رەزا شوان: وەڕینەکانی دەولەت باخچەلی دەربارەی کەرکوک.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەولەت باخچەلی رەگەزپەرست، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا، کە بووە بە کلکی ئەردۆگان، لە وتەیەکیدا لە بەردەم پەرلەمانی تورکیادا، رەخنەی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی گرت، لە دژی بەشداری کردنی سوپای تورکیا لە رزگارکردنی شاری مووسڵ. باخچەلی رەگەزپەرست دەنگی خستە پاڵ دەنگی ئەردۆگانی دکتاتۆر کە سوورە لەسەر ئەوەی کە سوپای تورکیا دەچێتە ناو شاری مووسڵەوە. باخچەلی لە وەڕینەکانیدا لە بەردەم پەڕلەمانی تورکیادا، ئەوەشی وت کە شاری کەرکوک شارێکی تورکیایە. باخچەلی وەکو وەڕینەکـانی پێشووتری تەنها بەوەشەوە نەوەستا کە دەیوت کەرکوک شارێکی تورکمانییە. بەڵکو لە ئێستادا کەرکوک بە شاری تورکیا دەزانێت. دەربارەی مووسڵیش باخچەلی رەگەزپەرست شاری مووسڵی بە ماڵێکی تورکیا ناوبرد. ئەوەشی وت کە تورکیا مافی خۆیەتی بوونی سەربازی لە مووسڵدا ببێت. باخچەلی و ئەردۆگان کە دوو رەگەزپەرست و دوو دەروون رەشی پڕ لە رق و کینەن، خەون بە زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی گۆڕبەگۆڕەوە دەبینن، بەم خەونەوە سەردەنێنەوە.
ئێمە لە باخچەلی گەمژە دەپرسین، داواکردنی شاری مووسڵ و کەرکوک، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە کاتی خۆی لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکراون، ئەی خۆ شاری بەغدا و بەسرە و، شارەکانی تری عێراقیشیان داگیکردبوون. ئەی بۆ داوای بەغـدا و بەسرەش ناکەن و، ئەو دوو شارەش بە ماڵی خۆیانیان نازانـن؟ یا لەبەر ئەوەیە کە کەرکوک و مووسڵ دوو شارن لە شارەکانی کوردستان، وا دیارە کە باخچەلی نابەڵەدە و لە وانەی مێژوودا لەولای هیچەوە لۆقە دەکات. ئەگینا گەر شارەزای مێژوو بوایە، ئەو راستییەی دەزانی کە کەرکوک زیاتر لە حەوت هەزار ساڵە لە لایەن کوردەوە دروست کـراوە، ناوی کەرکوک و کـورد دوانەن و هەرگیز لە یەکتری دانەبڕاون و دانابڕێن. گیانێکن و لە دوو جەستەدان. ئەگەر باخچەلی و ئەردوگـان بوونی رێژەیەکی کەمینەی تورکمان لە کەرکوکدا، بکەنە بەڵگە. ئەو تورکمانەنەی لە ئەمڕۆدا لە شاری کەرکوک دان، لە پاشماوەکانی سوپای دەوڵەتی عوسمانین و، بەشێکیشیان بەڕەگەز دەگەڕێنەوە بۆ سەر هۆزە کوردییەکانی کەرکوک، کە لە کاتی دەوڵەتی عوسمانیدا، لە هاوشێوەی بە عەرەبکردن، عوسمانییەکانیش سیاسەتی بە تورکردنیان پەیڕەوی دەکرد. تورکەکانیش بە پارە و بە پایە خەڵکی برسی وهەژایان دەخەڵتاندن و، دەمەزراندنیان لە فەرمانگا فەرمییەکاندا، بەو مەرجە بووە کە خۆیان بە تورک بنووسن.. ئێمە گەلێ بەڵگەی ئەم راستییەمان لە بەردەست دایە. بۆ نموونە لە کاتی رژێمی بەعسدا، بۆ ئەوەی ئەو سەربازە کوردانەی کە لە سوپای عێراقدا بوون، نەچنە ناو ریزەکانی پێشمەرگەوە، بە بڕیارێکی فەرمی رژێمی بەعس، هەر سەربازێکی کورد بە بەڵگەوە ئەوە بسەلمێنێت کە بە رەسەن کوردرە، لە ماوەی خزمەتی سەربازی دەبەخشرێت. ژمارەیەکی زۆری سەربازە تورکمانەکانی کەرکوک کە لە سوپای عێراقدا بوون، بە بەڵگەوە کوردرەسەنی خۆیان سەلماند و، لە خزمەتی سەربازی، وەکو کورد بەخشییانیان. ئەمە ئەوەشمان بۆ دەسەلمێنێت کە باوکی ئەم سەربازە تورکمانە کورد بوونە و بوونە بە تورکمان. نموونەیەکی تر دکتۆری نەشتەرگەری محەمەد رافیع کە لە شاری کەرکوک بوو خۆی بە تورکمان دەزانی. بەڵام مام و ئامۆزکانی لە ناوچەی جەباری دەژیان و کورد بوون و، دەشیان وت باوکی محەمەد کە (رافیـع)ە لە هۆزی جەباری کوردە و، هیچ کاتێک خۆی بە تورکمان نەزانیوە. محەمەد رافیع تەنها دایکی تورکمان بووە. دەشی دایکیشی بە رەسەن کوردبێت.
لە باخچەلی مێشک پووچ دەپرسم، خۆ شاری (ئەستەمبوڵ) لە ئەسڵدا شارێکی تورکیا نییە، لە لایەن یۆنانییەکانەوە بە ناوی (قوسـتەتینە) ەوە دروست کراو و، پایتەختێکی یۆنانییەکان بوو.. نەک هەر شاری ئەستەمبوڵ بەڵکو شاری (ئەزمیر) و چەند شارێکی تری تورکیا، هەر لە لایەن یۆنانییەکانەوە دروست کران و، ئەوان بەڕێوەیان دەبـردن.. کەواتە باخچەلی با دان بەوەشدا بنێت کە (ئەستەمبوڵ) شارێکی یۆنانییە و، ماڵێکە لە ماڵەکانی یۆنان و، یۆنان بۆی هەیە کە بنکەیەکی سەربازی لەم شارەیدا بکاتەوە.. باخچەلی بۆ ئەمەیان چ وەڵامێکی هەیە..؟!
پارتە رەگەزپەرستەکەی باخچەلی ( پارتی نەتەوەیی تورکیا ) کە هیچ بڕوایەکیان بە ئاینی ئیسلام و بە یەکسانی نییە و، تا سەر ئێسقانیش دژی نەتەوەی کـوردن. تەنها لە دژی خواستەکانی گەلی کوردمان پشتگیری لەئەردۆگان و لە پارتەکەی دەکەن و. لە هەر بڕیارکدا کە دژی گەلی کوردمان بێت. پارتی نەتەوەیی رەگەزپەرستی تورکیا، بەبێ هیچ مەرجێک دەنگەکانیان دەخەنە پاڵ پارتەکەی ئەردۆگان.
گەر بێتو سوپای تورکیا ئەو کەرایەتییە بکات و، روو لە شاری کەرکوکی کوردستانی بکات. با باخچەلی و ئەردۆگان باش ئەوە بزانن، کە شاری کەرکوک دەبێت بە دوزەخ و بە گۆڕستانی سوپای تورکیا. با ئەردۆگانی لە خۆبایی و رەگەزپەرست پەند و وانە لە داستانی بەزینی لەشکرەکەی هۆلاکۆ لە باشووری کوردستاندا وەربگرن.
ئەردۆگان بە بیانووی سیناریۆی کودەتای سەربازیی سەرنەکەوتووەوە. کودەتایەکی بەسەر ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری لە تورکیادا کردووە. لە ئێستادا لە سایەی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی ئەردۆگانی دیکتاتۆردا، ناوی تورکیا یەکەمین ناوە لە ریزبەندی ئەو دەوڵەتانەی کە سەرکوتی ئازادی و دیموکراسی و ئازادی دەربڕین و پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن. تورکیا دەیەوێت کێشە ناوخۆییەکانی بەرێتە دەرەوەی تورکیا. باردۆخی نالەباری ناوچەکەیان قۆستۆتەوە و، بە سوپایەکی زەبەلاحەوە، بە قورسترین چەکی تازەوە. هێڕشیان کردۆتە سەر رۆژئاوای کوردستان و، هێزێکی گەورەشیان هێناوەتە نزیک شاری مووسڵ و. نزیکەی بیست بنکەی سەربازیشیان لە باشووری کوردستاندا هەیە. میت وسیخوڕەکانی تورکیا بە ئاشکرا لە شارەکانی هەولێر ودهۆک و کەرکوکدا دەسووڕێنەوە و، زانیاری لە بارەی هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆدەکەنەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئاگا نییە لەم سیخوڕانەی تورکیا. بەڵام بە داخەوە هیچ هەڵوێستێکیان نییە. ئەمەش مایەی گومان و پرسیارە؟!
ئەردۆگان دەڵێت: ئێمە بە هانای پێکهاتەکانی مووسڵەوە چووینە کە برا (عەرەب و کورد و تورکمانەکانمانن) بێ ئەوەی ناوی برا مەسیحییەکانمان بهێنێت کە پێکهاتەیەکی سەرەکی و رەسەنی مووسڵن و، رۆڵێکی باڵایان لە بنیاتنانی شارستانییەتی ئەم شارەدا هەبووە. منداڵانی ناو لانکیش بڕوا بە درۆ زەقەکانی ئەردۆگان ناکەن، گەر راستەکەی کە کورد براتانن. ئەی بۆ بە سەدان منداڵ و ئافرەت و پیر و لاوی سڤیلی کوردتان لە شارەکانی باکووری کوردستاندا بەبێ تاوان کوشت؟، ئەگەر راستەکەی کە کورد براتانن، ئەی بۆ شەو و رۆژ باشوور و رۆژئاوای کوردستانتان بە تۆپی قورس و بە فرۆکەی (ئێف ١٦) بۆردوومانتان دەکەن خەڵکی بێتاوان و مەڕ وماڵاتی کورد کورد دەکوژن و رەز و باخ و لەوەڕەکانیان دەسووتێن؟، پێناسەی چەمکی برایەتییەکەی ئەردۆگان کوشتنی کورد و سوتاندنی کوردستانە.
ئەی ئەردۆگانی خوێنڕێژ و درۆزن و سەد روو، هەر تۆ نەبووی کە داعش و گرووپە تیرۆرستەکانت دروستکرد. جگە لە یارمەتی لۆجستی بە چەک و بە پارە و بە دەرمان و بە سیخوڕيش یارمەتی داعشتان دا و دەدەن، تورکیات کردبوو بە مۆڵگای داعشەکان و بە پردێکی دڵنیایی پەڕینەوەیان بۆ ناو خاکی عێراق و سوریا و کوردستان و لیبیا و میسر. نەوتی داعش هەر ئێوە بۆیانتان دەفرۆشت. لە نەخۆشخانەکانی تورکیاشدا بریندارەکانی داعشتان چارەسەر دەکردن. ئەردۆگان ئەی هەر تۆش نەبووی کە پلان و نەخشەی گرتنی شاری مووسڵ و کۆبانی و شەنگارت بۆ داعش داڕشت؟ ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو سوپایەی تورکیا کە ئيستا لە (بەعشیقە) دایە، بۆ یارمەتیدانی داعش و، بۆ فشار خستنە سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان رەوانەت کردووە. نیازی گڵاوتان زۆر روون و ئاشکرایە کە چییە.
ئەردۆگانی سەد روو تۆ (شیوەن بۆ حوسێن ناکەیت بەڵکو بۆ هەریسەکەی دەکەیت) وا قسە و رەفتار دەکەیت، هەر وەکو ئەوەی کە خـاکی سوریا و عێراق و کوردسـتان بەشێکبن لە تورکیا و تۆ سەرۆکیان بیت و، تۆ بڕیار لە چارەنووسی ئەم وڵاتانە بدەیت.
ئەو لایەنە کوردییانەی کە پشتیان بە ئەردۆگان بەستووە زۆر هەڵەن، چونکە ئەردۆگان کورد بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێت. لە دوژمنایەتیدا لە نێوان هیچ لایەنێکی کورد جیاوازی ناکات و هەموو کوردێک بە دوژمنی خۆی دەزانێت و، دەستەکانیشی بە خوێنی کورد سوورن. ئێمەی کورد خۆمان دەڵێین: هەرگیز بە پێکەنینی دوژمن و، بە خۆشی زستان بڕوا مەکەن” ئەردۆگةان تووشی کوردفۆبیا بووە، هەر کە ناوی کورد دەبستێت رەنگی زەرد هەڵدەگەڕێ و، رووخساری ناشیرین دەبێ و، گرژ و مـۆن دەبێت. ( پارتی کرێکـارانی کوردسـتان ) یش بۆتە دوومەڵێکی شێرپەنجەی سەر دڵی ئەردۆگان. بە دڵنیاییەوە چارەنووسی ئەرۆگان لە چارەنووسی سەدام حوسین و قەزافی و حوسنی موبارەک و چاوچیسکۆ و، دیکتاتۆرە گۆڕبەگۆڕەکانی تر باشتر نابێت.

دووبارە بە دەولەت باخچەلی رەگەزپەرست دەڵێین، وەڕینت دەربارەی کەرکوک بەلای ئێمەوەی کوردەوە، هیچ بایەخێکی نییە. کەرکوک کوردستانی بووە و کوردستانییە.