Hawler

شێرزاد شێخانی: هەولێریات 6.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بقبقەی هەولێری

لەحەلقەی پێشتر وەعدم دانێ باسی حەفلەی زەواجی هەولێریانتان لۆ بکەم.. بەرانەکینی مامۆستای گەورەوخۆشەویستم کاک مومتاز حەیدەریی هەندەک شتی زەمانی خۆی بەبیرم هینا کەوای لێمکرد ئەو بەحسە بخەمە حەلقەی دادێ.. تەبعەن مامۆستای گەورەم لەمن بەعومرترە و زاکییرەشی لەمن بەقوەتترە لۆیە ئەو شتی زۆرتری لەبیرمایە. ئەمن مێشکم بەئیعلانەکانی وەزارەتی داراییەوە مەشغولە بزانم کەینێ معاشی تەقاعودیەکەم دەدەنێ لۆیە شتم لەبیردەچی، ماشەڵڵا لەو وراتەی مەدا حەتا معاشی تەقاعودیش وەکی موشکیلەی عەرەبو فەلەستینی لێهاتیە حەل نابیو نابی.
عەلاکولین لەو سارانەدا خەرکی زۆر بەسادەیی دەژیان. هێشتا ئەو تەقەدومەی دونیا مەرحەبای لەمە نەکردبو لۆیە لەزۆر شت مەحروم ببوین. ئەو وەختی خەرکی سەلاجەی نەدیتبو، سەلاجەکانمان لەناو نەجارەکان دروست دەکرا.. شکلەکەشی وەکی سندوقەکی گەورەبو لەسەر چار پێ، ناویشی بەتەنەکە دادپۆشرا لۆهەرگرتنی گۆشت، سندوقەکی گچکەشی تێدابو ئاوی تێدەکرا بەلوعەکەی لەدەرێ بو، ئەوجا نیوقالب بووزیان بەسندوقەکەوە دەنوساند لۆ ئەوەی ساردی بداتە ئاوەکەو ناو سندوقەکەش فێنک بکاتەوە حەتا گۆشتەکان تێکنەچن. ئەمما ماستو پەنیر دەخرانە بن کوپەی ئاوەوەو بەتکەتکی ئاوەکە کە دەکەتە سەر توورەگە ماستو پەنیرەکەوە فێنک دەبوو دەمایەوە. ئاویشمان یان لەکوپە دەخواردەوە، یان لە(بقبقە) کەشەربەی ئاو بو، ئەوانەش وەکی مامۆستا حەیدەری دەرێ لەعەنکاوە دروستیان دەکرد، بەفکری من مەخسەدی کورانی عەنکاوەیە.
لەمارانیش عادەتەن شیو بەپرێمزی نەفتی لێدەنرا لەجیاتی تەباغ، هەندەک لەمارەکان ئەوانەی وەزعیان باشتربو لەفەقیرو فەقەرات، پرێمزیان لۆ حەمام گەرمکردنیش بەکاردەهینا. ئەوان کاتەکی خانییان دەکرد لەبن حەمامەکە کونەکیان لێدەکرد لۆ ئەوەی پرێمزەکە گەرمایی بداتە ناو حەمامەکە، لەناو حەمامیش بەرمیلەکی ئاویان سەب دەکرد کە بنەکەی دەکەتە سەر پرێمزەکە بەوە ئاوەکەش گەرم دەبو. ئێستا ئەو شتانە نەمایە هەموی بویتە دوش وبانیۆ کە ئەو وەختی ئەمە بەس لەفلیمە سینەماییەکان دەماندیتن.
لەماران غورفەیەک یان جێیەکیان دادەنا بەناوی غورفەی هەرزالە، ئەوێ تایبەتبو بە هەرگرتنی زەخییرەی زستانی.. وەکی گۆتم زەمانی مە سەلاجەو موجەمیدە نەبو شتی لێ هەرگری لۆ زستانێ، لۆیە ئەو غورفەیە بەس ئەرزاقی لێهەردەگییرا، وەکی پیازو ئاوی تەماتەو هەندەکجار گۆشتیش دەکرایە قاورمەو لۆ زستانی هەردەگییرا، حەتا هەنوکەش نازانم لۆ گۆشتیان هیشک دەکردەوە، خۆ لەزستانیشدا گۆشت هەر هەبوە. قاپوقاچاغ و مراک و جامی ئاو حەموی فافۆن بو، زۆر کەم خەرکی فەخفوری بەکاردەهینا مەگەر دەورەمەندەکان..
لەهاوینان دو شت زۆر موهیمبون، یەکەم هیشککردنەوەی ئاوی تەماتە، چونکی لەهاویناندا لەبەر ئەوەی تەماتە زۆر دەبو خەرکی بەعام فەلاحەتییان دەکرد، ئەوجا سیعرەکەی زۆر دەهاتە خوارێ لۆیە داکم دەچو چارپێنج سندوق تەماتەی دەکڕیو لەگەر خوشکەکانم دەکەتنە سەر هوردکردنی لەناو مەنجەری گەورەو هەمویان دەکردە ئاوو لەسەربان لەسەر سینی رایاندەخست لەبەر رۆژی لۆ ئەوەی خەست بی ئەوجا دەیانخستە ناو جەڕەوە کە ئەویش وەکی کوپەی ئاو بو بەس گچکەتر لۆ زستانێ هەریان دەگرت.
دوەم شت لەهاوینان گەنمیان دەکوراند لەناو مەنجەرەکی زۆر گەورە، ئەویش دوای کوراندنی بەپەقرەج دەمانبردە سەربانێ لۆ هیشکرکردنەوەی ئەوجا دوای هیشکبونی دەمانبردە ئاشی لەوەی گەنمەکوتاو ساوارو بروشو شتی تری لێدەکرا. ئاشەکانی ئەو وەختی بەئاو ئیشیان دەکرد. هەندەک جار مەکینەی برۆش لەناو کۆرانەکانیش دەگەڕان، بێ لەوانیش چەخماخچی هەبون ئەوانیش لەکۆرانان دەگەڕان لۆ تییژکردنی چەقوی ماران.
خواردنەکانی ئەو زەمان وەکی ئێستا نەبو، شیوی ماران زۆر کەم برنجو مەرەگە بو، چونکی خەرک بەعام دەستی کورتبو، شیوەکان بەزۆری لەگەنم بون، وەکی ساوەرو گەنمەکوتاو داندۆک کەشک تۆرکە بەساوەر، هەندەک جاریش کازم کەبابیو نیسکو ماشو پرخەنیو کەنگرو … هتد. ئەو وەختی هەمو خواردنەکان فریش بون لەباخوباخات و شیینایەکانەوە لۆ سەر سینی ماران، کەس نەیدەزانی ئێکسپایەر چیە، کەس زەمییری قبوری نەدەکرد شتی خراپ بداتە خەرکی، وەکی ئەوانەی کەری تۆپی دەرخواردی ماسی مەزرەعەکان دەدەن، یان پەتاتە هورد بکەنو بخەنە ناو تەنەکەی روونەوە، یان هۆرمونات بدەنە مریشک حەتا قەرەو بی، ئاخر ئەمە ئەو شتانەمان دەخوارد لۆیە هیچ کەسمان نەخۆش نەدەکەت سیحەتمان زۆر زۆر لەئێستا باشتربو.. باقی وەلسەلام.