دکتۆر جەبار قادر: تورکیا دوای سەد ساڵ هێشتا ئامەدی بۆ قووتنادرێت، ئەی چی لە مووسڵ ئەکات؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕۆژانە بە لێشاو وتار، لێکدانەوە، دیمانە و گفتوگۆ لە بارەی شەڕی (ئازاد – داگیر) کردنی موسڵەوە بڵاودەبنەوە. بۆ کوردیش لەنێوبردنی داعش و گۆڕینی مووسڵ بۆ پارێزگا یا هەرێمێکی ئارام و دوور لە دوژمنایەتی و نەیارێتی کوردان کارێکی پێویستە. وەکو هەموو پرس وکێشەکانی تر کورد لە بارەی مووسڵیشەوە هاوبیر و یەکدەنگ نیە. ئەگەر ئەم جیاوازییە ئەنجامی خوێندنەوە و لێکدانەوەی جودا بوایە ئاسایی بوو، بەڵام هەموو دەزانین لە کوێ و لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە.
لێرەدا من تەنها باس لە ڕەهەندە تورکییەکەی شەڕی مووسڵ دەکەم، خۆم لە قەرەی ڕەهەندەکانی دیکە نادەم، چونکە جۆراو جۆرن و لە وتارێکی کورتدا جێگەیان نابێتەوە. کێشەی مووسڵ لە دوای شەڕی یەکەمی جیهان، ململانێی بریتانیا و تورکیا لە سەر ئەو ویلایەتە، باس و خواسی کێشەی مووسڵ لە کۆنفرانسی لۆزان، سیناریۆکانی کۆمەڵەی گەلان و لێژنە تایبەتەکەی تا دوا بڕیاڕی لە 16 دیسەمبەری 1925 بە لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عیراقەوە و مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی 5 حوزەیرانی 1926 لە نێوان بریتانیا و عیراق لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە، کە کۆتایی بە کێشەی مووسڵ هێنا، دەیان کتێب و سەدان لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە بە زمانی جیاواز بڵاوکراونەتەوە.
بە بۆچوونی من هەڕەشەو گوڕەشەکانی تورکیا سەبارەت بەشداریکردنی لە شەڕی مووسڵ پەیوەندی بە چەند خاڵێکەوە هەیە:
1- بەر لە هەر شتێک تورکیا دەیەوێت ڕێگری لە پەرەسەندنی ڕۆلی کورد لە پارێزگای نەینەوا بکات، تا پێی بکرێت لە دەسکەوتەکانی کورد لە شاری مووسڵ و پارێزگای نەینەوا کەمدەکاتەوە. لە لایەکەوە بە بیانوی ئامادەیی پارتی کرێکارانی کوردستان لەو پارێزگایە و لە لایەکی تریشەوە بەدووری نازانم هاوپەیمانە کوردەکانی بەلاڕیدا ببات و بە کێشەی لاوەکییەوە خەریکیان بکات و لەو ڕێگەوە دەرفەتەکانیان لە دەست دەربکات.
2- تورکیا نایەوێت هەڵەکەی 2003 دووبارە کاتەوە، کاتێک ڕێگەی نەدا بە هێزەکانی ئەمێریکا بۆ ئەوەی لە کوردستانەوە بێنە ناوەوە بۆ لەناوبردنی ڕژێمی سەدام حوسێن. ئەنجامی ئەو بڕیارە، کە ئەردۆگان و حیزبەکەی پێیان وابوو لایەنگرێکی زۆریان لە نێو عەرەب و موسوڵماناندا بۆ پەیدا دەکات، کە لە مەودای کورتدا ئەوە ڕوویدا، بەڵام لە کۆتاییدا، هەموو پرسە گرنگەکان لە بارەی عیراقەوە بە بێ ئامادەبوونی تورکیا و ئامادەیی تەواوی ئێران بڕیاریان لە بارەوە درا.
3- ئەمە هاوسەنگی و باڵادەستی لە نێوان تورکیا و ئێران لە عیراق و کوردستان، ناوچە هەرە گرنگەکانی ململانێ پێنج سەد ساڵییەکەیان. ئەگەر شەڕی مووسڵ بە شکستی تەواوی سوننە (مەبەست تەنها داعش نیە) و باڵادەستی شیعە کۆتایی بێت، ئەوا هاوسەنگییەکە ئەوەندەی تر بەلای ئێراندا دەشکێتەوە، ئەمەش زیان بە بەڕژەوەندییەکانی تورکیا نەک تەنها لە عیراق، بەڵکو لە سوریاش دەدات.
4- تورکیا دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت لە سەر مێزی گفتوگۆی دوای شەڕی مووسڵ ئامادە بێت و گوێی لێ بگیرێت، جا ئەمە ڕاستەوخۆ بێت، یا لە ڕێگەی دۆستەکانێوە لە نێو سوننەی عەرەب، تورکمان و هاوپەیمانە کوردەکانی. دەیەوێت ئەوەی ئێران لە باشوری عیراق بە بێدەنگی دەیکات، ئەمیش لە دەڤەری سوننەکان و ئەگەر بکرێت لە باشوری کوردستانیش بیکات.
5- ئامادەیی تورکیا لە سەر مێزی گفتوگۆی دوا ڕۆژی مووسڵ، دەروازەی بازرگانی و ئابوری لەو دەڤەرە بۆ کۆمپانیاکانی دەخاتە سەرپشت، ئەوەش لەم کاتەدا ئامانجێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆگانە. لە ڕێگەی کۆمپانیاکانیشەوە کاریگەری سیاسی و کولتوری تورک لەو ناوچانە پەرە دەستێنن. هەڵبەتە ئەمانە هەموو فاکتەرەکان نین، بەڵکو لە تەک ئەمانەدا هەندێ ئامانجی کاتی و مەودا کورتیش هەن کاربەدەستانی تورکیا هەوڵی بەدیهێنانیان دەدەن.
بەگشتی تێبینی ئەوە دەکرێت لە نێو کوردا دوو بۆچوون لە بارەی ڕۆڵی تورکیاوە لە شەڕی مووسڵدالە ئارادان:
یەکەمیان لە تورکیاوە سەیری دونیا دەکات. ئەم تێڕوانینە وای لەو کەسانە کردووە لە تورکیا و سیاسەت و لێدوانە ناکۆک و پڕ لە درۆ و دەلەسەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە شتێکی دیکە نەبینن و نەژنەون. ئەوەی ئەم کاربەدەستانە دەیڵێن بۆ ئەم بەشەی کورد سیاسەتە، یەکسەر لێکدانەوە و سیناریۆی لە سەر بنیات دەنرێت. ئەمانە بیر لە ئەگەری درۆ، بەمەبەست و بەڵاڕیدا بردن ناکەنەوە، هەرچەندە دەبینن ڕۆژانە کاربەدەستانی تورکیا بە سەرۆک کۆمارەکەیانەوە لە هەموو لایەکەوە بە درۆ دەخرێنەوە. پرسەکان ئەوەندەی تر بەختەوەریان دەکات، ئەگەر بە زیانی نەیارە کوردەکەیان بێت، با هیچ قازانجی خۆیشیانی تێدا نەبێت. ئەمانە بە قسە و باس لە دژی تورکیان، بەڵام بە کردەوە خزمەتی سیاسەتەکانی دەکەن. ئەمانە دونیای تورک وای داگیرکردوون وا بیر دەکەنەوە ئەوەی بە ئەمێریکا و ڕووسیا ناکرێت، ئەوا تورکیا دەیکات. دەتوانم بڵێم ئەم کوردانە هەمان نەخۆشی عەرەبیان گرتووە، کاتێ باس لە توانا بێسنوورەکانی ئیسرائیل لە هەموو دونیا دەکەن، وایان لە خەڵکەکەی خۆیان کردووە باوەڕ بەوە بهێنن کە ئیسرائیل لە هەموو شوێنێک، لە هەموو کاتێک، لە هەموو بارێک دەتوانێت هەموو شت بکات. بۆ ئەم کوردانەش تورکیا هێزێکی ئاوهایە. ئەوان ئەو هەموو شکستەی تورکیا لە سەر هەموو ئاستەکان نابینن. نازانن کە ئەو دڵەڕاوکێ و گومانەی تورکیای تێدا دەژێت، تووشی چی سەرلێشێوانێکی کردووە. وێنەی ئەردۆگان لە دونیادا خەریکە وەک سەدام و قەزافی لێدێت لە بەرچاوی دونیا و تورکیا دەبێتە وڵاتێکی ناسەقامگیری ڕۆژهەلات. ئەم هەڵس و کەوتانەی تورکیا ڕەنگدانەوەی ئەو دڵەڕاوکێ و بارە قەیراناوییە کە تورکیا تێیدا دەژێت.
دووەمیان بە قسەی ئەم و ئەو هەڵدەپەڕێت، بە هەموو لێدوانێک سەرگەرم دەبێت. هیچی لا سەیر نیە، شیعە بڵێت ئەمێریکا بە فڕۆکە داعش دادەبەزێنێ، بڵێن تورکیا بە بەرچاوی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە، کە گەلێکیان خۆشیان بە چارەیدا نایەت، داعش دەگوێزێتەوە، لە خۆی ناپرسێت بۆ دەبێت ئەمێریکا ئەم کارە بکات لە کاتێکدا بە هاوکاری فڕۆکەکانی ئەو داعش تەفر و تونا دەکرێت. چۆن هاوپەیمانان ڕێگە دەدەن تورکیا بە بەرچاوی ئەوانەوە داعش بگوێزێتەوە. ئەم هەموو دونیایە ئەو هەو هەموو پیلانە بۆ چی دەکەن؟. بە هۆکاری ڕکەبەرایەتی مەزهەبی و بە فیتی ئێران و عەرەبستانی سعودی ڕۆژانە ماکینەیەکی زەبەلاحی ڕاگەیاندن لە هەوڵ و تەقەلادایە بۆ بڵاوکردنەوەی هەزار قسە و باس کە زۆربەیان هیچ بنەمایەکیان نیە. کەس وەک عیراقییەکان خۆش باوەڕ نیە لەم بوارەدا. ئەوان هەموو شتێک بە ترازووی مەزەبی کێشانە دەکەن. ئێمە دۆزێکی نەتەوەییمان هەیە و ململانێی مەزەبی نە کاری ئێمە و نە قازانجی ئێمە و گەلانی تری تێدایە.
ئەوەی دەبینرێت زۆر کەس ورد نابنەوە لە قسە وباس و هەواڵ و لێدوانەکان، زوو بە زوو وەک فاکت وەریدەگرن و هەڵس و کەوەتیان لە گەڵ دەکەن، کە ئەمە لە گەڵ سادەترین و سەرەتایترین بنەمای لۆژیک و هۆشمەندی و زانستدا ناکۆکە. مرۆڤی هۆشمەند ئەوەیە لە زانیارییەکان ورد ببێتەوە و پرسیار لە خۆی بکات: ئایە ئەمە ڕێی تێدەچێت و عەقڵ قەبوڵی ئەکات؟ ئەی کوا بەڵگەی باوەڕ پێکراو بۆ ئەمە؟ ئەی سەرچاوەکەی جێگەی متمانەیە، چەندێ بێلایەنە و دەبێ مەبەستی شاراوەی لە پشتەوە نەبێت؟… و چەندین پرسیاری تر کە دەبێت ئامادە بن.
ئەوەی هەندێ شارەزایی لە شاری مووسڵ هەبێت و شتێک لە بارەی تورکیاشەوە بزانێت، ئەو ڕاستییە دەبینێت کە مووسڵ شارێکی وا نیە بە تورکیا قووت بدرێت، کە لە دوای نۆسەد ساڵ داگیرکاری (لە کاتی سەلجوقییەوە) نەیتوانیوە ئامەد، هەکاری، وان، مێردین و دەیان شاری تری باکوری کوردستان ملکەچی خواستەکانی خۆی بکات. مووسڵ ناوەندێکی بە هێزی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی عەرەبە، کە نە تورک، نە کورد و نە شیعە دەتوانن بە کەیفی خۆیان فەرمانڕەوایی تێدا بکەن. هەرکەسێک وا بیر بکاتەوە کە یەکێ لە مانە دەتوانن لە مووسڵ فەرمانڕەوا بن، ئەوا بە هەڵەدا چووە. حەفتا دەر سەدی ئەفسەرانی سوپا و هەواڵگری و دەزگا ئەمنییەکانی عیراق عیراق خەڵکی مووسڵ بوون. ئەوە ئەمانن پلانی شەڕ بۆ داعش دادەڕێژن، کاری هەواڵگیری بۆ دەکەن و کەرەستەکانی شەڕی بۆ دابین دەکەن. هاوتا لە گەڵ ئەماندا تۆڕێکی فراوانی ڕێکخستنەکانی بەعس هەمو ئەرکە لۆجستییەکانی بۆ داعش ڕادەپەڕێنن. کابرایەکی چیچانی چوزانێ حەویجە لە کوێیە و چۆن دەیاگاتێ. هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی و سوپای عیراق و سوریا و هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان زیاتر لە دوو ساڵە پەلاماری دەدەن و بە هەزارانیان لێدەکوژن، هێشتا دەتوانن ئەو هەموو هێڕش و بەرگرییە بکەن. تۆ بڵێێ تورکیا بە تەنیا لە هاوپەیمانی 60 دەوڵەتی و هەموو ئەو هێزانە کارا تر بێت؟.
ئەی کەوا بوو تورکیا دەیەوێت چی بکات؟. ڕەنگبێت هەوڵبدات لە گەڵ هەندێک لە عەرەبە سوننەکان وەک بنەماڵەی نوجەیفی، کە هەر لە ئێستاوە کەوتوونەتە بەر هێڕش و پەلاماری مووسڵاوییەکان، چونکە بە وتەی ئەوان بوونەتە پیاوی تورکیا، تورکمانەکان بە تورکمانە شیعەکانی تەلەعفەریشەوە، چونکە تورکمان بۆ هەموو هاوپەیمانییەک لە دژی کورد ئامادەیە، لە گەڵ هەندێ کەسایەتی و گروپدا جۆرە بەرەیەک دروست بکات. بە بۆچوونی من تورکیا هەوڵدەدات ئەو گروپانە بەر لە هەر شتێک لە دژی باڵادەستی کورد بەکاربێنێت. هەر کەسێک پێیوابێت تورکیا پەنا بۆ کورد دەبات بۆ ئەوەی لە مووسڵ خاوەن پێگە و بڕیار بێت، ئەوا دیسان بەهەڵەدا چووە. کاتی خۆی بەرەی نوجەیفی بە گوتاری توند لە دژی کورد دەنگیان هێنا. ئێستاش و دوای لە نێوچوونی داعشیش ئەوەی دەنگی لە بەرامبەر کورد بەرز بێت، ئەوا لە هەڵبژاردنەکاندا ئەو دەیباتەوە. تورکیا ئەمە باش دەزانێت و بە پیی ئەمە پلانەکانی دادەڕێژێت.
ڕەنگبێ تورکیا دوو فڕۆکە بنێرێتە سەر مووسڵ یا لە دوورەوە دوو تۆپ بتەقێنێت بۆ ئەوەی لە ئاهەنگی لە گۆرنانی داعشدا بانگهێشت بکرێت. ڕێک وەک کاتی شەڕی دووەمی جیهانی کاتێ تورکیا بە دڵ و بە گیان لە گەڵ نازییەکاندا هاوسۆز و هاونیاز بوو، بەڵام کاتێک بینی گڵۆلەی هیتلەر کەوتۆتە لێژی، شەڕی لە دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند، بەڵام بە بێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێ. لە سەر ئەو ئەساسە بوو بە ئەندامی دامەزرێنەری ڕیكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دواتریش پەیمانی ناتۆ. ئایە ئەردۆگان لە مووسڵ فیشەکێک دەتەقێنێ، یا هەر خەریکی بۆمبی دەنگی دەبێت؟.