بورهان شێخ ڕەئوف: ئەردۆگان تورکیا بەرەو کوێ دەبات ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر ئاوڕێک بۆ دواوە بدەینەوەو بە دیاریکراوى ساڵى 2002 ئەو کاتەى پارتى داد وگەشەپێدانى تورکیا ( AKP ) دەستەڵاتیان گرتە دەست و بۆ یەکەم جار لە مێژووى نزیکى تورکیادا پارتێکى سیاسى توانى بەتەنیا کابینەى حکومەت پێکبهێنێت ، ئەوکات تورکیا وڵاتێکى قەرزارو ئابووریەکى داتەپیوو گیرۆدە ى پەتاى کوشندەى گەندەڵى بوو.
بەڵێ ئەوکات بە کەڵک وەرگرتن لەو دۆخە و کارکردن بۆ ڕیفۆرمى ڕاستەقینە لە ژیانى خەڵکى ئەو وڵاتەو چارەسەرکردنى قەیرانەکان، هەنگاوى گەورەو بگرە گۆڕانکارى بەرچاویش ڕوویدا لەو وڵاتە تا ڕادەیەک ( AKP ) ڕایگەیاند کە ئەوان ئیستا ئابوورى ئەو وڵاتەیان وا پێش خستووە نەک یەک پوول قەرزار نین بەڵکو پارەى یەدەگیشیان هەیە .
بۆ چارەسەرى کێشەى کوردیش لە باکوورى کوردستان هەوڵى باش و هەنگاوى جدیش نرا بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنج و هەڵووەستە لەسەر کردنە لە دواى تەواو بوونى دوو خوولى سەرۆکوەزیرانى ئەردۆگان وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمارى دەستکارى کردنى یاساى هەڵبژاردنى سەرۆک لە پەرلەمانەوە بۆ هەڵبژاردنى ڕاستەوخۆ لە گەلەوە هەوڵدان بۆ گۆڕینى دەستوورى ئەو وڵاتە پاشەکشەکردن لە زۆر هەنگاوى تر وەلانانى هاوڕێ و هاوکارە زۆر نزیکەکانى وەکو عبدوڵا گویل و دواتر ئەحمەد داود ئۆغلو و، زۆرى تریش لە حزب بە هۆى بوونى جیاوازى دیدو بۆچوون بۆ کێشەکانى ئەو وڵاتە .
دواتر پاشگەزبوونەوە لە دروشمى ( زیرۆ پرۆبلم ) سفر کێشە لە گەل دراوسێکان و ئێستا (فول پرۆبلم ) پڕ کێشەیە لە گەڵ هەموو دراوسێکانى هەر لە ڕووسیا وئیسرائیلەوە کە ئێستا پاشگەزبووەتەوە لەو ناکۆکیانەوە داواى لێبووردنیان لێدەکات لە گەڵ سوریا وعێراق میسرو وڵاتانى تر ى ناوچەکە لە ململانێ ى ناڕەواو خۆ سەپاندنە .
لە ئاستى ناوخۆییش پرۆسەى ئاشتیان بە بنبەست گەیاندو خۆیان لە هەموو بەڵێن وهەوڵەکان بۆ چارەسەرى کێشەى کورد بێ ئاکام هێشتەوە و جارێکى تر شەڕدەستى پێکردەوە.
لە ئێستاشدا کەوا بە تەواوى دەرکەوتووە ئەردۆگان دەخوازێت ببێت بە سووڵتانێکى عوسمانى خەون بە گێڕانەوەى سەروەرى یەکانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانیە وە دەبینێت لەو کاتەوەى کۆشکى(ئیمپراتۆرى ) سەرۆکایەتى دروست کردووە لە سەر ڕووبەرى 300 هەزار مەترى چوارگۆشە و زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلارى تێچووە کەشێوازى دیزایینەکەى لە تەلارە سەلجووقیە کانەوە وەرگرتووە و لە 1150 ژوور و هۆڵ پێکهاتووە ئەمە لە کاتێکدایە کە بێکارى و هەژارى لە ئاستێکى ترسناکدایە لەو وڵاتە.
باسکردن لە ڕەفتارو وتارەکانى ئەردۆگان لەوەیە بە وتارێک و باسێک کۆتایى نەیەت بەڵکو پێویستى بە کتێب و مجلداتە لە دواى سەرهەڵدانى ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانى بەهارى عەرەبى و دەرکەوتنى تاقم گروپە تیرۆریستییەکانى داعش لە عێراق و شام کۆمەک و پاڵپشتیەکانى بۆیان شتێکى شاراوە نەبوو لە ڕووبەرێکى فراوانى میدیاکانى جیهاندا .
دواترینى لێدوان و ڕەفتارەکانى ئەردۆگان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنى مووسڵ و هەوڵى ناردنى هێزەکانى بە زۆرى زۆردارەکى بەدەر لە یاساو دوور لە ڕێز گرتنى سەروەرى وڵاتێکى وەکو عێراق و لێدوانەکانى دەرهەق بە حەیدەر عەبادى سەرۆکوەزیرانى عێراق کە وتەکانى قەزافى دووبارە کردەوە تۆ کێ ى ؟؟ ئێوە کێن .
ماوەتەوە بڵێم وادیارە سووڵتان ئەردۆگان پەندى لە چارەنووسى دکتاتۆرەکانى ناوچەکە وەر نەگرتووەو کە تووشى سەرکێشى بوون وبە تایبەنى سەدام حسێن کە چۆن دەوڵەتى کوێت ى داگیر کردوو هەموو جیهان داوایان لێکرد پاشە کشە بکات نەیکرد بەڵام هەموو جیهان چارەنووسى ئەویان بینى ئێستاش ئەردۆگان هەمان سیناریۆى ئەو دووبارە دەکاتەوە و بە تایبەتى لە دواى کودەتاکەى 15 تەمووز ى ئەمساڵ ئەو وڵاتەى کردووتە زیندانێکى گەورەو هەموو یاساو مافەکانى مرۆڤى وەلا ناوەو بە بیانوو پاساوى کودەتا هەزاران کەسى زیندانى کردوەو هەزارانى ترى نانبڕاوکردووە.لەوەش سامناکتر هەوڵدان بۆ گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لەو وڵاتەدا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى هەوڵى دەستەمۆکردنى سوپا کە لە دەوڵەتى تورکیاى تازەدا کە خۆیان بە پارێزەرى سیستەمى سیکیۆلار زانیوەو دواترینى هەوڵەکانى داخستنى کۆلیجەکانى جەنگى و سەربازى و گۆڕینى بۆ کولیجى نیشتمانى بە سەر پەرشتى مامۆستاى زانکۆ و شارەزاى مێژووى عوسمانى ئرهان ئفیونجۆ کە ئەردۆگان بۆ ئەو کارە دەسنیشانى کردووە کە ئایدیۆلۆجیاى سوپا بگۆڕێت لە عیلمانى و نیشتمانیەوە بۆ ئیسلامى عوسمانى بۆ ئەوەى زەمینە خۆش بکات بۆ دەستێوەردان و پەلاماردانى وڵاتانى دراوسێ کەو وەکو باخچەى پشتەوەى ماڵەکەى خۆیان لێیدەڕوانن عوسمانیە تازەکان .
لە کۆتاییدا ناکرێت کۆتایى بەم وتار بهێنم و باس لە بێخەمى ئەمریکا و پەیمانى ناتۆو بەگشتى وڵاتانى ئەوروپاى خۆرئاوا بە تایبەتى بکەم بەرامبەر بە هەڵسوو کەوتەکانى ئەردۆگان و پارتەکەى بەرامبەر تیرۆر و ئاشتى و پێکەوەژیانى گەلانى ناوچەکەو کار گەیووەتە ئەوەى میدیاکانى نزیک لە ئاکپارتى هۆشدارى لەوە بدەن کە پەیمانى ناتۆ گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ناوچەکەو هەروەها ئەمریکا دوژمنى پلەیەکى تورکیایە ؟! لە کاتێکدا تورکیا خۆى لە ساڵى 1952 ئەندامى ئەو پەیمانەیە .