کاوسێن بابەکر: فرەیی قوربانیەکی دیکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قەیرانەکان هەر بواری ئابووری ویاسایی وئازادی ڕادەربڕین و. نەگرتۆتەوە بەڵکو فرەیی سیاسیش خەریکە دەبێتە قوربانی دۆخەکە.

فرەیی سیاسی ئەگەر بریتێ بێ لە ئازادی سیاسی وڕێکخراوەیی بەوەی هەموو کەس و کۆمەڵێک بۆی هەبێ بەپێی یاسا رێکخراوی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێ، یان پێکبێنێ و پارت و ڕێکخراوی سیاسی، چالاکی سیاسی بەئاشکرا بکات و ڕۆژنامەو کەرەستەی ڕاگەیاندنی خۆی هەبێ و ئەدەبیاتی سیاسی خۆی ئازادانە بڵاوبکاتەوەو کۆڕوکۆبوونەوەی سیاسی بگرێ، بێ هیچ گرفتێک و بەشداری سیاسی و ئیداری بەپێی قەبارەی خۆی ئەنجام بدات، ئەوا خەریکە ئەم دیاردەیە کەتا ئەم ماوەیە تاڕادەیەکی باش گەشەی کردبوو، هەلبژاردەنەکان شاهیدی ئەم دیاردە فرەییەبوون کە کۆڵەکەیەکی سیستەمی دێموکراسیە ئەگەر بمانەوی دروستی بکەین، بەداخەوە خەریکە لەژێر پێی ئاڕاستەیەکی سیاسی تاکڕەهەندا، دەپڵیشێتەوە!
نیشانەکانی ئەم سەردەرهێنانەی سیاسەتی تاکڕەهەندیە هێندە زۆرن خۆمان دەخەڵەتێنین ئەگەر پرسیار لەبوونیان بکەین! یان پارت وڕێکخراوەکان، چیتر خۆیان سەر قاڵی ڕێکخستنەوەو چالاک کردنەوەی دامودەزگا دێموکراسیەکان بکەن، زۆر بەداخەوەم کە ئەوە دەڵێم.
ڕێگری لە هەر کەناڵێک بەناحەزی بزانن، داخستنیان یان فشارخستنە سەریان، ڕێگری لەخۆپێشاندان و مانگرتن، ئازاردان و گرتنی ڕٶژنامە نوسان، داخستنی دەرگای پەرلەمان و ڕێگرتن لەسەرۆک و سکرتێرو زۆرینەی ئەندام پەرلەمانان، قۆرخکردنی پەیوەندیەکانی دەرەوە، بەوەی وەفدەکانی بۆ دونیای دەرەوە، پێشوازی وەفدەکانی دەرەوە، وەفدی دان وسانەکان لەگەڵ بەغداو یان هەرلایەنێکی تر هەر خۆیان بن، مەگەر بەدەگمەن لایەنێک بەکەسێک بەشداری پێبکەن، قۆرخکردنی سەرۆکایەتی هەرێم وێڕای ناکۆکی لەسەر شەرعی بوونی، قۆرخکردنی، وەزاڕەتە، گرنگەکان [ ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی، ئاسایش، سامانە سروشتیەکان ] یان سەرجەم دام ودەزگا گرنگەکانی حکومەت بەسەرۆکی حکومەتیشەوە! چ مانایەکی هەیە جگەلە، ڕێگری و نە هێشتنی بەشداری و فرەیی سیاسی!
جاران ئەوزۆنەی پێی دەگوترا سەوز تاڕادەیەک ئیدارەی خۆی بەڕێوە دەبرد بەڵام ئێستا هەر دەزگایەک چالاکیەک یان کارێک بکات بە ئارەزووی وەزاڕەتی مەعنی نەبێ ڕێگری لێدەکرێ، تا کار گەیشتە ڕێگری و پەسند نەکردنی ئاڵوگۆڕەکانی پارێزگای سلێمانی گوایە خەلەل لەیاسایی بوونی داهەیە!! وەکو کارەکانی تری حکومەت و هەرێم هێندەیاسایی بن هیچ هەڵەو پەڵەیەکیان تیدا نەبێ!! لە کاتیکدا بەپێی یاسا بەرکارەکان کەزۆری لەسەر نوسراوەو من ناچمەوە سەری زۆر ئاسایی و یاساییە بەڵام، بەپێی ڕوانگەی ئەو ئاڕاستەیە تاک ڕەهەندیە هەر ئەوشتانە یاسایین کەخۆی دەیهەوێ و ئەوانەش نایاسایین کە خۆی حەزیان لێنەکات!! پرسیارەکە ئەمەیە چوار پارتەکەو ئەوانی تر و خەڵکی وەزاڵە هاتوو، تاکەی ئەمە لەپارتی قبول دەکەن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت