رەزا شوان: شۆڕش ژیرەکان دایدەڕێژن .. ئازاکان جێبەجێیدەکەن .. هەلپەرستەکان بەرەکەی دەخۆن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ئەمڕۆدا، لە لایەکەوە شۆڕش و راپەڕین و خۆپیشاندانی ناڕەزایی و تووڕەیی گەڵانی چەوساوە و ستەملێکراو و ماف و ئازادی داگیرکراو، لە دژی دەسەلاتدارانی ستەمکار و رژێمە دیکتاتۆرییەکان، لە لایەکی تریشەوە تەشەنەکردنی گەندەڵی و، نادادپەروەری و، هەژاری و، قـورخکردنی دەسەڵات. بوونەتە وێردی سەرزاری خەڵکی و، بەمانشێتی میدیاکان و بە هەواڵی راگەیاندنەکان و بە بابەتی نووسینی نووسەران و رۆژنامەنووسان و بە شرۆڤەکـردنی سیاسییەکان لە جیهاندا. وە وەرگیراوە. تا ئیستا چەند پێناسەیەکی (Revolutio) زاراوەی شۆڕش لە وشە لاتینییەکەیەوە جیاواز بۆ چەمکی شۆڕش کراوە. بەلای هەندێکەوە شۆڕش بریتییە لەو شەڕانە و لەو بزووتنەوە رزگاریخوازە نیشتمانییانەی کە ئامانجیان رزگارکردنی نیشتمانە لە ئیمپریالیزم یا لە داگیرکەرانی بێگانە و راگەیاندنی سەربەخۆیی. پێناسەیەکی تری شۆڕش: شۆڕش بریتییە لە دەربڕینی تووڕەیی و ناڕەزایی لە لایەن کۆمەڵێک خەڵکەوە. یا لە لایەن زۆرینەی گەلەوە، بەپێی ئایدیۆلۆژیاییەکی بەرنامەداڕێژراوی ئەو کۆمەڵە یا ئەو گەلە، لە دژی ستەمکاری و سەرکوتکردن و چەوسانەوە و، پێشیلکردنی مافەکان و نەبوونی ئازادی، کە لەلایەن رژێمە دەسەڵاتدارەکان و، فەرمانڕەواکانەوە دەرهەق بە خەڵکی دەکرێن. گەل بۆ رزگاربوونی لەو دۆخ و بارە نالەبارانە، ملکەچ نابێت، ناچارە پەنا بۆ پەرپاکردنی شۆڕش ببات، بۆ گۆڕينی دەسەڵات بە دەسەڵاتێکی نیشتمان پەروەری باشتر و، هەموارکردنەوە و گۆڕانکاری لە دەستوور بە شێوەیەکی ئەرێنیخوازی و، نەهێشتنی گەندەڵی و، جیوازی و، نادادپەروەری و، باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی و، بەرجەستەکردنی ئـازادی و دیموکراتی و، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و، لە سەروەری یاسا، چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا.
شۆڕش وەکو ( زاراوەیەکی سیاسی ) بریتییە لە دەرچوون لە بارودۆخی نالەباری ئەمڕۆ، لە رێی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی و، چاوبڕینە دۆخێکی باشتر و، بەرفراوانکردنی ئازادی و دیموکراتی.
شۆڕش یەکێکە لە کەرستەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ گۆڕینی حوکمڕانی لەم دەوڵەت یا ئەو دەوڵەت دا.
شۆڕش دواهەڵبژاردەی گەلانی چەوساوەی نیشتمانی داگیرکراو و ماف زەوتکراوە، بۆ رزگاری و سەربەخۆیی و ئازادی و گەیشتن بە دەسەڵات و خۆبەڕێوەبرن و، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
بە زۆریش شۆڕش لەو وڵاتانەدا بەرپادەبێت، کە لە لایەن حکوومەتێکی گەندەڵ و قورخکردووی دەسەڵات و، پۆستە باڵاکان و، تەخشان و پەخشان کردن بە سامانی گەلەوە، بەڕێوەدەبرێت.
هەر لە کۆنەوە، شۆڕش فەیلەسووفەکان و بیرمەندەکان و نیشتمان پەروەرەکان و نووسەرەکانی سەرقاڵکردوون، هۆیەکانی شۆڕشیان لێکداونەتەوە.. بۆ نموونە (ئەرستۆ) بەشی حەوتەمی کتێبە بە ناوبانگەکەی کە بە ناوی (سیاسەت) ەوەیە، بۆ باسکردن لە شۆڕش و هۆیەکانی تەرخان کردووە.
ئەرستۆ لەو باوەڕەدایە کە هۆیەکانی شۆڕش بۆ (نایەکسانی) دەگەڕێنەوە. هەر ئەرستۆ هۆکارێکی سەرەکی تری شۆڕش بۆ ناڕازیبوونی خەڵکی لەو دۆخ و بارە ناهەموارەی کە تێدایە دەگەڕێنێتەوە، کاردانەوەی ئەو بارە نالەبارەیە، کە خەڵکی بۆ شۆڕشکرن ئامادە دەبن.
شۆڕشیش بە تەنها لایەنی سیاسی و رزگاری نییە، بەڵکو شۆڕش جۆری زۆرە و هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە، وەکو: شۆڕشی کۆمەڵایەتی، شۆڕشی پیشەسازی، شۆڕشی پەروەردەیی، شۆڕشی کشتوکاڵی و … هـتد. بەڵام شۆڕش وەکو (زاراوەیەکی سیاسی) دوو جۆری سەرەکی هەیە:
یەکەم (شۆڕشی سوور): لە ناوەکەیدا دیارە، کە لەم جۆرە شۆڕشەدا، خوێنێکی زۆر دەڕژێ و، ژمارەیەکی زۆریش لە شۆڕشگێڕان و لە نەیاران دەکوژرێن، لە پێناوی رزگاری و گۆڕێنی رژێمدا. نموونەی ئەم جۆرە شۆڕشە: شۆڕشی فەرەنـسا، شۆڕشی ئوکتۆبەری رووسیا، شۆڕشی ڤێـتنام، شۆڕشی رزگاری ئەمریکا، شۆڕشی جەزائیر، شۆڕشی ئەیلول لە باشووری کوردستان و … هتد.
لەم سەردەمەشدا، شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردمان، لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوی کوردستاندا، لە دژی داگیرکەرانی رەگەزپەرست و دڕندە درێژەی هەیە.
دووەم (شۆڕشی سپی): لە پێناوی گۆڕينی رژێم بەرپادەکرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بە خوێنڕشتن بکات. نموونەی ئەم شۆڕشەش (شۆڕشی پورتەقـالی : 2004 ز) لە ئۆکـرانیا.

ژیرەکان شۆڕش دادەڕێـژن:
بیرمەندان و سەرکردە زیرەکەکان و ژیرەکان و نیشتمانپەروەران و بلیمەتان و رۆشنبیرانی وریا و بە توانا و سیاسەتمەدارانی بە ئەزموون و شارەزا، کە ئەمانە نوخبەن و، گەل بە نوێنەری راستی خویانی دەزانێ. ئەم نوخبەیە بە هۆی ئەوەی کە داڕێژەری ئایدۆلۆژیا و هیواکان و پرەنسپیەکانی شۆڕشی گەلەکەیانن. هەردەم رۆڵێکی سەرەکی و پێشەنگی و کاریگەرییان هەیە، ئەمانن کە رێباز و نەخشەڕێگای شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەکەیان دیاری دەکەن. ئەرکێکی زۆر گرنگ و قورس و بەرپەرپرسییاریەکی هەستیار و، خزمەتێکی زیاتری گەلەکەیان لە ئەستۆ دەگرن. هەردەم خۆشیان بە دڵسۆز و خەمخۆری گەلەکەیان دازانن. پشکی شێری قوربانیدانیشیان بەردەکەوێ. چونکە لە لایەن دەسەڵاتداران و دەزگاکانی سەرکوتکردنی رژێمەوە زیاتر چاودێری دەکرێن و دەکرێنە ئامانج.
کاتێ کە زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی دەسەڵەتدار یا داگیرکەری بێگانە بۆ چارەسەری کێشەکان و، جێبەجێکردنی داخوازییەکان و مافە رەواکانی گەل شکست دێنن و، دەگەنە رێگایەکی بنبەست. بیرمەندان و سەرکردە ژیرەکان و سیاسەتمەدارانی شارەزا و دانا و بە ئەزموونی گەل، بیر لە دواهەڵبژاردە دەکەنەوە، ئەویش بەرپاکردنی شۆڕشە. لە پێناوی رزگاری و ئازادی و بە دەستهێنانی خواست و مافە رەواکان. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرگریکردن و شۆڕشی چەکداری و، بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین، بە مافێکی رەوای هەر گەلێکی ماف زەوتکرا و نیشتمان داگیرکراو دەزانێ.
بەر لە دەستپێکردنی شۆڕشیش، پێویستە گەل لە پرەنسیپ و لە ئامانجەکانی شۆڕش وریابکرێتەوە و، هانی گەل بدرێ کە بێ هیوا نەبن و، ئەوە بزانن کە ماف نادرێ وەردەگیرێ. لە سایەی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیداندا، نیشتمان رزگاری دەبێت و، ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی بەرجەستە دەبن و مافە رەواکان دێنە دی.
دکتۆرە (نـەوال سەعـداوی) دەڵێ: شۆڕشـەکان بە شاراوەیی پەرپانابن، شۆڕش و نووسین هەردووکیان نهێنی نازانن. لە رووناکیدا بنووسە. تووڕەبە و شۆڕشکە و مەس رەوە.
(ڤیکتۆر هۆگۆ) ش دەڵێ: ئەگەر بێتو کۆسپ بێتە بەردەم خوێنڕۆی خوێن لە دەمارە خوێنبەرەکاندا، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە مـرۆڤ دووچـاری نەخۆشی دەبێت. ئەگەر بێتو کۆسپ بێتە بەردەم رۆگـەی ئاوی رووبار، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە لافاو دەبێت. ئەگەر بێتو کۆسپ بێتە رێی ئایندە، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە شۆڕش بەرپا دەبێت.

رۆڵی شۆڕشگێڕە ئازاکـان:
کە شۆڕش راگەیاندرا، رۆڵی شۆڕشگێڕە ئازا و گیانبەخشەکان دێتە کایەوە، کە بە گیانێکی لە خۆبووردنەوە، قارەمانانە بەرگری لە نیشتمان و لە پرەنسیپەکانی شۆڕش دەکەن. ئامادەن کە گیانیان لە پێناوی ئامانجەکانی شۆڕشدا ببەخشن، شۆڕش بە خوین و گیانبەخشین درێژەی دەبێت. تاجی ژیانیش بە خوێن دەنەخشێنرێت. وەکو شاعیری کوردستان پەروەرمان فـایق بێکەس دەڵێ:

داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەرناگرێ
سەربەخــۆیی بێ فیــداکـاری ئەبــەد ســەرناگرێ

ئەو تۆوەی کە بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی نیشتمان پەروەر تۆویان کرد، شۆڕشگێڕە ئازاکان بە خۆێنی گەش و ئاڵیان ئاوی دەدەن و، دەیهێننە بەرهـەم. ئەگەرچی بەشێکی زۆری شۆڕشگێڕە قارەمانەکان لە شەڕەکانی بەرگریدا شەهید دەبن و، بەری خەبات و قوربانیدانیان و هێنانەدی هیوا و ئامانجەکانی شۆڕشەکەیان نابینن.. بەڵام هەرگیز نامرن و سەروەرن و لە دڵی گەلەکەیاندا دەژین.

هەلپەرستەکـان بەری شۆڕشەکان دەخۆن:
زۆرن ئەو هەلپەست و خۆپەرست و ترسنۆکانەی کە دزە بۆ ناو شۆڕشەکان دەکەن، کە لە راستیدا هیچ بڕوایەکیان نە بە شۆڕش و، نە بە ئایدیۆلۆژیای شۆش و، نە بە پرەنسیپەکانی هەیە. بەڵکو رەنگە بە هۆی کێشەکانی خۆیان یا لە ترسی دەسەڵات هەڵهاتووبووبن و، خۆیان دابێتە پاڵ شۆڕش، یاخود بە زۆری لە پێناوی ئامانج و بەرژەوەندی و دەستکەوتە تایبەتییەکانی خۆیاندا چوونەتە ریزی شۆڕشەوە. ئەم هەلپەرستانە وا خۆیان دەبەنە پێشەوە و، وا خۆیان دەردەخەن، هەر وەکو ئەمان شۆڕشەکەیان بەرپاکردووبێت.. ئەم هەلپەرستانە، بە زۆری ترسنۆکن و، خۆشیان لەشەر بە دوور دەگرن و بەرپرسێتیش لە ئەستۆ ناگرن، چاویان تەنها لە دەسکەوت و لە بەرژەوەندییەکانی خۆیانن.
دەشێش لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکان نەک لەکاتی شۆڕشەکاندا، ئەم هەلپەرستانە پەیدا بووبن و دەرکەوتووبن، بە هەچ رێگایەک بێت خۆیان هاوردۆتە پێشەوە و، خۆیان کردوون بە خاوەن و بە ئەنجام گەیانراوی شۆڕشەکان و بە دەسکەوتەکانییان، ئەم هەلپەرستانە بەسەر شانی شۆڕشگێڕە راستی و رەسەنەکاندا سەرکەوتوون.. هەر ئەمانەشن بە ئەوپەڕی توانایانەوە پیلانی گڵاو لە دژی شۆڕشگێڕە دڵسۆز و رەسەنەکان دەگێڕن و، دەیانەوێت لە کاریزمایان کەم بکەنەوە و لە گۆڕەپانی خەبات دووریان بخەنەوە، بەڵکو لە ناوشیان بەرن.. شایانی باسیشە ئەم هەلپەرستانە نە باوەڕیان هەیە و، بڕواشیان بە هیچ ئایدیۆلـۆژیایەک و،نە بە هیچ تیۆرێکی دیاریکراو نییە، ئەوان ئامادەن کە لە پێناوی بەرژەوەندییەکی کاتییاندا، دەست لە هەموو باوەڕ و بەهاکانیان هەڵبگرن، رەوشت و بەها و کەسێتی و ناوزڕانیشیان بەلاوە گرنگ نییە، گوێش بە رسوایی و شەرمەزاری و بە قسەی سووک و بە تانە و تەشەر نادەن.. ئەوەی ئەمڕۆش دەیڵێن، لە سبەینێدا نکووڵی لێدەکەن.. گرنگ بە لای ئەم هەلپەرستانەوە، وەرگرتنی پۆست و پایە و دەسەڵات و، بە دیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیانن.. ئەم هەلپەرست و بێ ئابڕووانە، نەک رۆژێک لە رۆژان تنۆکێک خوێن بەڵکو دڵۆپێک ئەسرینیشیان لە پێناوی گەل و نیشتمانەکەیاندا نەڕشتوون.. هاتوونەتە سەر خوانی ئامادەکراو.. زۆر بە داخەوە کە لە سایەی خۆێنی هەزاران شۆڕشگێڕی قارەمان، ئەم هەلپەرست و ترسنۆکانە سوودمەندن و.. ئەمانە بەری شۆڕشەکان و قوربانیدانی شۆڕشگێرە قارەمانەکان و، شەهـیدە گیانبەخشەکان دەخۆن.
شاعیری عێراقی (عەبدولوەهـاب بەیاتی) دەڵێ:” لە هەموو سەردەمەکاندا، دزەکانی شۆڕشەکان، شۆڕشەکانی هـەژارەکـان دەدزن”
(نیلسون ماندێلا)ش دەڵێ:” کەسێک دەمرێ کە شایەنی مردن نییە.. کەسێکیش دەژی کە شایەنی ژیان نییە”
شۆڕشگێرە رەسەنەکان، خاوەنی تێڕوانین و بەرنامەی شۆڕشن.. کەسانێکی پاک و دڵسۆزن و، خاوەنی باوەڕ و ئیرادەن، لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری پرەنسیپەکانی شۆڕشەکانیان نابن.. تەنانەت لە دوای رزگارکردنی نیشتمان و گەلەکانیشیان لە ستەم و لە چەوسانەوەی رژێمە ستەمکارەکان، یا لە داگیرکەرانی بیانی، هەڵویست و باوەڕی نیشتمان پەروەری خۆیان ناگۆڕن و پەیوەست دەبن بە پرەنسیپەکانی شۆڕشەکانیانەوە، هەردەمیش بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و گەلەکانیان، لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان لەپێشتر دەزانن. لە پێناوی پۆست و پلە و پایەشدا نەبوونە بە شۆڕشگێڕان.
بەڵام شۆڕشگێڕە ناڕەسەن و درۆزنەکان و، هەلپەرستانی چاونەزێڕ، هیچ ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەیەکی داڕێژراویان نییە.. تەنها نەخشەیان ئەوەیە کە چۆن بگەن بە دەسەڵات و بە پلە و پۆست و، چۆن بتوانن مەرامەکانی خۆیان بە دەستبهێنن.. بۆ بە دەستهێنانی مەرامەکانیشیان، هیچ بەها و شەرم و شکۆیەکیان نییە، ئامادەن کە هەموو رێگایەکی چەوت و نالەباریش بگرنەبەر بۆ گەیشتن بە خواست و بە مەرامەکانیان، هەلپەرستان پەیڕەوی(تیۆری میکافیلی) دەکەن کە چەمکەکەی ئەوەیە(ئامانـج پاکانە بۆ هـۆ دەکات) ئەمانە هەوڵی ئەوەش دەدەن، کە رێبازی راست و رەسەنی شۆڕشەکان بگـۆڕن و، دروشمە جـوانەکانییان چەواشەبکەن و، بە درۆ و بە بوختانی هەڵبەستراو، توومەت و تاوان بخەنە پاڵ سەرکردە دڵسۆزەکانی شۆڕشەکان.. کاریـزما و کارتێکردن و شکۆ و رێزیان لەبەرچاوی گەلەکەیان بخەن.. بەڵکو بەشێکی زۆر لە شۆڕشگێڕە رەسەنەکان و لە سەرکردکانی شۆڕش بە پیلانی هەلپەرستەکان کوژران.
(ناپلیۆن)دەڵێ:” لە شۆڕشدا، دوو جۆرە خەڵکی هەن، ئەوانەی شۆڕش بەرپادەکەن، ئەوانەش کە لێی سوودمەند دەبن”
زۆرن ئەو سەرکردە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕە دڵسۆزانەی، کە سەروەریان بۆ گەلەکانیان تۆمارکردن و، بۆنە مایەی شانازی و تا هەتایە نەمرن و، لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا ناویان تۆمارکراون و.. بە ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە یاد دەکرێنەوە.. بۆ نموونـە: ماهاتما گانـدی، جیـڤارا، نیلسون ماندێلا، قـازی محەمەد، عومەر ئەلموختار، ژانـدارک، قەدەمخێر، شێخ مەحموود، مستەفا بارزانی، جۆلیۆس نیرێری، جورج واشنتۆن،…هتد.
هەر بۆ نموونەش، بە کورتی ئاماژە بە رۆڵی سەرکردەی شۆڕشگـێڕی وڵاتی تەنـزانیا (جۆلیۆس نیرێری) دەکەین، کە لە دژی داگیرکەری بەریتانیا، شۆڕشێکی رزگاریخوازی پەرپاکرد.. جۆلیۆس نیرێری، یەکێکە لە شۆڕشگێڕە دڵسۆز و رەسەنەکان، کە پێبەندی پرەنسیپەکانی شۆڕشەکیان بوو.. بەرزترین هیـوا و ئامانجی جۆلیۆس ئەوەبوو، کە ریزەکانی گەلی تەنزانیا یەکبخات و، رۆڵەکانی گەلەکەی لە جیاتی هۆزایەتی پەروەری، هاوبەستەبوونیان بۆ گەل و نیشتیمانەکەیان هەبێت، ئەوەی ویستی هێنایەدی، توانی گەلی تەنزانیا یەکبخات و، هەموو شێوە جیاوازی و دابڕان و ململانێیەکی نەهێشت.. لە سایەی یەکێتی گەلەکەی و تەنزانیاپەروەریدا، توانی وڵاتەکەی لە ئیمپریالزمی بەریتانیا رزگار بکات و، سەربەخۆیی تەنزانیا رابگەیەنێت.
جۆلیۆس لە سەرەتای دەسەڵات و حوکمڕانیدا بەر لە هەموو شتێک، گرنگییەکی زۆری بە باشکردنی ژیان و گـوزەرانی رۆڵەکانی گەلەکەی دا، دووەمین کاریشی ئەوەبوو، کە ئاستی فێرکردن و پەروەردەکـردنی بەرزکـردەوە، کارێکی گرنگی تری خزمەتگوزاریی تەندروستیشی بۆ هەمووان دابین کرد.. شۆڕشێکی چاکسازیشی لە هەموو بورەکانی ژیاندا راگەیاند.. جۆلیۆس نيرێری بوو بە خۆشەویستی گەلەکەی و بە سومبلی تەنزانیا.

شۆڕشەکانی کوردستانیش لەو راستتانە بەدەرنین:
گەلی کوردمان لە پێناوی رزگارکردنی کوردستان لە داگیرکەرانی بیانی، چەندین شۆڕشی خوێناوی بەرپاکردووە، لە ئێستاشدا شۆڕشی رزگاریخواز لە کوردستاندا درێژەی هەیە.. تا ئەمڕۆ بە هەزاران رۆڵەی قارەمان و بەجەرگمان، بە دەیان سەرکردەی تێکۆشەر و دلێر و دڵسۆزی گەلەکەمان بوونە سووتەمەنی ئەم شۆڕشانە و شەهیدبوون.. لەو بڕوایەدام کە هەموو کوردێک گرنگترین هۆیەکانی سەرنەکەوتن و شکستیی شۆڕشەکانمان دەزانێت کە چین.
تەنها لە باشووری کوردستاندا، شۆڕش بە ئەنجام گەیشت، ئەو ئازادی و نیوچە سەربەخۆییەی کە لە ئەمڕۆدا لە باشووری کوردستاندا هەیە.. بە دەریاکی خـۆێن و فرمێسک، بە قوربانیدانی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و بەجەرگمان، بە ئەنفال و کیمیابارانی گەلەکەمان هاتوونەتە دی.. بەشێکی زۆر کەمی شۆڕشگێرە رەسەنەکانمان و، سەرکردە دڵسۆزەکانمان لە بەری شۆشەکە سوودمەندن.
بە دەخاوە لە ئەمڕۆدا، دەبینین کە کەسانێکی هەلپەرست و ترسنۆک و هیچ لەباری فسفس پاڵەوان و، بەرژەوەندی پەرست، کە سنگی خۆیان دەردەپەڕێنن و، خۆیان کردوون بە خـاوەنی شۆڕش و، بوونە بە قارەمانی پەردەی هەندێ لە تەلەفزیۆنەکان و لە میدیاکانی کوردستان.. بەشێکی زۆری ئەم هەلپەرستانە هاتوونەتە سەر حازری و دەستیان بەسەر دەستکەوتەکانی شۆڕشدا گرتووە، زۆربەی دەسەڵات و پوستە باڵاکان و هەستیارەکانیان قورخکردوون.. نە رابردوویەکی ئەوتۆیان هەیە و نە بەگراوندێکی شۆڕشگێڕێ و سیاسی و رۆشنبیریشیان هەیە.. نە لە ئاستی ئەو پۆست و دەسەڵاتە هەستیارانەدان کە وەریان گرتوون، نە شایەنی ئەوەشن کە لەو پۆستانەدابن، ئێمە لە نووسینێکی پێشترماندا لەژێر ناوی (گەورەترین گەندەڵی بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا) ئاماژەمان بە رۆڵی نەرێنی ئەم هەلپەرستانە و بە قورخکردنی دەسەڵات کردووە.. بەشێکی زۆری ئەم هەلپەرستە خۆدەرپەڕێنانەی ئەمڕۆمان، نە فیشەکێکیان بە داگیرکەرانی کوردستانەوە ناوە و، نە وشەیەکیان لە دژیان وتوون یا نووسیون.. ئەم هەلپەرستانە هەژاران و شۆڕشگێڕە رەسەنەکانی گەلەکەمانیان کردوون بە پەیژەی سەرکەوتنیان.. بە ئاشکراش مزایدە بە چارەنووسی کورد و کوردستانەوە دەکەن، ئەم هیچ لەبارانە، هەلێکی زێڕینیان لەدەست گەلەکەمان دا، بۆ ئەوەی ئەمڕۆیەکی باش و داهاتوویەکی باشتر بۆ کورد و کوردستان دابین بکەین.. ئەمانە بازرگانی بە خوێنی رۆڵەکانی گەلەکەمانەوە دەکەن.. ئەم هەلپەرست و دز و گەندەڵانە، گوێش بە شوورەیی و بە شەرمەزاری و بە رسوایی و رووڕەشیان نادەن، گرنگ بەلایانەوە دزینی قووتی رەش و رووتی گەلەکەمان و، گیرفان پڕکردن و دۆلار کۆکردنەوەیە .. تەنانەت ئامادەی ئەوەشن کە لە پێناوی پەرژەوەندییەکانیانی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵات و لە پۆستەکانیان دا، ناپاکی بکەن و، دەستیش بخەنە نێو دەستی داگیرکەرانی کوردستان و.. بێدەنگیش بن لەو تاوانانەی کە بە بەرچاویانەوە لە گەلەکەمان دەگرێن.. هەندێکیان وایان لێهاتووە، کە بەبێ پرسی داگیرکەران، ناتوانن پەنجە بە ئاویشدا بکەن.. بەڵام ئەو رۆژە نزیکە کە چیتر گەلەکەمان دان بە خۆیدا نەگرێ و، لە دژی ئەم هەلپەرست و گەندەڵکارانە راپەڕێت و، کونە مشکیان لێبکەن بە قەیسەری.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم،پێویستە باش و خراپ تێکەڵ نەکەین و لێکیان جیابکەینەوە، ئەوەی کە من لەم نووسینەمدا مەبەستمە، هەلپەرستەکان و دەسەڵاتدارە هیچ لەبارەکان و بەرژەوەندی پەرستەکان و پاشەڵپیسەکان و دزەکان و خۆپەرستەکان و گەندەڵکارەکانن.. کە وەکو گەنە و مێشوولە نووساون بە جەستەی گەلەکەمانەوە و خوێنی دەمـژن.. بەڵام کەسانێکی دەسەڵاتدار و پۆست و پایەبەرز و، شۆڕشگێری رەسەن و پاک و دڵسۆزیشمان هەن، کە لە ئەمـڕۆدا لە پۆستە باڵاکان دان، یا لە دادمودەزگاکاندا بەرپرسن، زۆر بە دڵسۆزییەوە خزمەتی گەلەکەمان دەکەن و، بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی خۆیانەوە دەزانن.. لە لای گەلەکەمان رێـز و شکۆیان هەیە.. ئەم تێکۆشەر و شۆڕشگێڕە دڵسۆز و رەسەنانەمان، شایەنی ئەوەن کە لەبەری خەبات و قوربانیدانیان و، شۆرشەکەمان بخۆن و سوودمەندبن.. ئەم تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانەمان لە ئەمڕۆشدا، هەر خۆیان بە شۆڕشگیڕ و بە پێشمەرگەی گەلەکەمان دەزانن و، سەربەرزن کە هیچ ناپاکییەکیان بەرانبەر بە کورد و کوردستان نەکردوون.. ئێستاش ئامادەی گیانبەخشینن .