نەبەز گۆران: شەڕی موسڵ، شەڕی راستەقینەی كوردە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من هیچ شتێك لەبارەی وردەكاریییەكانی شەڕ و، نەخشە سەربازییەكانەوە نازانم، ئەوەیان لێدەگەڕێم بۆ شارەزایانی سەربازی. بەڵام، كۆمەڵێك لێدوان وەك ئارگۆمێنت دەهێنمەوە، تابتوانم لەپشت ئەو ئارگۆمێنتانەوە بەرگری لە بیركردنەوەكانی خۆم بكەم. (جیاواز لەوەی كە دیدمان چییە بۆ هێزە ناوخۆییەكانی هەرێم، جیاواز لەوەی دەمانەوێت چ سوپایەك و چ نیشتیمانێكمان هەبێت، ئەمانە كۆمەڵێك بۆچونی جیاوازن لە ڕابردوو لە ئێستا و داهاتوودا دەخرێنە روو.) ئەما ئەوەی ئێستا لەپێش كوردی باشور و رۆژئاواییە، بەژداریكردنە لەو شەڕەدا. (بیرمان نەچێت كورد شەڕەكەی دروستنەكردووە، هێزێكی ئایدۆلۆژی ئایینی هاتووەتە بەردەرگای ماڵی كورد بۆ ئەوەی بیسرێتەوە. كوردیش بەرگری لەخۆی كردوە و، لەم بەرگرییەشدا دەیان خێزان لە هەریەكە لەنزیكەكانمان خوێنی بەخشیوە.)

بۆ ئەوەی بزانین بۆ پێویستە كورد لەم شەڕەدا بەژداری بكات، دیدە حیزبی و ناوچەییەكان وەلادەنێین و تەماشای خودی مەترسییەكە و خودی شەڕەكە دەكەین بە شێوەی سیاسیی و، ئایندەبینی و مەترسیی بۆ سەر كورد.
وتەبێژەكەی پنتاگۆن دەڵێت: ئێمە بەژداری شەڕی موسڵ دەكەین، چونكە بوونی داعش لەو شوێنەدا بۆ ئاسایشی ئەمریكا جێگای مەترسییە. لە پاڵ ئەودا، جگە لەوەی توركیا بەشێوەیەكی رژد یارمەتیدان، بەڵام دەڵێت: بەژداری شەڕی موسڵ دەكەین بۆ ئەوەی، وڵاتەكەمان لە مەترسی بپارێزین و، بچینەوە شوێنە كۆنەكانی خۆمان ـ مەبەست لە خەونە كۆنەكەی عوسمانییە كە زەحمەتە بۆیان بێتە دی.
لەتەنیشت ئەواندا وتەبێژی سوپاسی ئێرانی دەڵێت: بەژداری شەڕی موسڵ دەكەین، بۆئەوەی سنوورەكانمان لە مەترسی بارێزین.
ئەم كۆمەڵە لێدوانە سەربازیی و سیاسییە، دەبنە ئارگۆمێنتێكی بەهێز بۆ ئێمەی كورد. كە لەپاڵیدا بپرسین، ئەگەر بوونی هێزێكی ئایدۆلۆژیی ئاینیی وەك (داعش)، لەناوچەكەدا جێگای مەترسی بێت بۆ ئاسایشی ناوخۆی ئەمریكا لەو كیشوەرە دورەوە، ئەدی چۆن جێگای مەترسی نییە بۆ كورد لەم نزیكەوە؟ كاتێك ئێرانییەكان بێن بەژداری شەڕێك بكەن دەیان كیلۆمەتر لە وڵاتەكەیانەوە دورە، كورد بۆ بەژداری شەڕێك نەكات كە لە هەر چركەساتێكدا غافڵ ببێت، ئەو هێزە ئایدۆلۆژییە ئایینە مەترسیدارە دێتە ناو شارەكانی و ئاسایشی ناوخۆی تێك دەدات.
كاتێك توركیا كە خۆی دینەمۆی دروستكردنی ئەو هێزە بوو بۆهاوكاریكردنیان و، ئێستا بیەوێت بەژدار بێت، چۆن دەبێت كورد كە شەڕەكە لەناو بەشێك لە خاكەكەی خۆیەتی بەژدار نەبێت؟
ئەم پرسیارانە بۆ ئەوانەیە كە تەنها بە دیدێكی حیزبی و كاتییەوە سەیری شەڕەكە دەكەن. دور لەم دیدە با سەیری نەخشەی شەڕەكە بكەین لەڕویی سیاسیی و ئایۆدلۆژیی و مەترسییەوە. گەر كورد بەژدار نەبێت، گەر كورد بەرگری لەخۆی نەكردایە ئەو هێزە ئێستا لەناو شارەكاندا نەبوو؟ كاتێك بۆشاییەكی بچوك دروست دەبێت ئەوان هەوڵی هاتنە ناوەوە نادەن بۆ شارەكان؟ كاتێك مەترسییەكی گەورە لەبەردەم كوردابێت، بۆچی كورد لەم مەترسییەدا كە پێش هەمووی مەترسییە بۆ خۆی بەژدار نەبێت. دوژمنێك لە تەنیشتت بێت، وەهم نییە بڵێیت: بۆ دورخستنەوەی لە ماڵەكەم ئیشی من نییە.
بەژداربوونی كورد لەم شەڕی موسڵەدا، بەپێچەوانەی ئەو دیدە بازنەییەوە، بەشدارییەك نییە كورد شەڕ بۆ ئەوانی تر بكات. بەڵكو بەژدارییەكە كورد مەترسییەك لە خۆی دوردەخاتەوە. سنووری هەرێم لەگەڵ سنووری ئەو هێزە ئایدۆلۆژییە ئاینیە مەترسیدارەدا یەك سنوورە. زەبری گەورە لەم نێوانەدا بەر كورد و هاوڵاتیانی كورد كەوت. لەهەر شوێنێكەوە تەماشای بكەین ئەو هێزە هەوڵیداوە بێتە ناو خاكی هەرێم و، بەشێوازە ئایدۆلۆژییە ئاینییەكەی خۆیانەوە هەوڵی سڕینەوەی كورد بدەن.
مرۆڤ تێناگان بۆچی ناتوانین دیدی خۆمان كەمێك فراوان بكەین و، سەیری دورتر بكەین. ( ئێمە هەموومان دەزانین شەڕ چ وێرانەیەك دەهێنێت. كاتێك شەڕەكە هاتووتە بەردەرگا گەر نەچیتە دۆخی بەرگریكردنەوە، بێگومان ئەو دێت و ئەوەی بیەوێت دەیكات و كردوشیەتی ). ئەوەی ئێستا هێزە كوردییەكان بە هەموو ڕەنگەكانەوە دەیكەن، جوڵەیەكە بۆ بەرگریكردن لەو پانتاییەی مرۆڤی كوردی تێدا دەژیت، ( ئەگەر ئەو پانتاییە سەرنجی زۆرمان لەشێوەی بەڕێوەبردنی هەیە، وەك هەمیشە لەكاتی خۆیدا سەرنج و ململانێكان دەكەین، نەك لەسەر حیسابی شەڕێك كە پەیوەندی بەچارەنووسی كۆمەڵگەیەكەوە هەیە). بە دیوە سیاسیی و دیوە ژیان دۆستیەكەشدا، كورد لەم شەڕەدا نوێنەرایەتی كەس ناكات. نوێنەرایەتی خۆی دەكات و دوژمنێك لەخۆی دوردەخاتەوە. دوژمنێك گەر بۆی بكرێت پرۆژەی هەیە تەواوی كورد بە كلتوورەكەیە و زمانەكەیەوە كۆتایی پێبهێنێت.
بۆ منێكی هاوڵاتی ئەم هەرێمە، بێماناییە بڵێم: لەم شەڕەدا كورد شەڕی خۆی ناكات، لەكاتێكدا ببینم ( ئێرانیەك، ئەمریكیەك، توركێك) بێن بەژداربن لەم شەڕە، بۆ ئەوەی وڵاتەكەی خۆیان لەو مەترسییە بپارێزن. بۆ كوردێك كە دوژمنێكی لەو جۆرە لەبەردەمیدایە گەر شەڕی نەكات و، خوێن نەرێژێت لە پێناو دورخستنەوەی، راستەوخۆ ئەو دوژمنە دێتە ناو ماڵەكەی و ئەوەی دروستكردوە ( ئێدی بەباش و خراپ و سەرنجەكانی هەموولایەكەوە)، تێكی دەدات. لەبری ئەوەی لەم چركەساتانەدا سەرقاڵی سەرنجە ناوخۆییەكانی خۆمان بین، باشترە سەرقاڵی ئەوەبین كەمێك وەك ( ئێرانییەكان و ئەمریكاییەكان) فراوانت سەیری مەترسیەكان و شەڕەكان بكەین و، كەمێك وەك ئەوان دور بڕوانین و زادگەكەی خۆمان لاگرنگتربێت، تا بۆچوونە تایبەتیەكانی خۆمان. چونكە، كورد ناچێت پارچەیەك خاكی سوننەی عێراقی لە دەست هێزێكی ئایدۆلۆژیی ئایینی رزگاربكات، كورد دەچێت دوژمنێك لەخۆی دوردەخاتەوە، كە ئەو دوژمنە خەون بە وێرانكردن و سڕینەوەی كوردەوە دەبینێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت