایان ڕشتوە، کە بە جۆرێکە هەتا فەرەنسا و بەریتانیاش هەندێ نیگەرانیان هەیە، بەوەی کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمریکا و ڕوسیا ئامادە نەبون نهێنی هێرش کردنە سەر ڕەقە و موسڵ ئاشکرا بکەن، لەم نێوەندەدا ئەمریکا و ڕوسیا لە کاتی ئەم پڕۆسەیەدا مامەڵە لەگەڵ هێز دەکەن و کێ پێشتر بوەتە هێزی خێر بۆ ئەم دوانە، ئەوا دەکەوێتە چوار چێوەی بەرژەوەندی ئەم دو زل هێزەوە، ئیتر وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا هەر یەکەیان دەیانەوێت بە پێ ی بەرژەوەندی خۆیان بچنە ناو ئەم نەخشەیەوە، ئێستە لەسەر و بەندی ئازاد کردنی موسڵدا تورکیا دەیەوێت داعشەکانی ناو موسڵ و ڕەقەی دەست بکەوێت ( کە پێشتر خۆی ناردبونی ) بۆ ئەو شەڕەی کە تورکیا پێ ی وایە دوای ڕەقە و موسڵ توشی دەبێت، ئەوەی تورکیا لێ ی دەترسێت بە پلەی یەکەم پشک نیە لە موسڵ و ڕەقە، بەڵکو ترسی کوردی هەیە دوای ئەم شەڕانە لە پلانی ئەمریکا و ڕوسیادا ببێتە کیانێک لە چوارچێوەی فیدڕاڵیدا لە وڵاتانی سوریا و عێراقدا وە دوایش ئەم داوایە لە تورکیا بکرێت، بۆیە دەیەوێت هەر چۆنێک بێت داعشەکان بباتە ناو تورکیا بیان کات بە جەندرمە و میت بۆ شەڕی کورد دوای ئەم شەڕانە، لە ئێستادا خەونی ئیمپراتۆری عوسمانی نەک کۆتایی پێ هاتوە، بەڵكو دەیەوێت تورکیا بە مانا جوگرافییەکەی لەدەست نەچێت، لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەش سعودیە و قەتەریش وەک پێویستی بەرژەوەندی تورکیا نایەتەوە، بۆیە تورکیا ئەوەندەی شەڕی دژی کورد دەکات و شەڕی پاراستنی سنورەکانی دەکات، ئەوەندە شەڕ بۆ فراوانخوازیەکەی ناکات کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، بە کورتی تورکیا دەیەوێت هەرچۆنێک بێت پاشماوەی داعش بکاتە کارتێک بۆ پاشەڕۆژی خۆی بۆ دژی کورد، لە ئێستاشدا کە ئێران و ئەمریکا و ڕوسیا تەنها کێشەی بچوکیان هەیە، بەڵام لەسەر دۆسیە گەورەکان ڕێکن، ئەمەش دژ بە بەرژەوەندییەکانی تورکیایە.
لە شەڕی موسڵدا و لە ئێستادا پێشمەرگە لە سنورێکدا دوەستێت و ڕۆڵی عێراق دەست پێ دەکات، وەک حشدی شعبی و هێزی سەربازی عێراق، دوای ئەوەش ڕۆڵی پەکەکە دەست پێ دەکات، کە ئەمە بۆ تورکیا مایەی نیگەرانیە، چونکە نەک تورکیا ڕۆڵی پێ نەدرا بەڵکو دژەکانی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، بە هەمو دیوەکاندا تورکیا لەسەر مێزی داڕشتنی ڕزگارکردنی موسڵ بە قەد پەکەکە نابێت، بۆیە تورکیا ئەگەری ئەوەی هەیە لە بەرامبەر بەرگریکردن لە پاشماوەکانی داعشدا توشی شەڕێکی دۆڕاو بێت، خۆ ئەگەر پلانی B و C بەکار بێنێت دور نیە پەکەکە شەڕ بەرێتە قوڵایی تورکیاوە، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک سیناریو هەیە کە ئەگەر کاریان پێ بکات دور نیە توشی دۆڕانێکی گەورە بێت ئەویش لە ڕێگەی پارتی و کۆنە بەعسیەکان و سونەکانەوە هەوڵی ڕزگارکردنی داعشەکان بدرێت و بۆ مەبەستی خۆی بەکاریان بهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دوای موسڵە کە پێ دەچێت تورکیا لە عێراق دەربکرێت و کوردیش لە باشور بگەڕێتەوە ناوەند و گڵۆپی سەوزیش بۆ لایەنگرانی ئێران هەڵبکرێت لە عێراقدا، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو ڕاستیەیە کە دوای موسڵ کار لەسەر وەدەرنانی تورکیا دەکرێت و عێراقێکی فیدڕاڵی دروستبکرێت بە ڕەزامەندی وڵاتانی ڕوس و ئەمریکا و ئێران، بۆ دوای موسڵ و چۆنیەتی ئیدارەدانی موسڵ سیناریۆیی ئاشکرا نەکراوی ئەمریکا و ڕوسیا ئەبێتە ئەجێندای بەڕیوەبردنی موسڵ، ئەویش کردنی بە چوار پارێزگا و وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئیتر ئەو سیناریویانەی کە لەلایەن کورد و سونەکان و عێراقەوە خراوەتە ڕو پێ ناچێت هیچیان کاریان پێ بکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت