عەتا قەرەداخی: كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى ـ له‌برى بكه‌ر به‌ركارى هه‌میشه‌یی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاتێ وشه‌ى ( به‌كه‌ر) مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت راسته‌خۆ ده‌شێ بیر له‌ رێزمان بكه‌ینه‌وه‌. هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌مان بیربكه‌وێته‌وه‌ كه‌ مەبەست لە بکەر کەسێکە کارێک بکات. ئێمە لێرەدا مەبەستمان (بکەر) نییە لە سیاقە رێزمانیەکەیدا بەڵکو مەبەستمان بکەری کۆمەڵایەتیە واتە بکەر لە سیاقی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، کە ئەویش کەمتر تاکەکەس دەگرێتەوە، بەڵکو زیاتر مەبەستمان بکەری کۆمەڵایەتییە کە ئەویش دەشێت دەستە، گروپ، رێکخراو، حیزب، بزووتنەوە، یان نەتەوەو ھەموو کۆمەڵگە بێت. لە بارێکی وەھاشدا ئەو کارەی بکەری کۆمەڵایەتی دەیکات یان ئەنجامی دەدات کارێکی کۆمەڵایەتیە، کە دەشێ سەرتاپای مێژووی ئەو کۆمەڵگایە بگۆڕێت، بەڵام دیارە ( کات ) ی ئەنجامدانی ئەو کارەی کە بکەری کۆمەڵایەتی ئەنجامی دەدات دەشێ درێژخایەن بێت. ئەرکی بکەری کۆمەڵایەتی نزیکە لەو دەلالەتەی زاراوەی ئیش لە فیزیادا ھەیەتی و بریتیە لە درووستکردنی لادان، بەھەمان شێوە لە کۆمەڵناسیدا ئەرکی بکەری کۆمەڵایەتی بریتیە لە درووستکردنی گۆڕان لە عەقڵ و بنیادی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەدا و ھەر بەو پێیەش گۆڕان لە ئاستی سەرخانیشدا وەکو رەنگدانەوەو دەرئەنجامی گۆڕان لە بنیادی دامەزراوەکاندا روودەدات.
لەو کۆمەڵگەیانەدا کە پەرەسەندنێکی سرووشتییان ھەیە بکەری کۆمەڵایەتی کە لە منداڵدانی کۆمەڵگە خۆیەوە لە دایک دەبێت، بارگاوی کراوە بەو توانایانەی کە پێویستن بۆ درووستکردنی رووداو لەسەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژووی و فەرھەنگی و سیاسی و تەنانەت زانستیش، کە مەبەست لەم زاراوەیەش دابڕانە لە قۆناغی ئێستا، واتە لە سادەترین پێناسەیدا بکەری کۆمەڵایەتی ئەو بکەرەیە کە بتوانێت دابڕان لەگەڵ قۆناغی پێش خۆیدا بکات، بەڵام بە ئاراستەی بەرەو پێشەوە چوون. به‌ ئاراسته‌ى ئه‌رێنی، به‌ ئاراسته‌ى به‌رهه‌مهێنان كه‌ مه‌به‌ست به‌رهه‌مهێنانی شارستانێتیه‌.
ئایا لە رابردووی کۆمەڵگەی کوردیدا بکەری کۆمەڵایەتی بوونی ھەبووە؟ ئەگەر بوونی ھەبووە، ئەو رووداوانەی لە سەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردی لە ھەموو ئاستە جیاوازەکاندا بەرھەمی ھێناون کامانەن؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌ قۆناغی ژیانی ژێرده‌سته‌ییه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی؟ واته‌ ئایا ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ بارى به‌ركاره‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌و بووبێته‌ بكه‌ر؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ به‌ بێ بوونی ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ببێته‌ بكه‌ر؟ دیاره‌ ئاشكرایه‌ نه‌خێر، ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌شی كه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌وانیتر، ئه‌وانی بڕیار به‌ده‌ست ده‌وڵە‌تی سیاسیان بۆ درووستكردوون، نه‌ك له‌ په‌ره‌سه‌ندنی خۆیاندا گه‌یشتبنه‌ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وانه‌ش نه‌بوونه‌ته‌ بكه‌رو رۆڵی به‌ركار ده‌بینن. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ روانگه‌ى لۆگۆسێنتریزمی رۆژئاواوه‌، هه‌موو ده‌ره‌وه‌ى رۆژئاوا به‌ركاره‌. ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌بێ بكه‌ر رووداو درووست بكات، كه‌واته‌ ده‌شێ ئەو پرسیارەش سەرھەڵبدات کە مەبەست لە رووداو چییە؟ چونکە زاراوەی رووداو لە کوردیدا دەلالەتی نێگەتیفی ھەیە، بەڵام رووداو لە رووی لۆجیکی کۆمەڵناسیەوە بە مانا پۆزەتیفەکەی بەکار دێت، کە مەبەست لێی رووداوی گواستنەوەی کۆمەڵگەیە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، بۆ نموونە گواستنەوە لە خێزانەوە کە لێرەدا مەبەست خێل‌و عەشیرەتیشە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی. یان گواستنەوە لە ئابووری‌و پێوەندییەکانی بەرھەمھێنانی فیودیالیەوە بۆ ئابووری‌و پێوەندییەکانی سەرمایەداری‌و باڵادەستبوونی چینی بۆرژواو درووستبوونی چینی ناوه‌ندى بكه‌رى راسته‌قینه‌ى رووداو درووستكه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تی، یان گواستنەوە لە دەسەڵاتی ئیداری‌و سیاسی خێڵ‌و عەشیرەتەوە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت‌و دامەزراندنی دامەزراوە دەوڵەتیەکان، یان گواستنەوە لە کۆمەڵگەی سەرەتاییەوە بۆ کۆمەڵگەی پەرەسەندووی شارو بەرھەمھێنانی شارستانێتی، یان گواستنه‌وه‌ له‌ تاكه‌كه‌سی بێ شووناسه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ تاكه‌كه‌س تیایدا ببێته‌ خاوه‌نی شووناسی تاكه‌كه‌سی خۆى له‌ ده‌روه‌ى دامه‌زراوه‌كانی خێزان و خێڵ و گروپ و حیزب.
ئەوەی جێگای سەرنجە بکەری کۆمەڵایەتی کوردی لە رابردووەوە بۆ ئێستا نەیتوانیووە ببێتە بکەرێکی رووداو درووستکەر. رەنگە بەشێک لە ھۆکارەکانی ئەوەی کە نەبێت بە بکەرێکی رووداو درووستکەر پێوەندی بە ھۆکارە دەرەکیەکانەوە ھەبێت، بەڵام نکوڵی ئەوە ناکرێت کە زۆرێک لە ھۆکارەکان لە بوونی ئەنتۆلۆجیانەی خۆیدایە چونكه‌ هێزى هه‌ر بوونێك له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا له‌سه‌ر دوو پایه‌ وه‌ستاوه‌ ده‌وروبه‌رو تواناى تاكه‌كه‌سی، ئه‌گه‌ر توانا تاكه‌كه‌سیه‌كان یه‌كیانگرته‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆى ره‌خساندنی زه‌مینه‌، واته‌ ئاماده‌كارى ده‌وروبه‌ر بۆ درووستبوونی بكه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تی. بکەری کۆمەڵایەتی کوردی تاکو ئێستا نەیتوانیووە بە تەواوەتی کۆمەڵگەی کوردی لە عەقڵی خێڵ‌و ستراتیژی خێڵ‌و لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی نیمچە سەرەتایی‌و ئابووری نیمچە فیودیالی‌و دامەزراوەی ناوچەیی‌و ھەرێمگیرییەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی‌و بۆ عەقڵ‌و ستراتیژی نەتەوەیی‌و بۆ پێوەندی کۆمەڵگەی شارو بۆ دامەزراوەی حکومەتی‌و بۆ دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی‌و بۆ بەرھەمھێنانی شارستانی، لەسەرووی ھەموو ئەمانەشەوە ئەم بکەرە کە لە رابردوودا بکەرێکی تا ئەندازەیەک بەرھەمھێن بووەو بەشی پێویستی خۆی بەرھەمی ھێناوە ئێستا لەو رووەوە لە بکەری کەوتووەو ناتوانێت بەرھەم بھێنێت، نە ئەو بەرھەمھێنانەی رابردووی کە لە بواری کشتوکاڵ‌و ئاژەڵداریدا بەرھەمی دەھێنا، نە دەتوانێت بەرھەمی نوێی پیشەسازی بەرھەم بھێنێت، ھەر بۆیە لە کاتێکدا کە ئەوسا لە رووی بەرھەمھێنانەوە بکەرێکی لاواز بوو ئێستا بەتەواوی بووەتە بەکارھێنەر کە ئەوەش لە رووی کۆمەڵناسیەوە ئەوە دەگەیەنێت گۆڕاوە بۆ بەرکار. بێگومان لەو کۆمەڵگەیانەدا کە لە بری بکەری رووداو درووستکەر بەرکار‌و بەکارھێنەری بەرھەمی بکەری دەرەوە باڵادەست دەبێت جەستەی ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتە جەستەیەکی لەکارکەوتوو، ئەگەر ئەو باری بەرکارێتی‌و بەکارھێنەرییە درێژە بکێشێت ئەوا ئەگەری گۆڕانکاری لەو کۆمەڵگەیەدا زۆر کەم دەبێت و سه‌ئه‌نجام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌به‌ر هه‌ندێ هۆكارى ده‌ره‌كی و خۆیی نه‌رَ,خێت ئه‌وا به‌ پاشكۆیی و دواكه‌وتووى ده‌مێنێته‌وه‌و هه‌میشه‌ رووبه‌رێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بكه‌ره‌كانی ترى پیاده‌و پراكتیكی خۆیانی تێدا بكه‌ن. بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا تێبینی دەکرێت پرۆسێسێکە تیایدا بکەری لاوازی کۆمەڵایەتی پێشتر کە دەبوو بگۆڕایە بۆ بکەرێکی چالاکی رووداو درووستکەر کەچی بەرە بەرە دەگۆڕێت بۆ بەرکارو بەکارھێنەر، ئەوەش رەوتی بەرەو پێشەوەچوونی کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم گومانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت